چۆن دوانەی ژن و توندوتیژی لەیەکتر دابڕێنین”… نووسینی/ نەجیبە ‌قەرەداغی

0

چۆن دوانەی ژن و توندوتیژی لەیەکتر دابڕێنین”

نووسینی/ نەجیبە ‌قەرەداغی

بەشی یەکەم

“زۆربەی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی هەرێمی کوردستان (باشوری کوردستان) هەرچەندە دابڕاو نییە لە قەیران و گێژاوی جیهان و ناوچەکە، بەڵام لەم قۆناغەدا دەرئەنجام و دەرهاویشتەکانی هزر و ئایدیۆلۆژی نەتەوەپەرستی، ئاینگەرێتی و چەپی کلاسیک بێئومێدی و بێزاریەکی زۆری لە کۆمەڵگەدا سازکردووە کە بەرهەمی هزر و سیستەمێکی ناوەندگەرێتی و پیاوسالارییە و دەرفەتی دیموکراتی بۆ بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری دا بۆ کۆمەڵگە بە گشتی و ژن نییە، مۆدێلێکی سیاسی حکومڕانی لە سەرەوەڕا و هەرەمییە، ڕێ بە دەستپێشخەری تاک و گروپی بچوک نادات. لەم تابلۆ سیاسی و کۆمەڵایەتیەدا ژن بەشدارێکی سەرەکی نییە. ژن زیاتر بە توندوتیژی لە ڕۆژەڤ دایە. توندوتیژیش نەک تەنیا لە ڕووی فیزیکیەوە، بەڵکو لە زۆر بواری تر لە ئاستی قڕکردن دایە. جگە لە هەندێ هەنگاوی لیبرال و پەناگە، ڕێوشوێنێکی دیکەی ڕیشەیی بۆ چارەسەری پرسی توندوتیژی نییە لەبەرئەوەی لەدەستنێشانکردنی سەرچاوەی پرسەکەدا کێشەی دید و تێڕوانین هەیە. ئەوەندی سەرنج لەسەر دەرئەنجامەکان و دەرهاویشتەکانە ئەوەندە باس لەڕیشەی سەرەکی کێشەکان نییە.
هەڵوێستەکان لە ئاست توندوتیژی دا جگە لە کاردانەوەیەکی ڕۆژانەیی و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و هەندێ جار پەنادانی ئەو ژنانەی توندوتیژیان لەبەرامبەر دەرکرێت لە پەناگەکاندا کە خۆبەخۆ جارێکی تر جێگەی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژییە، ڕێوشوێنی دیکەی چارەسەری نیە.
فرناند بروادل مێژووناس و سۆسیۆلۆگ لە ئاماژەیەکی دا لەسەر کاریگەری ڕوداو قسە دەکات و دەڵێ؛ ” ڕووداوەکان خۆڵن” بەبۆچونی ئەو “ڕووداوەکان تەنها تۆز نین، چونکە کورتخایەن یان کاتیین، بەڵکو وێنەی مێژووییش تەمومژ دەکەن” واتە ڕوداوەکان وامان لێدەکەن کە ڕاستیە مێژووییەکانی کە پاشخانی ئەمڕۆیە نەبینین.

لەو ئاماژەیەوە دەبێ بڵێین پرس و قەیرانەکان تەنیا بەرهەمی ئەمڕۆیی نین، بەڵکو بەرهەمی داگیرکارییەکی مێژوویی و کاریگەری ڕۆژانەیشی زۆر بە زەوی دیارە کە پێویستی بە ڕاست پێناسەکردن، تێگەیشتن و تێکۆشان هەیە. پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان خەسڵەتێکی بنەماڵەیی و ئەم جۆرە پەیوەندیانە لە پارتە سیاسیەکانیش هەمان شێوەیە. خێزان، ئایین و ناوەندەکانی پەروەردە و چ ناوەندەکانی پەروەردەی تایبەت، لە ژێرکاریگەری زهنیەتی پیاوسالاری بەڕێوەدەبرێت. ئەگەر ڕاست ئەم دەزگایانە شینەکرێتەوە زەحمەت تەنیا بە زانیاری و وردەکارییەکانی ئەمڕۆیی بگەیەنە ئەنجامێک بۆ دەستنیشان کردنی کێشەکان و چارەسەرکردنی چ جا کێشەیەکی وەک توندوتیژی کە وەک دوانەیەکی لێهاتووە لەگەڵ ژن.

