برایانی کارامازۆف …  شەماڵ بارەوانی…

0

برایانی کارامازۆف

 شەماڵ بارەوانی…

 شاکارێکی تری ئەدەبی ناوازەی گەورە نووسەری ڕووسی”دۆستۆیفسکی”ـە

دۆستۆیفسکی لەو ڕۆمانەیدا له کۆمەڵێک پرس دەدوێ و دەیەوێت چارەسەریان بکات. کێشە مرۆڤایەتیەکانی وەک: پەروەردەی منداڵ و پەیوەندیە خێزانیەکان، پەیوەندی نێوان کەنیسە و دەوڵەت، ئیمان و بێ باوەڕی، ئەرکی مرۆڤ لە بەرامبەر خودی خۆی و ئەوانەی تر..تاد.

برایانی کارامازۆڤ/

چیرۆکی خانەوادەی کارامازۆڤە. فیۆدۆر کارامازۆڤی باوک، باوکێکی دڵڕەق، باوکێک هەموو سامانەکەی لەخواردنەوەی مەی و ڕابواردن لەگەڵ ژن و چێژ بە هەدەر دەدات.

باوکێک، لە دوو هاوسەردا سێ منداڵ دەخاتەوە. دیمیتری، کوڕی گەورەی کارامۆزۆف. دیمتری وێنەی شیزۆفرینیای مرۆڤە، لەو ڕۆمانەدا.

ئەو، ئەفسەرێکی خانەنشینە و لەسەر هەمان ستایلی باوکی ژیان دەکات و ڕێگا دەبڕێت و ئامادەیە لەپێناو ڕابواردنی شەوێکی سوور لەگەڵ  ژندا، هەموو سامانەکەی ببەخشێت.

لە نێوان دیمتری و کارامازۆڤی باوکیدا، ململانێیەکی توند هەیە، لەسەر میرات و سامانی دایکی دیمتری، خۆشەویستی گرۆشینکا.

کوڕەکەی تری (ئیڤانۆڤ) کەسێکی ڕوناکبیر و شاعیر و نووسەرە، بیرمەند و فەیلەسوفێکی وجودی گومانگەرایە و لە سییەکانی تەمەنی دایه.

ئەو، ژیانێکی ناجێگیر و پڕ لە دڵەڕاوکێ دەژیت. کەسێکە پڕی لە گومان و پرس لە بارەی ئایین و ئەخلاق و چارەنووس و بوون و میتافیزیکا و بێ باوەڕی.

ئەو پەیوەندی لەگەڵ براکەی ئەلیکسی، پەیوەندیەکی سادە و ساکارە. ئەلیکسی، کە پاڵەوانی ڕۆمانی (برایانی کارامازۆڤ)ـە، سەرەڕای بچووکی تەمەنی، ئەو قەشەیە لە کلێسادا !

پاڤێڵ، کوڕە ناشەرعیەکەی فیۆدۆر، هاوشێوەی ئیڤانی برای کەسێکی مادیگەرا و ئەتایست و بێ باوەڕە. گرۆشینکا، کچێکیترە و لە چیڕۆکی ئەو ڕۆمانە بەشدارە.

گرۆشینکا، کاری لە شفرۆشی دەکات، فیودۆر و دیمتری باوکی هەردووکیان پێکەوە دەکەونە داوی خۆشەویستی گرۆشینکا و ململانێ لەسەر بەدەست هێنانی دەکەن.

ئەو ململانێیەی لە کۆتاییدا بە مەرگی فیۆدۆری باوک کۆتایی دێت و دیمتری کوڕ بەو کوشتنە تۆمەتبار دەکرێت، بەهۆی بێ بەشکردنی باوکی لە میرات و چاوتێبڕینی لەو کچەی خۆشی دەوێت.

سەرەنجام ئەو، سزای بیست ساڵ زیندانی لەگەڵ کاری قورسی بۆ دەبڕدرێتەوە. گرۆشینکا بەردەوام لە ڕێگای ڕزگاربوون و وازهێنان دەگەڕێت لەو کارەی.

لە کۆتاییدا لەگەڵ ئەلیکسی قەشە ڕێکدەکەوێت و واز دێنێت. کاترینا، کچێکیتری لەخۆبایی نێو چیڕۆکی برایانی کارامازۆڤە. ئەو دەستگیرانی دیمتریە و  ئیڤان خۆشی دەوێ، وەلێ کاترینا ڕووی تێناکات.

برایانی کارامازۆڤ/

لەو شاکارە ئەدەبیە جیهانیانەی هاوشێوەی کۆمێدیاکەی دانتی و جەنگ و ئاشتی تۆلسۆی و تراجیدیاکەی شەکسپیر و فیردەوسە ونبووەکەی هاملتونە، کە بۆ هەتا هەتایه ناویان لە تۆماری ئەدەبی جیهانی بە جاویدانی  دەمێنێتەوە و سنوورەکانی زەمەن و کات دەبڕن.

