پرسی رۆژ….جیهاد محەمەد نووسەر و وەرگێر وەڵامی پرسی رۆژی ئەم ژمارەیەی داوەتەوە…

0

پرسی رۆژ: چەند ڕۆژێک پێش کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠٢٢، شاری سلێمانی بووە مەیدانی روودانی نمایشێکی نا مرۆڤانە و ناکۆمەڵایەتی و کۆنەپەرستانە بەبەرچاوی گشت خەڵک لە ناوچەی هوانەی شاری سلێمانی لە بەرامبەر کچێکی گەنج، توندوتیژی بەرامبەری ئەنجامدرا. بەپێی هەواڵەکان لە شارەکانی هەولێر و کەرکوکیش ڕووداوی لەوجۆرە لەناو مۆڵ و سەرشەقامەکان روویانداوە.

لەیەکەم هەفتەی ساڵی نوێشدا، لە ڕووداوێکی دیکەدا، و لە گەڕەکی موفتی لەشاری هەولێر کیژۆڵەیەکی تەمەن ١٥ساڵ لەلایەن باوکیەوە بەدڕندانەترین شێوە ژیانی لێدەستێندرێتەوە.

هەموو ئەمانە و زۆری تریش دەرحەق بەژنان و تاوانی کوشتنی بەئاشکرای ئینسانەکان لە هەرێمی کوردستان ڕووی لەزیادبووندایە. بەبەرچاوی کۆمەڵگە و دەزگا ئەمنیی و پۆلیس و یاساو داواکاری گشتیەوە  ئەنجامدەدرێن.

پرسیار ئەوەیە ڕۆڵی یاسا و دادوەری گشتی و پەروەردە و ئادابی گشتی و ئایین و هۆشیاری کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان لە کوێدایە؟ هەروەها تاچەند دەسەڵات و تاکی کوردستان لێی بەرپرسیارە؟

 جیهاد محەمەد نووسەر و وەرگێر لەوەڵامی پرسی ڕۆژدا بۆی نووسیوین:

هەرێمی کوردستان، لە بەتاڵاییەکی مەدەنیەت و نەبوونی ئیدارەیەکی لانی کەم هەست بە بەرپرسیارێتییدا ڕۆژگار بەڕێدەکات. ماوەی ٣٠ ساڵ زیاترە، ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە ناوی (حکوومەتی هەرێم)ەوە ئیدارە و فەرمانڕەواییەکی گەندەڵ و نابەرپرسیارەتیی خەڵکی کوردستان دەکات. تا بینەقاقا کوردستانیان پڕکردووە لە نادادپەروەریی و نایەکسانیی و هەڵاوێردن و پەراوێزخستنی خەڵکی هەژار، لەوەش زیاتر هەڵاوێردن و پەراوێزخستنی ژنان.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵێکی زۆر لە ژن و پیاوان و کچ و کوڕە گەنجەکان لەبەرخۆداندان، دژ بە ستەمکاریی و ستەمدیدەیی خەڵک بە گشتی و بە تایبەتی ستەمدیدەیی ژنان.

بە داخەوە، کۆمەڵی کوردستان بە گشتی، کۆمەڵێکی دواکەوتوو و نەخوێندەوار و ناهۆشیارە، کۆمەڵی کوردستان، لەو کۆمەڵانەیە، کە لە دێرزەمانەوە بە پەروەردەیەکی کۆنەباو گۆشکراوە. پەروەردەی کۆنەباو، ئەو پەروەردەیەیە، کە بە ڕێژەیەکی یەجگار زۆر، خەڵک ڕادەهێنێت بیرنەکاتەوە، بەڵکو بیری پێ بکرێتەوە، کولتووری دەسەڵاتی سیاسیی و ئایینی، کە کولتوورێکی ستەمگەرییە بەسەریدا دەسەپێنرێت، کۆمەڵی نەخویندەوار و بیرنەکەرەوەش قبوڵی دەکات.

پەروەردەی کۆنەباو، کە لەبەرژەوەندی دۆخی ستەمگەریی و دەسەڵاتە ستەمکارەکانە، خەڵک ڕادەهێنێت بێدەنگ بن، بترسن لە هەر جۆرە ئازادییەک و لەهەر بەرەنگاربوونەوەیەک دژ بە دەسەڵاتی ستەمکار. کاتێکیش بێتە دەنگ و دژ بە پێشێلکاری مافەکانی بوەستێتەوە، داوای “بوون” ێک دەکات وەک “بوون” ی دەسەڵاتە ستەمکارەکە. کە “بوون”ی دەسەڵاتی ستەمکارە، “بوون”ێکی ساختەیە. خەڵک هاوار دەکات و دەپاڕێتەوە لە حکوومەت کە بەزەییت پیامان بێتەوە، ڕەق بووینەوە لە سەرمادا، برسیمانە، شتومەک گرانە، تکایە موچەمان بدەنێ، تکایە کارەبا و ئاومان بدەنێ. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە خەڵک، نەک ڕازییە بەوەی سەروەت و سامانی لێ داگیرکراوە، ڕازیشە بەوەی کە خۆی بووە بە کاڵا و حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسیی خاوەنێتی بۆیە لە خاوەنەکەی دەپاڕێتەوە.

حکوومەتی ستەمکاری کوردستان، بێدەنگی خەڵک، پەروەردەی کۆنەباو، ئایین، و سیاسەتێکی چەواشەکاران و نا ئەخلاقیی و نامرۆیی گرتووەتەبەر بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی.

کوردستان پڕ بووە لە ناعەقڵانیەت، حیزبە ئیسلامیە سیاسییەکان، سەلەفیزم و ئیخوانیزم و داعشیزم، لە هەڵکشاندایە، هەموو ئەمانە هاوئاهەنگە لەگەڵ نەزانین و نەخوێندەواری خەڵکدا، ئەمانە بوون بە بنەما و پایەیی سەرەکی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتە ستەمکاریەکەی کوردستان. دژە ژن لێرەوە سەرچاوە دەگرێت، دژە ژن بە واتای “پەرتکە و زاڵبە” دێت. لەم ڕیگەیەوە کۆمەڵ دەکەن بە دوو بەشەوە، نێرەکان و بەشی مێینەکان، نێرەکان بۆیان هەیە لە هەموو شوێنێکدا دەرەکەون، مێینەکان تەنها جێگەیان ماڵەوەیە.

ئەم دەسەڵاتە وەک ئاماژەم پێدا، هەموو مەسەلەی یاسا و مەدەنیەت و عەقلانیەتیان شێواندووە. بۆیە هەموو ئەو کوشتن و بڕین و دژە ژنەی لە ئارادایە، خودی دەسەڵات بە هاوکاری و دەست واڵابوونی ئیسلامی سیاسیی دروستیان کردووە. دەیان کردەوەی نامرۆییانەی وەک هێرشکردنە سەر ئەو کچەی هوانە، لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. یاسا و دادگا سەربەخۆ نین، ئەگەر یاسای باشیش هەبێت، کە هەندیک یاسا باشە لە کوردستاندا، بەڵام دەرفەتی جێبەجێکردنی نادەن. بە کوردی و پوختی، خەڵکی کوردستان بە داخەوە ئیرادەی لێ سەندراوەتەوە. عەقڵ و بیرکردنەوەی داگیرکراوە، بیرناکاتەوە لە ئازادبوون. ئازادبوون سەرچاوەی بەختەوەریی و خۆشگوزەرانی و دادپەروەریی و یەکسانییە.

******

Leave A Reply

Your email address will not be published.