لە ئەفسانەی بۆرژوازی میللی و پێشکەوتنخوازەوە بۆ شۆڕشی هەموان پێکەوە!
لە ئەفسانەی بۆرژوازی میللی و پێشکەوتنخوازەوە
بۆ شۆڕشی هەموان پێکەوە!
نیگەرانی هەڵسوڕاوانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و خەتی تەقوایی لە شیعاری مرگ بر ستمگر چە شاە باشد چە رهبر، بارینی باران لە ئاسمانێکی بێهەور نیە بەڵکوهەڵوێست و هەڵبژاردنێکی سیاسی دیاریکراوی هەڵێنجراوی خەتێکی سیاسی و چینایەتیە کە نەک هەر بۆ چەپ و کۆمۆنیزم له ئێران بیرهێنەرەوەی برینی شکستێکی سیاسی گەورەیە بەڵکو بۆ چینی کرێکار و ژن و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگەی ئێران، ئەوپاساوانە دێنێتەوە ناو یادەوەری کە بوونە بەردەبازی هاتنە سەرکاری کۆنەپەرستیەکی بێوێنەی بۆرژوایی.
ڕەنگە بۆ نەسڵی ئەمڕۆ شۆڕشی یەکەمی ئێران کەم تا زۆر لەوەدوردەستتر بێت تا بزانێ داستانەکە چی بوو ، چۆن و لە چ ڕەوەندێکدا ئەوشۆڕشە بەوسەرەنجامە گەیشت؟کام هێزی سیاسی و چینایەتی وبە چ جۆرە تێگەیشتن و ئامادەییەکی سیاسیەوە لە کورانی ئەو شۆڕشە دا کەوتنە جەنگ و شەڕی یەکترەوە و بەو سەرەنجامەی ئێستا گەیشت. بەڵام نەسڵی پاشماوەی ئەو ڕوداوە سیاسی وکۆمەڵایەتیە و بە تایبەت نەوەی هەڵسواڕاوانی چەپی ناو ئەو ڕوداوە گەورەیە، هێشتا ئەم ڕوداوە بە هەموو برین و بیرەوەری وساتە تاڵ وشیرینەکانی خۆیەوە دەتوانێ بهێنێتەوە یاد و تیایدا بژی. شۆڕشی یەکەم لەجەرگەی یەکێتیەکی گەورەی خێزانی بۆژوازی میللیدا شکستی خوارد کە سەرێکی خومەینی و حیزبللە و سەرەکەی تری تودە و چەپی خەڵکگەرا وپوپۆلیست بوو و بە کوشتاری چەپ و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێهات. شۆڕشێک کە مۆری کوشتاریکی گه وره ی چه پ و هاتنەسەرکاری کابوسێکی وەکو جمهوری ئیسلامی پێوەیە دەکرێ كه چەپ وکومۆنیزمی ئەۆ کۆمەڵگەیەی ئەوەندە باڵغ کردبێ و پێگەیاندبێ کە نەکرێ ئەمجارە بکرێتە قوربانی.
