مستەفا باهیر: بزوتنەوەی کریکاری و بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی دژە ئیسلامی، سێ باڵادەسترین رەوتی نارەزایەتییەکانی ئیرانن رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو پێشەو دەڕۆن… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ مستەفا باهیر، ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە” راپەرینی خەڵکی ئێران و ئایندەی ئەم خرۆشان و ڕاپەرینە”…

0

بۆپێشەوە: زیاتر لە١٠٠ رۆژە، جەماوەری ئازادیخواز لە کوردستان و ئیران، دەستیان داوەتە ڕاپەڕین و خرۆشانێکی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی، هۆکار و ریشەی ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییە لە چیدایە؟

مستەفا باهیر: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.

لە کاتی دەرچونی ئەم ژمارەیەی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە، نزیکەی ٤ مانگە بەڕابەرایەتی  ژنان، جەماوەری ئازادیخوازی ئێران دژ بە رژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران ڕاپەڕیون و ڕژاونەتە سەرشەقامەکان. هەرچەندە سەرەتای خۆپیشاندانەکان دەگەڕێتەوە بۆ” ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ” کاتێک  پۆلیسی ئەخلاقی ئیرانی کچێکی گەنجی کورد بەناوی (مەهسا ئەمینی) کە بەسەردان چوەتە تارانی پایتەختی ئێران، بەهۆی باش نەپۆشینی حجابەو دەگیرێت و پاشان لە ژێڕ ئەشکەنجەدا دەکوژرێت. لەدوای ئەم کارە دژە ئینسانیەی پۆلیسی ئەخلاق خەڵکی ئێران ڕادەپەرن. بەڵام بەڕای من ناڕەزایەتی دژی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران ڕێشەکەی دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتاکانی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن ئاخوندەکانی ئێرانەوە، ئەویش بەهۆی ئەو نابەرابەریە ئابورییە قوڵەی کە بووتە هۆی جیاوازی چینایەتی بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئێراندا، ڕیشەی ئەم ناڕەزایەتیە دەگەڕیتەوە بۆ بوونی بێکاری و گرانی و هەژاری، نەبوونی سەرەتاییترین مافە جیهانیەکانی ئینسان لە ئێران، نەبوونی سەرەتایی مافی ژنان و لاوان… داسەپاندی یاسای سەدەکانی ناوەڕاست کە یاسای کۆنەپەرستی ئیسلامیە بەسەر تەواوی کۆمەلگەداو بەتایبەتی بەسەر ژناندا، لەوانە حجاب وەکو یەکێک لە رەمزەکانی کۆیلەتی. لەماوەی ٤٤ ساڵەی دەسەڵاتدارێتی مەلاکان لە ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەلایەن تەواوی بزوتنەوەکانی ئێرانەوە بەردەوام بووە و بەرۆکی بەم دەسەڵاتە گرتوە، بۆیە ڕیشەی خۆپیشاندان و مانگرتن و ئەم راپەرینەی ئێستا، درێژکراوەی راپەرینەکانی پێشووی کۆمەڵگەی ئیرانە، دریژکراوەی نارەزایەتی ژنانە بە حجاب و سەرکوت و بێمافیی، دریژکراوەی بزوتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینانە، دریژکراوەی بزوتنەوەی دژی بیکاریی و نەفرەتی خویندکاران و لاوانی هیوا خنکێنراوە، درێژکراوەی بزوتنەوەی شۆرشگێرانەی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی ترە درێژکراوەی بزوتنەوەی کرێکارییە….تاد

بەکورتی دەتوانین بڵێین لەماوەی ٤٤ ساڵەی دەسەڵاتدارێتی جمهوری کۆنەپەرستی ئیسلامی ئیران ژیان و گوزەرانی خەڵکی رۆژه لەدوای رۆژ لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات. بۆیە ڕیشەی ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە دەگرێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە ئاخوندەکان لە ئێران دەسەڵاتیان گرتە دەست. هەرچەندە مەرگی “مەهسا ئەمینی” لەناو دڵی ئەو نارەزایەتییە فراوان و بەرین و کۆمەڵایەتیەدا، بووە هۆی کڵپەسەندنی دوبارەی ئەو پشکۆ و ئاگری ژێر خۆڵەمیشەی دەیان ساڵە لە کۆمەڵگەی ئیراندا ئامادەیی هەیە.

