ناتالی لومێل، کەسایەتییەکی دیاری کۆمۆنەی پاریس… وەرگێرانی لە فارسیەوە: توانا حمەنوری
ناتالی لومێل، خانمێکی گەورەیە، مێژووی کۆمۆنەی پاریسی نەنووسیوە، بەڵکو دروستی کردووە. بیرەوەرییەکانی نەنووسیوە، نە نامەیەکی بەجێهێشتووە، هیچ. تەنیا واژۆی ئەو، وەک ئەوانی دیکە، لە بنی ئاگادارییەکانی دیواری کۆمۆنەکەدا دەبینرێت کە دروشمی وەک: “ئێمە کار و قازانجمان بۆ خۆمان دەوێت، نە ئیستغلالکارمان دەوێت و نە ئاغاکان”. ئەم کەسایەتییە گەورەیە هەموو ژیانی بە بەرگریکردن لە جیهانی کار بەسەر برد.
ناتالی لومێل هاوڕێی یوجین ڤارلین و لویس میشێل بوو، یەکێک بوو لە چالاکوانە دیارەکانی ئەو سەردەمەی فەرەنسا. ئەو لەگەڵ ڤارلین ماندوو نەناسانە کاری دەکرد، کۆمەڵگەی بەرخۆدانی کرێکاران و مانگرتن و هاوبەشی کرێکارانی ڕێکخستووە، وەک لا مارمیت، چێشتخانەیەک بۆ کرێکاران و هەژاران. لە سەردەمی کۆمۆنەی پاریسدا ڕۆڵێکی چالاکانەی بینی، لە کۆمەڵەی ژنان بۆ بەرگریکردن لە پاریس و یارمەتیدانی بریندارەکان کاریدەکرد و یارمەتی نووسینی مانیفێستەکانی داوە، ئەمەش ڕەنگێکی ئەنارکیستی بە مادەکانی گروپەکە بەخشی. لێرەدا وەرگێڕانی شۆن ویلبێر بۆ بابەتێکی ساڵی ١٩٢١ کە لەلایەن لوسیەن دیسکاڤس (١٨٦١-١٩٤٩) ڕۆماننووسێکی فەرەنسییەوە نووسراوە، هەر زوو دوای مردنی لومێل، کە هەندێک وردەکاری ژیاننامەیی سەبارەت بە ژیانی شۆڕشگێڕانەی ئەم ژنە نائاساییە دەخاتە ڕوو. ڕۆڵی لومێل لە سەرەتای بزووتنەوەی ئەنارکیستی فەرەنسیدا لە کتێبی ‘ئێمە لە ئانارشی ناترسین – بانگەوازی دەکەین’ – یەکەمین نێودەوڵەتی و سەرچاوەکانی بزووتنەوەی ئەنارکیزم باس دەکرێ.
ناتالی لە ساڵی ١٨٢٦ لە شاری “برێست” لەدایک بووە و دایک و باوکی ئەوپەڕی قوربانیدانیان داوە بۆ ئەوەی منداڵەکەیان ئاستێکی باشی خوێندنی هەبێت. لە ساڵی ١٨٤٥ هاوسەرگیری کردووە و سێ منداڵی بووە.
پاشان ناتالی و هاوسەرەکەی وەک کتێبفرۆش لە شاری کەمپەر کاریان دەکرد. دە ساڵ پێش ڕووداوی کۆمۆن، بەرەو پاریس بەڕێکەوت و ناتالی لە دوکانێکی کتێببەستن لە گەڕەکی برۆتۆن لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری مۆن پارناس کاری دەکرد. بەپێی ڕاپۆرتێکی پۆلیس، ناتالی بەهۆی: “گرنگیدان بە سیاسەت، خوێندنەوەی ڕۆژنامەکانی ‘زالێ’ بە دەنگی بەرز و بەردەوام هاتن و چوون بۆ یانەکان، سەرنجی هەمووانی ڕاکێشاوە”.
ناتالی لومێل ئەندامی یەکێتی نێودەوڵەتی کرێکاران بوو، (یەکەم نێودەوڵەتی). لە ساڵی ١٨٦٥دا سەندیکای کرێکارانی ڕۆژنامەنووسان کە لەلایەن یوجین ڤارلاین(١) و ناتالی لومێلەوە دامەزرا، داوای مووچەی یەکسانی ژن و پیاوی کرد و بەدەستهێنا.
یوجین ڤارلین پێشنیاری دامەزراندنی چێشتخانەیەکی گشتی کرد بە ناوی لامارمایت (٢) و ناتالی هەڵبژارد بۆ بەڕێوەبردنی. ئەم بیرۆکەیە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
ناتالی لومێل، لە سەردەمی کۆمۆنەی پاریسدا، خۆی بۆ ڕێکخستنی ژنان تەرخان کردووە. لە ١١ی نیسانی ١٨٧١ لەگەڵ “ئەلیزابێس دی میتریڤ” (٣)، “یەکێتی ژنان بۆ بەرگریکردن لە پاریس و پەرستاری برینداران”یان دامەزراند. بەرنامەی یەکێتی ژنان چەند داواکارییەکی دیکەی لەخۆگرتبوو، لەوانە: مووچەی یەکسان لە نێوان ژن و پیاو، مافی کارکردن (ڕێکخستنی و ۆرکشۆپی زەوتکراو)، داننان بە هاوسەرگیری خۆبەخشانە، مافی جیابوونەوە و هتد.
