باسێکی کورت لەسەر کتێبی چی بکرێت؟ ی لینین وەرگێرانی: توانا حەمە نوری

0

چی بکرێت؟ کتێبێک بوو لینین لە ساڵی ١٩٠١ نووسی و لە ساڵی ١٩٠٢ بڵاویکردەوە. ناونیشانی کتێبەکە لە ڕۆمانێکی ڕۆماننوسی ڕوسی نیکۆلای چێرنیشێڤسکی ساڵی ١٨٦٣ بەهەمان ناوەوە وەرگیراوە.

لینین دەڵێت چینی کرێکار تەنیا بەشەڕی ئابووری لەگەڵ خاوەنکارەکان لەسەر کرێ و کاتی کارکردن و هاوشێوەکانی لەخۆوە نابێتە سیاسی. بۆ پەروەردەکردنی چینی کرێکار لەسەر مارکسیزم، لینین پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە مارکسیستەکان پێویستە پارتێکی سیاسی، یان پێشەنگ، لە شۆڕشگێڕە دڵسۆزەکان پێکبهێنن بۆ ئەوەی بیرۆکەی سیاسی مارکسیستی لەناو کرێکاراندا بڵاوبکەنەوە. ئەم کتێبە دابەشبوونی پارتی کرێکارانی سۆشیال دیموکراتی ڕووسیای لە نێوان بەلشەفیکەکانی لینین و مەنشەفیکەکاندا خێراتر کرد.

خاڵە سەرەکییەکانی کتێبەکە

لینین سەرەتا ڕووبەڕووی ڕەوتی بەناو ئابوورییەکانی نێو سۆشیال دیموکراسی ڕووسیا دەبێتەوە کە هێڵی ئیدوارد بێرنشتاینی پەیڕەوی دەکرد. لینین ڕوونی دەکاتەوە کە هەڵوێستەکانی بێرنشتاین هەلپەرست بوون، هەروەها نمونەی وەرگرتنی پۆستێک لە حکومەتی بۆرژوازی لەلایەن سۆشیالیستی فەرەنسی ئەلێکساندەر میلەراند دەهێنێتەوە.

لینین جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی بۆ خەبات دژی بۆرژوازی، سۆشیال دیموکراتە شۆڕشگێڕەکان پێویستیان بە گرنگیدانێکی تایبەت بە پرسیارە تیۆرییەکان دەبێت، هەڵوێستی فریدریک ئەنگڵس بە بیر دێنێتەوە کە خەباتی سۆشیال دیموکراسی سێ فۆرمی هەبووە، ئەوانیش سیاسی، ئابووری و تیۆری.

لینین دەڵێت، کرێکاران بەهۆی ململانێی ئابووری لەگەڵ خاوەنکارەکانیان یان لەڕێگەی کردەوەی خۆبەخۆوە وەک مانگرتن یان خۆپیشاندان، لەخۆوە پەرە بە هۆشیاری چینایەتی نادەن. بەڵکو شۆڕشگێڕانی مارکسیست پێویستیان بە پێکهێنانی پارتێکی سیاسی هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی مارکسیستی و ڕازیکردنی کرێکاران بۆ بەشداریکردن و پەیوەندیکردن بەو پارتەوە. لینین دەڵێت تێگەیشتن لە سیاسەت پێویستی بە تێگەیشتن لە هەموو کۆمەڵگە هەیە، نەک تەنها کرێکاران و ململانێ ئابوورییەکانیان لەگەڵ خاوەنکارەکانیان.

هۆشیاری سیاسی چینایەتی تەنیا لە دەرەوە دەتوانرێ بۆ کرێکاران بهێنرێت؛ واتە تەنیا لە دەرەوەی خەباتی ئابوورییەوە، لە دەرەوەی کایەی پەیوەندییەکانی نێوان کرێکاران و خاوەنکارەکان. ئەو کایەیەی ئەم زانستەی لێیەوە بەدەست دەهێنرێت، کایەی پەیوەندییەکانی هەموو چینەکانە بە دەوڵەت و حکومەتیشەوە.

لینین لێکدانەوە بۆ شەپۆلی مانگرتنەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمی ڕووسیا دەکات و دەنووسێت: “مێژووی وڵاتان ئەوە نیشان دەدات کە چینی کرێکار، بە هەوڵەکانی خۆی، تەنیا توانای پەرەپێدانی هۆشیاری سەندیکایی هەیە؛ بەڵام تیۆری سۆشیالیستی لە ڕووسیا، وەک شوێنەکانی دیکەی ئەوروپا، بەرهەمی “نوێنەری خوێندەواری چینە خاوەندارەکان” بوو، ڕۆشنبیران یان “ڕۆشنبیرانی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕ”.  لینین باس لەوە دەکات کە کارڵ مارکس و ئەنگڵس، دامەزرێنەرانی سۆشیالیزمی زانستی سەردەم، سەر بەم ڕۆشنبیرییە بۆرژوازییە بوون.

لە ئینگلیزییەوە تەرجومە کراوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.