سوتاندنی قورعان و قارس کردنی دیموکراسی بۆرژوازی!… عەبدوڵا مەحمود
سوتاندنی کۆپیەکی قورعان لە بەردەم یەکێک لە مزگەوتەکانی سوید، کاردانەوەیەکی خێرای بەدوای خۆیدا هێنا… ئەم کاردانەوەیە، لە بنەرەتدا کاردانەوەی باوەرداران، نەبوو بە سوتاندنی قورعان، بەڵکو هەڵچون و کاردانەوەو کەمپەینی بەشێک لە سیاسیەکان و سەرۆک و سکرتێری حزبە ئیسلامیەکان و وڵاتە ئیسلامییەکان بوو… کەمپەین و کاردانەوەی ئەوانە بوو، کە خۆیان بەسەدان قورعان و مزگەوت و بەسەدان هەزار ئینسانی موسڵمان و باوەردار و بێ باوەر و هەڵگری باوەرێ دیکەیان، بەو پەرێ دڵرەقی و لەسەر نەریتی ئیسلامی و فاشیستی و بەعسێتی سوتاندووە و کردووە بە قەرەبروت. ئەوانەی کەمپەینیان وەرێخست و هەموو هەوڵێکیان دا تا ختوکەی خەڵکی باوەردار و موسوڵمانان بدەن و سوتاندنی قورعان، وەکو کارەساتێکی گەورە و روداوێکی بێ وێنەو مەترسیەکی غول ئاسا لەسەر ئیسلام نیشان بدەن و ئەوە بە ژێر پێخستنی رەمزی باوەڕداران وێنا بکەن، هەر ئەوانە بوون کە دەستیان تا ئەنیشک لە خوێنی ئازادیخوازان، خەڵکی بێتاوان، لایەنگرانی ئازادی و تیکۆشەرانی کۆتاییهینان بە ستەم و بێمافی و هەلاواردن دایە. ئەوانە ئەو نۆکەر پیشەو دزو جەردانە بوون کە کارنامەیان لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا، هێندە نەنگینە، بەڵگەی پێویست نییە… ئاخوندەکانی ئیران، ئەردوغان و هاوشێوەو دەوێشەکانی، تاڵیبان و مقتەدا سەدرەکان و سەلەفیەکان، بەشیک شیخە ملیاردێرەکانی کەنداو…تاد.
هەموو ئەم جڕ و جانەوەرە دەم پیس و دڕندانە، پاساویان بۆ ئەم هێرشە هیستریکییە، هەرچییەک بێت، ناتوانێت ئەو راستییە بشارێتەوە، کە ئەمانە بەر لەهەموو شت بازرگانانی دین و مەزهەبن…سیاسییە مایەپوچ و نەفرەتلێکراوەکانن، هەروەها بانگەشەی ئەوەی کە ئەمە هەستی موسڵمانانی بریندار کردووە، درۆیەکی ئاشکرایە.
سوتاندنی کتێب هەر کتێبێک، ئاڵا و هەر ئاڵایەک، گڕدانی وێنەی هەر رەمزو سەرکردەیەک… نەک تاوان نییە، بەڵکو کارێکی تەواو ئاساییە… بەشێکە لە ئازادی بیرورا دەربڕین و جۆرێکە لە نارەزایەتی دەربرێن و رەتکردنەوە.
سوتاندنی قورعان، تەورات و ئینجیل…تاد، هیچ کەسێک لە رووی جەستەیی و فیزیکیەوە بریندار ناکات و لەوەش واوەتر ناچێتە ناو خانەی توندوتیژی و هەڕەشەو ترساندنی هیچ کەس و کۆمەڵگە. سوتاندنی هەزاران قورعان و ئاڵا و وێنەی ڕابەران و تەریقەت و رێبازە جیاوازە دینی و قەومی و مەزهەبیەکان، نینۆکی هیچ کەسێک زیان پێ ناگەیەنێت و هیچ ئەندامێکی جەستەی ئینسان بریندار ناکات. دەبێتە مایەی نارەحەتی و نیگەرانی خەلێکیک یان بەشێک لە خەڵک، وەکو هەرچۆن ئەم خەڵکە رۆژانە لەبەرامبەر بەدەیان دیاردەو روداو و لێدوان و سیاسەت و لێکدانەوە و بۆچوون و کردەوەی جیاوازدا نیگەران و ناڕەحەت دەبن. زوربەی هەرەزۆری ئەوانەی لەبەرامبەر قورعان سوتاندندا، سوتانی خۆیان نیشانداو کەمپەینیان وەڕێخست و هان و ختوکەی خەڵکی سادەیان دا،،. بەدەگمەنیش نابینی یەک تاکە دانەیان بڕوای بە دیموکراسی و بە ئازادی سیاسی و ئازادی بەیان و بیروڕا هەبێت، بەڵکو لەسەر سەرکوتی ئەوانە لەدەسەڵاتدا ماون و هەڵەوەری سیاسەت و بانگەشەی جۆراو جۆر، دەکەن. ئەوەی کە هەرەشە لە بکەری قورعان سوتاندن دەکات، تۆمەتبارە. ئەوەی فتوا بۆ بکەر دەردەکات تۆمەتبارە. ئەوەی خەڵک و هەست و سۆزی خەڵک ختوکە دەدات، بۆ ئامانجی سیاسی تر و بەرژەوەندیەکانی تۆمەتبارە… ئاخر فتوا و هەرەشە و هاندانی خەڵک، بەکردەوە ئازار و توندوتیژی و کوشتنی لێدەکەوێتەوە. لە کاتێکدا سوتاندنی قورعان و تەورات و ئینجیل و هەر کتێبێکی تر… هیچ لێکەوتەیەکی جەسەدی و هەرەشەی، لێناکەوێتەوە.
