برادەرانی چەپ, ئەمە وەڵامی پرسیارەکە نییە!
هەموو چەپی دواکەوتوی شەرقی کۆبکەوە بە قەد سەلمان مۆنیکای لە دەست نادایە لە بەرامبەر ئیسلامی سیاسی کە هیچ، کەچی خەریکە خۆی لە کۆمۆنیزمی کرێکاری کردۆتە فەیلەسوف و دەستەوداوێنی مارکس و ئاسمان و ڕێسمان بووە بۆ ئەوەی خەباتە چینایەتیە بێسەر ئێشەکەی و دنیا بچوک و تەسکەکەی بەسەردا نەڕوخێ.
کاکە گیان عبدولخالق معروف و فەرهاد فەرەج و شاپور و قابیل و نەجیب مەحفوز و فەرج فۆدە و سەلمان ڕوشدی و قەتلو عامی چەپی ئێران هەمووی پێشکەش، شەرافەتی هەزاران ژنی یەزیدی و وێرانی ڕۆژهەڵاتی دنیاش لەسەردەستی ئەو جوڵانەوە هەمەجیە کە هێشتا هاڵاوی لێ هەڵدەستێ و مایەی ئازاری هەر ویژدانێکی بێدارە پێشکەشتان، دە فەرموون قسەیەکی جیاواز لە پەیوەند بە دین و ئیسلامەوە بکەن لەدنیای ئەمڕۆ دا. فەرموون بڵێن چۆن لە نەخشی ئەم دەستگای دینە لە سیستەمی چینایەتی ئەمڕۆدا، لە کاپیتالیزمی ئەمڕۆودا حاڵین. فەرموون نیشانی بدەن کە بە تەمان لەگەڵ دین چ کارێک بکەن. کاکە لەوەش بگەڕێن فەرموون پێمان بڵێن لەبەرامبەرئەم جوڵانەوە فاشیستە سیاسیە دینیە چ ئەرکێک چ کارێک بۆ خۆتان قایلن. بەسە ئیتر ئەوەندە خۆتان مەخەنە پشتی بڕوبیانوی کڵێشەیی لە بارەی مارکس و خەباتی چینایەتی بەو جۆرەی ئێوە لێی حاڵین. فەرموون پیشانی بدەن و بیسەلمێنن کە خەبات لە دژی ئیسلامی سیاسی و بۆ هەڵپێچانی پەیوەندی نییە بە ڕزگاری بەشەری ئەمڕۆ، پەیوەندی نییە بە خەباتی چینایەتی و شتێکە لە دەرەوەی ململانێی چینایەتی و دەستکردی زەینی ئێمەی کۆمۆنیستی کرێکاری و مەنسورحیکمەتە. فەرموون بیسەلمێنن بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ خەڵکی ئاسایی کە ئەگەر چەپ عاقڵ و فەیلەسوفانە هەڵسوکەوت بکا و بە قەدبەڕەی خۆی پێ ڕابکێشێ ئەم جوڵانەوەیە دادەسکنێ و دنیا دەبێتە شامی شەریف و خەباتی چینایەتی بەو شێوەیەی کە ئێوە لێی تێدەگەن ڕێچکەی خۆی دەگرێ. بڵێن ئەگەر سەلمان مۆمیکا لە کونجێکی دورو لاوەکی و دابڕاو موحتەرەمانە پرتەوبۆڵەیەکی دەکرد، ئەم هاتوهاوارە و ئەم چاوسورکردنەوە فاشیستیە ڕوی نەدەدا. وا بڵێن ببڕێتەوە و ئیتر بۆچی سەری ئێمە و خەڵک بە هەزار ئیما و ئاماژەی فەیلەسوفانەی بە تاڵ لە بارەی مارکس و فڵان و فیسارەوە دەیەشێنن.
