تابوری پێنجەم… شەماڵ بارەوانی
تابوری پێنجەم… شەماڵ بارەوانی
“تابوری پێنجەم” شاکارێکی تری ئەدەبی ژنە نووسەری بەریتانی” ئەگاثا کریستیە” و لەساڵی ١٩٤١یەکەم چاپی بڵاوکرایەوە.
تابوری پێنجەم/
یەکێکە له پڕفرۆشترین ڕۆمانەکان لەسەر ئاستی جیهاندا. ئەگاثا، پاڵەوانی چیڕۆکە پۆلیسییەکان، لەمێژووی ئەدەبدا، نەبووە کەسێکیتر بەقەد ئەو خانمە نووسەرە جێ دەست و پاڵەوانێتی خۆ بسەلمێنێت لەو بوارەدا.
تابوری پێنجەم/
ڕۆمانێکی پۆلیسییە و دەچێتەخانەی ئەدەبی تاوانکارییەوە.
تابوری پێنجەم/
باس لە کاری سیخوڕی دەکات لەنێوان ئەڵمانیا و بەریتانیا… لەکاتی جەنگی جیهانی دووهەم دا. چیڕۆکی ڕۆمانەکە، باسکردنە لە گەڕان بەدوای جاسوسی ئەڵمانی و تابورەکانی پێنجەم لەلایەن دەزگای هەواڵگری بەریتانی لە بەریتانیادا.
لە”تابوری پێنجەم”دا
نوسەر دەمانباتە ناو جیهانی تابورەکان و جاسوسی و ئاشنای ململانێی دەزگا هەواڵگیری و پیلانەکانیانمان بۆ باس دەکات،
ئەگاثا لەو ڕۆمانەدا دەیەوێ پێمان بڵێت چۆن زیرەکی ئینگلیز و بەریتانیەکان پێش پیلان و لێ هاتوویی ئەڵمانە نازی و ڕەگەزی ئارییەکان دەکەوێت، ئەوەش دەرکی پێ ناکەن مەگەر لە کۆتایی چیڕۆکی ڕۆمانەکەدا نەبێ.
تابوری پێنجەم/
مشتومڕی بڕگەیەکی مێژوویی دەکات، مێژووی سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەم، سەردەمی ململانێی نێوان بەریتانیا و ئەڵمانیا و پێشبڕکێ کردنیان لە هونەری چاندنی تۆوی سیخوڕی و درووستکردنی تابوری پێنجەم و گەیشتنی ئەو سیخوڕ و تابورانە بۆ شوێنی هەستیاری وەک دەزگاکانی دەوڵەتی بەریتانیا و کارکردنیان لە دژی ئەو وڵاتە.
ئەو شاکارە مەزنە بۆ زۆرێک لە زمانەکانی جیهان وەرگێڕدراوە و دوواتر، وەک زۆرێک لە بەرهەم و نووسینەکانی تری نووسەر، خۆی خزاندە نێو جیهانی فیلم و سینەماوە و فیلمی لێ بەرهەم هێندرا.
ئەگاثا بە یەکێک لە ناودارترین نووسەر دادەندرێت لە مێژوودا، لەڕووی پڕفرۆشترین و تۆمارکردنی ژمارە پێوانەدا.
هەروەها بە یەکێک لەو نوسەرە مەزنانەی سەدەی بیستەم دێتە ئەژماردن، کە بە نووسەری چیڕۆکە تاوانکاری و پۆلیسییەکاندا ناوی دەرکردووە و زیاتر لە شەست ڕۆمانی پۆلیسی نووسیوە و بە شاژنی تاوان و نووسەری چیڕۆکە پۆلیسییەکان هاتوەتە ناسین و بەهۆی ڕۆمانەکانییەوە ناوو دەنگێکی جیهانی پەیداکردووە.
شاکارەکانی زۆرێکیان مۆرکێکی تاوانکاری و پۆلیسییان هەیه. ئەگاثای ژنە نووسەر، لەپاڵ نووسینی چیڕۆک و ڕۆمانی پۆلیسیدا، ڕۆمانی ڕۆمانسیشی دەنووسی، لەژێر ناوی خوازراوی”ماری ویستماکوت”دا.
ئەگاثا کریستی، له سێپتەمبەری ١٥/١٨٩٠ لە بەریتانیا لە دایکبووە و لە جەنیوەری ١٢/ ١٩٧٦ماڵئاوایی له ژیان کردووە.
وەک ئاماژەمان پێدا، کە تەوەری سەرەکی ئەو ڕۆمانە، باس لەسەردەمی جەنگی جیهانی دووەم دەکات. ململانێی نێوان یەکێتی سۆڤێت و بەریتانیا، بەریتانیا و ئەڵمانیای نازی.
ئەوسەردەمەی هێزی ئاسمانی بەریتانیا دەجەنگا لە دژی هێرشی ئاسمانی نازییەکان، لە هەمان کاتدا بەریتانیا، لە پاڵ مەترسییەکانی نازیزم و ئەلمانیا و هێز و دەوڵەتی تری دەرەکی، ڕووبەڕووی دووژمنێکی مەترسیناکتری ناوخۆیی ببوویەوە.
ئەو دووژمنە ناوەکیەی نازییەکان ڕۆڵێکی باڵاو سەرەکیان هەبوو تیایدا، دووژمنێک لە خۆت، لەجەستەی نیشتمان، ببێتە خزمەتکاری بێگانە و هێزی دەرەکی و لەپێناو دووژمن و لەسەر حسابی وڵاتی خۆی و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و گەڵەکەی خۆی کاربکات و ببێتە تابوری پێنجەم !
