بنچینە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری… بەشی نۆهەم … کۆمۆنیزمی کرێکاری و کۆمۆنیزمی بۆرژوایی
لە بەشی هەرەزۆری سەدەی بیستەمدا مارکسیزم و کۆمۆنیزم قورساییەکی زۆر گەورەیان هەبوو لەناو بزووتنەوە جۆراوجۆرە ناڕەزایەتی و ڕیفۆرمیستیەکانی جیهانی سەرمایەداریدا. لەلایەک هەمەگیریی و قووڵیی ئەندێشەی ڕەخنەگرانەی مارکس و ئینساندۆستی و یەکسانیخوازیی قووڵی مارکسیزم، وە لەلایەکی تر برەوی عەمەلیی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی کرێکاری، بەتایبەت بە بەرپابوونی شۆڕشی کرێکاری 1917 لە ڕوسیا کە کۆمۆنیزمی کردە چرای ئومێدی سەدان ملیۆن کرێکار و زەحمەتکێش لەسەرانسەری جیهاندا، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە بزووتنەوە غەیرە کرێکاریەکان و تەنانەت غەیرە سۆسیالیستیەکانیش بەدرێژایی سەدەی بیستەم ناوی کۆمۆنیست و مارکسیست بەخۆیانەوە بلکێنن. زۆربەی ئەم بزووتنەوانە نزیکایەتیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئامانجە سەرەکیەکانی کۆمۆنیزم و مارکسیزمدا نەبوو، ئەوپەڕەکەی خوازیاری کۆمەڵێک ڕیفۆرم و ووردە ئاڵوگۆڕ بوون لە چوارچێوەی خودی نیزامی سەرمایەداریدا.
کۆمۆنیزم ئەو ناونیشانە بوو کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی کرێکاری لەسەدەی نۆزدەهەمدا خۆی پێ ناوزەد کردبوو بۆ خۆجیاکردنەوە لە سۆسیالیزمی ناشۆڕشگێڕ و هەندێ جار تەنانەت کۆنەپەرستانەی چینەکانی تر. بەڵام لە سەدەی بیستەمدا ئەم ناوی کۆمۆنیزمەش کەوتبووە بەر دەستدرێژی چینەکانی دیکە و ئیتر بەکردەوە مانا جیاکەرەوەکەی خۆی لەدەستدابوو. لەژێر ناونیشانی گشتیی کۆمۆنیزمدا، کۆمەڵێک ڕەوت و مەیلی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر سەریان هەڵدا کە نە لە تێڕوانین و بەرنامەدا و نە لە پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتیدا، هیچ نزیکایەتیەکیان لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری و مارکسیزمدا نەبوو. چەند لقێکی ئەم کۆمۆنیزمە غەیرە کرێکاریە، وە لەپێشەوەی هەموویاندا کۆمۆنیزمی بۆرژوایی جەمسەری سۆڤێت، لەبەشی هەرەزۆری سەدەی بیستەمدا بەکردەوە بوون بە شاڕێی سەرەکی و ڕەسمیی کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاریان بەرەو کەنارەگیری و تەریک کەوتنەوە برد.
گرنگترین ڕەوتی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی لە سەدەی بیستەمدا بە بەلاڕێدا بردن و دواتر شکست پێهێنانی شۆڕشی کرێکاری لە ڕوسیا قەوارەی گرت. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری بە ڕابەرایەتی حیزبی بەلشەفیک توانی لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا دەسەڵاتی دەوڵەتیی چینە دەسەڵاتدارەکان تێکبشکێنێ، حکومەتێکی کرێکاری بەرپا بکات و تەنانەت هەوڵ و تەقەلا سەربازیە ڕاستەوخۆکانی کۆنەپەرستیی شکستخواردوو بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی خۆی پووچەڵ بکاتەوە. بەڵام سەرباری ئەم سەرکەوتنە سیاسیە، چینی کرێکاری ڕوسیا سەرەنجام نەیتوانی گۆڕانکاری لە بناغەی پەیوەندیە ئابووریەکانی ڕووسیادا پێکبهێنێ، واتە هەڵوەشاندنەوەی نیزامی کاری بەکرێ و ئیشتراکی کردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان. لە نیوەی دووەمی دەیەی بیستدا، لەجەرگەی گوشاری توندی ئابووری پاش جەنگ و شۆڕش، وە لە نەبوونی ئاسۆیەکی ڕۆشن بۆ گۆڕینی سۆسیالیستیانەی پەیوەندیە ئابووریەکاندا، دیدی ناسیۆنالیستی بەسەر سیاسەت و ڕێبازی ئابووری حیزب و بزووتنەوەی چینی کرێکاری ڕوسیادا زاڵ بوو. ئەوەی لەسەردەمی ستالیندا ڕوویدا نەک بنیاتنانی سۆسیالیزم، بەڵکو سازدانەوەی ئابووری نەتەوەیی سەرمایەداری بوو لە ڕوسیادا لەسەر بنچینەی مۆدێلێکی دەوڵەتی و چاودێریکراو. لەجیاتی ئامانجی خاوەندارێتی هاوبەش و ئیشتراکی، خاوەندارێتی دەوڵەتیی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا بەرقەرار بوو. کرێ و پارە و نیزامی کاری بەکرێ هەروا مانەوە. ناکامیی چینی کرێکاری ڕوسیا لە وەدیهێنانی شۆڕش بەسەر پەیوەندیە ئابووریەکاندا، بووە مایەی شکستی سەرتاپای شۆڕشی کرێکاری. چینی کرێکار دەسەڵاتی سیاسی لەدەست دا. لەجیاتی حکومەتی کرێکاری، دەوڵەتێکی تازە بابەتی بۆرژوایی، بە بۆرۆکراسی و دامودەزگایەکی سەربازیی زەبەلاحەوە کە لەسەر ئابووریەکی سەرمایەداری دەوڵەتی دامەزرابوو، لە ڕوسیا سەریهەڵدا.
