منداڵانی پەنابەر تاکە دۆڕاون لەو ململانێیەدا… دلێر محەمەد نوری
بەگشتی ئەگەر دایک و باوکی منداڵێکی پەنابەر، پەنایان بۆ وڵاتێکی ڕۆژئاوا نەبردایە، پێویستیان بە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی کە لێیەوە هاتوون نەدەبوو. لە وڵاتی دایکدا، دایک و باوک و دراوسێ و مامۆستا و مەلا و هەموو سیستەمەکە، دوور لە یەکتر بیر ناکەنەوە و کەمترین ناکۆکیی لە نێوان یەکتردا، سەبارەت بە پەروەردەکردنی منداڵەکان شک ئەبەن. لە وڵاتی دایکدا خێزان لە لایەک و کۆمەڵگەش لە لایەکی دیکە نییە و هەمووان پێکەوەن و لە یەک بەرەن. دایکان و باوکان لەوێدا بارگرانییەکی ئەوتۆیان لەسەر شان نییە، چونکە دەتوانن متمانە بە مامۆستایان و مەلاکان و سیستەمی پەروەردەش بکەن، بۆ ئەوەی پشتی مناڵەکانیان بگرن، بەو جۆرەی باوان بە گونجاوی دەزانن. منداڵانی وڵاتی دایکیش ئەو پێوەرانە پەیڕەو دەکەن کە هەمووان لەسەری ڕێککەوتوون. بۆیە خۆیان وەک دژبەری نە کۆمەڵگە و نە دایک و باوکیان نابینن.
ئەم دۆخی مناڵانی کوردە لە وڵاتی خۆیاندا لە دۆخی مناڵانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەچێ، لە ڕووی ئەوەی کە دایک و باوکێکی ڕۆژئاوایی لە بنەڕەتدا ڕۆژئاوایین و لە ڕۆژئاوا دەژین و ژیاون. بەڵام ئەگەر خێزانێک لە کوردستانەوە پەنا بۆ ڕۆژئاوا ببات، جا یان بە منداڵەوە یان ئەگەر دواجار لەوێ مناڵ بخەنەوە، ئەوا ئەم خێزانە لە ڕۆژی یەکەمەوە لەگەڵ کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکاندا دەکەونە ململانێ وە. ململانێکەش پەیوەندیدارە بە بەها جیاوازەکان، تێڕوانینەکان بۆ ژیان، شێوازی پەروەردەکردنی مناڵان. خێزانی پەنابەرە کوردەکان سەر بە کۆمەڵگەیەکی دەستەجەمعین، لە کاتێکدا کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان ڕوانگەیەکی تاکگەراییان هەیە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان لە نێو کۆمەڵگەدا.
زۆرجار منداڵێکی پەنابەر لە ڕۆژئاوا دەبێتە پڕۆژەیەک بۆ ناکۆکی ناپێویست لە نێوان کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان و خێزانی پەناهەندەکان.
خودی خۆم سێ منداڵم لە تاراوگە پەروەردە کردووە و تێبینیم کردووە کە ئەگەر، ئێمە وەک دایک و باوکێک لەگەڵ منداڵەکانماندا، بەو جۆرە کار نەکەین، کە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێرە، لایەنی کەمی گوونجان هەبێت، دەبێت دەست بدەینە خوڵقاندنی ناکۆکی ناپێویست، لە نێوان خۆمان و کۆمەڵگاکەدا. چونکە منداڵان لێرە، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، وابەستەیی بەم کۆمەڵگایانەوە دروست دەکەن. ئەگەر چی گومانی تێدا نییە کە منداڵان بە هەر شێوەیەک بێت لە نێو خێزانەکانیاندا زۆر دڵخۆشن. بەڵام لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیشیاندا، وردە وردە سەرقاڵی باخچەی ساوایان و قوتابخانە و هاوڕێیانی ڕۆژئاواییش دەبن. بۆیە دەکەونە نێوان دوو هەڵبژاردووە. ئەوان ئیتر لە نێوان خۆشەویستی خێزان و سەر بە کۆمەڵگەبوون گیر دەخۆن. چونکە کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان و خێزانە نەریتییە پەناهەندەکان، لە ململانێیەکی شاراوەدا تێوە دەگلێن. ململانێکە بە جۆرێکە، لە لایەک خێزان هەوڵ دەدات بیروباوەڕ و کولتوور و نۆرمەکانی خۆی بگوازێتەوە بۆ منداڵەکانی، کە لە نیشتمانەوە لەگەڵ خۆیان هێناویانن. کۆمەڵگەی ڕۆژئاواییش هەوڵدەدات ئەم منداڵانە تێکەڵ بە خۆی بکات، بە مەبەستی کەمکردنەوەی جیاوازی و فرەچەشنی لە تێڕوانین و بەڕێوەبردنی ژیاندا، بۆ ئاسانکاری مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی نێوان تاکەکانی نەوەی داهاتوودا.