بۆچی نا؟! ئەگەر سەلمان ڕوشدی ئایاتی شەیتانی نەنوسیبا چەقۆی ئەو ئیسلامە سیاسیە نەدەگەیشتە گەردەنی. ئەگەر کەمێک زیاتر خۆی سانسۆر بکردایە ناچار دەبوون لە ڕۆژئاوادا لە هەزار کون بیشارنەوە. ڕەنگە ئەگەر عبدولخاق معروف ئادەمیزاد لە کۆمەڵگەی کوردەواریدای نەنوسیبا ئێستا لە شەقامەکانی هەولێر و سلێمانی پیاسەی دەکرد و لە چایخانەی شەعب و مچکۆ چای خواربایەوە و باسی دنیا و دینی بکردبایە. ئەگەر میلیۆنان ژن بوونی خۆیان وەک تاوان قبوڵ بکەن و حازر بن جوانی و شادی و ژنایەتی خۆیان لە ژێر عەبا و حیجابدا بشارنەوە و لاساری نەکەن، ئارامتر دەتوانن بەسەر جادە و شەقامەکاندا هاتۆچۆ بکەن و لە پەلاماری گەلەی فاشیستی ئیسلامی پارێزراو تربن. بیانو نادەنە دەستی ئەم چەکلوفەکلە ئیسلامیە بۆ ئەوەی لێیان گەڕێن و پەلاماریان نەدەن.
کاکینە کڵێشەیی کردنی مارکس و ڕەخنەی مارکسیستی لە دین و لە هۆکارەکانی وەک ئێوە دەیڵێن، قسەگوتن بە کۆمۆنیزمی کرێکاری و قاچوقولێگرتنی و تەنانەت تحریف کردن و کلک و گوێ کردنی وەک ئێوە دەیکەن، وەڵامی پرسیارە جیددیەکە نییە. وەڵامی ئەو پرسیارە نین کە ئێوە لەکوێی ئەم کێشمەکێشەکە ڕاوەستاون؟ ڕاستی ڕۆژئاوا و فاشیزمی ئیسلامی گریمان دەیانەوێ کە ڕاسیزم و ڕاستڕەویەکی زیاتر بسەپێنن لە ڕێگەی ئەم کارەوە، گریمان ئیسلامی سیاسی دەیەوێ ئەم هەلە بقۆزێتەوە بۆ چاوسورکرنەوە لە مەدەنیەت و ئەوبڕە لە تۆلێرانسی سیاسی ومەعنەوی و ئەخلاقیەی کە لەو وڵاتانەدا بەدەست هاتوە، دەی پێمان بڵێن ئیشی ئێوە چییە بێزەحمەت؟
ئەی خەڵک پێتان ناڵێ کاکی براینە ئێوە کە حازر نین بەرگری لە مافێکی بەدەستهاتوی ئەمڕۆیی بکەن لەبەرامبەر دوو هێزی ڕاستی چینی حاکم، ئەی چۆن دەکرێ سۆسیالیست بوونەکەتان بەجیددی لێ وەربگیردرێ، چۆن دەکرێ چاوەڕوانی ئەوەتان لێ بکرێ لە کە لەدەعوای کۆمۆنیزم بۆ هەڵوەشاندنەوەی مالکیەت و چەوسانەوە و دەوڵەت، لە قۆڵهەڵماڵین بۆ شۆڕشی کرێکاری وکۆمۆنیستی و کاری سیاسی و پراتیکی جیددی لەو پێناوە دا چاوەڕوانی هیچتان لێ بکرێ؟!
بۆ کەسێک، بۆ چەپێک کە ئەم واقیعیەتە نابینێ، کە ئەم ئەم دەعوایە نابینێ ڕاستیەکەی نەک لە مارکسیزمەکەی، لە کومۆنیزمەکەی، بەڵکو تەنانەت دەبێ لە ئازادیخوازیەکەی تەنانەت بە مانا بۆرژواییەکەی گومان بکەی.
ابراهیم حسێن
٤.٨.۲۰۲۳