فرە ژنی بە کاڵا کردنی ژنانە! … نووسینی: سەدار عەبدولا حەمە
یەکێ لە قوربانیەکانی سیستەمی چینایەتی هەمیشە ژن بووە. جا ئەگەر سیستەمەکە کۆیلایەتی یا دەرەبەگەیاتی یا سەرمایەداری بووبێ. هەمیشە هەلومەرجێکی نالەبار و پڕ لە ناعەدالەت لەم سیستەمانەدا دورست دەبێ ژنان بە ناچار تێدا دەبن بەقوربانی .
لە سیستەمی سەرمایەداریدا بەچەندین شێوە ژن دەکرێتە کاڵا وەک لەش فرۆشی و فیلمە پۆرنەکان و ڕیکڵامەکان و فرە ژنی و کۆیلەی سێکسی و بەخێوکەری ماڵ ومنداڵ .
لە بەرانبەر ئەم بە کاڵا بوونەی ژناندا ژمارەیەک لە کۆمپانیا و بازرگانان و دەوڵەمەندان قازانج دەکەن و کەڵەکەی سەرمایە بۆیان ئەنجام دەدرێ .
هۆکاری سەرەکی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپی بارودۆخی ئابوری کۆمەڵگە و دابەزینی ئاستی ژیان و گوزەرەانی زۆربەی تاکی کۆمەڵگە کەدەسەڵاتی سەرمایە دروستی دەکات. بەهۆی ئەم بارودۆخە ناهەموارەوە بەشێک لە تاکەکان دەست دەبەن بۆ تاوانی دزی و کوشتن و جاسوسی و تلیاک فرۆشی و بەشێکیش کاری تاقەت پڕوکێن بەسەعات کاری زۆرەوە ئەنجام دەدەن، بەشێکی ژنانیش ناچار دەبن بە کاری لەشفرۆشی و فیلمە پۆرنەکان و ریکلامی بازرگانی. بەشێکیش لە ژنان ناچار دەکرێن بە قبوڵکردنی فرەژنی واتە چەند ژنی بۆ پیاوێکی دەوڵەمەند و خاوەن دەرامەتی باش.
دیاردەی فرەژنی زیاتر لە نیوە دوورگەی عەرەبی پێش ئیسلامدا سەری هەڵداوە و دواتر ئیسلام شەرعیەتی پێداوە، بەدرێژایی مێژووی سەردەمی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی تا سەردەمی ئەمڕۆی سەرمایەداری لە وڵاتانی دواکەوتووی ئابوریدا کە زۆربەی خەلکەکەی ئیسلامە بەردەوامی هەیە.
سەرچاوەی سەرەکی بۆ ئەنجامدانی فرەژنی توانای ماددیە، هەروەک چۆن سەرچاوەی سەرەکی بۆ لەشفرۆشی ژنان هەرتوانایی ماددیە. واتە هەر پیاوێک ئەو توانایەی نەبێ نە ئەتوانێ لەشی ژن بکڕێ بۆ مەرامی سێکسی نە ئەتوانی فرەژنیش ئەنجام بدات. لە هەردوو حالەتدا ژن دەبێتە کاڵا ئەمە خاڵی لێکچوونی هەردوو دیاردەکەیە. خاڵێکی تری لێک چوون نەبوونی مەیلی خۆشەویستی و هەستە لەلایەن ژنەوە بۆ پیاوی کڕیاڕ، بەڵام خاڵی جیاواز ئەوەیە لەشفرۆشی هەموو ڕۆژە لە بازاردایە هەر ڕۆژەی یا هەرجارەی بۆ پیاوێک دەبێ، بەڵام لەفرەژنیدا یەکجار دەبێ و بۆ تەنها پیاوێک دەبێ تا ئەوکاتەی پیاوەکە دەمرێ، یا ژنەکان تەلاق دەدرێن و تەلاقیش ئەوکاتە ڕوودەدات کە پیاوەکە بیەوێ، چونکە تەلاق بەدەستی پیاوە نەک ژن .
