ئایا تەنیا هەشتی مارس رۆژی ئافرەتە؟ نوسینی / فاتمە قاسم

0

وەک دەزانین هەشتی مارس لە رۆژ ژمێری نەتەوەیەكگرتووەكان و زۆربەی وڵاتاندا بۆ رۆژی ئافرەت دەستنیشان کراوە. رۆژی جیهانیی ئافرەتان بۆنەیەكی جیهانییە، کە لە هەشتی مارسی هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە و هەر وڵاتێک بە شێوازی تایبەت بەخۆی ئاهەنگەکە بەڕێوە دەبەن، کە ئەو رۆژە لە زۆربەی وڵاتاندا پشووە و تیایدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر، وەکوو وەفا و رێزگرتن و تیشک خستنەسەر توانا و کۆشش و ماندووبوون و بەرهەمەکانی ئافرەت لە هەموو ڕوویێکەوە ئەنجام دەدرێن، لەپاڵیدا گرنگی بە یەکسانیی نێوان هەردوو رەگەز دەدرێت و گفتوگۆ لەسەر ئەو توندوتیژییانە دەکرێت کە بەرامبەر بە ئافرەت دەكرێن، کە هەر لایە و بە شێوازێک دەری دەخات.

لەنێو کۆمەڵگەی ئێمەشدا بە هەمان شێوە، چەند رۆژێک پێش هاتنی هەشتی مارس ئامادەکاریی بۆ ئەو رۆژە دەکرێ، لەو رۆژەدا ئاهەنگ ساز دەکرێن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێوان لێو دەبن لە پۆستی هەشتی مارس و رۆژی خانمان پیرۆز دەكرێت، لە ئاهەنگەکاندا رێز لە توانای خانمان دەگیرێت و ماندووبوونیان بەرز دەنرخێنرێت و خەڵاتیان بەسەردا دابەش دەکرێت.

بەشێك لە پیاوانیش بە چەپکەگوڵ، یان هەر دیارییەکی دیکە ئەم رۆژە لە دایک و ژن و خوشک و کچی خۆیان پیرۆز دەکەن، لە لایەکی دیکەوە، لە كۆڕ و سمینارەكان تیشک دەخرێتە سەر رەوشی مافەكانی ئافرەت لە ڕێگەی نماییشکردنی کورتە فیلم و خوێندنەوەی وتار و گفتوگۆکردن لەسەر رۆڵی ئافرەت لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و سازکردنی چەندین پێشەنگای هونەری و فۆتۆگرافی دەكرێنەوە، کە تیایدا رۆڵی ئافرەت لە ماندووبوون تا گەیشتن بە لوتکە و لە پێکەنین تاکوو گریان بە دەستی توندوتیژی دەخرێتە بەر باس و دیدەی بینەران و شاعیران شیعریان بۆ دەنووسن، شێوەكاران وێنەیان بۆ دەکێشن و نووسەران چەندین وتار و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆریان لەسەر دەنووسن، تا ئەم چەند رۆژە تەواو دەبن.

پرسیار لێرەدایە، ئێمە لە ساڵێکدا، 12 مانگ، یان 48 هەفتە، یاخود 365 رۆژمان هەیە، بۆ تەنیا دەبێت لە ساڵێکدا چەند رۆژێک لە رێكەوتێکی دیاریکراو گرنگی بە رۆڵی ئافرەت و نەهامەتییەکانی بدرێت؟ ئایا تەنیا هەشتی مارس رۆژی ئافرەتە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە، کە هەموو رۆژەکان بەبێ جیاوازی رۆژی ئافرەتن، چونکە ئافرەت نیوەی کۆمەڵگەیە و قوتابخانەیەکە کە لە ڕێگەیدا نەوەکانی داهاتوو پۆل پۆل رادەستی کۆمەڵگە دەكرێن و دەبنە کەسی بەسوود، بەڵام بەداخەوە لە هەندێ خێزان و گرووپدا دوای ئەم رێكەوتە، ئافرەت لەجیاتی ئەوەی چەپکەگوڵی سوور و دیاریی جۆراوجۆر ببینێت، دەبێ چاوەڕوانی مشتەکۆڵە و تێهەڵدان بێت، کە لەلایەن باوک و برا و مێردەوە رووبەڕووی دەكرێتەوە، دیسان سەرلەنوێ توندوتیژی و رێگری و بێ رێزی بەرامبەر بە ئافرەت دەست پێ دەکاتەوە.

