ئافرەت وەک چەمکێک نوسینی/ کۆژیا ئاغا وەیس

0

لە مێژووەوە تاوەکوو سەردەمی ئەمڕۆ، بەدەر نەبووین لە کێشە و ئاستەنگ و دژایەتی و دووبەرەکی، جا لە چوارچێوەی نەتەوە، کایە سیاسییەکان، خوێنی ناسیزم، فاشیزم، بەعسیزم بووبێت، تا بەپلەدووکردنی ئافرەت.

هەر یەکە لەم کایانە لە چوارچێوەیەک لە چوارچێوەکان شوێنی خۆیان گرتووە، بەڵام ئەوەی تاوەکوو ئێستا وەک کێشە و دووبەرەکی مابێتەوە و مامەڵەی لەگەڵدا کرابێت، پرسی ئافرەتە. هەر لە سەردەمی حەوا و میتۆکانی، تا شۆڕش و گۆڕانکارییە نەتەوەیی و سیاسییەکانەوە، ئەوەی وەلاوە بخرێت و پەنجەی دژایەتیی بۆ ڕابکێشرێت ئافرەتە، كە زەرەرمەندی گۆڕانکاری و پێشکەوتنە سیاسییەکان بووە.

دەکرێت پرسێک بێتە ئاراوە، کە لەدوای هەموو ئەم پێشکەوتنانەی دنیا بەخۆیەوە دیوە و لەگەڵ پەرەسەندنی کایەکان و عەقڵانیەتی تاکەکان، هەموو ئەمانە گۆڕانێکی بەرچاویان لە دۆخی ئافرەت کردووە، ناکرێت زەڕبی سفر بکرێنەوە و بە زەرەرمەند دابنرێن؟

من لێرەدا هیواخوازم خوێنەر ئەوە لەبەرچاو بگرێت، لەگەڵ پەرەسەندنی کۆمەڵگە هەر لە دێرزەمانەوە و لەگەڵ هاتنەکایەی بواری ئابووری و پیشەگەرییەوە، دەبێتە ئامرازێک بۆ سەرهەڵدانی مەیدانی جیاوازیی ڕەگەزییەوە. ئافرەت دەبێتە ڕەگەزە لاواز و پلە دووەکەی کۆمەڵگە و ناچار دەکرێت بە ماوەیەکی زۆری کارکردن و بڕە پارەیەکی کەمتر لەو بڕە پارەیەی کە پیاوان وەریان دەگرت.

دواتر، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشەکان و ڕاپەڕین و بەرامبەر وەستانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، ئافرەتان شان بە شانی پیاوان لە سەنگەردا بوون، لەپێناو هیوایەک بۆ باشترکردنی بارودۆخیان، جا چ بارودۆخی سیاسیی کۆمەڵگەکەیان، تا دەگاتە ئەو جیاکاری و دژایەتییەی ڕووبەڕوویان دەبووەوە.

دووبارە لێرەشدا هەوری بێهیوایی ڕوو لە ئافرەتان دەکاتەوە، دەبینن لەگەڵ سەرکەوتنەکاندا، ناوی پیاوان جێ مەرەکەب دەگرێت و دەڕواتە مێژووەوە. ئافرەتانیش بارودۆخیان لەناو کۆمەڵگە نەک باشتر، بگرە بەرەو خراپبوون دەڕوات! بە جۆرێک، تا ئەمڕۆ هێشتا ناچارین لەپێناو مافەکانمان دەنگ هەڵبڕین و درێژە بە خەباتی سەدەیەک بدەین.

