گەڕان بەدوای ڕۆحی بزر بوو.. شرۆڤەی/ جەمال نوری
گەر هەڵوێستە لەسەر ئەم دەقە شیعرەی (کاک سدیق مەحمود مارف) بکەین، هەست دەکەی خاوەن ئەشقێکی جوانی بێ کۆتایە، لەڕێگای زمانی شیعری و چنینی وشەوە کاک سدیق دەیەوێ جارێکی تر لەمسی ئەو حاڵەتە ڕۆحی و پاکەی دیووی ناوەوەی خۆی بکات، کەبریتییە لەجێگیربوونی مەئشوقەکەی کەبەردەوام شاعیر لەدەرگای ڕۆحی دەدات و دەیەوێ بچێتە ناو باخچە پڕ لەمیهرەکەی ئەوەوە، تاوەکو پێکەوە بەجووت بەنێو دنیای خەونەکانیدا ڕاگوزەر بێ.
ئەم دەقە ئەفسۆنێکە لە پەیڤ و لە موخاتەبەکردنی خودئاگایی شاعیر لە حاڵەتی “ناخود ئاگاییدا” کە بەهۆی بزربوونی مەئشوقەکەی بەشێوە فسیولۆجیەکەی کاریگەری لەسەر هزرو ئەندێشەی شاعیر بەجێهێشتوە، بەجورێک ئەوەی شاعیر تیایدا خۆش نود دەبێ کە لەناو دنیا و خەیاڵ و فەنتازیای شیعردا ئەتمۆسفێریێکی بۆ دروست کردوە کەبەردەوام هەرکات بیری بکات لەڕێگای زمانی شیعرەوە پێی بگاتەوە لەو فەزایەداکە شوێنێکی هەیە لە دنیای شیعردا بۆی بەرجەستە ببێت.
دیالۆگی ئەم شیعرە وەک بنەمای گێرانەوەی مێژووی بوونی ئەشقێک وێنا دەکات، لەسەروەختی بزربوون و لەدەستدانی مەئشوقەکەی، ئاشق هەست بە لەدەستدانی پارچەیەک لەڕۆحی خۆی دەکات، هەست دەکات لەتە سێوەکەی دڵی غایبەو وەکو جاران دڵی باش لێنادات و سوڕی خوێنیش بە ئاسانی وەکو جاران خوێن بەدەمارەکانیا ناهێت و ناچێ و ئۆکسجین ناگەیەنێتە موولوولەی دڵ و هەموو هەستەوەرەکانی، ئەوەی تەنهاو تەنها دەتوانێ ڕۆڵی ئەوەی بۆ بگێڕێ کە ئۆکسجین بگەیەنێتە موولوولە ووردەکانی تەواوی هەستەوەرەکانی جەستەی تەنها زمان و خەیاڵی شیعرە، بۆیە لێرەدا شیعر بۆتە ئەو ئۆکسجینەی کە لەڕێگای زمان و خەیاڵی شاعیرەوە دەتوانێ خوێن بگەیەنێتە جەستەو وبەرەوام بێ لەژیان.. واتە تەنها شیعر دەتوانێ جەستەی تەزیووی شاعیر کە بوەتە زوقم لەدوای لەدەستدانی مەئشوقەکەی هەست دەکات خوێن بە دەمارەکانی لەشیدا بەئاسانی نایەت و ناچێت، هەر ئەمەش والە شاعیر دەکات، کە شیعر بکاتە ئامڕازێک بۆ پێدانی ئەو فەزا ڕۆحیەی کە بەردەوام مەئشوقەکەی تیا ببینێ، بەواتا ئەگەرچی زەمەن نەماوە، بەڵام لە هەستی باڵای شاعیردا، مەکانێک حزوری هەیە لە “نەستی” دا کە لەگەڵ خۆیدا هەرچی ئەلبومی یادەکانی هەیە، وەک شوێن، وەک شەقام، ریسۆرانت، یانەی ڕۆشنبیری و کۆرو کۆبونەوەو ئاهەنگ و زماوەندو پرسەو خۆشی و تاڵیەکانی ژیان هەیە بەستراوەتەوە بە یادی مەئشوقەکەی کەلەناو نەستی شاعیردا جێگیربووەو بە تەوزیفکردنی لەزمانی شیعردا مەئشوقەکەی دەهێنێتە وە بوون و موخاتەبەی ڕۆحی دەکات.
ئەمەش دەقی شیعرەکەیە:-
لەو ڕۆژەوە بۆت ئەگـەڕێم
لە گشـت شوێنێ
لە ھەر جێیە کەناریەک لێیبخوێـنێ
بۆت ئەگـەڕێم من بێ پـەروا
لە نێو خەیاڵی شیعـردا
لەو وەختەوە پرسیار ئەکەم؟
لە ڕێبـوارە غەریبەکـان
لە باڵندە کۆچەریەکان
لە گوڵفرۆشـەکانی شـار
لە گێلاس و لە دارسـێوی حەوشەکەمان
لە پۆستەچی و نامەبەری
گشت شارەکان
لە بەھاری لە خۆبایی
لە ئازاری ماڵئاوایی
قەسەم ئەخۆم
بەو گریانەی دڵ جۆشەدا
بەو تەنیاییەی ناخم ئەخوا
بە باران و بە بەفـرو بـا
بۆ سۆراغت ماندوو نابێ
نیگـاکـانـم
بۆ ھاتنەوەت ئەبن بەڕێ
چاوەکـانـم
سدیق مەحمود مارف