شۆڕشی یەکەم ئەگەرچی بە کابوسێکی ئیسلامی و لەڕێگەی سەرکوتێکی خۆیناوی چەپ کۆتایی پێهات، بەڵام جۆرە چەپ و کۆمۆنیزمێکی لەگەڵ خۆیدا هێنا کە وایکرد چەپی ئێران و ناوچەکە جیاواز بێت لە چەپی ناوچەکە ودنیا. کەوایکرد تێگەیشتنی لە ئازادی و ڕزگاری و لە کێمشەکێشی کۆمەڵایەتی وسیاسی و لە ئاڵۆگۆڕە سیاسیەکان چینایەتیتر و مارکسیستر بێت. چەپێکی لە هەناوی خۆیدا پوختە کردکە ئەو وەهم و ئەفسانانەی کە چینەکانی تر، جوڵانەوە چینایەتیەکانی تر وەک سنور وچوارچێوەی سروشتی خەباتی سیاسی چینایەتی کرێکار لە پێناو ڕزگاری دیاریان کردبوو ڕەخنە کرد. خەڵگەرایی و سۆسیالیزمی خەڵکگەرا داوای لە چینی کرێکار ئەوەبوو لەپێناو ڕزگاری میللی و نیشتیمانی و ڕزگاری لەئیمپریالیزم، حیسابی بۆرژوزی میللی و خۆ وڵاتی و خۆیی لەوانەی ترجیا بکاتەوە و وەک بەشێک لە خەباتی خەڵکیی قبوڵی بکا و ئامادەبێ سازشی چینایەتی لەگەڵ بکا.ئەو سۆسیالیزمە خەڵگەرایە پێی وابوو وابوو کە بۆرژوازی میللی و خۆیی پێشکەوتوە. جیاوازە لە بۆرژوازی وابەستە جیاوازە لە بۆرژوازی کۆمپڕادۆر، چونکە دژی ئیمریالیزمە و خۆییە و نیگەرانە لەوەی بازاڕ ی چەوساندنەوەی کاری کرێگرتە لە دەستی غەیرەخۆییدایە.لەبەر ئەوە بە پێی خەڵگەرایانی چەپ دەبوایە لەگەڵ ئەو بۆرژوازی موحتەرەمانەتر ڕەفتار بکرێ و وەک بەشێک لەو خەباتە میللی و دژی ئیپمریالیستیە تەماشا بکرێ وڕێگە نەدرێ کە جیاوازی چینایەتی و بەرژەوەندی چینایەتی جیاواز و دەعوای چینایەتی دو هێزە سەرەکیەکە چینی کرێکار و بۆرواژی، ڕیزی ئەم خەباتە خەڵکیە دوچاری درز و قڵشت بکا.بەو جۆرەپاساوی ئەوسای چەپگەرایانی خەڵکی بۆ بەسازش کێشانی چینی کرێکار و چینە محرومەکان لەگەڵ بۆرژوازی لە شۆڕشی پێشوودا، میللی بوونی بەشێکی بۆرژازی بوو، دژی سەڵتەنەت و دژی ئیمپریالیزم بوونی ئەو بەشەی بورژوازی بوو. بۆیە ڕەوا نەبوو کە کرێکار وکۆمۆنیزم بە چاوی دۆژمنی چینایەتی سەیری ئەو بۆرژوازیە بکا. چونکە هەرچۆنێک بێ ئەو بورژوازیە ئابوری وپیشەسازی سەربەخۆ بەڕێدەخا و دەرزی وسوژنی خۆماڵی دروست دەکا. خەتی تەقوایی لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری خەریکی دوبارکرنەوەی هەمان داستانی پۆپۆلیزمی چەپە. خەریکە لە گەرمەی هەڵچوونێکی سیاسی گەورە لە مێژووی تازەی ئێراندا، لە باسی سلبی بوونی هەلومەرجەکە سازشی چینەکان و هەموان پێکەوە دەردەکێشێ. سازش لەگەڵ ڕاستی پڕۆ غەرب.
بێگومان یەکێک لەسەرمایە و دەسکەوتە پڕ بایەخەکانی شۆڕشی یەکەم دەرکەوتن و پێگرتنی جۆرە چەپ و کۆمۆنیزمێک بوو کە لەگۆشەیەکی چینایەتیەوە کۆمەڵگە و مێژوو و ڕەوەندی ئاڵۆگۆڕەکانی دەبینی. کۆمۆنیزمێک کە دەرک و تێگەیشتنی لە مێژوو ئەوەبوو هەر ئاڵۆگۆرێک لەدەوری مەسەلەی دوو چینی سەرەکی، لە دەوری بەرژەوەندی چینایەتی دو چینی کۆمەڵایەتی بۆرژوازی و چینی کرێکاری کرێگرتە کە یە کێکیان بۆڕزگاری دەبێ لە کاری کرێگرتە ڕزگاری بێ و دوەمیان فەلسەفەی بوون و مانەوەی لە خودی چەوسانەوەی کاری کرێگرتەدایە، مۆر دەخوا و دەچێتەپێشەوە. هەر ئاڵوگۆڕێک و هەر ڕەوەندێک بە چاوپۆشین لەوەی کە چ شێوەیەکبەخۆیەوە دەگرێ، کێمشمەکێشی چینایەتی ئەم دو ئۆردوە چینایەتیەی لە پشتە.یەکێکیان بە هۆی ئەوەی کە بۆ ڕزگاری خۆی دەبێ فەلسەفەی بوونی خۆی، واتە کۆیلایەتی کاری بەکرێ و موڵکایەتی تایبەتی بۆرژوایی هەڵوشێنێتەوە، ئازادیخواز و یەکسانیخوازە و دوەمیان بە هۆی ئەوەی کە خودی دەسەڵات و بوونی لە گرەوی بوونی هێزی کار فرۆشی و بە کاڵابوونی هێزی کار و کاری بەکرێ و سەرمایە وچەوسانەوەدایە، کۆنەپەرەست و دژی ڕزگاری و خۆشبەختی مرۆڤە.ئەم کۆمۆنیزمە هەرچەندە لەشۆڕشی یەکەمی ئێران لەلایەن بۆرژوازی میللی و ئیسلامیەوە و لە سەرکوتێکی خوێناویدا لێدرا و کرایە قوربانی بەڵام سەرەتاکانی خەتێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی گەڵاڵە کرد کە سەرمایەی سەرکەوتنی هەر شۆڕشێکی کرێکاری و هەر سەرکەوتنێکی سیاسی چەپ و کرێکاریە لە ئایندەی ئاڵۆگورەکانی ئێراندا.