بۆپێشەوە: ئاینندەی ئەم راپەرینەی ئێستا چۆن دەبینن؟ لاتان وایە رژێمی ئیران دەتوانێت پاشەکشەی پێ بکات، یان بەرەو روخاندنی رژێم دەڕوات و کۆتایی بە دەسەڵاتی دەهێنێت؟

مستەفا باهیر: دەتوانین بپرسین ئایا میژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟ لەکاتیکدا کە خەڵکی زەحمەتکێشی ئیران لە سالی ١٩٧٨ دژی شائی ئێران ڕاپەرین، لەرۆژی ١٨ی ئابی ١٩٧٨ کۆمەڵێکی نەناسراو کە دواتر دەرکەوت “ئیسلامیەکان بوون”، سینەمایەکیان لەشاری عەبەدان سوتاند کە بووە هۆی مردنی ٤٠٠ کەس، خەڵکی ئێران ئەو کاتە رژێمی شایان تاوانبار کرد، هەربۆیە لەکاتی مەراسیمی ناشتنی مردوەکان  لەلایەن بەشداربوانەوە دروشمی “مەرگ بۆ شا، بروخێ دیکتاتۆر” یان دەوتەوە، پاشان ئەم دروشمانە بوو بە وێردی سەرزمانی کریکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران ڕۆژ لە دوای رۆژ خۆپیشاندانەکان پەرەی سەندو تا بووە هۆی ڕوخاندنی دام و دەزگای شا لە ئێران.

هەرچەندە لەئێستاشدا دروشمی “نەمان بۆ خامەنەی، بروخێ دیکتاتۆر” دەوترێتەوە، هەرچەندە ئاخوندەکان ژمارەیەکی زۆریان لەخۆپیشاندەران کوشتوە و ژمارەیەکی زۆریشیان گرتوە و فەرمانی سێدارەیان بەسەردا سەپاندون، بەڵام ئەمانە نەبونەتە هۆی سارد بونەوەی خۆپیشاندان و مانگرتنەکان. هەرچەندە ڕاپەرین لە ئێران بۆتە سەکۆیەک بۆ هاوئاهەنگی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە شۆرشگێر و ئینسانیەکان، لەسەرتاسەری وڵاتدا و بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەرەو پێشەوە دەبات. هەرچەندە بزوتنەوەی کریکاری و بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی دژە ئیسلامی، کە سێ باڵادەسترین رەوتی نارەزایەتییەکانی ئیرانن رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو پێشەو دەڕۆن و خۆیان باشتر ئامادە دەکەن و ڕێکخراو دەبن، هەرچەندە لە ئێستادا خواستی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی کۆنەپەرستی جمهوری ئیسلامی ئیران، دەسەڵاتی حکومەتی پەت و سێدارە، نەک تەنها بۆتە خواست و داواکارییەکی سەرەکی سەرتاسەری خەڵکی  ئیران، بەڵکو بوەتە خواست و ئومێدی ئازادیخوازانی جیهان بەگشتی و ناوچەکە بەتایبەتی.

بەڵام بەهۆی ئەوەی کە تاوەکو ئێستا ژمارەی خۆپیشاندەران کەمەو لە شارەکان بە ڕیزی ملیۆنی نەهاتونەتە مەیدان، بەتایبەتی لە تارانی پایتەخت، بەهۆی ئەوەی چینی کرێکار نەبونەتە هۆی ڕاوەستانی بەرهەمهێنان بەتایبەتی لە بواری نەوتدا و نەیانتوانیوە فشارێکی گەورەی ئابوری لەسەر ئاخوندەکان دانێن، هەروەها بەهۆی ئەوەی کە ئێران سەرەڕای بوونی سوپایەکی دڕندەی وەک سوپای پاسداران خاوەنی ملیشیایەکی زۆرە لە ناوچەکە وەک (عیراق، سوریا، لوبنان ،یەمەن …تاد)  ئەم هێزە دژە ئینسانیانەی لەبەردەستەو هەرکات بیەوێت دەتوانێت سودیان لێوەرگرێت، ئاخوندەکانی ئێرانیش هێچ کات سڵ لەوە ناکەنەوە کە بکەونە قەتل و عامی دانشتوانی ئێران. بێجگە لەمانەش ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕوسیا لە بەرژەوەندیان نییە کەهێزێکی ڕادیکالی پێشکەوتوخواز لە ئێران دەسەڵات بگرێت، بۆیە نایانەوێت تەوای سیستەمەکە بڕوخێت وەک ئەوەی خەڵکی ئێران خوازیارن، بەڵکو ئەمریکاو ڕوسیاو دەوڵەتانی رۆژئاوا دەیانەوێت ئەگەر گۆڕانکاریش بکەن، تەنها لە دەموچاوەکاندا بیکەن. بۆیە بەڕای من ڕوخاندنی ئەم رژێمە لە ئێستادا  قورس دەبینم. بەڵام دەتوانین بڵێن بناغەی ڕوخاندی ڕژێم دەستی پێکردوە، هیچ کات ڕژێم ناتوانیت وەک دەورانی پێش خۆپیشاندانەکان واتە پێش “١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ” یاساکانی خۆی جێبەجێ بکات، ناچارە ئەگەر بە فەرمیش نەبێت واز لە سەرکوتکردنی ژنان بێنێت بەتایبەتی لەسەر حجاب، ناچار دەبێت کە دەستبەرداری پۆلیسی ئەخلاق ببێت، بەکورتی رژیم ناچار دەبێت کە کۆمەڵیک ریفۆرم بکات لەبەرژەوەندی خەڵکی ئێران بەگشتی و ژنان و نەتەوەکانی تر بەتایبەتی.