ئەم مۆدێلە دەوڵەتیە بووە ئەلگۆی ئابووری ئەو جەمسەرە بەناو کۆمۆنیستیەی کە بە لەباربردنی شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبەر لەئاستی جیهانیدا سەریهەڵدا. دەوڵەتگەرایی ئابوری و دەستبردن بۆ جێگرتنەوەی میکانیزمی بازاڕ بە بەرنامە و بڕیارە ئیداریەکان، ڕادەیەک لە هاوسەنگکردنەوەی سامان و دابینکردنی لانی کەمی خزمەتگوزاریە خۆشگوزەرانیەکان و بیمە کۆمەڵایەتیەکان بۆ هەمووان، ئەمە هەموو ناوەڕۆکە بەناو سۆسیالیستیەکەی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی یەکێتی سۆڤێت و بلۆکی ڕۆژهەڵات بوو.
بەڵام سۆڤێت تاقە چاوگی قەوارەگرتنی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی نەبوو لەم سەدەیەدا. لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا چەند لقێک لە کۆمۆنیزمی غەیرە کرێکاری سەریانهەڵدا، کە سەرباری ئەوەی لە هەندێ شتی بنەڕەتیدا لەگەڵ تێڕوانینی ئابووریی کۆمۆنیزمی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا یەکیان دەگرتەوە، واتە لە قەڵەمدانی دەوڵەتگەرایی ئابووری بە سۆسیالیزم و هێشتنەوەی نیزامی کاری بەکرێ، بەڵام لە دیدگای جۆراوجۆری وەک دیموکراسی، ناسیۆنالیستی، ئینسانگەرایی و مۆدێرنیستیەوە دەستیان دایە ڕەخنەگرتن لە ئەزموونی سۆڤێت و خۆیان لەم بلۆکە دوورخستەوە. مارکسیزمی ڕۆژئاوایی، ئۆرۆکۆمۆنیزم، چەپی نوێ و لقە جیاجیاکانی تروتسکیزم لە ڕەوتە بەرجەستەکانی کۆمۆنیزمی غەیرە کرێکاری بوون لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا. لە وڵاتانی دواکەوتوو و ژێردەستەی پێشووشدا ناسیۆنالیزم و بۆچوونە دژی ئیستعماریەکانی بۆرژوازی و وردە بۆرژوازی و جاروبار بزووتنەوە جوتیاریەکان بوونە بنەمای جۆرێکی تازە لە کۆمۆنیزمی “جیهان سێیەمی”. سەربەخۆیی ئابووری، بەپیشەسازیکردنی خێرای ئابووری نەتەوەیی بەپێی مۆدێلێکی دەوڵەتی و بەرنامەڕێژیکراو، دەربازبوون لە ژێردەستەیی سیاسی ئاشکرای هێزە ئیمپریالستیەکان و جاروبار تەنانەت زیندووکردنەوەی نەریت و میراتی کەلتووریی کۆنی خۆجێی لەبەرامبەر مۆدێرنیزم و کەلتووری ڕۆژئاواییدا، ناوەڕۆکی ئەم جۆرە کۆمۆنیزمەی پێکدەهێنا. نموونەی بەرجەستەی کۆمۆنیزمی جیهان سێیەمی، ماویزم و کۆمۆنیزمی چینی بوو، کە کاریگەریەکی قووڵی لەسەر تێڕوانین و سیاسەتی ڕەوتە بەناو کۆمۆنیستیەکانی وڵاتانی دواکەوتوو دانابوو.
