چۆن دوانەی ژن و توندوتیژی لەیەکتر دابڕێنین” نووسینی/ نەجیبە ‌قەرەداغی بەشی دووەم و کۆتایی

0

پرۆسەی ”خودتوانەوە” یەکێکە لەو دیاردانەی کە لە ڕێی ژنەوە کاریگەریەکی گەورەی هەیە و تەنانەت پەڕیوەتەوە بۆ دروستبوونی کەلتورێکی زاڵ و بەکاریگەر. بەهۆی کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ناوەند، دەزگا و دامەزراوەی نامۆ بە کەلتوری کۆمەڵگە لە ژێر ناوی پێشکەوتن و پەروەردە، ڕێکخراوەی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگای “خێرخوازی” بە بێ ئەوەی پێویستیەکانی بە وردی هەڵسەنگێنرێت کە وەڵامدەرەوەی چ پێویستییەکی کۆمەڵگەیە، بەبێ بوونی لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆلۆژی و کاریگەریەکانی لەسەر گۆڕانکاری کۆمەڵگە، کارەساتی گەورەی لە ڕووی لێترازانی کۆمەڵایەتی، دروستبوونی چینی نوێ و گروپی نوێی کۆمەڵگە و بە زۆریش کاریگەری لەسەر ژنان کردووە و بە دەستی ژنانیش هەموو ئەو دیاردانە ڕەوایی پێدەرێت و ڕاگەیاندنیش بۆتە مەیدانێکی کراوەی ڕەوایی پێدان بەکەلتورە نامۆیانە.

بەشێکی زۆری میدیا و راگەیاندنە بیستراو، بینراو و نوسراوەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵیان پەردەپۆشکردنی ئەو دیاردانەیە کە دەرئەنجامەکانی بە توندوتیژی سەر ژن تەواو دەبێت، نەک کار لە سەر بڵاوکردنەوەی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و چەمکی یەکسانی و ئازادی و رۆحی تێکۆشان و بەرەنگاربونەوەی داگیرکاری و گەندەڵی کۆمەلایەتی ناکەن، بەڵکو بە بەرنامەی سەرگەرمکردن و بەکارهێنانی ژن لەو بەرنامانە، ڕکلام، کلیپ و درامای دۆبلاژکراوی تورکی، کۆری و هندی جۆرێک لە سایکۆلۆژی تێکشکاو و بەخۆنەباوەڕی ژن بڵاو دەکەنەوە، ئەو پرۆفایلەی کە لە ڕاگەیاندنەکاندا زەق دەکرێتەوە، ژنێکی بێچارە، ملکەچ، بێدەنگ، ڕازی بە کۆیلایەتی، فێڵباز و درۆزن و ژنێک کە هەمیشە رۆڵی پێکدادان لەنێو پیاوەکاندا دەبێنێت و دەیانخاتە دۆخی پێشبڕکێیەوە بۆ ژن، ژنێک کە خیانەت لە هاوسەرەکەی دەکات، ئەو پرۆفایلەی بۆ پیاویش دەیخەنەڕوو؛ پیاوێکی میهرەبان، فریادڕەس، بەهێز، پاسەوانی ناموسی ژن و هتد….

قوڵترین شەڕی سایکۆلۆژی لەسەر ژن بەرێوەدەچێت، بەڵام لە درکی ئەو شەڕەدا نییە، ئەم دۆخە وەک هانا ئارینت دەڵێ؛ ”ئاساییبوونی خراپیی” واتە دۆخێکی خراپ هەیە، بەڵام هێندە ئاسایی کراوە کە هەستی مرۆڤەکان و رایەڵەیان لەگەڵ ئەو واقیعەی هەیە پچڕاوە. پێناسەیەکی چەوت بۆ ئازادی هەیە. ئازادی ئەگەر لە سادەترین پێناسەی کە ع. ئۆجالان دەڵێ؛ ”ئازادی هێزی خۆبونیادنانی کۆمەڵگەیە” لە ڕاستیدا بە پێناسەی چەوتی ئازادی و مومارەسەکردنی ئەو پێناسە چەوتە وەرچەرخێنراوە بۆ لێکترازانی کۆمەڵگە بە لاساییکردنەوەی کەلتوری رۆژئاوایی و قەتیسبوون لەنێوان دوو کەلتوردا کەلتورێک کە بەرێی میدیا، میوزیک، فیلم، دراما، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە رۆژئاواییەکانەوە لەسەر ناوی خزمەتگوزاری و هاوکاری هێنراون و کەلتورێکی موحافەزەکاری دۆگماتیکی ئایینی کە لە بۆشاییەکی مەعنەوی، ئەخلاقی و ئایدۆلۆژی دا کۆمەڵگە بۆ ڕەحمەتی ڕەوتی ئیسلامی دەسەڵاتخواز بەجێهێڵراوە و زیاتریش ژن کاریگەرن بەم دوو کەلتورەی کە دوو ڕووی دراوێکن. لە هەردوو مۆدێلەکەی دا ژن کەرەستەی بەکارهێنانە لەژێر ناو ئازادی بیروڕا و ئازادی پۆشین، ئازادی جوڵانەوە بەڵام ئەو پێناسانەی ئازادی چ پەیوەندی بەو بەرپرسیارێتیانەوە نییە کە دەبێ لە ئاست کۆمەڵگە و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیزەکردنی سیاسەت دابنرێت. تەنانەت ئازادی لە نەشتەگەری جەستە، بەکارهێنانی چەندین ماددە و کەرەستەی کیمیاوی بۆ دەستکاریکردنی جەستە و ڕوو، بڵاوبونەوەی کەلتوری بەرخۆری کە کلتور و زهنیەتی سیستەمی سەرمایەداری و بە ئاگاییەوە لە لایەن بازرگانانی چاوچنۆک و تەنانەت کۆمپانیا نێونەتەوەییەکانەوە بۆ چەواشەکردنی واتای راستەقینەوەی ئازادی و فەتحکردنی ئەخلاق، زهن و ویژدانی کۆمەڵگە و دوورخستنەوەی لە رۆژەڤی سەرەکی و پێویستی سەرەکی کۆمەڵگە پەرەدانە بە خۆرێکخستنکردن و بونیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیدا.