بۆپێشەوە: ئەم راپەڕین و خرۆشانە جەماوەرییەی ئێران، چ کاریگەرییەکی لەسەر وڵاتانی دەوروبەر و بزوتنەوە سیاسییەکان دەبێت؟ بەتایبەتی لەسەر ئیسلامییەکان؟

 مستەفا باهیر: گومان لەوەدا نییە کاتێک ئاخوندەکانی ئێران، دەسەڵاتیان گرتە دەست، تەنها  کۆمەڵگەی ئیرانیان نەکردە زیندانێکی گەورە بۆ دیلکردنی ئازادی و مافە سەرەتاییەکانی ئینسان، بەڵکو لەسەر داهات و قوتی خەڵکی هەژاری ئێران کەوتنە یارمەتیدانی بەرەی کۆنەپەرست لە ناوچەکە و ئەحزابی ملیشایی ئیسلامی سەر بە ئاخوندەکانیان لە وڵاتانی ناوچەکە دروستکرد. لە ڕێگای ئەم حزبە ئیسلامیانەوە کەوتنە هێرش کردن بۆسەر بەرەی ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگە لە ناوچەکە. ئەم حزبە ئیسلامیانە وەک هێزێکی ئەلقە لەگوێی مەلاکانی ئێران ئامادەبوون بۆ هەرکارێک کە ئاخوندەکان  بۆیان دیاری دەکەن. بەم شێوەیە ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستە، تەنها نەبووە مەترسی بۆسەر جەماوەری کریکار و زەحمەتکێشی ئێران، بەڵکو وەکو دەسەڵاتێکی هارو دڕندە چنگی لە دەیان وڵاتی ناوچەکە گیرکردوە، بوو بە سەرچاوەی بەهێزکردنی گروپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان و ئەمەش بووە هۆی نائارام کردنی ئەو وڵاتانەو پیشیلکردنی ئیرادەی سیاسییان.

بۆیە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی جمهوری ئیسلامی ئێران، تەنها کۆمەڵگەی ئیران لەدەستی ئاخوندەکان رزگار ناکات، بەڵکو دەستی ئەو رژێمە لەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی وڵاتانی ناوچەکە دەبڕێت. بەجیا لەمانە ڕوخانی جمهوری کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران دەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە تەواوی ناوچەکەدا، دەبێتە هۆی لاوازبوون یاخود نەمانی هێزە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بەتایبەتی گروپە ئیسلامیەکان. بەلەناوچونی ئەم هێزە کۆنەپەرستە دژە ئینسانیانە دەرگا بەرووی بەرەی ئازادیخواز و پێشکەوتوخوازو ئینسان دۆستی ناوچەکە دەکرێتەوەو لەهەموو زەمینەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت. بەکورتی هەر وەک چۆن لەسەرەتای هاتنی ئەم رژێمە جەماوەری دیلی دەستی کۆنەپەرستی کرد، بە کۆتاییهاتنی ئەم دەسەڵاتە خەڵکی ناوچەکە ئاسۆی ژیانی ئازادانەو مافەکانیان و ئیرادەیان بۆ دەگەڕێتەوە…

بۆپێشەوە: بە چ جۆریک دەبێت خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە پشتیوانی لە خەڵکی راپەڕیووی ئیران بکەن؟