کۆمۆنیزمی کۆمەڵایەتی و سازشی چینایەتی!
بەهانەوپاساوێکی ئەم ڕاستڕەویەی ئەمڕۆ گوایە بەهایەکە کەدەبێ بدرێ بۆ کۆمەڵایەتی بوون، لە پێناوی ئەوەی کە هێزێکی مەلموس و هەسپێکراوی سیاسی بیت. گوایە چاوشارکێ لەگەڵ ڕاستی پڕۆغەرب و ڕەچاوکردنی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو کەمپە بۆرژواییە قەرارە خزمەت بەوە بکا کە لە چاوی خەڵکەوە وەک هێزیێکی موعتەبەری چەپ بەڕەسمی بناسرێن. گومان لەوەدا نیە کە کۆمۆنیزم وەک هێزێکی سیاسی دەبێ بەردەست بێ. گومان لەوەدانیە کە دەبێ بە سادەترین شێوە بۆمیڵیۆنان کەس و لە قەرەباڵغترین مەیدانەکان و لە پڕ تیراژترین میدیا دا و بە هەمان میکانیزم و شێوە کۆمەڵایەتیەکان کە هەر هێزێکی سیاسی جیددی وکۆمەڵایەتی دەردەکەوێ، پێویستە دەربکەوێ.بەڵام ڕێگەکەی ڕەفتاری دیپلۆماسی و سازش و چاپلوسی نیە، ڕەسمگرتن لە پاڵ ئەوانی تر دانیە. بەڵکو بۆ کۆمۆنیزمێک کە بیەوێ بۆ یەکجار کۆمەڵگە و چینەکەی خۆی لە دەوری خۆی هەڵخڕێنێ، مەرجی گۆڕانی بە هێزێکی جیددی و موعتەبەری سەردهمی خۆی، دەرکەوتنیەتی بەتەواوی ڕادیکاڵیزمی سەرسەختی سۆسیالیستی خۆیەوە. ئەگەرکۆمۆنیزمێک و خەتێکی کۆمۆنیستی نەتوانێ چەندەها میلیۆن ئێرانی لە دەرەوە بەخۆی پەیوەست بکا لە پێناو لانیکەم لەکۆڵکردنەوەی کۆماری ئیسلامی و بە ناوی خۆیەوە نەتوانێ جوڵەیەکی،سیاسی جیددی بەڕێبخا یان بگۆڕێ بە ئاڵتەرناتیوێکی چەپی موعتەبەر لە دەرەوە و لە هەما مەیدان و بە هەمان سەرسەختی سۆسیالیستی خۆیەوە بەسەر ڕاستی بۆرژوازیدا سەربکەوێ کۆمۆنیزم نیە. چاپلوسی و دیپلۆماسیەت بە خەرجدان لەگەڵ ڕاستی پڕۆڕۆژئاوا، تەنیا دەتونێ نیشاندەری ئەوە بێ کە ئەو جۆرە پۆپۆلیزمی چەپە چەندە ئامادەیە کڵاووی بکرێتەسەر.
