عیرفان کەریم: ئێران پێویستی بەشۆرشێکی ڕیشەیی و رادیکاڵ هەیە لە پێناو هێنانەدی ئازادی ویەکسانی، ئەم خواست وئامانجانەش، تەنها لە ڕێگەی بزوتنەوەیەکی شۆرشگێری کۆمونیستیەوە، دێتەدی دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی عیرفان کەریم هەڵسوڕاوی سیاسی کۆمۆنیست، سەبارەت بە هەستان و راپەرینی خەڵکی ئێران و ئایندەکەی…

0

بۆپێشەوە: با بەو پرسیارە دەست پێ بکەین، ئەوەی لە ئێران روودەدات چییە؟ شۆرشە، ڕاپەرێنە، هەڵچوونە؟… تۆ چ ناوێک لەم بزوتنەوەیە دەنێیت کە چەند مانگە درێژەی هەیە؟

عیرفان کەریم: ئەوەی لە ئێراندا ڕوودەدات هاتنە مەیدانی بزوتنەوەیەکی جەماوەری شۆرشگێرانەیە، بە ئامانجی کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە جمهوری ئیسلامی ئێران زیاتر لە ٤٠ چل ساڵە، نوێنەرایەتی ڕەوتیکی کۆنەپەرست و سەرکوتگەری بۆرژوازی ئێران دەکات و چینی کرێکار وجەماوەری زەحمەتکێشی لە بارودۆخێکی سەختی پڕ لە هەژاری و نەداریدا ڕاگرتوە و لە ڕێگای بەردەوامیدان بە کردەوەی کوشتار و ئیعدامەوە، دەیەوێت دەسەڵاتی سەمایەداری لە ئێراندا بپارێزێ. ئیدی ئەم ڕژێمە هیچ ئیعتبارێکی لەلای زۆربەی خەڵکی ئێراندا، نەماوە. بەردەوامی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی شۆرشگێری ئێران بەتایبەت  لە  ٦ شەش مانگی ڕابوردوەوە، سەرەڕای کردەوەکانی سەرکوت و کوشتار و ئیعدامی موخالیفینی سیاسی، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، کە ئیدی ڕەوتی شۆڕشگێرانەی خەڵکی ئێران بەرەو پێش هەنگاو دەنێت و دەیەوێت دوابزماری خۆی  بە تابوتی جمهوری ئیسلامی دابکوتێت.

بۆپێشەوە: کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەکی موزائیکییە، کێشەی نەتەوەیی واقعێەتیکی ناو ئەو کۆمەڵگەیەیە، پرسی نەتەوەیی چ جێگایەکی لە بزوتنەوەی شورشگێرانەی ئێستای ئیراندا هەیە…؟

عیرفان کەریم: حکومەت و دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئێران سەرچاوەی جۆرەها ستەم و زۆڵم و زۆری سیاسی و کۆمەلایەتییە، ئازادییە سیاسییەکان لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا هیچ ئیعتبارێکیان نییە و یاسا و ڕێسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی  بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراوە.

خەڵکی ئێران بەشێوەیەکی گشتی، سەرفی نەزەر لەوەی بە چ زمانێک قسەدەکەن و چی ناسنامەیەکی نەتەوەییان هەیە، لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە، دووچاری ستەم و زۆرداری بونەتەوە. هەر بۆیە دەبینین لە مەیدانی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکاندا، بۆ سەرجەم ئەم جەماوەرە شۆرشگێرە، لە کوردستانەوە تاوەکو تاران و شیراز و ئەهواز و بلوجستان، مەسەلەی سەرەکی جەنگی یەکلاکەرەیەوە لەبەرامبەر دەسەڵاتی ڕەشی جمهوری ئیسلامی، هەربۆیە مەسەلەی نەتەوەیی لە ئێستای ئەم بزوتنەوەیەدا جێگا و ڕێگایەکی زۆر بەرچاوی نییە.