وێرای هەوڵی ژن بەشێوەیەکی تاکەکەسیانە یان گروپ بۆ گۆڕینی جۆری پەیوەندی و ناوەرۆک و سیمای ئەو دامەزراوە و دەزگایانە کە ڕوداوەکان ئاراستە دەکەن، بەڵام زۆر سەختە بتوانێ لە دەرەوەی عەقڵیەتی پیاوسالاری ڕێی جوڵەیان پێبدرێ بەشێوەیەکی ڕێکخراو و بەشێک لە ژنانی ناو گروپە  سیاسیەکانیش دەیانەوێ لە بازنەی ئەو زهنیەتەدا بە دوای چارەسەری دا بگەڕێن و دەیانەوێ هەمان هیواش لای ژنان دروست بکەن. ئەوانەشی دەیانەوێ لە دەرەوەی بازنەی ئەو زهنیەتە بەدوای چارەسەری دا بگەڕین لە ڕووی ڕێکخستنکردن و خۆڕێکخستن کردنەوە کەموکوڕی جددیان هەیە، ئەگەر بە پێناسەی باوی سیاسەت قسەکە لەسەر ئەوە بێ کە گروپێک لە دەسەڵات و گروپی دیکەش لە ئۆپۆزیسیۆندا لە ململانێدا بن.

