قووڵ بوونەوەی قەیرانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی؟… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
ماوەیەکە گوێ بیستی کۆمەڵێک جیدال و باسین کە پێشتر نەمان بیستووە لە لایەن چەندین مەلاو بانگخوازو لێکۆڵەوەر لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسییەوە. ماوەیەکە هەندێ مەلا و بانگخواز هەندێ کاری قێزەونی وەک دزی و درۆ و دوو ڕوویان ئەنجام داوە کە کۆمەڵگەی کوردستان نەفرەتیان لێ دەکات .
ئەمانە سەرجەم پێ ی دەوترێ قەیرانی ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە جیاجیاکانی بە سەلەفی و ئەشعەری و سۆفیەوە .هۆکارەکانی ئەم قەیرانانە زۆرن هەندێکیان بابەتی و هەندێکیان زاتین؟
هۆکاری بابەتی ئەوەیە لەسەردەمی سەرمایەداریدا، بەرەو پیێشچوونی پیشەسازی و زانست دەبێتە هۆی پاشەکەشە بە بیروباوەری خورافیانەی ئایینی لەسەر ئاستی جیهان. تا پیشەسازی وداهێنانی تەکنۆلۆجی زیاتر پێشکەوێ، ئایین زیاتر پاشەکشە دەکات. لە خۆوەنییە لە ئەفغانستان وهەندێ وڵاتی ئیسلامی تەلەفزیۆن و ئایفۆن و کۆمپیوتەرو وئایپادەکان دەدەنە بەرچەکوش و داروبەرد و ووردو خاشیان دەکەن، چونکە وەک ڕابەرانی ئیسلامی سیاسی خۆیان دەڵێن ئەم شتانە خەڵک لە دین وەردەگەڕێنن، لە خۆوە نییە تاڵەبان لە ئەفغانستان یاسای ئەوە دەردەکا ژنان نابێ لە زانکۆکان بخوێنن .
ئەو کۆمەڵگەیانەی کە پیشەسازین ئایین تیایاندا بێ هێزە و بەپێچەوانەوە ئەو کۆمەڵگەیانەی پیشەسازی نین ئایین تیاندا بەهێزە، ئەمە بەپێی ئامارە فەرمیەکان. دەبێ ئەوەش بزانین سەرمایەداری پێویستی بە پێشکەوتنی پیشەسازی یە بۆ قازانجی زیاتر، هەر بۆیە ئەوکۆمەڵگەیانەش تا ئێستا دوواکەوتوون لەم ڕووەوە ئەوا پێویستە بەرەو پێشەوە ببرێن ئەمەش کاردەکاتە سەر ئایین و گەشەنەکردنی و چوونە دواوەی. هەر ئەم هۆکارە دەبێتە هۆی نەمانی ئایین.
کوردستانیش بەشێکە لە جیهانی سەرمایەداری و ڕۆژانە زیاتر کاریگەری ئەم پێشکەوتنە دەبینرێ لەسەر ڕەوتە ئایینی و خێڵەکیەکان… بەپێچەوانەی ئەوەی کە ڕابەڕانی ئایینی بەپشتیوانی دەسەڵات ومیدیاکانی و بۆ فریوکاری خەڵک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئاییندە بۆئایینەکەی ئەوان دەبێ، چونکە پێ یان وایە تەنها ئەوان لەسەر هەقن ئەمە تەنها ئیسلامیەکان نین ئەمە دەڵێن و دووبارەی دەکەنەوە ڕۆژانە، بەڵکو مەسیحیەکان و جووەکان وهیندۆس و بودایەکانیش ئەم پروپاگەندەیان هەیە. بەڵام ڕەوتی مێژوو پێچەوانەی ئەم پروپاگەندەیەیە. لەجیهانداڕێژەی بێدینی لە پەرەسەندنی خێرادایە بە تایبەت لە ناو توێژی خوێندەوارو نووسەر وهونەر پیشەو ئەکادیمی و زانایاندا. ئەم پەرەسەندنە لەکۆمەڵگەی کوردستانیش دەبینرێ بە تایبەت لە ناو ئەم توێژەی کۆمەڵگەدا .
هەر ئەمە دەبێتە هۆکاری بنەڕەتی بۆ پەرەسەندن و قووڵ بوونەوەی قەیرانەکانی ئیسلامی سیاسییش شانبەشانی قەیرانە ئابوری وسیاسیەکان .
هۆکاری خودیش یا (زاتیش) لە خودی ئایینەوەیە کە ناتوانێ وەڵام دەرەوە بێت بە پێداویستیەکانی مرۆڤ لەم سەردەمەی ئێستادا کە گرانی و هەژاری و برسیەتی و بێکاری سەرتاپای کۆمەڵگەکانی جیهانی گرتوەتەوە. ئایینەکان نەک نەیانتوانیوە چارەسەری ئەم بارودۆخە بکەن، بەڵکوخۆیان هۆکاری مانەوەی ئەم بارودۆخەن. ئایینەکان پشتیوانی دەکەن لە مانەوەی زەمینەکان و هۆکارەکانی هەبوونی ئەم بارودۆخە وەک ئەوەی ئەوان دژی خاوەندارێتی تایبەتی و کاری بەکرێ و سەرمایە نین کەسەرچاوەی بوونی هەژاری و برسیەتین.
بەپێچەوانەوە ئیتر ئایین دەبێتە پیشەسازی و پیاوانی ئایینییش دەبنە سەرمایەدار و بازرگان .