تەواوی تایبەتمەندی و پێویستی چینایەتی خەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بڕیاربوو لەوەدابێ کە لەهەلومەرجی تایبەتی گوزار و ئاڵوگۆری شۆڕشگێرانەدا ، حیزب و خەتێک بێ تێبکۆشێ سەربکەوێ و سەرکەوتنێکی سیاسی سۆسیالیستی و چەپ بەسەرەنجام بگەیەنێ. تەواوی جەدەلە تیئۆریکەکەی، حیزبسازی و ڕەخنەی لە ئەفسانەی شێوە سۆسیالیستیەکانی جوڵانەوە چینایەتیەکانی تر، شەڕ و دعوای لەگەڵ خەڵکگەرایانی چەپ لە شۆڕشی یەکەمدا، جەنگی چەندین ساڵەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و لەگەڵ حیزبی بۆرژوازی لە کوردستان، بەرنامەی دنیایەکی باشتر و باس و پێداگریەکانی لەسەر پێویستی ئامادەیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ قودرەتی سیاسی و لەڕێگەی ئەویشەوە بۆ ئاڵگۆڕی سۆسیالیستی لە ژیانی هەر ئەمڕۆی مرۆڤدا، بۆ ئەوە بوو کە دروست لە هەلومەرجی هاوشێوەی ئێرانی ئێستادا بکرێ ببێ نوێنەر و موژدەدەری ئیمکانی سەرکەوتنێکی سیاسی سۆسیالیستی و چەپ. بڕیاربوو دروست بەهۆی ئەم خەسڵە سۆسیالیستی و کرێکاری و ڕادیکاڵەی خۆیەوە، بەهۆی هەمان سازشهەڵنەگری چینایەتی خۆیەوە، جوڵانەوەی نەخێری ئەمڕۆی ئێران بە جمهوری ئیسلامی و دەسەڵاتی دین بە خۆیەیەوە پەیوەست بکا و نوێنەرایەتی بکا و بەسەر بۆرژوازی و جوڵانەوە چینایەتیەکانی تر سەربکەوێ.بێ ئەوەی لەژێر هیچ ناو بەهانەیەکدا ئیمتیاز بەهیچ بۆرژوازیەک بدا و بە بێ ئەوەی لە هیچ گۆشەیەکی ڕەخنەی خۆی بە هیچ هێزێکی بۆژوازی کەم بکاتەوە ئەم کەلەڕەقیە سۆسیالیستیە کرێکاریە بە دەسەڵات بگەیەنێ و بیخاتە ناو ئەو دەعوا گەورەیەی کە ئەمڕۆ لە ئێران کراوەتەوە له سەر دەسەڵات. پڕۆژەی حیکمەت ئەوە بوو کۆمۆنیزم وخەتێکی کۆمۆنیستی و لێنینی بەو جۆرە بخاتە سەرپێ کە بکرێ بۆ ئەو سەرکەوتنە بە هەمان کەلە ڕەقی و ئەوپەڕخوازی سۆسیالیستی خۆیەوە، بجەنگێ. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا خەتی خەتێک کەحەمیدی تەقوایی و حیزبی ئێستای کرێکاری شوێنیان گرتوە، درێژەی مەنتیقی ئەم خەت و کۆمۆنیزمەیە کە بڕیاربوو دروست بەهۆی ڕادیکاڵیزمی کرێکاری و سۆسیالستی خۆیەوە، بە هۆی سازشهەڵنەگری چینایەتی خۆیەوە، بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی سۆسیالیستی و بۆ نوێنەرایەتی کردنی پڕاوپڕی سۆسیالیزم و چینی کرێکار لە گەرمەی دەعوایەک کە لە ئێران پەرەی گرتوە، بجەنگێ؟ وەڵامی من بەو پرسیارە نەخێرە. بەڵام بۆ؟