هەردوو لایەنی ئەم ململانێیە بە پێویست دەزانن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتی و ژیانییەکانیان کۆشش بکەن. خێزان وای بە باش دەبینێ کە لە بەرژەوەندی خۆیان و منداڵەکاندایە کە هەر بەوجۆرەی کە لە نیشتماندا بوون بژین. ئەوان دەیانەوێت هەمان ئەو پەیامە کۆنە بگوازنەوە بۆ مناڵەکانیان، کە لە سەردەمێکی جیاواز و شوێنێکی جیاوازەوە هاتووە لەوەی کە نەوەی ئێستایان تێیدا دەژین. کۆمەڵگە ڕۆژئاوایی و شارستانییەکانیش پێیان وایە بیرکردنەوەیەکی لەم شێوەیە لە نێو بنەماڵە پەنابەرەکانەوە، جیاوازی بنەڕەتی لە بیرکردنەوە و ڕەفتاری نەوەکانیان دروست دەکات لە داهاتوودا.
لێرەشدا تاکە قوربانی منداڵانی پەنابەرە. کە ناچار دەکرێن لە لایەکی ململانێکاندا بوەستن. ئێمە لەبەردەم ململانێیەکی سیاسیدا نین کە بە توندوتیژی چارەسەر بکرێت. لێرەدا باس لە ململانێیەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتی دەکەین کە پەیوەستە بە چارەنووسی نەوەکانی داهاتووی پەنابەرانەوە.
لێرەدا کاتی ئەوە هاتووە گرنگترین پرسیارەکان لە یەکلاکەرەوەترین بابەتی ژیانی لە داهاتووی ژیانی مناڵانی تاراوگە بکەین:
– ئایا جگە لە دانوستان لە نێوان هەردوو لایەنی ململانێکە، ڕێگای دیکەی کاریگەر هەیە؟
– ئایا بژاردەی زیاترمان هەیە لەوەی، لە دەوری مێزێکی بازنەییدا دابنیشین، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو کێشەکان و چارەسەرکردنیان؟ چونکە دواجار مناڵانی تاراوگە بەشی خێزان و کۆمەڵگاشی پێوەیە و پەیوەندی ئەم دوو لایەنەش پەیوەندی سەردەست و بندەست نییە.
-ئایا ئەوەندە قورسە بۆ دایک و باوکانی پەنابەر کە تێبگەن کە ژیانی منداڵەکانیان تەنها هی خۆیانە و بەو هەموو ململانێیەی کە لە ئێمەوە بۆیان ماوەتەوە، لە کۆمەڵگەدا، دواجار ئێمە دەمرین و مناڵەکان ئازارەکەی دەچێژن؟
– ئایا ئەستەمە کۆمەڵگەی نەرویجی و دەسەڵاتەکان لەوە تێبگەن کە خێزانە پەنابەرەکان بەشێکی گرنگن لە ژیانی منداڵانی پەنابەر و ئەگەر تەنگییان پێ هەڵچنن، ئاسانە بۆ منداڵ خێزانەکەی خۆی هەڵبژێرێت بەسەر کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکەدا، تەنانەت ئەگەر بێت ئەوەش بزانێت کە باوانیشی لەسەر هەڵەن. دواجار ئەمەش هەر لە قازانجی کۆمەڵگادا نییە؟
لە ژێر ڕۆشنایی هەموو ئەمانەدا بە حیکمەتێکی عەرەبی کۆتایی دێنم کە دەڵێت:
“باشترینی هەڵبژاردنەکان ناوەندییەکەیانە”.
لە ناوەندی ئەم ململانێیەی کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان و باوانی منداڵانی پەنابەردا، مناڵەکانمان وەستاون. بۆیە باشترین شت کە بتوانین هەڵیبژێرین، داهاتووی منداڵەکانە نەک سەرکەوتنی لایەنێکی ململانێ بەسەر لایەنێکی تردا…