بنار مستەفا: پێش ئەوەی دەسەڵات هەڵوەشاندنەوەی “پۆلیسی مۆراڵ” ڕاگەیەنێت، ژنان بە کردەوە ئەو یاسایانەیان خستە ژێر پێیان و پۆلیسی مۆڕاڵیان بێ ئیرادە کرد… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی بنار مستەفا ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە هەستان و راپەرینی خەڵکی ئێران و ئایندەکەی…

0

بۆپێشەوە: چۆن دەروانە راپەرینی خەڵکی ئێران و ڕێشەی ئەم خرۆشان و ڕاپەرینە لە چیدایە؟

بنار مستەفا: ڕاپەڕینی خەڵکی لە ئێران بەڕاستی کەم وێنەیە. ڕادیکاڵ بە مانای وشە، فراوان و هەمەلایەن و سەرتاسەری، کە زیاتر لە سێ مانگە درێژەی هەیە و بەردەوام پێشڕەوی دەکات. چین و توێژە جیاوازەکان بە قودرەتێکی پتەو و باوەڕبوون بەخۆوە هاتوونەتە مەیدان و دەستیان بردوە بۆ کۆتاییهێنان بە یەکێک لە کۆنەپەرستترین و دڕندەترین دەسەڵاتی ئەمڕۆ و مێژووی جیهان. خەڵکی لەم ڕاپەڕینەدا کەمتر کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی ڕازی نین و تەنانەت لە دروشمەکانیاندا ئەوەشیان خستۆتە ڕوو، کە لە دەسەڵاتی سەرکوتکەری لە شکڵی شایان ناوێت و ئازادی و یەکسانیان دەوێت.

ڕیشەی ئەم خرۆشانە لە یەک ڕستەدا لەوەدایە، کە خەڵکی بە هیچ شێوەیەک و بە هیچ نرخێک ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت. لە چوار دەیەی ڕابردوودا خەڵکی لە ئێران لە سایەی کۆماری ئیسلامیدا لە دۆخێکی زۆر خراپدا ژیانیان کردووە. لە لایەک برسێتی، نەبوونی، هەژاری، بێکاری، لە لایەکی ترەوە نەبوونی ئازادی، بێ مافی، سەرکوت، سانسۆر و زیندانیکردن و تەنانەت لە سێدارەدانی ئەو دەنگانەی لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە بە “مەترسیدار” لە قەڵەم دەدران. ئێران یەکێکە لە وڵاتەکانی جیهان، کە خەڵکی لە سێدارە داوە لەسەر ئەوەی ئاتایست بووە. هەروەها لە ئێران دەسەڵات تەنانەت دیاری دەکات، کە خەڵکی مافیان هەیە چی بخۆن و بخۆنەوە و چی سزای لەسەرە. ئەمانە و کۆمەڵێک دیاردەی تر، کە هەموو ئاماژەی بەرجەستەن بەوەی، کە ئەم دەسەڵاتە هیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکییەوە نییە و بەرانبەر یەک وەستاون. خەڵکی ئەم دەسەڵاتەی ناوێت و هەر دەرفەتێک بێتە پێشەوە، کۆتایی پێ دەهێنن. لە چل ساڵی ڕابردوودا بە چەندین شێوەی جیاواز و کاتی جیاواز ئەم هەوڵە هەبووە، بەداخەوە بە ئەنجام نەگەشت.

بۆپێشەوە: یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی راپەرینی ئیستای خەڵکی ئیران، بەشداری بەرجەستەی ژنان و لاوانە، هۆکاری ئەم تایبەتمەندییە چییە؟

بنار مستەفا: لە ئێران ژنان ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و نایەکسانییەکی یەکجار فراوان بوون لە سایەی جمهوری ئیسلامیدا. حیجابی زۆرەملێ نمونەیەکی سادەیە، کە چۆن تەنانەت ئازادی جلوبەرگ پۆشین لە ژنان زەوت کراوە. لاوان بێبەشترین بەشی کۆمەڵگای ئێرانن، کە زۆرینەی ئاوات و خواستەکانیان دوورەدەستن و زۆرێکیان هەر پێی ناگەن. بەشێکی بەرچاو لە لاوان وێڕای خوێندن و بڕوانامەی بەرزیان، بێکارن و بژێوی خێزان کەوتۆتە ئەستۆیان.