بۆپێشەوە: لەگەڵ ئەوەدا پایەی بنەرەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئیران، چینایەتییە، بەڵام رۆڵی چەپ و کۆمۆنیزم وەکو پێویست نییە، هۆکاری ئەوە بۆچی دەگەڕیتەوە و چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئیراندا و لەهەلومەرجی ئێستادا چ ئەرکێکی لەسەر شانە؟

عیرفان کەریم: بەر لە ڕووداوی دڕندانەی کوشتنی (ژینا ئەمینی) و خرۆشانی جەماوەر لە کوردستان و تاران، بزوتنەوەی ناڕەزایەتی چینی کرێکار لە شارە گەورەکانی ئیران بەردەوام لە مانگرتن و سازدانی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی بوون، ئەم بزوتنەوە چینایەتییەی کرێکارانی ئێران، پێشینەیەکی پر لەهێزی بەخشیوەتە خەڵکی شۆرشگێر، لەمەیداندا مانەوەی چەند مانگەی کرێکارانی کارگەی فولاد و ئاسن و کرێکارانی هەفت تەپە و کارگەکانی دروستکردنی بەرهەمی کیمیایی، کە  بەسازدانی زنجیرە مانگرتنەکان و کۆبونەوە گشتییەکان ڕووبەروووی دەسەلاتی جمهوری ئیسلامی بوونەوەو جەسورانە هەنگاوێکیش پاشەکشێیان نەکرد. ئەمە پایەیەکی بنەڕەتی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێریەیە کە ئێستا لە مەیداندایە، بەڵام سەبارەت بەو پرسیارەی کە بۆچی تا ئێستا ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیزم وەکو پێوست نییە؟ بەبڕوای ئەوەی کە چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی شۆرشگێر بەشێکی گەورەو بنەڕەتی ئەم بزوتنەوەیەن و بە دروشم وخواستی ڕادیکاڵ و ئینسان و شۆڕشگێرانەوە لەمەیدانی خەباتدان، ئەمە بۆخۆی زەمینەیەکی پڕ لەبەرهەم و دەستکەوتە بۆ بزوتنەوەی چەپ وکۆمۆنیزم لە ئێران، نابێت ئەو ڕاستیە لەبەرچاو نەگرین کە لە ژێر سایەی دەسەلاتی جمهوری ئیسلامی ئێراندا، هیچ جۆرە ئازادییەک نییە وهیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت ئازادانە کارو چالاکی سیاسی ئەنجام بدات، هەربۆیە بەشێکی زۆری هێزی چەپ وکۆمۆنیزم و فەعالینی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە دەرەوەی ئێران بەردەوام چالاکی سیاسی ئەنجام دەدەن و هاوپشتیەکی بەهێزی ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێریە دەکەن. تا ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەرکەکانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیزم لە ئێران، بە بڕوای من ئەرکی ئەوان بریتیە لە دەرکەوتنیان وەک هێزی سەرەکی کە پارێزگاری دەکەن لە ئامانج و خواستە شۆڕشگێریەکانی ئەم بزوتنەوەیە، بە خستنە ڕووی سیاسەتی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستانە، ئەم بزوتنەوەیە بەڕیگاچارەی شۆرشگێرانە ئاشنابکەن و ڕێگا نەدەن بزوتنەوە کۆنەپەرستەکانی ناسیونالیزم و شۆڤنیزم و باڵی ئیسلاحی ئیسلامی بە هاوکاری حکومەتە سەرمایەدارەکانی  ئەوروپاو ئەمریکا شکست بەم بزوتنەوەیە، بهێنن.

بۆپێشەوە: سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ئیران، لەوانە ژنان، لاوان و خوێندکاران، کرێکاران… بەشدارن لەم خۆپیشاندان و بزوتنەوە جەماوەریەدا، بەڵام رۆڵی چینی کریکار و بەشدارییەکەی بەرجەستە نییە، هێشتا وەکو پێویست ئامادەیەکی نابینرێت، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

عیرفان کەریم: وەک  پێشتر ئاماژەم پێکرد بزوتنەوەی ناڕەزایەتی چینی کرێکار لە ئێراندا و جەنگی چینایەتی لەبەرامبەر جمهوری ئیسلامی دا، بۆتە دیاردەیەکی زۆر ڕۆشن لە کۆمەڵگەی ئێراندا. هاوکاتی لەمەیداندا بوونی بزوتنەوە کۆمەلایەتیەکانی تر لە کۆمەڵگەدا، کرێکاران، لە کارگەو ناوەندە جۆربەجۆرەکانی بەرهەمهێناندا، ناوە بەناوە مانگرتن و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێ دەخەن. بەڵام ئەوەی کە تائێستا ئەم چینە هێشتا دەستی بۆ جەنگی یەکلاکەرەوە لەبەرامبەر ئەم دەسەلاتەدا، نەبردوە، هۆکارەکەی بۆ پەرش وبلاوی و سەراسەری نەبوونەوەی ئەم بزوتنەوە شۆرشگێریە دەگەڕیتەوە، کە هێشتا نەبۆتە خاوەنی ئاسۆیەکی شۆڕشگێرانە و هێشتا هەنگاوەکانی سەراسەری کردنەوە و لەیەک هەڵپێچانی سەرجەم  هێزەکانی نێو ئەم بزوتنەوە لە نێو چوارچێوە و پلاتفۆرم و بەرنامەیەکی شۆڕشگێرانەدا، دەستی بۆ نەبراوە.

