خولانەوەی بەختیار عەلی لە ناو بازنەی وەهم دا:… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

0

لەم ڕۆژانەدا پارچەیەک لە وتارێکی بەختیار عەلی کە لە ساڵی٢٠١٧دا نوسیویەتی لە پەیچی خۆی لە فەیسبوک بڵاو کرایەوە سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان لەدوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا و وەسفکردنی ئەو مێژووە بە وەهم و خورافات ودرۆ وەسفکردنی ڕیفراندۆم بە چڵە پۆپەی ئەو وەهمە . بابزانین خۆی چیمان پێ ئەڵێ لە برگەی یەکەمی پارچە وتارەکەدا هاتووە و ئەڵێت : (واقعی سیاسی لە کوردستان لە دوای راپەرینەوە جگە لە مەکینەیەکی گەورە بۆ سەوزکردنی خەونی درۆ و بەلارێدا بردنی عەقڵ و دروستکردنی خورافات هیچی تر نەبووە، وەهمی ڕیفراندۆم چڵەپۆپەی گەیشتنی ئەو دونیا وەهمییە بوو کە ناوی سیاسەتی کوردییە بە ترۆپکی خۆی) لێرەدا بەختیار عەلی بە بێ لێکدانەوەی واقعی ماددی وپێداویستی بوونی ئەو واقعیەتە ڕاستەوخۆ دەگاتە واقعی سیاسی، هەموو چاک دەزانین واقعیەتی ماددی سیستەمی سەرمایەداری و نەزمی نوێ ی جیهان لەدوای ڕووخانی بلۆکی شەرق ئەم واقعە سیاسیەی لە کوردستانیش دروست کرد وەک پێداویستیەکی ئەم نەزمە. سیاسەتیش دەبێ ئەم پێداویستیە دابین بکا بۆ ئەمەش ئەحزابی قەومی ومیلیشیای پێویستە وە سیاسەتیش لای ئەمانە واتە درۆو فریودان و دزی ڕاو و ڕووت، بۆ نەزمی نوێ و ئەمەریکا ئەمە پێویستە، هەر ئەم واقعە ماددیە کوردستانی کرد بە کەمپێک یا ئوردوگایەک نەسەربەخۆ و نەوابەستە بە عێراق بێت، ئەمە کۆمەڵگeی کوردستانی تووشی دەیان دەردو نەگبەتی کرد بۆیە دەبوو ڕێگایەک بۆ دەرباز بوون بدۆزرێتەوە، باشترین ڕێگا ئەوە بوو کوردستان جیابێتەوە لە ڕێگای ڕاپرسیەکی گشتییەوە یا ریفراندۆمەوە. حیزبە قەومی و دینی میلیشیاکان ئەم ڕێگەیان هەڵنەبژارد، کۆمۆنیستی کرێکاری و مەنسور حیکمەت ئەمەی پێشنیار کرد، ئەمە نەک وەهم نەبوو, بەڵکو ڕێگا چارەیەکی زۆر واقعیش بوو, چونکە لەزۆر وڵاتی دونیا ئەمە تاقی کراوەتەوە وە جاڕدانی گەردونی مافەکانی مرۆڤیش بەرەسمی ناسیووە. ئەگەر بەختیار عەلی بەم ڕیفراندۆمەی ئەم دوایەی دەڵێت (چڵە پۆپی وەهم) دیسانەوە خۆی دەخاتەوە ناو وەهم چۆن ؟ ريفراندۆم مافە بۆ تاکی مرۆڤ بۆ بڕیار دان لەسەر مەسەلە چارەنوس سازەکان. دژایەتی ماف بۆ مرۆڤ هەڵەیە، هەروەک چۆن بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و بیمەی بێکاری مافە هەروەک ئازادی رێکخراو بوون و کۆبوونەوەو خۆپیشاندان مافە، هەروەک چۆن ئازادی سیاسی و بیرورا مافە ڕيفراندۆمیش مافە، هەرکەس دژی ئەم ماافانە بێت نامۆیە بە مرۆڤایەتی و سەردەمی ئەمڕۆ، ئەگەر ئەو پێی وایە کاتی ئەوە نەبوو وە ئامادەیی نەبوو ئەی کوا پێشنیاری ئەو بۆ کات و بۆ ئامادە بوونی ریفراندۆم، من پێم وایە هیچ کات وەک ئەو کاتە زەمینە لە بار نەبووە، نەک ئەوکاتە پێم وایە لە دەیەی نەوەدەکانیش ئەو زەمینەیە هەبووە، لەهەر کاتێکا کێشەی میللی هەبێ زەمینەی ریفراندۆم بۆ جیا بوونەوە یا پێکەوە ژیانی یەکسان هەیە. بەڵام من