چەندین سەدەیە بەشێک لە وڵاتانی دنیا بەتایبەتیش بەشیک لە وڵاتانی ئەوروپا و بەدیاریکراویش وڵاتانی ئەسکەندەنافیا” سوید، نەرویج، فنلند، دانیمارک، ئایسلاند” دەستوریان هەیەو دەستوریش سوتاندنی کتیبە دینی و مەزهەبیەکانی، بە بەشیک لە ئازادی بیرورا و بەیان و کارێکی یاسایی تەماشا دەکات. چۆن مۆڵەت دەدات بە هەر کەس و گروپ و لایەنێک خۆپیشاندان و مانگرتن و کۆبونەوە و نارەزایەتی خۆی دەرببرێت یان تەعبیر لە نارەزایەتی خۆی بکات، ئاواش سوتاندنی هەر کتێب و وێنەو ئاڵایەکی… بەیاسایی کردووە وەکو بەش و گۆشەیەک لە ئازادی بەیان و بیرورا لێی دەڕوانێت. لەم چەند سەدەیەدا بە سەدان و هەزاران جار کتێبە دینی و مەزهەبیەکان یان ئاڵاو وینەی سەرکردەو رەمزەکانیان، سوتێنران و خراونەت ژێر پێ و کونی تەوالێتەوە، کەسیش لەسەر ئەم کارانە نە هەڕەشەی لێکراوە و نە زیندانی کراوە و نەئازار دراوە و نەسزا دراوە، لەکاتیکدا هەرەشەکردن لە کەس و گروپ و دامەزراوەیەک، زلە وەشاندنێک و ئازار دانی ئینسانێک ئەگەر زۆر کەم و ناچیزیش بوبێت… لێپرسینەوەی یاسایی لەسەرە و کەسی بکەر سزا دەدرێت.
ئەوەی لەو نێوەدا جێگای رامان و هەڵوێستەیە، مامەڵەی بەشێک لە ئاتەئیست و چەپ و کۆمۆنیستەکانە، کە بە پاساوی جۆراوجۆر ئەو مافە زۆر سادەی ئازادی ڕادەربڕین و بەیان و جۆری نارەزایەتییە رەت دەکەنەوە. جارێک دەڵێن ئەو کەسە راسیست بووە، چۆتە گەرەک و ناوەندی ئیسلامیەکان و قورعانی سوتاندووە، ئەمەش هەست و سۆزی خەلکی بریندار کردووە، جاریکی تر دەلێن کەسی بکەری سوتاندنی قورعان، لەبەردەم مزگەوت و خەڵکدا، دوای قسە وتن بە ئیسلام و رەمزەکانی قورعانی لەبەرچاویان سوتاندووە، دەڵێن ئەمانە ناچنە ناو خانەی ئازادی بەیان و بیروڕاو…تاد. سەیرە کەسێک کە نارەزایەتیەک دەردەبڕیت یان بەیان دەکات، دەیەوێت پەیامێک بگەیەنێت، شتێک و مەسەلەیەک رەت بکاتەوە، سادەترین کار ئەوەیە خۆی ئازاد بێت لە کوێ ئەو کارە دەکات و لەکوێ کاریگەری دادەنێت. خۆ ناکرێت بە کەسانێک کە پروتستۆ و ئیدانەو رەخنەیەک و نارەزایەتیەک دەکەن بڵێت، بڕۆ بیکەو ئازادیت، بەڵام لە شوێنێکی چۆڵ، یان لەماڵ و جێگایەک کەس پێ نەزانێت و لەبەرچاوی کەس نەبێت و کەسیش ناڕەحەت نەکات!! ئەنجامی بدە. چ عەجەب چەپێکە!!. لە حاڵیکدا بەهای هەر خۆپیشاندان و نارەزایەتی و رەخنە و بەیانی رەتکردنەوەی شتێک لەوەدایە، کە بە ئاشکرا بێت و لەو جێگایەک بێت کە کاریگەری دادەنێت یان کەسەکە خۆی هەڵی دەبژێرێت… ئاخر رەخنەو ئازادی بەیان و رەتکردنەوەی هەر شتێک لە دڵی خۆتدا و دوور لەچاوی خەڵک و بە شێوەی نهێنی، یانی چی؟… دانانی ئەم مەرجانە یانی ڕیگەگرتن و کڵۆم دانی بە کردەوەی ئازادی.