کێشەیەکی گەورەیە ئەوەیە کە کۆمەڵگە وێرای ناڕەزایی و بێزاریشی، بەشێکی هێشتاش لە دۆخی چاوەڕوانی فریادڕەسێکدایە کە گۆڕانکاری تەنیا لەڕێی پارتە سیاسیەکانەوە بکرێ و پارتە سیاسیەکانیش لە ڕێی هەڵبژاردنێکی کلاسیک و بەناردنی نوێنەرەکانیان بۆ پەرلەمان گۆڕانکاری بکەن، ئەو ڕێبازەش نەک تەنیا بەشی گۆرانکاری ناکات بەڵکو کێشەی کۆمەڵگەی قوڵترکردۆتەوە و مەودای نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەی زیاتر کردووە. بەشێکی تریشی هەمیشە لە دۆخی چاوەڕوانی هێزی دەرەکیدایە.

بەهۆی بۆردمانی ئایدۆلۆژی لیبرالیزم بەڕێی دەزگا و دامەزراوە ئاماژەپێکراوەکان و بوونی زۆرێک لە میدیاکان بە سەکۆی کەلتوری نامۆ لە کۆمەڵگە، ژنان ئاشنا نییە بەو تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کە ژن خۆی بکاتە کردەیەکی چالاک بۆ گۆڕانکاری دا. ئەمەش نایەتە واتای ئەوەی کە لێگەڕینی کۆمەڵگە نییە بە تایبەتی پەرۆشێکی زۆر بۆ خوێندنەوەی تیۆری و هزری ئەلتەرناتیڤ لەبرەودایە و هەنگاو بەرەو قۆناغی وشیارییەکی مێژوویی  و کۆمەڵایەتی دەنێت، بەڵام لە ڕووبەرێکی پەراوێزدایە و پێویستی بە هەنگاوی بەکاریگەرتر هەیە.