ژنان و لاوان بەو ڕاستییە گەیشتوون، گەر خۆیان بەشدار نەبن و ڕۆڵی کاریگەر و بەرجەستە نەبینن، فریادڕەس لە ئارادا نییە و ڕاپەڕین لە پێناو ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی مانایەک پەیدا ناکات. بۆ ئەوەی خێراتر و دڵنیاتر ئەم دەسەڵاتە کۆتایی بێت، ئەوا نەخشی هەموو چین و توێژێکی دەوێت. ئەمە بە کردوە ئەزموون کراوە و ژنان و لاوان درکی پێ دەکەن. ئەوەشمان لە یاد بێت، ئێران ئەزموونی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی هەیە و نمونەیەکە بۆ چین و توێژەکان، کە توانای ئاڵوگۆڕ لە خوارەوە مەیسەرە.

بۆپێشەوە: ئەم راپەرین و خرۆشانە جەماوەرییە، کۆتایی بەدەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی دەهێنێت، یان نا و هیشتا هاوسەنگی هیز بەو ئاستە نەگەیشتووە، کە دەسەڵات بروخێنێ؟

بنار مستەفا: ئاراستەی ڕووداوەکان ئەوە نیشان دەدەن، کە پێ دەچێت بۆ جمهوری ئیسلامی سەخت بێت درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات. هەرچەندە هیشتا هاوسەنگی هێز تەواو بەو ئاستە نەگەیشتووە، کە جمهوری ئیسلامی بڕوخێت، بەڵام بەردەوامبوونی جەماوەری خرۆشاو و نەمانی ترسیان لە دەسەڵات، و لە لایەکی ترەوە سازشەکانی جمهوری ئیسلامی، دەتوانن ئەوە نیشان بدەن، کە کۆتاییهێنان بە دەسەڵات ئەگەرێکی گەورەیە، گەورەتر لە دەسەڵات مانەوەی.

بەڵام دەسەلاتە سەرکوتکەرەکان هەمیشە لە بەرگری سەرسەختانەدا دەبن بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان و سڵ لە هیچ جۆرە توندوتیژییەک ناکەنەوە. هەروەها دەتوانن چەندین کارتی جۆراوجۆر بەکاربهێنن. ڕەنگە لە ڕێگەی سازشەوە، شل کردنەوەی هەندێک یاساوە یان هەوڵدان لەگەڵ هەندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بە ئەنجام بگەن و هەوڵ بدەن لەو ڕێگایەوە خرۆشانەکە کپ بکەنەوە. هەموو ئەو هەوڵانە، ئەگەرچی لاوازن و نیشانەی پەلەقاژە و تەنها مانەوەی دەسەڵاتە، بەڵام دەبێت بە جددی وەربگیرێت. بەڵام جەماوەری خرۆشاو نیشانیانداوە، کە دەتوانن جمهوری ئیسلامی بڕوخێنن و بەردەوام لەو ئامانجە نزیکتر دەبنەوە.

بۆپێشەوە: بەم دوایانە رژێمی ئیران، دەستی داوەتە سەرکوت و کوشتاریکی بێ وێنە، لەدژی خۆپیشاندەران و هەڵسوڕاوانی ئایا زەبروزەنگ و سەرکوت، دەتوانێت پاشەکشە بەم بزوتنەوە شۆرشگێرانەیە بکات؟  

بنار مستەفا: بە کردەوە بینراوە، کە سەرکوت نەیتوانیوە پاشەکشە بەم خرۆشانە شۆڕشگیڕانەیە بکات. دیارە تەواو بێ کاریگەریش نابێت. دەکرێت ترس بخاتە دڵی کەسانی نزیکی قوربانیانەوە یان بێ ئومێدی بەسەر بەشێکیاندا زاڵ بکات. بەڵام ئەوەی لە هەواڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیبینین، سەرکوت فریاری جمهوری ئیسلامی نەکەوتووە و پاشەکشەی بە خرۆشانەکە نەکردووە. تەنانەت چەند گرتە ڤیدیۆیەک ئاماژە بەوە دەکەن، کە کەسوکاری قوربانیانی سەرکوت دڵنیایی لەسەر بەردەوام بوون دەدەن. شایەنی ئاماژەشە، کە ئەم خرۆشانە هێندە فراوان و سەرتاسەرییە، پێناچێت دەسەڵات توانای سەرکوتی تەواوی هەبێت لە یەک کاتدا، چونکە هێزی خەڵکی چەندین بەرانبەر زیاترە و خوازیاری ئاڵوگۆڕە.