سەدەیەکە وشەکانی جیاکاریی ڕەگەزی دونیای پڕ کردووە، بە جۆرێک، هەموومان بەقەد ناومان شارەزای تاک بە تاکی کێشەی ژنان بووین. وتار و گۆڤار و ڕاگەیاندن و دەزگا و ڕێکخراوەکان، هیچ یەکێک لەمانە دەرگای خۆی بەسەر ئەم کێشانەدا دانەخستووە. هەر بۆیە دووبارە دەگەینەوە هەمان پرسیار، لەناو هەموو ئەمانەدا چارەسەری ئەم کێشەیە بۆ بزرە؟

لێرەدا دەکرێت پەنجە بۆ کێشەیەک ڕابکێشم، ئەویش زمانی کوردییە. کام چەمکەمان بۆ ئافرەت و کێشەکانی و تەنانەت ئەو چارەسەرکارییانەی لە وتار و ڕۆژنامەکان جێ بۆ کراوەتەوە، داهێناوە؟ ئایا بە چ جۆرێک لە مێشکی تاکی کورد ڕەگی داکوتاوە و چ جۆرە ڕوانینێکی بەرامبەر ئافرەت بۆ دروست کردوون؟

فیکر کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر زمان هەیە، دەبینین چۆن ئافرەت بە (زەعیفە، شەرەفی پیاو، لاواز و بێهێز دادەنرێت. دواتر دەڕۆینە سەر کێشەکان و وتار و میدیاکان پڕ دەکەین لە بەکارهێنانی کۆمەڵە دەستەواژەیەکی وەک کوژرانی ئافرەت و دەستدرێژیکردنە سەری، لاوازیی بەرامبەر پیاو و هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی لە ڕەگەزی بەرامبەر!

لە ئەنجامدا، من وەک تاکێک، کە ڕۆژانە لەناو هەر یەکە لەم چەمک و دەستەواژە نێگەتیڤیانە هەناسە دەدەم، دەبێت چۆن ڕوانینێکی ئەرێنییانەم بەرامبەر ئافرەت بۆ دروست ببێت و وەک کێشەیەک لێی نەڕوانم؟

لەبری ئەوە، دەکرێت نموونە گەلێک لە وێنەی بەهێزیی ئافرەت، سەرکەوتنەکانی، بوێری و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستی دەهێنێت، بڵاو بکرێتەوە، تا جێگرەوەیەک بن بۆ ئەو ڕوانینە نەرێنییانەی هەر لە کۆنەوە لەنێوماندا جێی خۆیان گرتووە و ببێتە واڵابوونی دەرگایەک بۆ نەوەی دواتر، تاکوو لەناو ژینگەیەکی ئەرێنییانە، کە کۆمەڵێک چەمکی ڕاست و دروست بەرامبەر ئافرەت بەکار هێنراوە و چیدی ئافرەت وەک قوربانی و لاواز و پلەدووی کۆمەڵگە نەبینرێت.

دەبێ پەی بەو مەترسییە ببەین کە فکر لەسەر زمان و زمان لەسەر فکر لە مەسەلەی تێڕوانینی کۆمەڵگە هەیەتی، چونکە زمان و دەستەواژە دروستکەری کەسایەتییە و ڕێگایەکە بۆ ناسینی کەس و شتەکان. بۆیە دەبێ هەوڵی گۆڕینی زمان و هاوسەنگکردنەوەی بدەین، تا ئەو پێناسەیەش بگۆڕین کە لە ڕێگەی سمبولەکانی زمانەوە بە ئافرەت دراوە. ئەمەش زێدەتر ئیشی ڕۆشنبیرانە کە هەوڵێکی جدی و خەمخۆرانە بگرنە بەر، لە بەرامبەر ڕیفۆرمکردنی هەریەکە لەم چەمک و دەستەواژانەدا.

بۆیە زەحمەتە بە پراکتیکی گۆڕانێک لە چاوی کۆمەڵگە بەرامبەر ئافرەت دروست بکەین، هەتا وەکوو ڕیفۆرمێک كار لەسەر لە چەمک و دەستەواژە نەرێنییەکان نەکرێت، کە لە دێرزەمانەوە لە مێشکی تاکی کورددا ڕەگیان داکوتیوە.

******

Leave A Reply

Your email address will not be published.