بەکورتی ئەم بەشە لە هاوڕییان… لەبەرامبەر بە رەخنەو رەتکردنەوەی چەند پرسی بەپیرۆزکراو…دەڵێن هەرچی دەکەن بیکەن، بەڵام بەدزییەوە بیکەن یان با لەبەرچاوی خەڵک نەبێت و خەڵکیش نیگەران نەکات… بەر لەهەموو شت ئەم ڕوانینە خەریکە کۆمەڵێک دۆسیە پیرۆز دەکات و رەتکردنەوە و رەخنەکردن و بێ بەهاکردنی، بە پیشێلی ئەو پیرۆزیانە دەزانێت.
ئەم دیدگایە بە کردەوە لەدواترە لە دیدگا و یاسای ئەو وڵاتانەی سوتاندنی هەر کتێب و ئالا و رەمزیک، بە یاسایی دەزانن و لە دەستوردا جێگیریان کردووەو نەک سزای لەسەر نییە، بەڵکو وەکو بەشێک لە ئازادی بەیان و بیرورا و نارەزایەتی لێی دەڕوانن. سەیرە چەپ و کۆمۆنیست بێت، و خوازیاری روخاندنی نیزامی سەرمایەداری بیت، بەڵام ئاستی رەخنە و ڕوانینت بۆ ئازادی بەیان و بیرورا، لەدوای دەسەڵاتی سەرمایەدارییەوە بێت و خوازیاری ئەوە بیت دیموکراسی بۆرژوازی قارس بکرێت.
دیارە ئەوەی کە بەشێک لە ولاتانی ئەوروپا سوتاندنی قورعان و کتێبە دینی و مەزهەبیەکانی تریان، بەکارێکی یاسایی و بەشیک لە ئازادی بەیان و بیرورا دەزانن، لە بنەرەتدا بەرهەمی شۆرشی فەرەنساو رینیسانس و خەباتی چەندین دەهەی بزوتنەوە رادیکاڵ و کرێکاریی و پێشکەوتنخوازەکانە، کە بۆرژوازی ناچار بووە لە دەستوردا جێگەی بکاتەوە، کەچی بەشێک لە هاوڕییانی ئاتەئیست چەپ و کۆمۆنیست، ئەوە بە زۆر دەزانن و بەکردەوە داوا دەکەن ئەم دیموکراسییە بۆرژوازییە کە تەواو لە ئازادییەوە دوورە، قارس بکرێت و کورت بکرێتەوە.
بەدەستەوەگرتنی کەیسی قورعان سوتاندن لەلایەن بەشێک لە دەسەڵاتە ئیسلامی و رەوتە ئیسلامیەکان مەیدانێکی ململانێیە لەگەڵ دیموکراسی بۆرژاوی و وڵاتە ئەوروپیەکان بۆ ئامانجی تر بە پاساوی ئەوەی کە گوایە سوتاندنی قورعان و رەخنەکرنی رەمزەکانی ئیسلام و مەزهەبەکان، هەستی موسوڵمانان و باوەڕداران بریندار دەکات.. ئەمە لە بنەرەتدا هەوڵ و ڕیگایەکە بۆ بەرگری نەک لە قورعان سوتاندن، بەڵکو بۆ ڕیگەگرتن لە رەخنەگرتن و لێکۆڵینەوە لە ئیسلام و قورعان و حەدیس و رەمزەکانی…
نارەحەتی و نیگەرانی و توڕە بوونی خەلک یان بەشێک لە خەڵکی موسڵمان و ناموسوڵمان، ئاساییترین و چاوەروانکراوترین دیاردەی ناو کۆمەڵگەیە کە هەمیشەو بەردەوام لەبەرامبەر بەدەیان دیاردەو روداو و لێدوان و سیاسەت و لێکدانەوە و بۆچوون و کردەوەی جیاوازدا نیگەران و ناڕەحەت دەبن، بێ ئەوەی هەرگیز بتوانرێت، نیگەرانی و ناڕەحەتی و هەست بریندارکردن، بەری پێ بگیرێت… بەڵام لە نێوان ناڕەحەتی و نیگەرانی و هەست بریندارکردن، لەگەڵ بریندارکردنی جەستەی کەسێک، هەرەشەیەک، توندوتیژی نواندن، لێدان لەکەسێک، فتوایەکدا… فاسیلەیەکی بێ کۆتا و گەورە هەیە.
ناوەراستی تەموزی ٢٠٢٣