مستەفا باهیر: گومان لەوەدا نییە کە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران جەماوەری تینوی ئازادی، پێویستی بە پشتیوانی جەماوەری ئازادیخواز لە دنیای دەرەوە هەیە، پیویستی بە پشتیوانی ڕیکخراو سەندیکا کرێکارییەکان، رێکخراوەکانی بەرگری لەمافی ئینسان، ژنان و بزوتنەوەی نارەزایەتی لە وڵاتەکانی جیهان و ناوچەکە هەیە. هەربۆیە لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی ئیران دژ بە رژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران. شان بەشانی ئەوان ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان کە بەشێکی زۆریان  ئەوانەن کە لەئەنجامی ستەم و زۆرداری ئەم  ڕژێمە فاشیستە وڵاتیان بەجێهێشتووە، لەزۆربەی وڵاتانی جیهان بەتایبەتی لە ئەوروپاو ئەمریکا ڕژانە سەرشەقامەکان بۆ پشتگیری لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران. لە ئێستاشدا کە  نزیکەی ٤ مانگە ڕاپەڕین لە ئێران بەردەوامە لەو وڵاتانە کەم رۆژ و هەفتەیە هەیە ناوەند و سەنتەری شارەکان نەبنە نمایشی کۆبونەوەی جەماوەری و پشتیوانی لە ڕاپەڕینی خەڵکی ئیران نەکەن. بەڵام ئەوەی کە گرنگە دەبێت سەرپەرشتیاری ئەم ناڕەزایەتیانە، خۆپیشاندانەکانیان بخەنە بەردەم سەفارەتەکانی رژێمی ئێران و بەردەم دامودەزگای ئەو وڵاتانەی کە تییایدا دەژین، پێویستە داوای داخستنی سەفارەتەکان و برینی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئێران بکەن.

بەڵام بە نسبەت وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە هێزە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان دەسەڵاتدارن تیایداو وەلائیان بۆ ئێران هەیە و ڕێگریەکی گەورە دەخەنە بەردەم خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئەو وڵاتانە، تا پشتیوانی لە خەڵکی راپەریو ئیران نەکەن. سەرەڕای ئەو هەمو رێگریە، هەرچەندە بەپێی پێویست نەبووە، بەڵام لەلایەن ئازادیخوازان و ژنان و کۆمۆنیستەکانی بەشێک لەوڵاتانە بۆنمونە (ئەفغانستان، تورکیا، سوریا ،عیراق، کوردستان) بە شێوازی جیاواز پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕیوە.. بەڵام لە ئێستادا یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی بەردەم، رەوت و هێزە چەپ و کۆمۆنیست و سیاسییە شۆرشگێر و ژنان و هێزە پیشکەوتنخوازەکان ئەوەیە ڕێگای گونجاو بدۆزنەوە بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران. چونکە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران پێویستیان بەهەمو جۆرە هاوکاریەک هەیە، هەرلەکۆمەکی مادی تادەگاتە پەیداکردنی پێداویستی تەندروستی و، هاوکاری مادی و مەعنەوی و لۆجیستیکی و میدیایی هەیە….تاد. چونکە بەهەر ئەندازەیەک بزوتنەوەی روخانی ئاخوندەکان لەئێران بچیتە پێشەوە، بەهەمان ئەندازە هێزی کۆنەپەرست لەناوچەکە هەر لە حزبە ئیسلامیەکان تا دەگاتە سەلەفیەکان و ناسیۆنالیستەکان، مەیدانیان لێ بەرتەسک دەبێتەوە، بەپێچەوانەوە بەرەی ئازدیخواز و سیکۆلاریزم پێش دەکەویت و ژنان و لاوان و خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە هەناسەی ئازادی هەڵ دەمژن و ئومێد بە رزگارییان باڵا دەکات… بۆیە پیویستە بەهەموو شێوازێک پشتیوانی لە راپەرینی خەڵکی ئێران بکرێت و کەناڵەکانی هاوکاریکردنی ئەم جوڵانەوەیە بەدەستەوە بگیریت.

بۆپێشەوە: رۆڵی چینی کرێکار لەم راپەرینەدا چۆن دەبینن و چ ئەرکێک لەسەر شانی چینی کرێکارە؟

مستەفا باهیر: دیارە ئەمرۆ ئێران لە قۆناغێکی شۆڕشگیرانەدایە، هەمو بزوتنەوەکان بە تەوژمیکی گەورە وە دەچنە پێشەوە. بەتایبەتی بزوتنەوەی کریکاریی، کە تایبەتمەندیەکی زۆر جیاوازی هەیە و مێژویەکی زۆر پرشنگداری هەیە  لە ئێرانداو خاوەنی تەجروبەیەکی زۆرە لە مانگرتن و خۆپیشاندان و خاوەنی کۆمەڵێک ڕابەری بە ئەزمونن. لە مێژووی ئێراندا کرێکاران دەورو نەخشیان هەبوە لە ڕوداوەکاندا ئەگەر مانگرتنی کرێکاران نەبوایە بەتایەتی  کرێکارانی کۆمپانیای  نەوت، ڕژێمی شای  ئێران لەساڵی ١٩٧٩ وا بە زووی نەدەڕوخا، دەتوانین بڵێین ئەوە کرێکاران بوون کە  شایان هێنایە خوارەوە لە دەسەڵات.

