تروسکەیەکی هیوا لە سەردەمی تاریکی فرۆشتنی مرۆڤەکان و نیشتمانەکاندا: لە هەر شوێنێک نایەکسانی سەپێندرابێت، کۆمۆنیزم پرسێکی زیندووە    د. سەڵاحەدین ئەحمەد شێرزاد

0

تروسکەیەکی هیوا لە سەردەمی تاریکی فرۆشتنی مرۆڤەکان و نیشتمانەکاندا: لە هەر شوێنێک نایەکسانی سەپێندرابێت، کۆمۆنیزم پرسێکی زیندووە

 

 د. سەڵاحەدین ئەحمەد شێرزاد

نیشتمان شتێک نییە کە بتوانێت لە نەبوونی مرۆڤی ئازاددا ئازاد بێت. لە سەردەمی سەرمایەدارییدا، بەڵام، مرۆڤ ناتوانێت ئازاد بێت. لە پەیوەند بە نیشتمان و نیشتمانپەروەریی لە سەردەمی سەرمایەدارییدا، مرۆڤایەتی دابەشکراوە بەسەر دوو پۆلی سەرەکییدا: یەکەمیان ئەو کەمینە سەردەستانەن کە هەردەم نیشتمانەکان، بەوەوە کە لەسەر زەوی و بن زەوییە، هەڕاج فرۆش دەکەن بۆ کۆکردنەوەی سامانی ماڵیی زیاتر بۆ خۆیان. دووەمیان ئەوانەن کە دەفرۆشرێن بە ناوی نیشتمانەکانیانەوە. هەندێک لەوانەی پۆلی دووەم، خۆبەخشانە خۆیان دەفرۆشن و هەندێکی تریان بەبێ خواستی خۆیان دەفرۆشرێن. جار نا جاریش، لە پێچ و دووڕیانە مێژووییەکاندا، دەشێت ژمارەیەک لەوانەی پۆلی دووەم بۆیان بلوێت بپەڕنەوە بۆ ناو چینی کۆمەڵایەتیی ئەوانەی پۆلی یەکەم. ئەو جۆرە رووداوانە، جا شۆڕش بن، جەنگ بن، یان کارەساتی ژینگەیی، دەشێت جەماعەتێک جێلەق بکەن و جەماعەتێکی تر جێقایم، بەڵام لە دوا دەرئەنجامدا نیشتمانفرۆشیی و نیشتمانپەروەریی دوو دیوی یەک دراوی کۆمەڵگەی سەرمایەداریین.

.

ئەمە بەو مانایە نییە کە سەربەخۆیی نیشتمانیی لەگەڵ بندەستیی نەتەوەییدا یەکسان بکرێت. بە پێچەوانەوە؛ هیچ هاوکێشەیەکی لەو چەشنە دروست نییە. هیچ گرووپێکی نەتەوەیی یان مەزهەبیی رەوایەتی ئەوەی نییە گرووپێکی دیکە سەرکوت بکات. کورتکردنەوەی تێزەکانی شۆڕشی چینایەتیی بۆ چینی موجەڕەد و نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکان هەڵەیەکە ئەوانەی ئایدیاڵیزم و کۆمۆنیزمیان تێکەڵ کردووە تێی دەکەون. کۆمۆنیستەکان بە خودی مارکسەوە هاوسۆزی جووڵانەوە دژەکۆلۆنیالیستەکان بوون لە ئایرلەندەوە بۆ هیندستان و لە رۆژهەڵاتی ئاسیاوە بۆ ئەمریکاکان. لە مێژووی فەلسەفەی سیاسییدا، بە تایبەتی لە کانونی رۆژئاوادا، موتڵەقەن، نە بیریارێک هەیە هێندەی مارکس و نە فەلسەفەیەک هەیە هێندەی مارکسیزم پشتیوانی لە میللەتە بندەستەکانی جیهان کردبێت.

سەرکوتگەریی نەتەوەیی و نەژادپەرستیی لەپنتی سەرکوتگەرییە کۆمەڵایەتییەکاندان. چەوساندنەوە هەرگیز وەکو سەرکوتگەرییەکی رووتی چینایەتیی بێڕەگەز و بێجێندەر روونادات، بۆیەش شۆڕشێکی چینایەتیی موجەڕەد هەرگیز رووینەداوە و رووش نادات. هەموو ناعەدالەتییەک فرەئامراز و فرەگۆشەیە. لەبەر ئەوە، ئەو جیهانبینییەی کە مرۆڤایەتیی چەوسێنەران بۆ یەک ناسنامە کورت دەکاتەوە لە بنەڕەتەوە جیهانبینییەکە کە واقیعێکی هەڵە بە هەڵە تێدەگات و لەسەر بناغەیەکی هەڵەش ستراکتۆری دیکەی پڕهەڵە بونیاد دەنێت. ئەو جۆرە جیهانبینییە دەکرێت بە ناوی رزگارییەوە خۆی پڕچەک بکات، بەڵام هەر لەسەرەتاوە هوشیاریی قەڵب بونیاد دەنێت، تەمەنی نائازادییەکان درێژتر دەکات، و ئاسۆ عەقڵانییەکان دوورتر دەخاتەوە لە دامەزراوە سیاسیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