بۆپێشەوە: لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندان و جوڵانەوەی شۆڕشگێرانەی ئیراندا، هەوڵەکانی بۆرژوازی لەوانە شاهەنشایی و سیلیبریتییەکان، دەستی پێکردووە، دیارە لە پشتیوانی ئەمریکاو غەربیش بەهرەمەندن، رۆڵی ئەوان چۆن دەبینن و چەپ و کۆمۆنیستەکان، دەبێ

 

لەبەرامبەر… بەهەوڵ و نەخشەکانیان، چ هەنگاوێک بگرنە بەر؟

عیرفان کەریم: ئێمە دەکرێ چاوێک لە مێژووی کورتی دەورانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ و ڕوخاندنی دەسەڵاتی شای ئێران، لەلایەن خەڵکی شۆڕشگری ئێرانەوە بکەین. لەوێشەوە داوەرییەک لەسەر ڕاستی و دروستی و هەقانیەتی ئەم لایەنە ڕاستڕەو دژە شۆڕشانە، بکەین و بیانناسینەوە. شاهنشاییەکان و سلیبریتیەکان کە  بەکۆمەکی ئەمریکا وچەند حکومەتێکی ڕۆژئاوایی لە ئەوروپا و لەڕێگەی میدیا و تەلەفزیۆنەکانی (ئێران ئێنتەرناسیونال و بی.بی.سی)ەوە، کەسایەتیان پێدەبەخشرێت و ناسنامەی (نوێنەرانی خەڵک و حکومەتی داهاتووی ئێران) بۆ دروستدەکەن. هەر خودی ئەم جۆرە سیاسەتە بەڵگەیە لەسەر پووچی بێ ناوەرۆکی ئەم جۆرە  لەنوێنەرایەتیە.

تەجروبەی چەکوشکاری ناوەندە موخابەراتی و جاسوسی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوا لە پەیوەند بە کۆکردنەوەی چەند سیاسەتمەدارێکی تێکەڵ پێکەڵ لە (قەومی و ئیسلامی لێبراڵ و ئیسلاح تەڵەب ومەزهەبی) لەژێر ناوی (دیموکراسی) وەک ئەوەی لە عێراق و ئەفغانستان هێنایەکایەوە، زۆر بەڕۆشنی نیشانی داوە، کە ئەمە چ پرۆسەیەکی دژە ئینسانی و چ کارەساتێکی سیاسی و مرۆیی بەسەر کۆمەڵگەکاندا دەهێنێت. ئاخر هەموو خەڵکی ئێران دەزانن کە دەسەڵاتی شاهنشاییەکان بەڕاپەڕین و شۆرشێکی جەماوەری کۆتایی پێهات و خەڵک سەرانی  شاهنشاییەکانیان وڵات شار بەدەر کرد، ئێستا بەکام پێوەر ئەمانە دەکرێنەوە بە نوێنەری خەڵک و ئەمەش دوای ئەو هەموو فیداکاری و خەباتە خوێناویەی خەڵک، لە پێناو ڕوخاندنی دەسەلاتی جمهوری ئیسلامی..؟ هەربۆیە کاتێک  دروشمی (نە شامان دەوێت نە ڕەهبەر، مەرگ بۆ ستەمکار) لە نێو جەرگەی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی ئێرانەوە بە بڵندی دەگوترێتەوە، ئەمە دەیسەلمێنێ کە ئەم لایەن کۆنەپەرستانە، دڵخوازی خەڵک نین و پێگەیەکی ئەوتۆیان نییە لە نێو نارەزایەتیەکانی خەڵکدا. تائەو جێگەیەی بەئەرک و مەهامی بزوتنەوەی چەپ وکۆمۆنزم لە ئێراندا، دەگەڕیتەوە، بە بڕوای من بەردەوام ڕیسواکردنی سیاسەتی هاوبزوتنەوەیی ئەم لایەنە ڕاستەڕەوانە لەنمونەی (شاهنشاییەکان) و (ناسیونالیستەکان) لەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، هەروەها ناساندنی ناوەرۆکی دژە شۆرشی ئەم لایەنانە، ئەرکی سەرەکی بزوتنەوەی چەپ وکۆمۆنیزمە لەئێران. ئەم  لایەنانە دەیانەوێت، دەزگاکانی سەرکوت و ئیعدام وەک خۆی بمێنێتەوە، سوپای پاسداران و زیندانی سیاسی هەبێت، چونکە ناوەرۆکی دەسەڵاتەکەیان ئەوەیە، کە سیستەمی بۆرجوازی و سەرمایەدارانەی ئابوری پارێزراو بێت و کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێش بۆ دەیان ساڵی دیکە لەژێر هەژاری و نەداریدا، بهێڵنەوە. ئەمانە تەنها گۆڕانکاری ڕوخسارانە لە سیستەمی سیاسدا دەکەن، لە کاتێکدا ئێران پێویستی بەشۆرشێکی ڕیشەیی و رادیکاڵ هەیە لە پێناو هێنانەدی ئازادی ویەکسانی، ئەم خواست وئامانجانەش، تەنها لە ڕێگەی بزوتنەوەیەکی شۆرشگێری کۆمونیستیەوە، دێتەدی.

