ترس لەپانتایی دەقدا..! نووسینی: جەمال نوری
گەر بمانەوێ شرۆڤەو شیکاری ئەم دەقە شیعریە بکەین، دەبێ لەماناو مه‌دلولی ئەو ترسە بگەین کە پانتاییەکی فراوانی لەزمانی شیعری شاعیردا داگیر کردوە، واتە (هەڵەبجەیی) ئەو ترسەی کەلەلای خۆیەوە وێنای کردوە بۆمان (ترسێتی) لە مردنی کتێب، ترسێک کە ئیدی کۆمەڵگە دادەڕزێنێ و وڵات بەرەو داڕمان و گەندەڵی دەبات، ئەو ترسە هەموو جوغزێکی داگیرکردوە و هیوایەکی نەهێشتۆتەوە، تاوەکو بینای ئومێدی لەسەر بکرێ، ئەوی شاعیر وەک تاکێکی سوودمەندو تەندروست دەیەوێ کۆمەڵگەکەی بەو ئاڕاستە مەترسیدارەدا هەنگاو هەڵنەهێنێ، چون ئەو ڕێگایە سبینێی داوە لەسێدارەو هیواکانی لەپشتە ملەوە سەربڕیوە، واتە ترسی شاعیر ترسێکی بابەتی و واقعییە، لەئێستاوە تاک بەتاکی کۆمەڵگەکەی لێ بەئاگادێنێ، ئەو لەبەر ئەوەی ئارەقەی بۆ بونیادی دیموکراسی و سەرخان و ژێرخانێکی سەردەمیانە ڕشتوە نایەوێ ئایندەی تەڵخ و لێڵ بێ و سبەینێی نادیار بێ گەنجەکانی مەملەکەت لە ئەلف و بای ژیان نەگەیشتبێتن.
هەروەک لێرەدا موخاتەبەی کۆمەڵگەکەی دەکات و دەڵێ:-
من ئەترسم
نەوەی جیلەکەی تۆ بڕوا‌و
ئیترناوی کتێب بمرێ
هەڵبەتە شاعیر لەو ڕاستییە بەڵگەنەویستە باش تێگەیشتوە، کە هەر کۆمەڵگەیەک بە قۆناغی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی خۆیدا ڕاگوزەر نەبووبێ، ئەوا بێ شک ئەو کۆمەڵگەیه ئاینندەی ناڕوون و سبەینێیان نادیار دەبێ، ئینجا ترسی هەڵەبجەیی لەوەیە کە نەوەی جیلی ئێمە بڕوا‌و کتێب بمرێ، واتە خەمە گەورەکەی شاعیر خەمی کتێبە، خەمی نوسینە، شاعیر جوانی پێکاوە، هەر کۆمەڵگەیەک گەنجەکانی لەم سەردەمی پۆست مۆدێرنەیەدا گاڵتەی بە پیرۆزییەکانی وەک مرۆڤ و خاک و سروشت و ئاو و هەواو نیشتمان بێ، ئەوا بێ‌شک دژ بە هەموو جوانیەکان دەوەستنەوە، وەک ئەوە وایە دژ بە خوێندنەوەبن. بۆیە بەدڵنیاییەوە نوسەری باشی تیا هەڵناکەوێت، چون خوێنەری باش نووسەری باش بەرهەم دەهێنێ، نوسەری باشیش بەوانە دەڵێن کەخاوەن نوسینی هاوچەرخ و بابەتین؛ هیچ نووسه‌رێكی گه‌وره، به‌بێ تووڕه‌یی، ناتوانێت بنووسێت؛ و به‌بێ نووسین، ناتوانێت له پشت تووڕه‌یی خۆیه‌وه ده‌ركه‌وێت. ڕه‌نگه هەر لەبەر ئه‌مه بێت كه فرۆید، له كتێبی «شارستانییه‌ت و نیگه‌رانییه‌كانی»دا، ده‌ڵێت :-
“شارستانییه‌ت یه‌كه‌مین جار له‌و شوێنه‌دا ده‌ستی پێكرد كه مرۆڤی تووڕه له‌جیاتی به‌رد «وشه»ـی هاویشت.”
لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کەكتێبه‌كان، ئه‌رشیفی تووڕه‌ییه دامركاوه‌كانی نووسه‌ره‌كانیانن. هه‌رچه‌نده، هه‌ندێكجار، نووسین ڕێگایه‌كه بۆ پاراستنی خود له تووڕه‌یی، به‌ڵام ڕێگایه‌كی باش نییه بۆ دامرداندنه‌وه‌ی. كتێب، كاتێك ده‌خه‌سێنرێت كه نووسین و خوێندنه‌وه‌ی بگۆڕێت به ڕێگه‌یه‌ك بۆ دامركاندنه‌وه‌ی تووڕه‌یی. ده‌بێت بنووسین تا تووڕه‌یی بگۆڕین بۆ «ماڵ»ـی خۆمان، ده‌بێت بنووسین تا له تووڕه‌ییدا نیشته‌جێ بین؛ ئه‌وه‌ی كه ماڵێكی نییه یا ده‌بێت له تووڕه‌ییدا بژین یا نووسینیان بۆ جه‌نگكردن له‌گه‌ڵ تووڕه‌یی به‌كار نه‌هێنن، به‌ڵكه جۆرێك تووڕه‌یی ناته‌بایان سه‌باره‌ت به مرۆڤ په‌ره پێداوه، تووڕه‌ییه‌ك بۆ په‌ڕینه‌وه‌یه‌كی ترسناك به‌ره‌و نووسین. له‌م ڕووه‌وه، كتێبی خراپ، ئه‌و كتێبه‌یه كه مرۆڤ ئارام ده‌كاته‌وه؛ و كتێبی بێ‌نرخ، ڕێگه‌ی ژیان نیشان ده‌دات. به‌ڵام كتێبه گه‌وره‌كان، نه‌ریتێك ده‌چێنن كه مرۆڤ له‌پاڵ ئاگری تووڕه‌یی نووسه‌ردا نیشته‌جێ ببێت، و نه‌ك چێژ و جوانی، به‌ڵكه تووڕه‌یی نووسه‌ر به مرۆڤ ده‌به‌خشن.
نامەیە بۆ کاکەجەمالی ئازیز
کەهەرجارێک
زنجیری خەیاڵم دەپسێ
ئەم خاتەوە سەرکەڵکەڵەی
شیعر نوسین
(ترسێک
لەسبەینێی نادیار!!!)
من ئەترسم
نەوەی جیلەکەی تۆ بڕوا‌و
ئیترناوی کتێب بمرێ
نەوەیەتر
لەدوای ئێوەوە بێتەوەبون
کتێب وەک ئاسارهەڵبگرێ
****
من ئەترسم
بۆنی کاغەزیش نەمێنێ
هەروەک مێخەکو ئەڵفەنی
نەمن کتێب
وەکوجاران بناسمەوەو
نەکتێب بڵێت تۆ حەسەنی
***
من ئەترسم
ڕۆژێک سیاسەت بازەکان
کتێبیش بکەن بەکاڵایە
وەک ڕەوشتو
وەکو وەفاو خۆشەویستی
ئێستا لە گیانەڵا دایە
***
من ئەترسم
سبەی نەوەیەک بێتەبون
بڵێ نالیەکان بەسەرچون
گوڵەمارانە
بدات لە سنگی حەبیبەکان
لەجێ گوڵی جوانی بەیبون
****
من ئەترس
کەنەشترسم لەوەی وەیە
سبەی بەدتر لەوەی هەیە
من ئەترسم
نەوەلی جاف شەم بناسێت
نەحەبیبە بزانێ نالیەک هەیە
(حەسەن هەڵەبجەیی)
* لەوەی وەیە واتە:
لەو شتەی کەبەڵایە بۆمان
**مێخەکو ئەڵفەنی جاران
ژنان وەک بۆنی ئەم سەردەمە
دەیانکرد بەسنگو بەرۆکیاندا
هەتابۆنیان بۆهاوسەرەکان
خۆشبێت…