کرۆکی پرس و قەیرانەکان داگیرکاییە، تەنیا  داگیرکاریەکی ڕۆژانەیی نییە کە لەسەر خاک و سامانەکانی سەرزەوی و ژێرزەوی لەڕۆژی ئەمرۆدا، بەڵکو بەوەشەوە داگیرکارییەکە هەزاران ساڵە تەمەنێتی، داگیرکارییەکە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیایەکی بە دامەزراوەبوو، سەرەتا پێویستمان بەوەیە کە لەو داگیرکارییە تێبگەین دەبێ هەم لە ڕەهەندە مێژووییە کەڵەکەبووەکەی تێبگەین و هەم لە ڕەهەندە ڕۆژانەییەکەی. رۆڵی پارتی سیاسی و بزوتنەوە زۆر گرنگە نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە هەموو جیهاندا، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە پارتەکان دوورن لە خۆنوێکردنەوە بە تیۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی چارەسەرئامێز. ئەو تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستان کاری لەسەر دەکەن بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان هەڵگری ناوەرۆک، پلان و پرۆگرام، کردار و تێکۆشانێک نییە کە پرسی ئازادی ڕەگەزی بخاتە چەقی پرسە سەرەکیەکانەوە کە کرۆکی هەموو کێشە کەڵەکەبووەکانە، تا ئێستا نەک تەنیا چارەسەرئامێز نییە بۆ پرسەکانی هەبوون، ئازادی و گۆانکاری لە بونیادی زهنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوریدا، بەڵکو کێشەکانی قوڵتر کردۆتەوە، پارچەبوونی لە نێو کۆمەڵگەدا زیاترکردووە، لەبەرئەوەی پشت بە زهنیەتی دەسەڵاتدارێتی و دەوڵەتگەرێتی و پیاوسالاری دەبەستێت کە ڕێبازی مامەڵەکردنی هێزی هەژەمونگەرایی نێونەتەوەیی و ناوچەکە بووە لەگەڵ کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و باشوریش لاساییکەرەوەی هەمان مۆدێلە.  لەلایەکی تر ئەو مۆدێلەی بەشێوەیەکی ڕووکەشیش لاسایی دەکەنەوە مۆدێلەکانی پارتی سیاسی رۆژئاواییە کە نەک بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەڵامدەرەوە نییە، بەڵکو بۆ خودی ئەوروپا و دونیای ڕۆژئاواش هەمان شێوەیە. گەلی کورد وگەلانی هەرێمە ناچار نین ئەزمونێک تاقی بکەنەوە کە لە جێی دیکە ناتوانێ قەیرانە قوڵەکانی سیستەم چارەسەر بکات نەخاسمە رەهەند مێژوویی و کۆمەڵایەتیەکانی هەرێمەکەمان پێویستی بە مۆدێلێکە لەسەر بنەمای پارادایمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی کە خۆی لە دیموکراسیەک لەسەر بنەمای بەشداری راستەخۆی کۆمەڵگە، ئەکۆلۆژییەک کە هاوسەنگی ڕەگەزی، مرۆڤ و ژینگە و هەروەها مرۆڤ-مرۆڤ و ئازادی ژن بە بنەما بگرێت.

قەیرانی چەند ساڵی دوایی ئاشکرای کردووە کە ژنان و تەنانەت بەشێکی زۆر لە ژنانی نیو حزبەکانیش باوەڕیان بەوە نییە بەو ڕێبازەی تا ئێستا تاقیکراوەتەوە بتوانێ ببێتە بەشێکی کارا لە گۆڕانکاری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری هەرێمەکەدا، بۆ ئەوەش متمانەی بەوە نییە کە ئەو کەشە گونجاوە بۆ بەشداری سیاسی. کەمێکیش بێ ژن لە درکی ئەوەدایە کە پرسەکەی تەنیا پرسێکی ڕەگەزی نییە، بەڵکو پرسێکی بونیادییە، بونیادی زهنیەتی ئایدۆلۆژی پیاوسالاری لە هەموو دامودەزگاکانی تەنیوە و تا دوایین خانەی کۆمەڵگە رۆچووە و پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەییە.

ژن لە درکی ئەوەشدایە کە بوونی چەند ژنێک لە وەزارەت، پۆستی باڵا، بەڕێوەبەرایەتی دا بەس نییە بۆ گۆڕانکاری و دروستکردنی متمانە لە لای ژن و کۆمەڵگە بەگشتی. ئەمە واتای ئەوە نییە کاری خراپیان کردووە، بەڵام نیازییان هەرچییەک بێت بە کارانەی کردوویان ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنکەوتۆتەوە لانی کەم دووانەی توندوتیژی و ژن لە یەک دابڕینێ و هەمیشە ژن وەک قوربانیەوە نەیەتەوە ڕۆژەڤ، خۆشیان لە درکی ئەوەدان ئەو ئەقلیەتە لەسەر بنەمای زهنیەتی پیاوسالارییە رۆچۆتە هەموو خانەکانی کۆمەڵگە و تەگەرەیە لەبەردەم دیموکراتیزەکردنی خێزان، سیاسەت و دامودەزگاکانی بەڕێوەبردن.