بۆپێشەوە: ئاییندەی ئەم بزوتنەوەیەی لە ئێراندا دریژەی هەیە، چۆن دەبینن، ئایا پاشەکشەی پێدەکرێت، یان دەتوانێت دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئیران بروخێنێت، بەتایبەتی لە ئێستادا کە هەست بە خاوبوونەوەیەک دەکرێت؟

عیرفان کەریم: ئەگەر بە تەنها چاوێک لە هێز و پایەی جمهوری ئیسلامی بکەین، دەبینین ئەم دەسەڵاتە بە سەدان ناوەندی سەرکوت و کوشتار و جاسوسی هەیە، لە چەندین وڵات پێگەی سەربازی و ئەمنیەتی هەیە و خەریکە دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیش، بەڵام تەجروبەی بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەی ژنان و کرێکاران ولاوان وخوێندکاران لە شەش مانگی ڕابوردودا و سەرەڕای دەستبردنی ئەم دەسەڵاتە بۆ کردەوەکانی ئیعدام وسەرکوت و زیندانی کردن و ئەشکەنجەدان، بەڵام هێشتا، نەیتوانیوە کۆتایی بەم بزوتنەوەیە بهێنیت و پاشەکەشەی پێبکات. جەنگی خەڵكی ئێران لەبەرامبەر ئەم دەسەڵاتە جەنگێکی نەبراوەیە تاوەکو کۆتایهێنان بەتەمەنی ئەم دەسەڵاتە، خەڵکی ئێران دەزانن ژیان کردن لەژێر سایەی دەسەڵاتێکدا، کە سەرچاوەی هێشتنەوەی هەژاری وبێکاری ونەداری وبرسێتیە، زۆر سەخت و هەموو ڕۆژە مردنێکە. بۆیە جگە لە خەبات وهاتنە مەیدان بۆ کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە، چارەیەکی دیکەیان نییە. سەبارەت بە (خاوبوونەوە)ی ئەم بزوتنەوەیە، بەبڕوای من هەموو بزوتنەوەیەکی شۆرشگێرانە، لەڕێڕەوی چوونەپێشەوەی خۆیدا بەکات وساتی جیاواز و جۆراوجۆردا تێدەپەڕێت، لە قۆناغە جیاوازەکاندا شێوازەکانی خەباتی خۆی دەگۆڕێت، هەربۆیە دەکرێ بڵێین، ئەمە حاڵەتێکی ئاسایی و کاتییە.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕوانیتە جاڕنامەی لانی کەمی داواکاریەکانی سەندیکا کرێکاریی و ڕێکخراوە مەدەنی و سەربەخۆکان بۆ شۆڕشی ئەمڕۆی ئێران؟

عیرفان کەریم: بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی سەرکوت و کۆنەپەرستی ئیسلامی، کە بەردەوام لەڕێگەی ئیعدام و زیندانیکردن و بەرتەسککردنەوەی سەرجەم ئازادییە سیاسیەکان لە ئێراندا، درێژە بەتەمەنی خۆی دەدات.