برایانی کارامازۆڤ/

جیهانی ناوەوەی دۆستۆیفسکی خۆیەتی، ناکۆکی و ململانێیە لە نێوان:

هێزی چاکە و خراپە

– باوەڕ و بێ باوەڕی

– ویژدان و تاوان،

-فەلسەفە و لاهوت،

-زانست و ئایین.

برایانی کارامازۆڤ/

جیهانێک پڕ لە ڕاڕایی و گومان و عەدەمیەت. کارامازۆڤ، ململانێی مرۆڤە لە گەڵ خودی خۆیی و دەوروبەرەکەی.

برایانی کارامازۆڤ/

 بەرجەستەی ژیان و جیهانبینی جۆرێک لەمرۆڤ دەکات، جیهانێک، پڕ لە ئیشکالات و ململانێی وجودی ومەعریفی.

 موشتومڕ لەبارەی فەلسەفە و لاهۆت و ئایین.

برایانی کارامازۆڤ/

گەشت و پشکنین و گەڕانە، بەناو کۆڵانە تاریکەکانی دەروونی مرۆڤ، بە مەبەستی گەیشتن بە پنتە نەزانرا و خاڵەشاراوەکانی ئەو دنیا لێوان لێو لە مەجهولاتە.

ئەو شاکارە مەزنە، کتبێکی فکیری پڕ لە فەلسەفە و تێڕامانی قوڵە، لە بەرگی ڕۆماندا.

لە برایانی کارامازۆڤدا، خوێنەر ئاشنای زانستی دەروونزانی و کۆمەڵناسی و زانیاری لەبارەی مێژوو دەبێت.

لە  برایانی کارامازۆڤدا، دۆستۆیفسکی پێمان دەڵێت: تەنها بە ڕێگای خۆشەویستی و جوانی جیهان ڕزگاردەبێت.

بەڕێگای دایەلۆک لە نێوان ئاڕاستە و جیهان بینیە جیاوازەکان لێک تێدەگەین.

وەک ئەو دایەلۆکەی لە نێوان هەردووک برا(ئیڤانی بێ بڕوا و بوونگەرا و ئەلیکسی بڕوادار و قەشە)، لەبارەی ئایین و بێ دینی، لاهوت و فەلسەفە.

 بۆچوونێک هەیە دەلێ، بۆچی نووسەر کوڕە بچووکەکەی”ئەلیکسی” بڕوادار و قەشەی  لە”برایانی کارامازۆڤ” وەک پاڵەوان  پیشان دەدات لەو شاکارە، بەڵام ئیڤانۆڤ و دیمتری بێ بڕوا نا، یان کارەکتەرێکی تری ڕۆمانەکە؟!

ئەو هەڵبژاردنەی ئەلیکسی ئاماژەیە بۆ تاکە ڕێگای ڕزگاربوونی دۆستۆیفسکی، لە جیهانی ڕابواردن و ڕاڕایی و گومان و عەدەمیەتەکەی “دیمتری و ئیڤانۆڤ”.

کەواتە بە پێی ئەو بۆچوون و خوێندنەوەیەبێ لەسەر برایانی کارامازۆڤ، دەبێ بڵێین:

قۆناغی یەکەمی ژیانی لەو دۆخە پڕ ڕابواردن و مەیی و ڕۆمانسیەت و ململانێیەی لەسەر سامان و جنس، لەکەسایەتی و کارەکتەری دیمتری بەرجەستەیە.

پرسیار و گومان و ڕاڕایی و عەدەمیەت و بێ باوەڕی و ئیشتیراکی بوون و چاڵاکیە فیکری و فەلسەفیەکانی ئیڤانۆڤیش وێنە و واقیعی قۆناغی دووەمی ژیانی دۆستۆیفسکین.

ئەلیکسی قەشەیش قۆناغی کۆتایی تەمەن و دوا ساتەکانی ژیانی دۆستۆیفسکی و”دۆخی ڕزگاربوونیەتی.

واتا: لە جیهانی ژن و شەڕاب و سامانەوە، بۆ دنیای فەلسەفە و وجودیەت و ڕاڕایی و ناجێگیری و گومانگەرایی.

پاشان بۆ باوەشی دڵنیایی و باوەڕ و میتافیزیکا و ئیمان.

دواتر لەسەردوا قۆناغی ژیانی دۆستۆیفسکی، لەلایەن کەسانێک هێرشی دەکرێتە سەر و بە ترسنۆک و ئاییندارێکی دواکەوتوو وەسفی دەکەن. دۆستۆیفسکی لەوڵامدا لە ڕۆمانی”برایانی کارامازۆڤ” دەڵێت:

من بەشێوەی منداڵێک باوەڕم بەخوا نەهێناوە و دانم پێدانەناوە، من لەڕێگەی ئازار و سەختی و گومان و بێ باوەڕی گەیشتوم بە باوەڕ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.