لە ئێستاشدا کرێکاران لەبەشێکی زۆری کارگەکاندا پشتیوانی خۆیانیان بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕیوە، زۆر جاریش هەرەشەیان لە دەسەڵاتداران کردوە، کە نابێت توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکار بێنێت. لە بەشێک لە کارگەکاندا مانیان لەکار گرتوە، لەبەشێک لە شارەکاندا لە زۆربەی کارگەکانەوە کرێکاران خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە بەتایبەتی لەم رۆژانەدا کرێکارانی شاری ئەسفەهان هاتنە سەرشەقام و دروشمیان دژی دەسەڵات دەوتەوە. بەکورتی کرێکارانی ئێران دەرس و تەجروبەی خۆیانیان هەیە و دەزانن لەکوێداو لە کەیدا بەشدار دەبن هەنگاو بەهەنگاو چۆن دەچنە پێشەوە.

بەڵام چینی کرێکار ئەرکێکی گرنگی لەسەرشانە دەبێت بزانێت کەی دەبێت خۆی بکات بە خاوەنی ئەم ڕاپەڕینە و ڕابەرایەتی ئەم ڕاپەڕینە بکات و بزانێت بەرەو کوێی دەبات. چونکە سیستەمی سەرمایەداری بە هەموو شێوە جیاوازەکانیەوە بە عەلمانی و ئیسلامیەوە  دەریانخست و سەلماندیان کە  دەسەڵاتی ئەوان هیچکات لە بەرژەوەندی کریکاران و خەڵکی هەژاری ئێراندا نییە. هەربۆیە کاتی ئەوە هاتووە کرێکاران بتوانن ڕابەرایەتییەک دروست بکەن کە بتوانێت بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە چینی کرێکار خۆی دەسەڵات بگرێت، چونکە ئەوە تەنها کرێکارانن دەتوانن  کۆتایی بەو دەسەڵاتە بێنن و ژێانێکی ئارام بۆ خۆیان و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران دابین بکەن. بەبێ ئەوە هیچکات ژیانی کریکارن و زەحمەتکێشان باش نابێت.

بۆیە گرنگە هەرئێستا کرێکاران هەنگاو بنێن بۆ پێکهێنانی شورا کرێکارییەکان، چوونکە ڕێکخراوی شورایی، پێشڕەوترین شیوازی ڕێکخراوبوونی چینی کرێکارانە و دەبێتە مایەی ڕێکخراوبوونی بەشی پێشڕەوی چینی کرێکار. هەوڵدان بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ بزوتنەوەکانیتردا کە بەرژەوەندیان لەگەڵ چینی کریکاردایە، بەڵام دەبێت کرێکاران خۆیان ڕابەرایەتی ئەو ڕاپەرینە بکەن و بەرەو شۆڕشی کریکاریی بیبەن، بەبێ ئەو شۆڕشە کرێکاران لە گۆڕینی دەموچاوەکان سودمەند نابن. دەبێت کریکاران ئەمجارە بە بەڵێنی هیچ هێزێکی بورجوازی دەستخەرۆ نەبن، وەک چۆن لەساڵی ١٩٧٩ خومەینی  توانی بە کۆمەڵێک دروشمی وەک “ئاو، کارەبا، هاتوچۆو، مەسکەن”  دەکەین بەخۆڕای،  لەگەڵ کۆمەڵێک درۆیتر کرێکاران پشتیوانیان کردو شایان ڕوخاند، بەڵام کاتێک ئاخوندەکان دەسەڵاتیان جێگیر بوو سەرەڕای ئەوەی کەوتنە هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێکخراوە کرێکاریانەی کە کریکاران دروستیان کردبوو، بەشێک لە ڕابەرانیشیان دەستگیر کران. بۆیە دەبێت کرێکاران ئەوە باش بزانن تەنها خۆیان و هەژارنی ئەو کۆمەڵگەیەن کە دەتوانن لە ڕێگای شوراکانەوە ژێانێکی باشتر بۆ خۆیان و کۆمەڵگای ئێران بەدەست بێنن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.