لەو فەلسەفە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەدا کە پێی دەگوترێت مارکسیزم، رزگاریی نیشتمانیی زەرورەتێکە لە زەروورەتەکانی کۆتاییهێنان بە سەرکوتگەرییەکان، و ئیمکانی ئەوە هەیە بزووتنەوەی رزگاریی نیشتمانیی پێشکەوتووخواز بێت ئەگەر نەکەوێتە ژێر رکێفی بەرە راستڕەوەکانەوە، واتا ئەو هێزانەی کە مرۆڤایەتیی لەسەر بنەمای نەژادی رەگەزیی پۆلبەند دەکەن و هەر لەبەر ئەوەش بەبێئاگایی تەماهیی دەکەن لەگەڵ دوژمنە نەتەوەییەکانیاندا و بەکردەوەش زەمینە بۆ بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژیی خۆش دەکەن بە دیوی ناوەوەی کۆمەڵگەکانی خۆیاندا. چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتیی و نامرۆڤاندنی زۆرینەیەکی پەراوێزخراو لەرێگەی جۆرەها ئامرازی کۆن و نوێوە درێژە بەخۆی دەدات. لەهەموو حاڵەتێکدا، مەگەر رێگە لە سەردەستبوونی پارەداریی بگیردرێت و بەرنامەیەی یەکسانی کۆمەڵایەتی جێبەجێبکرێت، و درێژە بە هاوپشتیکردنی بزووتنەوەی یەکسانیخوازیی بدرێت، ئەگەرنا سەردەمی پاش سەربەخۆیی نیشتمانیی سەرەتای سەردەمێکی تاریکی دیکەیە بۆ زۆرینەی بێبەشکراو لە مەرجەکانی ژیانێکی شیاو و تەندروست. ئەم راستییە شتێکە لە کارەکانی فرانز فانۆن، والتەر رۆدنی، ستیڤ بیکۆ و بەشێکی زۆر لە بیریارە شۆڕشگێڕە ئەفریقیی و کاریبییەکان زۆر بە روونی جەختی لەسەر کراوەتەوە. لە غیابی هوشیاریی چینایەتیی و چوارچێوەیەکی فەلسەفیی رزگاریی کۆمەڵایەتییدا، ئەوەی کە پێی دەگوترێت رزگاریی نیشتمانیی، نە رزگارییە و نە نیشتمانیی، بەڵکو بەرهەمهێنانەوەی توندووتیژیی تایفەگەرییە و تەنانەت لەباربردنی ئەگەرەکانی دامەزراندنی کۆمەڵگەی مۆدێرن و دەوڵەتی یاساشە. بەبێ فەراهەمبوونی مەرجەکانی زیندەگییەکی وەها کە لایق بێت بە ژیانی ئینسان و بەبێ پڕۆژەیەکی فەلسەفیی کە پێوانەکەی لە ئینسانی راستەقینەی ژیانی راستەقینەوە سەرچاوە بگرێت، هیچ نیشتمانێک ناتوانێ مرۆڤی ئازاد بەرهەم بهێنێت. دەوڵەت دامەزراوەیەکە کە دەکرێت نەتەوەگەریی و رەگەزپەرستیی بەرهەمبهێنێت، بەڵام نەتەوەگەریی هەرگیز ناتوانێ دەوڵەتێک بەرهەمبهێنێت کە رەگەزپەرست و توندوتیژ نەبێت.

ئەوانەی کە هێشتا لە تافی داگیرکراویدا دەژیین و دەکەونە ژێر رکێفی بزووتنەوە نەژادپەرستە خۆماڵییەکانیانەوە هەمیشە لەبەردەم ئەگەری دووبارەکردنەوەی دوو هەڵەی کوشندەدان: هەڵەی ”هەموو شتێک لە پێناو نیشتماندا” و هەڵەی هیواهەڵچنین لەسەر نییەتخاسیی گرووپە سەردەستە خۆماڵییەکان. ئازادی لەهەمان کاتدا کە هوشیارییەکە پەروەردە و عادەتشکاندن و دووبارە پەروەردەکردنەوەی پێویستە، چەشنێکە لە ژینگە دروستکردنیش بۆ ئەزموونی کاری سەربەست و کەشی یەکسانیی کۆمەڵایەتیی. ئەوەی کە لە ئەوروپا چۆن کرا و چۆن بوو، یان ئەوەی کە ماو چی کرد و چۆنی کرد، دەرسن بەڵام دەرمان نیین. دەردەکان دەرمانی جیاوازیان هەیە. لەو شوێنانەشدا کە دەردەکان لەیەکدەچن، چارەسەریی دەبێ لە لایەن خودی خەڵکەوە دابهێندرێت و گەشەی پێبدرێت بە بێ سەپاندنی دەسەڵاتی چەک و رەوایەتی چەکداری نەتەوەگەر، جا چەکدارەکان هەر چییەکیان پێبگووترێ.