بۆپێشەوە: بەرەی کۆنەپەرستی و بەتایبەتی ئیسلامی سیاسی هەراسانی راپەڕین و شۆرشی جەماوەری ئیرانن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟ راپەرین و شۆرش لە ئیران، چ کاریگەرییەکی لەسەر ئیسلامیەکان دەبێت؟

بنار مستەفا: جمهوری ئیسلامی بۆ بەرەی کۆنەپەرستی و ئیسلامییەکان دیوارێکی پتەو و قایمە، کە پاڵیان پێدا داوەتەوە. گومانی تێدا نییە، ڕوخانی دیوارێک لە پشتیاندا، مەترسی کەوتن و داڕمانیان نەک زیاد دەکات، بەڵکو دەباتە ئاستێکی لوتکە. وەک دەبینین ڕوخانی جمهوری ئیسلامی ئەگەرێکی گەورەیە، تەنها ناڕەزایەتی دەربڕینێک نییە، کە مەترسی کۆتاییهێنانی نەبێت. هەر بۆیە بەرەی کۆنەپەرستی هەراسانن، چونکە مەترسی ڕوخاندنی درک پێ دەکەن، کە بە ئایندەی خۆشیانەوە گرێدراوە.

هەر چۆن بەرەی ئازادیخواز و پێشکەوتووخواز ئاگادارە، چەندە خرۆشانێکی رادیکاڵ و سێکولارە و جێگەی ئومێدیانە، ئەوانیش بە هەمان شێوە ئاگادارن، بەڵام بۆ ئەوان مەترسییە. هاتنە سەرکاری جمهوری ئیسلامی کاریگەری زۆر بوو لەسەر بڵاوبووەنوەی ڕەوتە ئیسلامییەکان لە جیهان بە گشتی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی. ئەگەر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن ئێرانەوە کۆمەکیش نەکرابێتن، بوونی جمهوری ئیسلامی بۆیان پەناگایەکی گرنگیان بووە. ڕوخانی ئەم دەسەڵاتە بە هەمان ئەندازە کاریگەری پێچەوانەی دەبێت. واتە ئیسلامییەکان و بەرەی کۆنەپەرستی ڕووبەڕووی پاشەکشەی فراوان دەبن و شەپۆلێکی پێشکەوتنخوازی لە ناوچەکە شکڵ دەگرێت، کە جێگە بە کۆنەپەرستان لەق دەکات.

 بۆپێشەوە: لاتان وایە کۆسپەکانی بەردەم ڕاپەرینی خەڵکی ئێران کامانەن و چۆن دەکرێت وەلابنرێن؟

بنار مستەفا: هەڵبەت ئەم خرۆشانە جەماوەرییە ویڕای عەزەمەتی، بەڵام بێ کەموکورتی نییە و… کۆمەڵێک کۆسپ یان دەستنەبردن بۆ هەندێک کاری پێویست لە بەردەمدایە. پێدەچێت گرتنەدەستی دەسەڵات و ئیدارەکردنی لەلایەن خودی خەڵکیەوە دیدگایەکی سەرەکی نەبێت. تەنانەت لە هەندێک ناوچە، کە جمهوری ئیسلامی دەسەڵاتی نەدەما، دەست بۆ دەسەلاتی جەماوەری نەدەبرا. نەبوونی ئەم ئامانجە ڕاستەوخۆیە دەکرێت وەک کۆسپێک ببینرێت، چونکە ڕەنگە پاش نەمانی جمهوری ئیسلامی هەر هێزێکی تری بۆرژوازی دەسەلات بگرێتە دەست و نایەکسانی و چەساندنەوە ئیدامەی بێت. هەروەها دەست بۆ ئەو جومگە سەرەکیانەی دەسەڵاتی پێ دەچەرخێت. جەماوەری ڕاپەڕیو دەتوانن بە کردەوە فەرمانگە و بنکە گشتیەکان بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و ڕێگای خوارەوە لە جمهوری ئیسلامی قەتیستر بکەن. هەروەها ئەگەر چی بەشێکی بەرچاو لە کرێکاران بە ڕیزی شۆڕشگێڕانەوە پەیوەست بوون، بەڵام هێشتا ماویەتی تا ئەم خرۆشانە بە سەرکەوتن بگات. پێش هەموویان کرێکارانی کەرتی نەوت و بەشە پیشەسازییەکانی تر.