لەدەوری یەک کۆبونەوەی هەر دەستە و گرووپێکی کۆمەڵایەتی کە بە ئامانجی ڕێکخستن و یەکخستنی ڕیزی کرێکاران و ژنانی ئازادیخواز و لاوانی شۆرشگێر و خەڵکانی ئینساندۆست، کاردەکەن. ئەمە هەنگاوێکی پێشرەوانەیە. دەکرێ لەم چوارچێوەدا، هەڵسانگاندن بۆ ئەم جارنامەیە بکەین، هاوکات وەک هەر بابەتێکی دیکەی پەیوەستدار بەم بزوتنەوەیە، دەکرێ ئەم هەڵسەنگاندنە هەڵوێستگیری جیاوازی لێبکەویتەوە. بۆنمونە هەندێک ئەمە بە جاڕنامەیەکی شۆرشگێرانە لە قەڵەم دەدەن.بەڵام من پێم وایە شێواز و ناوەرۆکی خاڵەکانی نێو ئەم جاڕنامەیە هەڵگری کۆمەڵێک لە (ناکۆکی) و هەڕەمەکی سیاسیە، کە لە دەربڕین و دەستنیشانکردنی داواکاری و خواستەکاندا، بەدیدەکرێت. چونکە خودی ئەم جاڕنامەیە لەژێرناوی (لانی کەمی  خواستەکانی ڕیکخراوە پیشەیی ومەدەنیەکانی ئێراندا) بڵابۆتەوە، لێرەشەوە ئێمە لەبەرامبەر چەند داواکاری وخواستی جۆراوجۆردا بەرەو ڕوو دەبنیەوە، کە پەیوەندیەکی ئەوتۆی بە لانی کەمی خواستەکانەوە نییە، و بەڵکو باس لە جێگرەوەی دەسەڵاتی ئێستا دەکات و هەروەک لە خاڵی دوووەمی جاڕنامەکەدا هاتوە (ڕزگارکردنی هەموو خەڵک لە دەسەڵات و هەموو جۆرەکانی جیاکاری و چەوساندنەوەی دیکتاتۆری و ئیسلامی) هەروەها لە درێژەدا دەڵی (کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و ئینسانی) وەک جێگرەوەیەکی ئەم سیستەمە، دەستنیشان دەکات. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەم جۆرە داخوازیانە لەسەر بنەمای کام توانایی سیاسی و ڕێکخراوەییەوە خراوەتە ڕوو، ئایا بە هەڵسەنگاندنێکی سادەی تەوازنی هێز لە نێوان بزوتنەوەی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا، دەکرێ لەم قۆناغەدا ئەمە بکرێتە ئەرکێک و خواستێکی سیاسی و بەسەر بزوتنەوەکەدا سایە بکات..؟ بەبڕوای من ئەمە جۆرێک لە لێکدانەوە نادروستی سیاسی و ڕێکخراوەیی و ناکۆکە لەگەڵ  ئەو ناونیشانەی کەدەڵێ (لانی کەمی خواستەکان….) هەروەها لە خاڵێکی دیکەدا ئاماژە بە (هەڵپێچانی دام و دەزگا سەرکوتگەریەکانی ڕژێم…..).ئەمەش دەکرێت لەم تێروانینەوە لێکدانەوەی بۆ بکەین، چونکە ئەوە ڕوونە، لە ئێستای توانایی ڕێکخراوەیی و گەشەی سیاسی بزوتنەوەی نارەزایەتی لە ئێراندا و جەنگی بەرامبەرکێ لەبەرامبەر دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامیدا، نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە کە بانگەواز  بۆ کۆتایهێنانی یەکجاری ئەم دەسەڵاتە بکات. دەکرێ لەم بارەیەوە سەرجەم خاڵەکانی نێو ئەم داخوازیانە بخرێنە بەر باس وگفتوگۆ، بەلام ئەمە قسەی زۆرتر هەڵدەگرێت و دەکرێت بەجیاواز و بەتایبەت تر بخرێنەڕوو. بەشێوەیەکی گشتی ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە، کە بزوتنەوەیەکی ڕادیکال و شۆرشگێر لە ئێراندا، لەحاڵی هاتنە مەیدان و شکڵدان بە چوارچێوەی سیاسی و ڕیکخراوەیی، خۆیەتی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.