کوڵتور ڕەها ( موتڵەق ) نییە و بەردەوام لە گۆڕاندایە ؟
کوڵتور یا داب ونەریت لەوکاتەوە هاتە بوون کەخێڵ و عەشیرەت دروست بوون، ئیتر کوڵتور بووە سەرخانی ژێر خانی ئابوری خێڵ و عەشیرەت. بەڵام بە پێشکەوتنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان خێڵ و عەشیرەتیش بەرەو نەمان چوو. نەتەوە و نیشتمان دروست بوو بۆئەوەی کاڵای بەرهەم هێنراو چ کشتوکاڵی بێت چ پیشەسازی بێت لە بازاڕێکی ناوخۆدا سەرف بکرێ قازانجێک و سەرمایەکی زیاتر بۆ خاوەن موڵکەکان کەڵەکە بێت بۆ ئەمەش دەوڵەتی قەومی پێویست بوو کە خاوەن دەستورو یاسای خۆی بێ لەهەمان کاتدا کوڵتوری قەومی جێگای کولتوری خێڵ وعەشیرەتی گرتەوە. چینی فەرماڕەوا زۆر پێویستی بە کولتوری قەومی بوو وەک سەرخانێک بۆ بەرژوەندی ئابوری خۆی بۆیە پیرۆزکردنی ئەوکوڵتورە زۆر پێویست بوو بۆیان، ئایینەکانیش هۆکارێک بوون بۆ پیرۆزکردنی کوڵتوری قەومی، لەسەرەتادا هەر ئایینێک هاتوەتە بوون بۆ قەومێک سنوردار کراوە، وەک ئەوە ئایینی هیندۆس بۆ هیندیەکان بوو، ئایینی جوولەکە بۆ عیبری زمان وئایینی زەردەشت بۆ کورد و ئایینی ئیسلام بۆ عەرەب بوون… هتد .ئایینەکان بۆ سەرخانی کۆمەڵگای چینایەتی دروست کراون کە لەکاتی کۆیلایەتی دا بۆ کۆیلەکردنی مرۆڤ و لەکاتی فیوداڵیدا بۆ ستەم لەسەر جوتیار و لە سەرمایەداریدا بۆ ستەم لەسەر کرێکار وەک سەرخانێک بەکار هاتوون. دواتر ئایینەکان بوونە هۆکارێ بۆ داگیرکردنی وڵاتان و بۆ تاڵان کردنیان ودەست بەسەراگرتنی سامانیان ئەنجا توانیان کەلتوری خۆیان بسەپێنن بە سەر کۆمەڵگا داگیرکراوەکاندا. ئیسلام کولتوری عەرەبی سەپاند بەسەر زیاتر لە نیوەی جیهاندا. کوڵتوری ئەو سەردەمەی عەرەبیان کردە کوڵتوری ئەو شوێنانەی داگیریان دەکردن. کاتێ هۆیەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازی زیاتر گەشەیان کرد وسەرمایەداری چاوچنۆکانە زیاتر بەدوای قازانجی شێتانەوە بوو بۆ ئەوەی کەڵەکەی سەرمایە زیاتر بکات بە ناوی بڵاوکردنەوەی ئایینەکان چەندین وڵات داگیر کران و چەندین نەتەوە لە ژێر یەک دەسەڵاتدا بەڕێوە ئەچوون. وەک کولتوری قەومی داگیر کەر سەپێنرا بەسەر نەتەوە داگیر کراوەکاندا. بۆ نموونە کاتێ ئەوروپیەکان وڵاتانی تریان داگیر کرد لە پێناو بازارو بردنی کەرەسەی خاوی ئەو وڵاتانەدا پێویستی یان بەوە بوو کوڵتوری خۆیان بسەپێنن وەک ئەوەی ناپلیۆن کە میسری داگیر کردو کولتوری گشتی خەلک گۆڕدرا بە کوڵتوری فەرەنسی. بەپێشکەوتنی زیاتری پیشەسازی وهۆیەکانی بەرهەمێنان لەجیهاندا زۆر کولتوری نەتەوەیش لە ناوچوون ئێستا لە سەرجەم وڵاتانی ڕۆژ ئاوادا یەک جۆر کوڵتور جێگای کولتوری نەتەوە ئەوروپی و ڕۆژئاوایەکانی گرتوەتەوە ئەمیش چەندین گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەهۆی تێکۆشانی خەڵکی ئازادیخواز وئینسان دۆستەوە لە کولتوڕێکی ئایینیەوە گۆڕاوە بۆ کولتوڕێکی عەلمانی وئینسان