هاوڕام لەوەی کە ناسیۆنالیزمی کورد توانای ئەم پراکتیکەی نییە کەچی هێشتا دەکرا بەفشار لەسەرحیزبە ناسیۆنالیستەکان ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدەن و بەسەرکەوتنی بگەیەنن، بەداخەوە فشاری بەرەی ئازادیخوازو چەپ وکۆمۆنیست بەو ئەندازەیە نەبوو، هێشتاش بەبێ دەسکەوت نەبوو ئەوەی کەلە ٩٣٪ خەلک دەنگی بەجیا بوونەوە دا ئەوە دەسکەوتێکی مەعنەوییە، ئیتر ئەوەی نیوەی خاکی کوردستان مەبەست لە کەرکوک وخانەقین و دەروبەری لەدەستدرا ئەوە پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نییە، ئەوە پەیوەندی هەبوو بەحکومەتی مەرکەزیەوە کە پێویست بوو ئەو ناوچانە دوای نەمانی داعش بخاتەوە ژێر دەستی خۆی هەروەک هەمیشە حکومەتەکانی ناوەند لەسەردەمەکانی تری مێژوودا کەهێزیان پەیدا کردووە هێرش و داگیرکاریان زیاتر بووە بۆ کوردستان بەبێ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمیش. بەلای بەختیار عەلیەوە حیزب نوێنەری چین نییە، بەڵکو حیزب پێناسەیەکی ئەخلاقی هەیە. ئەو پێی وایە حیزب باش وخراپ هەیە وئەم حیزبانەی ئێستا لەوە دەرچوون کە پێیان بووتری حیزب، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو میتۆدی ئایدیالیستی بەکار دەهێنی حیزب وەک هیزێک وماتریالی چین ناناسێت. دیار نییە ئیتر ئەو حیزبەی ئەو دەیەوێ چۆنە و چی بکات؟ بەختیار عەلی دەڵێت : (حیزب یەک مانای هەیە ئەویش کۆکردنەوەی هێز بۆ گۆرینی کۆمەڵگە لە ڕێگای تێڕوانینێکی هوشیارەوە بۆ کێشەکانی. حیزب دەتوانێت ئایدۆلۆژیای نەبێت، بەڵام ناتوانێت بێ فیکر بێت، حیزبی نائایدۆلۆژی ئەرکی لە حیزبی ئایدۆلۆژی سەختترە، بەوەی دەبێت بەردەوام فیکر و بۆچوون و تێڕوانینی هوشیارانە بەرهەم بهێنت) حیزب لای بەختیار عەلی بۆ کۆمەڵگەیە، نەک بۆ چین، ئەوە هەمان پێناسەی حیزبە قەومی ودینیەکانە کە خۆیان بەحیزبی هەموو کۆمەڵگە دەزانن بەهەموو چین و توێژەکانەوە لەکاتێکدا چین وتوێژەکان بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، بەرژەندییەکانیان دژ بەیەکن. بەختیار عەلی حیزبی لەسەر بنەمای بەرژەوەندە ئابورییەکان ناوێ، بەڵکو حیزبی بۆ هەمووان بۆ کۆمەڵگە دەوێ. بەڵام حیزبێک بێ هۆشیارو بەردەوام فیکر و بۆچوون و تێراونینی هوشیارانە بەرهەم بهێنێت، ئەمەش وەهمە و ئیمکانی نییە. نموونەی ئەم جۆرە حیزبانەش هەبوون وئێستایش هەن ئەوە گۆڕان و نەوەی نوێ هەر ئەوەیان کردوە، بەڵام ئایا ئەمانە هەر لەبەرژوەندی چینە داراو دەوڵەمەندەکاندا نەبوون؟ بەڵێ بێ گومان. کەوایە حیزبی لەم جۆرەی بەختیار عەلی وەهمە و هەرگیز ناتوانێ لە بەرژەوەندی چینە هەژارو ستەم لێکراوەکاندا بێت. پێناسەی حیزب لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی بەشیکی ترە لە تێگەیشتنی بەختیار عەلی بۆ حیزب. بە بڕوای من هیچ حیزبێک نییە، تەنها بنەمای ئایدیۆلۆژی هەبێ ئەگەر چی حیزبی چەپ بێ یا ڕاست و ئیسلامی یا کۆمۆنیست بێت، هەموو حیزبێک لەسەر بنەمای ئابوری دەناسرێتەوە واتە لەڕووی ئابورییەوە نوێنەری کام چینی کۆمەڵایەتییە، هەر