لە ناو هەموو پارت، ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەدا ژنانێک هەن کە خاوەن هەست و جەوهەرێکی وڵاتپارێزی بەهێزن، جاروبار ژمارەیەک لە پلاتفۆرم و دەستپێشخەری سازدەکرێت، ژنان لەدەوری کۆدەبنەوە، بەڵام ئەو هەوڵانە ڕێنماییەکی ستراتیژی، ئایدۆلۆلۆژی و پلانسازی کورتمەودا، ناوین و درێژمەودا پێ نییە. ژنان تا ئێستا چاوەڕیی یەکتر پارتە سیاسیەکان لەژێر هەژمونی زهنیەتی پیاوسالاری دار ڕێیان پێبدەن هەنگاو بنێن، بەڵام ئەوە لە مەحاڵەوە نزیکە. زهنیەتی پیاوسالاری کاتێ بزانێ لە خزمەتی ئەودا ڕێ بە جموجوڵی ژنان دەدەن. ئەگەر نا دەتوانن بەشێوەی جیاواز و بیانوی جیاوازەوە ڕێگریان لێبکەن.
بۆ ئەوەش لە ڕووی زهنیەوە پێویست بە پێهەڵگرتن و گۆڕانکاری هەیە، نەبوونی خوێندنەوەیەکی نوێ و ڕاست لە سەر مێژوو، پرسی ڕەگەزی، داگیرکاری، پارتی سیاسی، بزوتنەوەی ئازادی ژن، گرنگی تێکۆشانی ئایدۆلۆژی وەک ئەدۆرنۆ دەڵێ؛ ژیانی چەوت ڕاست ناژێنرێت. لە ڕاستی دا وەک ئەوەی ئەدۆرنۆ ئەو قسەیەی بۆ دۆخی ئێستای باشوری کوردستان گوتووە. زەمینەی شۆڕشی دیموکراتی و کۆمەڵایەتی ژن بەهۆی بۆشایی ئایدۆلۆژی و هزرییەوە زۆر لە بارتر و گونجاوترە. ئەوەی پێویستە پێشەنگایەتیەکی ڕاست بۆ ئەو ماتەوزەییەی لە ژن دا هەیە، ئەگەر ژنێک جەسارەتی ئەوەی هەیە ماتەوزەی لە ئاراستەیەکی خۆوێرانکردن و لەناوبردن دا بە خۆسوتاندن نیشان بدات و کاردانەوە لە بەرامبەر نەبوونی کەشێکی دیموکراتیانە بۆ خۆدەربڕین بخاتەڕوو ئەوە بە ئاراستەکردنی ئەو ماتەوزەیەی بەرەو تێکۆشان، خۆرێکخستن کردن و چالاکی و پێشەنگایەتی راست بۆ کۆمەڵگە دەتوانێ لە واتای ڕاستەقینەی ئازادی دا، سەرەتا بە هەنگاوی خودناسی، خودوشیاری و خۆرێکخستن دا، دەتوانێ نەک وەک قوربانیەک هەمیشە لە رۆژەڤ دا بێ، بەڵکو وەک پێشەنگ، بونیادنەرێک رۆڵ ببینێ. لەهەمان کات دا ژنان لە ناو ڕێکخروەکان دا بن یان لە پارتە سیاسیەکان دا دەکرێ خاڵی هاوبەش و رۆژەڤی هاوبەشیان هەبێ و خۆیان لەو پێگەیە دەرخەن کە پیاو بەکاریان بهێنێ وەک پێپلیکانەیەک بۆ دەسەڵاتداریتی خۆیان، بەڵکو وزەیان خۆیان لە ئاست رێکخستنی کۆمەڵگە و وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی کۆمەڵگە بخەنەگەڕ.
خۆرێکخستنکردنی ژن دەکرێ سنوری ئەتنیکی تێپەڕێنێ و خۆبگەیەنێتە ژنانی عەرەب، تورکمان، ئاشوری و پێکهاتەکانی تر بۆ ئەوەش لە پێکهاتەی ڕێکخراو زیاتر پێویست بە سەرپێشخستنی بزوتنەوەیەکی ژن هەیە، تیۆری و ڕێکخستن و تێکۆشان و پلانی چالاکیی تایبەت بە خۆی هەبێ، پێویستی بە میکانیزمایەکی خۆپاراستن هەیە، دەکرێ ئەو میکانیزمایە فراوانکردنی دەلاقەکانی خودوشیاری بێ لەڕووی زانستی، ئایدۆلۆژی، ڕێکخستنیەوە و کۆتایی بە سایکۆلۆژی چاوەڕوانی بێنن، سەرەتا دەبێ سیستەمی خۆی بونیاد بنێ، خاوەن ئۆرگانی خۆڕێکخستنکردن بێ و هەوڵی گوزارە لە خۆکردن بدات لەو دەرفەت و دەلاقانەی کە ژن دەتوانێ ئیلهامی لێوەرگرێت بۆ خۆپاراستن و خۆرێکخستنکردن. کەم نین ئەو ژنە کوردانەی لە رێی خۆپاراستن و پاراستنی بەهاکانی دیموکراسی دا گیانیان بەخشیوە و بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشانیان کردووە. ئەزمونەکانیان و چیرۆکی بەرخودانیان لە پێناوی ئازادکردنی تاک و کۆمەڵگەدا بە زیادەوە ڕووناکەرەوەیە بۆ ئێمەش لە پێناوی بەرپاکردنی شۆرشێکی کۆمەڵایەتی و دیموکراتی دا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.