بەداخەوە رۆژانە دەبینە بیسەر و بینەری هەواڵی ئەو خێزانانەی کە رێگری لە کچەکانیان دەکەن بخوێنن و زانست و زانیاری بەدەست بێنن و و ببن بە کەسێکی بەسوود، کە خزمەت بە وڵات و کۆمەڵگەکەی و خۆی بکات، یان رێگریکردن لە بەدیهێنانی خەونەکانی، یان هەڵبژاردنی کەسێکی گونجاو بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەری و دەیان بابەتی دیکە، کە لەژێر مۆری عەیبەدا شوێنی دەبێتەوە، یان ناچارکردنیان بە هاوسەرگیریی پێشوەختە.

هەر بۆیە کچ و ئافرەتەکانمان یان دەبێ ئەم دۆخە قبووڵ بکەن کە لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆیاندایە، یان لە کاتی داواکردنی مافەکانی وەك (خوێندن، مافی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە چارەنووسیان) لەلایەن خێزانەكانیان تووشی هەڕەشە دەبن و رێگری و هەڕەشەکانیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر دەروونییاندا دادەنێ و بەداخەوە هەندێكیان پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن، یان لەلایەن خێزانەكانیانەوە لەژێر مۆری شەرەف لەناو دەبرێن، چونکە چ باوک و برا یان مێرد، پێیان وایە کە تەنیا خۆیان خاوەن بڕیارن و دەبێ تەنیا قسە قسەی خۆیان بێت، ئەمەش دەبێتە پیاوسالاری و پێیان وایە، کە خۆیان هەموو شتێکیان بۆ ئافرەت ڕەخساندووە و لەمە زیاتر پێویستیان بە هیچ شتێکی دیکە نییە.

بە شێوەیەكی گشتی ئافرەت پێویستی بە پارە و ماڵ و ئۆتۆمبێل و چەپکەگوڵ و دیاریی جۆراوجۆر لەنێو زیندانێکی ئاڵتوونیدا نییە و هیچ لەمانە ناتوانن قەرەبووی هەستی بریندار و دڵی شکاویان بکاتەوە. ئەمانە لە لایکەوە گرنگن، بەڵام لە لایەکی دیكەوە لە هەموو گرنگتر ئافرەت پێویستی بە رێزگرتن و شكۆمەندییە، پێویستی بە لێتێگەیشتن و سۆز و خۆشەویستی و گرنگی پێدانە، پێویستی بە گەیشتن بە سەرەتایتریین مافەکانیەتی، پێویستی بە پاڵپشتی و رێگری لێنەکردنە، چونکە ئێستا سەردەمەکە زۆر گۆڕاوە و ئێمە لە سەردەمی گەشەکردنی بەپەلەی تەکنۆلۆجیا داین و هەر مێشکی مرۆڤ دروستکەری ئەم تەکنۆلۆجیایە بووە.

بۆیە ئەگەر هەموو پیاوێک بتوانێت دیدی خۆی لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆ نوێ بکاتەوە، ئەوکات لەجیاتی هەشتی مارس، هەموو رۆژێک دەبێتە ئەو رۆژە و پیاو چ باوک، یان برا، یان مێرد، خۆی بە هاوڕێی نزیکی خوشک و ژن و کچەی دەزانێت و رێز لە بەرامبەرەکەی دەگرێت و لەجیاتی چەپکەگوڵ، چەپکێ خۆشەویستی و پاڵپشتی و هاندان و ماف و سۆز و رێز و چاوێکی یەکسانیی پێشکەش دەکات، دەرەنجام هەموو رۆژەکانمان وەک رۆژانی جەژنی هەشتی مارس جوان و درەوشاوە دەبن و رێژەی خۆکۆژی و کوشتن و توندوتیژی و نەخوێندەواری کەم دەبێت، دەنگ و رەنگ و بەرهەم و تێکوشانی ئافرەتەکانمان نەک تەنیا لە ناوخۆ، بەڵکوو دەگاتە هەموو جیهان و کۆمەڵگاکەمان دەبێتە بەهەشتی خەونەکان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.