لەواقعیشدا ئەمە سەلمێنراوە. سەرجەم حیزبە ڕاستەکان کەدەسەڵاتیان بووە یاساو دەستوری حکومەتەکەیان لە بەرژوەندی سەرمایەداردا بووە وەپێش دەسەڵاتیش نکوڵییان لە بەرژوەندە چینایەتییە جیاوازەکان کردووە هەر بە ناوی حیزبی گەل وحیزبی نەتەوەو حیزبی کۆمەڵگە… هتد، خۆیان ناساندووە. بۆیە بەرای من ئەم حیزبانەی کوردستان هەر حیزبن، بەڵام لە بەرژەوەندی بۆرژوازی وسەرمایەداران و وە بەشێوەی میلیشیاو مافیا. نەک کۆتاییان هاتبێ وەک ئەو دەڵێت . سەرتاپای پارچە وتارەکەی بەختیار عەلی بخوێنیتەوە ڕێگا چارەو بەدیلی تیانابینی، واتە ئەو هەر ڕەخنەو لێکدانەوەی کردووە، ئەودەزانێ ئەگەر بەدیل و ڕێگا چارەی هەبێ دەبێ کاری بۆ بکاو ببێتە شۆڕشگێر لەم حالە و لەم قاوغەی ئێستای بێتە دەرەوە لەکەسێکی ئەکادمیست و دوور لەکۆمەڵگە ببێتە کەسێکی پراکیتیکی و ڕێگای ئاڵوگۆڕ بگرێتە بەر، بەڵام ئەو ئەوەی ناوێ. لە مێژوودا کەسانی لەم جۆرە لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا زۆر بوون و ئەکادمیست و فەیلەسوفیش بوون، بەڵام هەر ڕەخنەو لێکدانەوەیان هەبووە لەوانەیە بەشێکی بەرچاو لە ڕەخنەکانیان دروستیش بووبن، بەڵام ڕێگاچارەیان پێ نەبووە. هەروەک پێش مارکس فەیلەسوفەکان هەر تەفسیریان کردووە کەچی مارکس پێی وتن هەر تەفسیر کردن بەس نییە، گۆڕینی کۆمەڵگە گرنگە. ئەوەی لە ماوەی ٣٢ ساڵی لە کوردستاندا دەگوزەرێ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باروگوزەرانی خەڵک خراپتر دەبێ تەنها هۆکارەکەی ناگەڕێتەوە بۆ حیزبەکانی دەسەڵات و حیزبە ئیسلامی و گروپە سەلەفیەکان و بەشێک لە چەپەکان بە بڕوای من ئەم نوخبەیەش لە ڕۆشنبیران و ئەکادمیستە وردە بۆرژوانەی وەک بەختیار عەلی و ئەوانەی وەک ئەو بیر دەکەنەوە خەتابارن، چونکە هیچ ڕێگاچارەیەکی گونجاویان نەخستوەتە بەردەم خەڵکی کوردستان . بەختیار عەلی و ئەو ڕۆشنبیرانە هەر خەریکی ئەوە بوون رەسمی واقعەکە بگرن بێ ئەوەی دەسکاری بکەن لە ناو وەهمی بازنەیەکدا خولاونەتەوە دەرگایان نەکردوەتەوە بۆ دەرباز بوون لێی. تەنها کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕێگای ڕزگاربوونی بۆ چینە هەژارو نەدارەکان و بۆ سەرجەم چین و توێژە ستەمەلێکراوەکان کردوەتەوە کەچی لای ئەم ڕۆشبیرانە زیاتر لە پارتی ویەکێتی دژایەتی کراون. بۆیە ئەمانیش کۆسپ و ڕێگر بوون لەبەردەم گۆڕینی واقعی کوردستاندا و هەمیشە دژی حیزبیەت وڕێکخراو بوون بوون وە تەنانەت بوونەتە هۆکارێک بۆ سارد بوونەوەی زۆرێک لەو کەسانەی کە باوەڕیان بەحیزب بووە و بەوە گەیشتوون حیزب هیچ نییە بۆ خۆیان پاشەکشەیان لە خەباتی حیزبی و چینایەتیش کردووە. دوا قسەم ڕوو لەو کەسانەیە کە خۆیان بە مارکسی و چەپ ئەزانن کە پشتیوانی لەو تێڕوانینە نامارکسی و نالۆجیکەی بەختیار عەلی ئەکەن و بابەتەکەی بڵاو دەکەنەوە و پۆستەکەی بۆ لایک دەکەن دەست خۆشی لێ دەکەن، پێیان دەڵێم لە ئێستا بەدواوە گومان لە مارکسی بوون و چەپ بوونی خۆتان بکەن.

*****

Leave A Reply

Your email address will not be published.