دیارە جمهوری ئیسلامی و نەیارانی شۆڕش هەمیشە کۆسپی جۆراوجۆر دەخەنە بەردەم جەماوەری شۆرشگێڕەوە، گرنگە ئامادەیی هەبێت بۆ وەڵامی شایستە و ڕێگەنەگرتن لە بەردەم ئاسۆی خەڵکیدا.

بۆپێشەوە جمهوری ئیسلامی بریاری هەڵوەشاندنەوەی “پۆلیسی مۆراڵ”ی، ڕاگەیاند… هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی مۆراڵ چییە؟ ئایا ئەوە بەمانای کۆتاییهێنان بە حجابی زۆرە ملێ دێت؟

بنار مستەفا: کاتێک سەرکوت دادی نەدا و خرۆشانی شۆڕشگێڕانەی خەڵکییش بە هێزی فراوانی خۆیەوە بەردەوام بوو، جمهوری ئیسلامی ناچار بوو سازش بکات. پۆلیسی مۆڕاڵی (ئەخلاقی) هەڵوەشاندەوە، تا لە لایەک نیشانی بدات گوێ بیستی جەماوەری ناڕازییە و لە لایەکی تریشەوە هەوڵێکە بۆ قەتیسکردنەوەی خواستی ڕوخانی جمهوری ئیسلامی لە بابەتێکی وەک پۆلیسی مۆڕاڵیدا. نەمانی پۆلیسی مۆڕاڵ، واتە نەمانی ئەو کەسانەی چاودێری حیجابی ژنان دەکەن لە شوێنە گشتییەکان. ئەگەرچی ڕاستەوخۆ ڕانەگەیندراوە، بەڵام ئەمە بە مانای نەمانی حیجابی زۆرە ملێ دێت. هەرچەندە پێش ئەوەی دەسەڵات هەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیەنێت، ژنان بە کردەوە ئەو یاسایانەیان خستە ژێر پێیان و پۆلیسی مۆڕاڵیان بێ ئیرادە کرد. ڕاگەیاندنی لە لایەن دەسەڵاتەوە، بە مانای پاشەکشەیەکی بەرچاو دێت. یاسایەک، کە چل ساڵە تەمەنی کردووە و سمبوڵی جمهوری ئیسلامی بووە، جەماوەری شۆڕشگێڕ بە کردەوە پووچیان کردەوە و دەسەڵاتیش بە ناچاری پەسەندی کرد.

ئەگەرچی ئەم بڕیارە و سازشی دەسەڵات دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ جەماوەری شۆڕشگێڕ، بەڵام کافی نییە. خەڵکی لە پێناو گۆڕینی چەند یاسایەک، چەندە بنەڕەتیش بێت، نەهاتوونەتە مەیدان، بەڵکو بۆ کۆتاییهێنان بە جمهوری ئیسلامی سێ مانگە لە بەرانبەر دەسەڵاتدا قەراریان گرتووە. بۆیە هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی مۆڕاڵی خەڵکی سارد ناکاتەوە، بەڵکو باوەڕبەخۆبوونیان زیاتر دەکات، کە دەتوانن دەستکەوتی زۆر گەورە و بە مانا بەدەست بهێنن. هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی مۆڕاڵی، دەستکەوت و هەنگاوێکی گرنگە لە ئاڕاستەی شۆڕشێکی سەرکەوتوودا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.