نازییەکان دەستێکی بەهێزیان هەبوو لەو جۆرە یارییەدا له بەریتانیا. تۆوی سیخوڕییان لەناو دڵی بەریتانیادا چاندبوو. کەسانێکی زۆریان کردبوو بە سیخوڕ و تابووری پێنجەم، تا بۆ بەرژەوەندی نازییەکان کاربکەن. حکومەتی بەریتانیا، لەگەڵ زۆر بوونی مەترسییەکان و زیادبوونی ڕێژەی تابوورەکان لە وڵاتدا، دوو سیخوڕی بەناوەکانی(تۆمی و تۆبنس بێرسفۆرد)ی خستەکار. ئەرکی سەرەکی ئەو ژن و پیاوە گەڕان بوو بە دوای پیاوژنێک کە لە میوانخانەی (سان سوسی)دا بەمەبەستی کاری سیخوڕی گیرسابوونەوە.
ئێن ، و ئێم، نازناو دوو ناوی خوازراوی ئەو ژن و پیاوە سیخوڕە ئەڵمانی و نازییەن. تۆمی و تۆبنس ماوەیەک بێزاری دایاندەگرێت و هەست دەکەن دوای ئەو هەموو ساڵە لە کارکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگیری بەریتانیادا، ئەوان هیچ سوودێکیان نەکردووە و لەپەراوێزدان.
دواتر تۆمی لە سیخوڕێکی تری نهێنی لە هەواڵگیری بەریتانیا نزیک دەبێتەوە بەناوی (گرانت)و دووباره کاردەکات بۆ ئاشکراکردنی تابوورەکانی پێنجەم و ناسنامەی سیخوڕە نازی و ئەڵمانییەکان و بەتایبەتی ئێن و ئێم. گرانت پێشووتر زۆر هەوڵیداوە سیخوڕ و تابورەکانی ئەڵمانیا و نازی لەوڵاتدا ئاشکرا بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە و بەردەوام بەربەست کەوتووەتە سەر ڕێگای.
گرانت باسی نامەی یەکێک لەو کەسانە دەکات کە لەگەڵ دەزگای هەواڵگیری بەریتانیادا کاری کردووە و لە لایان نازییەکانەوە تیرۆرکراوە. ئەو کەسە، پێش دەرچوونی گیانی لە پێخەفی مەرگدا و بەر لە مردنی نامەیەکی دوای خۆی جێ هێشتووە و ئاماژە بەوەدەکات کە ئەو دوو سیخوڕە (ئێن و ئێم) لە لیاهامبتۆن و لە میوانخانەی (ٚسان سوسی) کەنار دەریا دەمێننەوە.
تۆمی بە مەبەستی ئاشکرا کردنی ناسنامەی ئەو دووکەسە بەدووایاندا دەگەڕێت. بڕیاردەدات و دەڕواتە میوانخانەی (سان سوسی). چونکە ئەو سیخوڕانە دەستیان هەبووە لە کوشتنی یەکێک لە گەورەترین سیخوڕەکانی بەریتانیا.
دواتر تۆبنسیش بڕیاردەدات بێتەوە پاڵی و لەگەڵی دەست بەکار دەبێتەوە و پێش تۆمی دەگاتە میوانخانەکە و پاشان هەردووکیان پێکەوە کاردەکەن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو دوو سیخوڕە ئەڵمانیە.
لە کۆتاییدا تۆمی و تۆبنس ناسنامەی هەردووک سیخوڕەکە ئاشکرادەکەن و دەیان دۆزنەوە و دەزگای هەواڵگیری بەریتانی “ئێن”ی ژنە سیخوڕ دەکوژن. دوای ئەوەی خەریک دەبێت، تۆبنس بکوژێت و دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ژیانی.
تابوری پێنجەم/
چەکێکە لە چەکەکانی دەزگا هەواڵگیرییەکان و خستنەکاری لە هەموو سەردەمەکان. چەمکی تابوری پێنجەم، زۆر لە ئەدەبیاتی سیاسی بەکاردێت و بەو کەس و لایەنانە دەگوترێت تابووری پێنجەم، کە لەناو وڵاتی خۆیاندا، بەنهێنی لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتێکی تردا کاردەکەن. سەرەتای دەرکەوتن و لەدایک بوونی ئەو زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی نێوخۆیی ئیسپانیا، لەساڵی١٩٣٦. ئەوکاتەی ئێستگەی ڕادیۆ ڕایگەیاند سەرکردەی هێزە ناسیۆنالیستەکان (جەنەڕاڵ ئیمیلۆ مۆلا) لە مەدرید نزیک دەبێتەوە.
بەچوار تابور لە هێزە سەربازییەکان و هەروەها بە یارمەتی تابووری پێنجەم لەناو شارەکەدا، بە ئامانجی دەستگرتن بەسەر شارکەدا و ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئاڕاسته چەپ. لەو ساوە چەمکی “تابووری پێنجەم”، گوازرایەوە نێو ئەدەب و فەرهەنگی سیاسییەوە و زاراوەکە بە بەربڵاوی بڵاوبوویەوە و لەسەردەمی جەنگی ساردی نێوان هەردووک جەمسەرو بلۆکی دژ بەیەکدی.
سەرمایەداری ”ئەمریکا””و یەکێتی سۆڤێت” ڕوسیا”، بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەر لایەنەی دەیان و هەزاران سیخوڕ و تابووری پێنجەمیان لەناو جوگرافیای جەستەی وڵات و دڵی نیشتمانی لایەنەکەیتردا چاند.
………………….