دیارە باس لەهەر بوارێکی ژیان بکرێت ڕەنگی پیاوی بەسەرەوەیە، ئەگەر ژن بەشداریش بکات، ڕێکخستنکراو و بەڕەنگی خۆیەوە بەشداری ناکات، بیشی کات کاریگەریەکی گەورەی لە گۆڕانکاری ڕیشەیی نییە، بەڵکو بەشداری پارچەبووی ژن لەنێو دەزگاکان دا بۆتە هۆکاری ئەوەی کە سیستەمی پیاوسالاری، ناوەندگەرێتی و دەسەڵاتدارێتی وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت و لەو بوارەشدا ژن قاڵبونەوەی هزری، ڕێکخستنی و میکانیزمای بەدواداچوونی لاوازە، لەهەندێ دۆخدا نەک هەر لاوازە، بەڵکو نییە.
ژن لە مەیدانی سیاسەت دا بەڕێژەیەکی کەم بەشدارە، بڕیاردەر نییە، لە چەسپاندنی کۆتای بەشداری ژن لە دەزگاکانی بەرێوەبردنی سیستەمیشدا ئەو ژنانە بەشداریان دەکەن کە بەرنامەیەکی گشتیان لە سیاسەت دا هەیە و زۆرجاریش دەکەوێتەوە خزمەت سیاسەت و زهنیەتی پیاوسالاری. پەرتەوازەیی ژن و بێ ڕێکخستنیان جەسارەتی بە زهنیەتی پیاوسالاری داوە کە هەموو کایەکانی ژیان کۆنترۆڵ بکات. کۆتای بەشداری ژن لە پەرلەمان دا نەک بە پلان و خواستی پارتەکان بوو، بەڵکو لەئەنجامی مشتومڕێکی زۆر لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی ژنان، لەسەر گوشاری نێونەتەوەیی دا و لە ژێر کاریگەری ئەو پێشکەوتنانە بووە کە بزوتنەوەی ئازادی کوردستان هێناویەتیە ئاراوە، ئەو کۆتایە هەرچەندێک بێت کاریگەری گەورەی لەسەر هاوسەنگی ڕەگەزی نەکردووە.  ئەوەش بە کۆتا نەتوانرا کە گۆڕانکاری دیموکراتیانە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەدا ئەنجام بدرێت و یاساکان بەو ئاراستەیە دانەڕێژران.
کاتێ کۆنگرەی پارتەکان سازدەکرێت ژنان جێیەکی دیاریان نییە و هەشبێ پەراوێزە و نابێتە بەرنامەی گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی سەرتاپاگیر. وەک ژمارە و وەک ناوەرۆکیش چ باسێک لەسەر پرسی ئازادی و پرسەکانی کۆمەڵگە نابێتە بابەتی باس، بەڵکو ژن لە ژێر کاریگەری شەڕی دەسەڵاتی نێو گروپەکانی پارتەکان دا دەجوڵێنەوە. دەبێ ئەوەش بڵێم کە بەهۆی دابەشبوونی ئایدۆلۆژییەوە ژنان خۆشیان پلانێکی ستراتیژییان نەبووە.
بەکراوەیی ئەندامێکی ژن لە ئاستی دەستەی سەرۆکایەتی پارتێکی باشوردا بە کراوەیی گووتی؛ ”لە نێو پارتەکەمان دا ڕەگەزگەرێتی لە بەرامبەر ژن هەیە” و یەکێکی تریش گووتی؛ ” کە لە کۆبونەوە لەگەڵ سەرکردایەتی حزبەکەم دادەنیشم لێیان دەپرسم بێزار نەبوون لە دەموچاوی یەکتری و من تاکە ژنم لە نێویان دا ” و یەکێکی تر کە لە ئاستی سەرکردایەتیدایە گووتی؛ ” کۆبونەوەی دانوسانەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بۆتە دیوەخانی پیاوان ” بە شێوەیە ژنان بوێرانە ڕەخنە لە پێکهاتەی سەرکردایەتی پارتەکان دەگرن. ڕەخنەگرتن بە دەنگی بەرز لە پلاتفۆرمی کراوەدا، و واتای جوڵەیەک دێت، بەڵام گرنگە لە ئاستی سکاڵا و گازندە دەرچێت.
پاڵپشتی یاسایی و دەستوری بۆ دیموکراتیزەکردنی سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١١ دا یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی دەرکرا کە لە هەندێ ڕووەوە بەربەستی لە بەردەم توندوتیژی خێزانیی دادەنا و یاسایەکی ئەرێنی بوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی میکانیزمێکی بەهێزی چاودێری و کاریگەری زهنیەتی پیاوسالاری لەسەر دەزگا حکومیەکان یاساکە لەسەر کاغەز مایەوە. کۆمسیۆنێکی ژنان هەبوو لە پەرلەمانی کوردستان ئەویش هەڵوەشێنرایەوە. وەزارەتێکی کاروباری کۆمەڵایەتی هەیە ژن بەرێوەیدەبات بەڵام لەئاست ئەو قەیرانە قوڵە کۆمەڵایەتیەدا نییە کە ژن ڕووبەڕووی دەرهاویشتەکانی بێتەوە. پرسی ئازادی (پرسی ڕەگەزی) وەک پرسی ژن پێناسە دەکرێت، نەک وەک پرسی پیاو.
دەتوانرێت ڕۆڵی ژن لە چێشتخانەدا لە هەموو کایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا بەئاسانی ببینرێت. چێشتخانە بە واتا باوەکەی نا ئەڵبەتە، ژنان بە ڕوویەکی ”جوان” و ” نمایشیانە” ەوە سەکۆکانی قسەکردن بە پیاوان ئامادە دەکەن، دۆسیە، ئامادەکارییەکانی هەموو کۆبونەوەکان دەکەن، لەسەر تا ژێر ژن ڕەنج دەدات، ئەوەی قسە دەکات، ئەوەی لە ڕیزی پێشەوەیە، ئەوەی بڕیارەکان دەدات پیاوە. ژنان تەنیا لەو کۆبونەوانەدا جارێکی ڕۆڵی چێشتخانەی ماڵیان پێدەدرێتەوە، ئەو کێشەیەی کە ماریا میس وەک بە ” کەیبانووکردنی ژن  houswifeziation” پێناسەی دەکات، ئەڵبەت نەتەنیا لەماڵ، بەڵکو لەهەموو کایەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا.
لەم ساڵانەی دواییەدا لە ژێر جوڵەکانی بەهاری گەلان و بە تایبەتیش دیسکۆرسە هزری و پراکتیکیەکانی تەوەری  شۆڕشی  ڕۆژاڤا و پەرەسەندنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە جیهاندا گفتوگۆ لەسەر چیەتی پرسی ئازادی هەم بۆ ژن و  هەم بۆ پیاو و پرسی بەشداری ژن لە سیاسەت و بەگشتیش کۆمەڵگە و لەسەرنوێ پێناسەکردنەوەی سیاسەت پەرەیسەندووە. بەڵام لەم دەڤەرەی ئێمە هەر هەوڵێکی هزری و تیۆری، ئامانج و تێکۆشانێکی ژن لە پشتیەوە نەبێ شکڵی دەمێنێتەوە و ناتوانێ خزمەت بە ئامانجە سەرەکیەکە بکات کە دیموکراتیزەکردنی سیاسەت و ژیانی کۆمەڵایەتیە، چ جا ئەو هزر و تیۆرییانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد بێکەڵکی و کارنەکردەیی سەلماوە لە مەیدانی سیاسەت دا، کەواتە ئێمە لەم بەشەی کوردستان دوو کێشەمان هەیە بەشێوەیەکی گشتی. یەکەم؛ بەکەڵکبوون و چەقبەستوویی ئەوەی هەیە لە تیۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دووەم؛ نەگەڕان بە دوای تیۆری هزری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەلتەرناتیڤ دا.

