باسێکی کورت لەسەر توانا و لێهاتوویی بەلشەفییەکان لەڕووداوەکانی مانگی تەمموز پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧

0

تا هاوینی ساڵی ١٩١٧ چینی کرێکاری ڕووسیا وردە وردە گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی کە سۆڤیەتی پترۆگراد بووەتە ئامرازێک لە دەستی حکومەتی کاتیدا و ناڕەزایی کرێکاران پەرەی سەندووە. لە هەمان کاتدا شورای کارگەکان لە هاوینی ساڵی ١٩١٧ لە پترۆگراد بە توندی لە ژێر کاریگەری بەلشەفیەکاندا بوون. لە پترۆگراد کرێکاران دەیانویست ڕاپەڕینێکی چەکداری ئەنجام بدرێت، بەڵام لە بوارەکانی تردا چینی کرێکار توانای وەهای نەبوو و بەشێک لە چینی کرێکار هێشتا وەهمیان هەبوو سەبارەت بە حکومەتی کاتی.

لەم هەلومەرجەدا بۆرژوازی ئاگاداری هێزی چینی کرێکار و ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتیە بوو کە وەک ئاگرێک لە ژێر خۆڵەمێشدا بوو. بۆیە لە تەمووزی ساڵی ١٩١٧ بۆرژوازی هەوڵیدا ڕاپەڕینێکی پێشوەختە لە پترۆگراد بوروژێنێت، بۆ ئەوەی دواتر بتوانن بە بیانووی “یاخیبوونی چەکداری” پرۆلیتاریا و بەلشەفییەکان کۆمەڵکوژ بکەن. بەلشەفییەکان پێشتر چینی کرێکاریان لە دەرئەنجامەکانی کردەوەی پێشوەختە ئاگادار کردبووەوە.

لە بەرامبەر ئیستفزازی بەردەوامی دوما (پەرلەمانی ڕووسیا پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر)، پرۆلیتاریای چەکداری پترۆگراد بە دروشمی “هەموو دەسەڵات لە دەستی شوراکاندایە” هاتنە دەرەوە. کاتێک بەلشەفیەکان لە پێترۆگراد ڕووبەڕووی خۆپیشاندانێکی چەکداری ٥٠٠ هەزار کرێکاری بوون، هەوڵیاندا خۆیان بخەنە پێشەوە و بڵێن ئەوە کارێکی ئاشتیخوازانەیە بۆ ئەوەی چینی کرێکار نەکەوێتە داوی بۆرژوازییەوە. ئەو شەوە پرۆلیتاریا لەژێر سایەی لێهاتوویی و پێگەیشتنی بەلشەفیەکاندا درک بە کردەوەی پێشوەختەی خۆی کرد، ڕۆژی دواتر چینی کرێکار بە هۆی داوای بەلشەفییەکانەوە نەهاتە دەرەوە. بەلشەفییەکان بە توانا و لێهاتوویی خۆیان توانیان ڕێگری لە خوێنڕشتنێکی گەورە بکەن.

سەرەڕای توانای بەلشەفیەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ئاڕاستەکردنی خۆپیشاندانی چەکداری، بۆرژوازی خۆپیشاندانی چەکداریی کردە بیانوو و دەستی کرد بە سەرکوتکردنی چینی کرێکار و بەلشەفیەکان. دەسگای سەرکوتکاری بۆرژوازی بڵاویکردەوە کە بەلشەفییەکان سیخوڕی ئەڵمانین. دوای ئەوە لینین و زینۆڤیڤ خۆیان شاردەوە و زۆرێک لە سەرکردەکانی بەلشەفیک لەوانەش ترۆتسکی دەستگیرکران.

بەڵام بەلشەفییەکان سەرکەوتوو بوون لە پێشگرتن بە کۆمەڵکوژی چینی کرێکار و بە تایبەتی سەرکردە پرۆلیتاریاکان بۆ ئەوەی هێز و دەسەڵاتی خۆیان لە شەڕەکانی داهاتوودا بەکاربهێنن کاتێک هەلومەرجەکان ئامادە بوون. لە سایەی ئەو جۆرە تەکتیک و توانایەکدا بوو کە دوای چەند مانگێک کە هەلومەرجەکە ئامادە بوو، کۆمیتەی سەربازی شۆڕشگێڕی ئەنجومەنی پترۆگراد فەرمانی ڕاپەڕینی چەکداری و گرتنی ناوەند و دامەزراوە بۆرژوازییەکان و شۆڕشی ئۆکتۆبەری دەرکرد توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

بەپێچەوانەی بۆرژوازی ڕووسیا کە نەیتوانی چینی کرێکار و کۆمۆنیست بخاتە تەڵەوە، لە ئەڵمانیا بۆرژوازی توانی لە ساڵی ١٩١٩ لە ڕێگەی ئیستفزازەوە ڕاپەڕینێکی پێشوەختە بەسەر پرۆلیتاریادا بسەپێنێت. بەپێچەوانەی پێگەیشتنی بەلشەفییەکان، کۆمۆنیستە ئەڵمانییەکان جۆرێک لە بێئەزموونییان نواند و کەوتنە داوی ڕاپەڕینی پێشوەختەی بۆرژوازی، کە بە سەرکوتکردنی خوێناوی پرۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان کۆتایی هات.

ڕاپەڕینی پێشوەختەی ساڵی ١٩١٩ گەورەترین گورزی لە شۆڕشی جیهانی دا، کۆمۆنیستەکانی ئەڵمانیا درکیان بەوە نەکرد کە ئیرادەی دەروونی مەرجێکی بەس نییە بۆ سەرکەوتنی چینی کرێکار.

بۆ ماوەیەکی زۆر هەندێک تەنانەت لەناو ڕیزەکانی بەلشەفییەکاندا، شاردنەوەی لینین و زینۆڤیڤیان لە هاوینی ١٩١٧دا وەک هەڵهاتن لە ساتێکی گرینگدا لێکدەدایەوە. بەڵام دوابەدوای ڕاپەڕینی سەرەتای ساڵی ١٩١٩ لە ئەڵمانیا و کوشتنی بێ سنووری کرێکاران و کۆمۆنیستەکان، بەتایبەتی دوای کوشتنی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و لیبکنێخت، بۆیان دەرکەوت کە ئەو هەنگاوە دەرخەری ئەزموون و لێهاتوویی بەلشەفییەکانە، کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەر.

لە ئینگلیزیەوە کراوەتە کوردی

توانا محمەد نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.