بەرەنجامی سەرهەڵدانی ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی کۆمۆنیزمی غەیرە کرێکاری لە سەدەی بیستەمدا، تەریک کەوتنەوە و پاشەکشەی بەرچاوی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مارکسیزم بوو. یەکەم، ئامانجە بنەڕەتیەکانی سۆسیالیزمی کرێکاری و لایەنە جیاجیاکانی تیۆری مارکسیزم پێ بەپێی ناوەڕۆکە غەیرە سۆسیالیستی و غەیرە کرێکاریەکانی ئەم بزووتنەوانە کەوتنە بەر پێداچوونەوەو خراپ لێکدانەوەی بنەڕەتی و ئەم لادانانە بە فراوانی لە جیهاندا وەکو مارکسیزم و کۆمۆنیزم ناسێنران. دووەم، چەقی قورسایی کۆمەڵایەتی-چینایەتی کۆمۆنیزمی سەدەی بیستەم لەناو چینی کرێکارەوە گوێزرایەوە بۆ ناو ڕیزێکی فراوان لە توێژە غەیرە کرێکارییەکان. لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و وڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتووەکاندا ڕوناکبیران و خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ و بەشە ڕیفۆرمیستەکانی خودی چینی بۆرژوا بوونە لانکەی سەرەکی قەوارەگرتن و دەرکەوتنی ڕەوتە کۆمۆنیستیەکان. لەوڵاتە دواکەوتووەکانیشدا، سەرەڕای ئەمانە، جوتیارانی نەدار، وردە بۆرژوازی ناڕازی و لەهەمووانیش زیاتر بۆرژوازی ناسیۆنالیست و سەنعەتگەرا و تامەزرۆی گەشەسەندنی ئابووری نەتەوەیی، پێگەی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزمی غەیرە کرێکارییان پێکهێنا.
لەئەنجامی نەبوونی نەرێتێکی ڕیشەداری کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، چینی کرێکار بەکردەوە بۆ دەیان ساڵ توانای دەرکەوتنی سیاسی سەربەخۆ و بەهێزی لە چوار گۆشەی جیهاندا لەدەستدا. لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکا و تاڕادەیەک لە بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینیشدا کرێکاران بۆماوەی دەورەیەکی دوورودرێژ بەتەواوی کەوتنە دەستی بزووتنەوەی سەندیکایی و حیزبەکانی باڵی چەپی خودی چینی دەسەڵاتدار، بەتایبەت سۆسیال دیموکراسی، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم ڕەوتانە لەبەرچاوی گشتی و تەنانەت لەدیدی بەشێکی فراوان لە خودی کرێکارانیشەوە وەکو چوارچێوە و لانکی سروشتی و بەڵگەنەویستی بزووتنەوەی کرێکاری سەیر دەکران. لە سۆڤێت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا لە بەرامبەر پێدانی هەندێ ئیمتیازی لاوەکی بە کرێکاران لە ناوەندی کاردا، بێمافیەکی سیاسی و بەتاکخستنەوەیەکی بەرین لە ئاستی کۆمەڵگە بەسەر چینی کرێکاردا سەپێنرا. لە بەشی هەرەزۆری وڵاتانی دواکەوتووتردا، تەنانەت خودی پێکهێنانی حیزب و دامەزراوە کرێکاریەکانیش تەنها وەکو خەونێکی سەرکوتکراو مانەوە.
لقە سەرەکیەکانی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی لەچەند دەیەی ڕابردوودا یەک لەدوای یەک بە بنبەست گەیشتن. دوا قۆناغ، هەرەسهێنانی سەرسوڕهێنەرانەی سۆڤێت و بلۆکی ڕۆژهەڵات بوو لە ساڵانی کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەتەکاندا کە قسەکەرانی بۆرژوازی بە نەشئەی سەرکەوتنەوە بە “کۆتایی کۆمۆنیزم” ناوزەدیان کرد.
سەرەڕای کەشوهەوای دژی کۆمۆنیستیی سەرەتای نەوەتەکان و هاتوهاواری وڕوکاسکەری بۆرژوازی لەمەڕ سەردەمی “هەرەسهێنانی کۆمۆنیزم” و سەرباری ئەو هەموو کوێرەوەریەی کە دوابەدوای داڕوخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەسەر سەدان ملیۆن کەس لە خەڵکی سەراسەری جیهاندا داباری، ڕەوتی ئێستای بارودۆخەکە نیشانەی کرانەوەی کەشوهەوایە بۆ سەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەنێو جەرگەی گۆڕەپانی سیاسیدا، بەتایبەت لەوڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازیدا. مەرجێکی سەرەکی ئەم کارە، بەستراوەتەوە بە بەرامبەرکێی فیکری و سیاسی توندوتۆڵ لەگەڵ لقە جیاجیاکانی کۆمۆنیزمی بۆرژواییدا کە بە پێشڕەویی بزووتنەوەی چینی کرێکار و پەرەسەندنی برەوی مارکسیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاری، دیسانەوە لەبەرگی جۆراوجۆردا سەربەرز دەکەنەوە.
ماویەتی