ژن لەم بەشەی کوردستان بە ڕێژەیەکی کەم خاوەن ئابورییەکی سەربەخۆیە یان گروپییە، ئەوەش تەنیا بۆ دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیە و کاری تاکەکەسییانەیە و وەرنەچەرخاوەتە سەر کاری هەرەوەزی و ڕێکخستنکراو. ژن تەنیا لە ناوەندەکانی خزمەتگوزاری گشتی دا هەن، لەوێشدا لە ئاستی بەڕێوەبەری دا کەمن. زیاتر لە شارەکان دا، لەو کارانەی پیاو دەیکات، ژنیش لە ڕووبەرێکی کەم و سنوردار دا بەشداری دەکات، بەڵام ئەو بەشداریەش نەبۆتە هۆکاری گۆڕانکاری لە پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا، لە لایەکی تر بەشداری ژن لە کارەکانی کەرتی تایبەتی ” کۆمپانیا سەرمایەدارەکان، مۆڵ و دەزگا و دامەزراوە تایبەتیەکان ”بەهۆی نەبوونی یاسا و هەروەها دەزگای چاودێری بەهێز و سەربەخۆ واتە دادگاکان ئەم کەرتە خستنەکار تاکەکان ودەرخستیان لە کار و بیمەی کار و پاراستنی کەرامەت و ژیانی ژن لە دۆخێکی گوماناویدایە. ژمارەیەک ڕوداوی گێچەڵ  و دەستدرێژی ئەو گومانانەی زیاتر کردووە. ئەم دۆخە لە هێنانی ژمارەیەکی زۆر لە خزمەتکاری ماڵان بۆ کارکردن لە ماڵی دەوڵەمەند و تەنانەت ژمارەیەک لەو ژنانەی کە گوایە کار بۆ دۆزی ژن دەکەن، یەکێکی تر لەو دیاردە قێزەونانەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ پەرەی سەند کە تەواوی  لاسایی کردنەوەی وڵاتانی کەنداوە و زۆرێک لەو کرێکارانەی کە بە زۆری لە بەنگلادیش، فیلیبین، نیپاڵ ، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقیا هێنراون لە ماڵان و جێی کاردا ڕووبەڕووی گێچەڵ و دەستدرێژی دەبنەوە. چەندین ژن تەنانەت جەسارەتی ئەوەیان نەبووە کە باسی لە کەیسەکانی خۆیان بکەن لەبەرئەوەی کە مەترسی دەرکردنیان لە کار لەسەرە….

ماویەتی…

Leave A Reply

Your email address will not be published.