دۆستانە وژیان دۆستانە وەئەم گۆڕانکاریە هێشتا بەردەوامی هەیە. ئەمەی ئێستا باسم کرد نیشانی ئەدا هیچ کولتورێک ڕەها (موتلەق) نییە و بە ڕێژەیی لەگۆڕاندایە. ئایینخوازەکان ونەتەوەپەرستان و خێڵ وعەشیرەت دەیانەوێ کولتورەکەیان بەڕەهایی بزانن و وەک خۆیان دەڵێن فڵان شت بۆ کولتوری ئەوان ناگونجێ ونابێ لەکاتێکا لە مێژووی هەر کۆمەڵگایەک چەندین جار کولتور گۆڕانی بەسەردا هاتوە شتە نەگونجاوەکان بوونەتە گونجاو. ئەمە ئیتر کۆنەپەرستییە دەیەوێ بەرهەڵستی بکا لە بەردەم گۆڕینی کولتوردا. ئەمەش مەحاڵە ناتوانێ کاریگەری زیادی هەبێ و ڕێگای لێ بگرێ، چونکە لەلایەک پێشکەوتنی پیشەسازی و تەکنۆلۆجیا و زانست هۆکارە بۆ گۆڕینی کولتور لەلایەکی تر هەوڵ وتێکۆشانی چینە شۆڕشگێڕەکان. پیشکەوتنی زانست و پیشەسازی وتەکنۆلۆجیا وەک لافاوێک وایە نەک کوڵتورە کۆنەکان ڕادەماڵێ بەلکو ئایین و نەتەوەش ڕادەماڵی، ئەمانە ناتوانن خۆیان ڕابگرن لە بەردەمیدا هەرچی بەرگری کردنکێش هەبێ خۆیان پێ ڕاناگیرێ وسەرەنجام تەسلیم دەبن. هەروەک چۆن ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تەسلیم بوون . ئێستا ئیتر لە ئەوروپا کولتور جۆرێکی ترە لەچاو ساڵانی پێشوو تردا. ئێستا لەم کولتورەدا نەتەوە پەرستی شەرمە. سەپاندنی ئایین بەسەر خەڵک دا شەرمە. سەپاندنی جلوبەرگ شەرمە تا ڕادەیەکی باش ڕێز بۆ مرۆڤ هەیە، ژن لەسەر نامووس و جۆری لەبەر کردنی جلوبەرگ و تێکەڵ بوونی لەگەڵ پیاودا نە دەکوژرێ ونەسووکایەتی پێ دەکرێ ئەگەریش بکرێ تاوانبار سزای خۆی وەردەگرێ. لەم کولتورەدا هەموو بیروباوەڕێ ئازادە بەدینی وغەیرە دینی یەوە. دین کاریگەری نەماوە لەسەر ژیانی تاک لەم کولتورەدا هەمووڕەگەزێکی نێر یا مێ ئازادە چۆن ژیان دەکا. ئایینەکان ئازادن لەهەمان کاتدا بێ دێنەکانیش ئازادن. لەم کوڵتورەدا مندال کەسایەتی یەکەمی کۆمەڵگایە ئەنجا ژن . ئەوەی لە کوردستان ئەگوزەرێت بەریەک کەوتنی دوو کلتوری ئینسانی و نائینسانیە وە سەرەتای گەیشتنی کولتوری ئینسانی ئەوروپی ڕۆژئاوایە، بەڵام کولتوری کۆنی نا ئینسانی دینی وقەومی وعەشیرەتی بەرەنگاری دەکا. کاتێ بانگخوازێ دەڵێ وشەی (جێندەر )نەشیاوەو نەگونجاوە بۆ کولتوری ئێرە لەولاوە وشەی (جزاک اللە) بە گونجاو دەزانێ. کاتێ کولتورە ئینسانیەکە دەڵي (نا بۆ فرەژنی) کولتورەکەی تر دەڵێ (بەڵێ بۆ فرە ژنی) ئەم جۆرە بەرکەوتانەی کولتورەکان لە ئەوروپا لەسەدەکانی ناوەراستدا ڕوویدا ئەو کاتەی ئایین و کڵیسا باڵادەست و کولتوری زۆربەی کۆمەڵگە ئایینی بوو، بەڵام بەپێشکەوتنی پیشەسازی وبەتایبەت شۆڕشی پیشەسازی وهەوڵ وتەقەلای ڕۆشنبیران وعەلمانیەکان و تێکوشانی چەپ وڕادیکالیزم، کولتوری ئایینی گۆڕدرا بۆ کولتورێکی عەلمانی وئازادیخوازانە و کولتوری کۆن فڕێدرایە زابڵدانی مێژووەوە. بۆیە هەردەبێ ئەمەی لە کوردستاندا ئەگوزەرێ بەم ئەنجامە بگات.
سەردار عەبدوڵا حەمە
٢٠٢٣/١/٢