تا ئێرە باسی ئەوەم کرد بۆ حيكمه ت پڕۆژە سەرەکیەکە ئەوە بوو چون یەک سۆسیالیزمی کرێکاری کەللەڕەقی سۆسیالیستی بەتەواوی ئەوپەڕخوازیخۆیەوە ڕێک بەهۆی هەمان خەسڵەتی سازشهەنەگری چینایەتی وکرێکاری خۆیەوە بگۆڕێ بە نوێنەری جوڵانەوەی نەخێرێکی گەوره کە ئەمڕۆ لە ئێران کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی دینی بە گیر هێناوە. بەڵام پڕۆژەی حەمید و خەتی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری لە جوڵانەوەی سلبی و ئەوەی چۆن دەکرێ ببیتە نوێنەری نەویستن ونەخێر بە کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی دین و کۆنپەرەستیەکی بۆرژوایی، دەگا بە سازشی چینایەتی. بۆ خەتی حەمید و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێستا، جوڵانەوەکە گشتیە و خواستێکی هەیە کەئەویش خستنی کۆماری ئیسلامیە و ئەرکی سە رەکی ئەوەیە کە یەکێتی ئەو بزوتنەوە گشتی و خەڵکیە بپارێزرێ تا دوای کەوتنی کۆماری ئیسلامی. دەکرێ بڵێین ئەمە تەواوی ئەو شتەیە کە خەتی حەمید لە خەسڵەتی سلبی، واتە لەوخەسڵەتەی کە کۆمەڵگەیەک دەگاتە ڕەتکردنەوەی دۆخێکی دیاریکراو وەریگرتوە و تێی گەیشتوە.بەو پێیە ئەگەر هەڵسوڕاو و ئەکتیڤیستێکی جوڵانەوەی کۆمۆنیستی کرێکار بڵێ ڕاستی پڕۆڕۆژئاوا، هێزێکی دژی شۆڕشە و هەر ئێستاوە خەریکن ئامادەی دەکەن بۆ کلیل و قۆفڵەکانی دەوڵەتی بۆرژوایی و سەرمایەداری ئێرانی ڕادەست بکەن و هەر لە ئێستاوە لە ئامادەکردنی شەبەیخونێکی خوێناوی دیکەیە لە دژی چەپ وچینی کرێکار سۆسییالیزم لە ئێران کە لە کەوتنی کۆماریدا دەرفەتی سەرکەوتنێکی سیاسی چەپ و سۆسیالیستی دەبینێ دەبێ هەر ئێستا ئەو ڕاستە بێ خاسیەت بکرێ و مەیدانیان لەدەستدەربهێنرێ ، ڕەنگە هەڵسوڕاو وئەکتیڤیستی خەتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێستای ئێران و خەتی حەمید پێی بڵێ ئاخر ئێستا کاتی نیە و ئەمە بە مانای پەڕاکەندەیی و پەرش و بڵاوەپێکردنی جوڵانەوەی گشتیە و سەرەنجام یەکێتی جوڵانەوەی گشتی بە قازانجی کۆماری ئیسلامی لاواز دەکا. ئەمە ئەنجامگیری تایبەتی خەتی ئەمڕۆی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێرانی ئێستایە لە یەکێک لەباسە زۆر گرنگ و میتدۆلۆژیکەکانی حیکمەت لەمەڕ ئەوەی چۆن لەسەردەمی جوڵانەوەی نەخێر بە هەلومەرج و حاڵەت و ڕژێمێک و هەلومەرجێکی دیاریکراو، لەسەردەمی هەڵچوونی شکڕگێڕانە، چەپ و کۆمۆنیزمی ڕادیکاڵ دەکرێ بگۆڕێ بە نوێنەری سەرەکی ئەو نەخێر و نەویستنە و چۆن ئەمە دەکرێ بگۆڕێ بە کلیلی هێزگرتن وبە دەسەڵاتگەیشتنی چەپێکی سۆسیالیستی و کرێکاری.
ئەمە جیاوازی دوو خەتی سیاسی جیاوازە بە سەرەنجامگیری سیاسی و عەمەلی و چینایەتی جیاواز. یەکێکیان دەگا بە سازشی چینایەتی و هەموان بە یەکەوە و دوەمیان دەگا بە پێویستی هێنانەمەیدانی چەپێکی کەلەڕەقی سۆسیالیستی و کرێکاری کە بیەوێ بەبێ لێکەمکردنەوە و پڕاوپڕ بگۆڕێ بە نوێنەری جوڵانەوەی نەخێری ئێستا بە کۆماری ئیسلامی و تێبکۆشێ بۆ سەرکەوتنێکی سیاسی چەپ بەسەر جمهوری ئیسلامی و ڕاستی پڕۆ ڕۆژئاوا و ببێتە هێزی سەرەکی کێشمەکێش لەسەر دەسەڵات و گرتنە دەستی کۆمەڵگە.
ابراهیم حسێن
۱.۱۱.۲۰۲۲