لە لەشفرۆشیدا ژن خۆی یا لەڕێگای کومپانیاوە لەگەڵ پیاودا گرێ بەست دەکا، بەڵام لە فرەژنیدا شەرع و یاسایی دینی دەیکات، لەڕێگای دەسەڵاتەوە .
نە لەشفرۆشان تاوانباری سەرەکین و نە ئەو ژنانەی فرەژنییان پێ دەکرێ، بەڵکو سیستەم و کەلتورێک تاوانبارە کە ژنان ناچار دەکات ببنە کاڵا .
ئەگەر زۆربەی سامانی کۆمەڵگە لەلایەن کەمایەتیەکی دەوڵەمەندو سەرمایەدارەوە قۆرخ نەکرێ وهەژاری وبرسیەتی زۆر نەبێ ئەم دیاردانەش سەرهەڵنادەن.
لە کۆمەڵگەی کوردستان هەمان بارودۆخ هەیە بۆیە هەردوو دیاردەکە هەیە .
کاتێ ژن بزانێ بەڕێگای لەشیەوە بژێوی ژیان پەیدا دەکا دەچێت ئەو کارە دەکا. یا کاتێ کچ یا ژن ناتوانێ هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕ یا پیاوێکدا بکا کە خۆشی دەوێ و هەستی بۆی هەیە لەبەر هۆکاری هەژاری وبێکاری پیاوەکە، ناچار دەچێت هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا دەکات کە دەوڵەمەندەو ئیمکانی ژیاندنی ئەوی هەیە باخۆشەویستی وهەستیشی بۆی نەبێ جا ئەگەر پیاوەکە چەند هاوسەری تریشی هەبێ (دیارە هەموو ژنێکیش ئەوە ناکات ئەوانە دەیکەن کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری زیاتری ئیسلامی سیاسی و شەرعەوە) .
مەلاو پیاوانی ئایینی وەک لایەنی سێهەمن کە ڕێگا بۆ ئەم هاوسەرگیریە خۆش دەکەن، دەوری کۆمپانیایەک دەبینن، چونکە خۆشیان سوودێکی ماددیان پێ دەبڕدرێ دەتوانن بۆ خۆشیان تا ٤ ژنیان هەبێ. هەروەک ئەو کۆمپانیایەی کە فیلمی پۆڕن ئەنجام دەدات یا ئەو کۆمپانیانەی کە لەنێوان ژنانی لەشفرۆش و پیاوانی کڕیاردا ئەو کارە دەکەن .
لەسەرجەم ئەم حالەتانەدا ژن کاڵاو کۆیلەیە و نامۆیە بە مرۆڤ بوونی خۆی، چونکە دائەماڵرێ لەهەستە مرۆیەکانی و ئارەزووەکانی خۆی لە ژیانیدا.
بۆ چارەسەری دیاردەی بەکاڵاکردنی ژنان شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی پێویستە، کە زەمینەی ئەم بە کاڵابوونەی ژنان نەهێڵێ و هۆکارەکانی ڕیشەکێش بکات. خۆشبەختانە سەرەتای ئەم شۆڕشە لە ئێران سەریهەڵداوە و شۆڕشی بەمرۆڤ کردنەوەی ژن بەڕێکەوتوە و بەسەرکەوتنی ئەم شۆڕشە واتە بەسەرکەوتنی شۆڕشی سۆشیالیستی هەردوو دیاردەی لەشفرۆشی و فرەژنیش بەرەو فەوتان وکۆتایی دەڕۆن، چونکە ئەو کاتە دەستور و یاساکان بەجۆرێک دەبن لە بەرژوەندی هەژارو برسییەکان دەبێ و بارودۆخێک نامێنێ کە ژن ناچار بێ لەشفرۆشی بکا، یا پیاوێک چەند ژنێک بکاتە هاوسەر. بارودۆخێک نامێنێ ئاخوندو مەلاو ئیسلامی سیاسی کۆنترۆلێ کۆمەڵگە بکەن .
بەهیوای بەسەرکەوتنی شۆڕشێکی سۆشیالیستی لە ئێران و ناوچەکە و جیهاندا لە پێناو ئازادی ویەکسانی وە نەمانی دیاردەی لەشفرۆشی و فرەژنی و بەکاڵابوونی ژناندا.