لە کوردستان دا ماوەیەکە ئەمە بەڕۆشنی بەرچاو دەکەوێ، مەلاو بانگخواز هەیە لەم ڕێگایەوە زەکات لەخەڵک وەردەگرێ وپڕۆژەی پێدەکاتەوەو دزی لەخەڵک دەکات، مەلاو بانگخواز هەیە زەکات لەخەڵک وەردەگرێ چوار ژن دەهێنێ و لە باشترین شوێنی حەوانەوەو لەباشترین خزمەتگوزاری بەهرەمەندە، جگە لە زەکات ئەمانە پارە لە دەسەڵات و وڵاتانی تریش وەردەگرن پێی دەچنە حەج وعومرەو لە کاتی نەخۆشیشدا دەچنە ئەوروپا بۆ چارەسەر. بۆیە ئەمانیش بوونەتە چینێکی سەرمایەدارو مشەخۆر لەسەر حسابی چینی کرێکارو زەحمەتکێش وە بەشدار دەبن لەوەی خەڵکی هەژارو برسی بکەن .
یەکێ لەهۆیەکانیتر هۆشیار بوونەوەو ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وپەرەسەندنی هێزی ئازادیخوازو چەپ و سکۆلاریستی کۆمەڵگەیە کە ئیسلامیەکان دەخاتە ناو گێژاوی ئەم قەیرانەی ئێستایان چۆن؟
خرۆشانی ژن ژیان ئازادی پێشەنگی ئەم کاروانەیە لەم ڕۆدا کە کاریگەری لەسەر کوردستان و ناوچەکەش داناوە. خەڵک ناتوانێ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی قبوڵ بکا کەسەرچاوەی نەهامەتیەکانی بێت، خەڵک قبوڵ ناکا ڕۆڵەکانی لە سێدارە بدرێن وەک ئەوەی لە ئێران ڕوویداوە یا تیرۆر بکرێن لەبەر جیاوازی بیروڕایان وەک ئەوەی لە تیرۆری ماریا و خواناسدا بینیمان لە کوردستان .
ئەوە فشاری بەرەی ئازادیخوازوئینسان دۆست بوو مەلاو ڕابەرانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی هێنایە قسە و قڵشتی نێوانیانی زیادکرد هەریەکەیان ئەوی تر تاوانبار دەکا بە داعش .
یەکێکیان دەڵێ سەلەفیەکان داعشی بێ چەکن و یەکێ تر دەڵێ سەلەفی نامۆیە بە کۆمەڵگەی کوردستان و ئەشعەری ئایینی خەڵکی کوردستانە و سەلەفیش هەرەشە لەمانی تر دەکات و بەداعش تۆمەتباریان دەکات.
ئەوە فشاری بەرەی ئازادیخوازە وا لە مەلاو بانگخوازو وەزارەتی ئەوقاف دەکات ڕۆژێک فتوایەک دەربکاو ڕۆژێکی تر لێی پەشیمان بێتەوە.
ڕۆژێک دەیانووت پیاوەکان وەک خاوەنی کچان و ژنان بێ شەرەفن و گەوادن کە ڕێگا بدەن ژنەکانیان وکچەکان سفور بن و بۆن لە خۆیان بدەن، کەچی مەلا هەڵۆ لەم ڕۆژانەدا وتی ئەو پیاوەی ژن بکوژێت قاتلە دەبێ حاکمی موسڵمانان ئەم بڕیارە بدات کە پێشتر ئەمەی نەوتووە. ئەوە فشاری ئەم بەرەیە بوو توانی پاشەکشە بە مەڵا هەڵۆ بکات کە بکوژەکەی خواناس وریا گلی بە تاوانبار پیشان بدا لە کاتێکا فتواکانی خۆی هۆکار بوون بۆ ئەنجام دانی ئەم تاوانە .
ئەوە بەرەی ئازادیخوازو عەلمانیەکانە ئەشعەریەکانی کوردستانی ناچار کرد بەدژی سەلەفیەکان قسە بکەن و عەبدولەتیف سەلەفیش داوای دیبەیت بکا لەگەڵیان و لەگەڵ ئەوانەی بەسەلەفیان وتوە داعش.
ئەوە بەرەی ئازادیخواز و عەلمانی بوو کە وتارە دژ بەیەکەکانی مەلاو بانگخوازە سەلەفیەکان ئاشکرا بکات وەک ئەوەی دەیانووت خۆشەویستی حەرامە، بەڵام خۆیان خۆشەویستیان لەگەڵ ژناندا کرد دەنگی هەڵو و عەبدولەتیفیان لەم بارەوە بڵاو کردەوە.
ئەوە هەر ئەم بەرەیە ئێستا ماهیەتی مەلایەکی دزی وەک مەلا هەورامانی ئەندام پەرلەمانی سەر بە کۆمەڵی دادگەری ئیسلامی دەربخات کەوەک دز دەربکەوێ لە کاتێکا پێشووتر وتبووی دزەکان دەبێ دەستیان ببڕدرێ .
ئێمە بەرەی چە پ و ئازادیخواز ئەگەر بەردەوام و جیددی تر کار بکەین دەتوانین پاشەکشەی زیاتر بەئیسلامی و سیاسی وسەلەفی و ئەودەسەڵاتەش بکەین بە پێدانی ئیمکانی ماددی و مەعنەوی کردوونی بە بەڵاو و بەرهەمهێنەری نەهامەتی و کوێرەوری و کردونی بە بازرگان وخاوەن ژیانێکی بەهەشتی لەم دونیا و بەخەڵکیش دەڵێن دوای مردن بەبەهەشت و حوری شاد ئەبنەوە. دەبێ ئەو ڕێنسانسەی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بەڕێکەوتوە بەردەوام بێ بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردستان لە جیاتی ئەوەی ببێتە ئەفغانستانی ژێر سایەی تاڵیبان ببێت بەکۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو وە ئینسان دۆست .