لە کاتی “هەفتەی خوێناوی”(٤)دا، ناتالی لۆمێل بە یارمەتی ژنانی دیکە لە بەربەستەکانی گۆڕەپانی بلانچ بەردەوام بوو لە بەرخۆدان. لە ٢١ی حوزەیرانی ١٨٧١ دەستبەسەر و لە یەکێک لە قەڵا سەربازییەکان سزای دەربەدەری بەسەردا سەپێندرا. لە کۆتاییدا ناتالی لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٨٧٩ (دوای هەشت ساڵ) لە دەربەدەری گەڕایەوە. لە ٨ی نۆڤەمبەری ١٨٧٩ ئەرکی ڕێکخستنی ئاهەنگی ئاوەدانکردنەوەی ژووری سەندیکای کرێکارانی سەحاف کار پێ سپێردرا و لە ژێر ئیدارەی هێنری ڕۆشفۆرتدا کار لەسەر تاودانی ڕۆژنامەکە دەکات.
کاتێک بەهۆی “ماندووبوونی ژیانێکی خەبات”ەوە ناچار بوو کارەکەی بەجێبهێڵێت، هێنری ڕۆشفۆرت(٥) بڕگەیەک پارەی کەمی بۆ دانا. بەڵام لەو ڕۆژانەدا، لەبەرئەوەی هێنری ڕۆشفۆرت پەیوەندی بە “بۆلانجیزم”ەوە کردبوو(٦)، لە ئەنجامدا ناتالی لومێل یارمەتی داراییەکەی وەرنەگرت و بەم شێوەیە کەوتە هەژارییەکی تەواوەوە. نابینا، لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا، ناتالی لومێل گواسترایەوە بۆ ماڵی بەساڵاچووانی بیسێستەر. بەڵام دوای ٥ ساڵ بەسەربردن لەو ماڵە و لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا و لە ٨ ی ئایاری ١٩٢١ کۆچی دوایی کرد: ٥٠ ساڵ دوای کۆمۆنەی پاریس.
ژێرنووس:
١- یوجین ڤارلین، لەدایکبووی ساڵی ١٨٣٩، سۆشیالیست، شۆڕشگێڕی فەرەنسی و کرێکاری چاپەمەنی و سکرتێری لقی فەرەنسی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی کرێکاران (یەکەمین ئینتەرناشناڵ). ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پاسەوانی نیشتمانی کۆمۆنەی پاریس و ئەندامی کۆمیسیۆنی دارایی کۆمۆنەی پاریس بووە. وە لە ٢٨ی ئایاری ١٨٧١دا بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن سوپای ڤێرسایەوە کوژرا.
٢- چێشتخانەیەکی گشتی بۆ هاوکاریکردنی کرێکاران و هەژاران بوو بە نرخێکی هەرزان و هەروەها دەرفەتێکی بۆ کۆبونەوەی سیاسی لەم شوێنەدا ڕەخساند.
٣- ئەلیزابێس دی میتریڤ”، لە ساڵی ١٨٥١ لە شاری “ڤۆلۆک” لە ڕووسیا لەدایک بووە، فێمینیستێکی ڕووسی بووە و ئەندامی یەکەمین ئینتەرناشناڵ بووە، کە لە تەمەنی بیست ساڵیدا لەلایەن مارکسەوە ڕەوانەی پاریس کراوە بۆ بەشداریکردن لە کۆمۆنەی پاریس. دوای هەفتە خوێناوییەکە، هەڵات بۆ ڕووسیا.
٤- پاریس لە ١٨ی ئازاری ساڵی ١٨٧١ لەلایەن کۆمۆناردەکانەوە گیرا و یەکەم حکومەتی کرێکارانی جیهان کە بە کۆمۆنەی پاریس ناسراوە لەوێ دامەزرا. ئەم حکومەتە بە گشتی لە ٧٢ ڕۆژ زیاتر نەخایاند و لە ماوەی هەفتە خوێناوییەکەی ٢١ تا ٢٨ی ئایاردا “ئەدۆڵف تیێر” سەرۆکی حکومەتی ڤێرسای و سوپاکەی لەناوچوو. لە ماوەی ئەو هەفتە خوێناویەدا بیست و پێنج تا سی هەزار کەس لە کۆمۆنارەکان و خەڵکی پاریس لە شەقامدا کۆمەڵکوژ کران و چل و پێنج هەزار کەس دەستگیر کران و بەشێکی زۆریان دەربەدەر یان لە سێدارە دران.
٥- هێنری ڕۆشفۆرت، (٣٠ی ژانویەی ١٨٣١ – ٣٠ی حوزەیرانی ١٩١٣) نووسەر و سیاسەتمەدارێکی فەرەنسی بوو. لە پاریس لەدایک بووە.
٦- تیوری بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و ڕاستڕەوی توندڕەو بۆ ژەنەڕاڵ “جۆرج بۆلانگەر”، وەزیری جەنگی کۆماری سێهەمی فەڕەنسا دەگەڕێنرێتەوە.