لە دوای هەشتاکانی سەدەی بیستەوە فەرهەنگی سۆشیالیزم و گوتاری کۆمۆنیزم بە گشتی فەرامۆش کرا، وەکو ئەوەی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییانەی کە بوونە سەرهەڵدانی جووڵانەوەی کۆمۆنیزم لە ناکاودا تەبەخوریان کردبێت. وەکو ئەوەی چیدی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و عەزابی برسیکراو و بێحورمەتکراو و بێدەنگکراوەکان گرنگییان نەمابێت، یان وەکو ئەوەی خواستی یەکسانی و ئازادی لەگەڵ مۆدەی پانترۆنی شالیستۆندا سەردەمی بەسەرچووبێت، یان وەکو ئەوەی ژیان جۆرە شتێک بێت کە پێشبخڕێت و پەکبخرێت و درەنگبخرێت یان بە قستبدرێت و ووشکبکرێت و ترشبکرێت و سوێربکرێت یان بە دەردی لادا و مۆسکۆڤیچ و تێمسی پۆلۆنی ببردرێت، لە ناکاودا حەریفانی بازاڕی مۆرڤفرۆشیی و پێغەمبەرانی تاک-ناسنامەگەریی فەتوای کۆتایی هاتنی مێژوویەکیان دا و مزگێنی دەرکەوتنی سەردەمێکی تریان هێنا. ئەمە سەردەمێکە کە تیایدا وشەگەلی وەکو چین، چەوساندنەوە، و نایەکسانی هەروەها تێگەگەلی وەکو سۆشیالیزم، کۆمۆنیزم، و کەرامەتی ئینسانیی بێمانا و بێبنەما دەکرێت. هەر ئەوانەش کە بە بیستنی وشەی نیشتمان یان نەتەوە دەکەونە حاڵی دەروێشانەوە، هەرگیز گرنگییەکیان بە ژیان و خۆشگوزەرانیی هاونیشتمانییەکان و هاوزمانەکانی خۆیان نەداوە. بە پێچەوانەوە، عادەتیان گرتووە بە برسیکردن، بەکوشتدان، ئاوارەکردن، رزیلکردن، و بەخاینکردنی بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی نیشتمانەکانیان. هەموو ئەم شتانەش لە پێناو خۆشەویستییدایە بۆ بوونەوەرێکی ئەفسانەیی نێو نیشتمانێکی موقەدەس کە تەنیا لە خەیاڵی نەژاپەرستییدا هەیە. ئەو عەقیدەتە، ئەو بیرنەکردنەوەیە، لەسەر بە تاککردنی کۆمەڵگە و بە کەم سەیرکردنی خودی-گشتی راهاتووە. بۆ نموونە، وشەی وەها بەکاردەهێنێت وەکو ئەوەی ئاماژە بە یەک بوونەوەر بکات. ئەو بوونەوەرەش زۆربەی کات بوونەوەرێکە بێهۆش، بێ دەسەڵات، و بێچارە. لەبەر ئەوە، هەمیشە پێویستی بە ئامۆژگاریی، رێنمایی، و پاراستنی باوکانە هەیە. بەڵام هەر وەکو زۆربەی حاڵەتە کۆمەڵایەتییەکان، دواتر دەردەکەوێ کە تەعداکەرەکان هەر خودی خەمخۆرەکانن.

ئەوانەی کە ئایدیۆلۆژیای چینایەتیی سەردەمی نیۆلیبراڵیزمیان کرد بەقورگی جەواناندا پێیان وابوو ئەو کەلەشەکرەی کە دەیشکێنن نائایدیۆلۆژییە. ئەدی! لەدیدی ئەم زاتانەوە تەنیا ئەوانەی کە بەرگری لە مافی یەکسانبوون دەکەن ئایدیۆلۆژیستن لە کاتێکدا هەر خودی ئەوانەی کە سی ساڵە بێوەستان قەوانی کۆتایهاتنی سەردەمی کۆمۆنیزم لێدەدەنەوە بێئاگایانە دەرگیری ئایدیۆلۆژیی بۆرژوازیی جیهانیی و دامەزراوە نیۆلیراڵەکان و پاتاڵەکانیان بوونە. بێئاگا لەوەی کە خودی خۆیان وەکو کەرەستەی پڕوپاگەندە بەکاردەهێنرێن، پوچگەراییەکی سواوی بۆرژوازیی تێکەڵ بە رەگەزپەرستیی سپی پێستە هەرە ڕاستڕەوەکانیان بە شەرتی نائایدیۆلۆژیبوون دەرخواردی نەوەکان دەدەن. ئەمڕۆ، لە غیابی جووڵانەوەی فراوانی کۆمۆنیزمدا، نیشتمانەکان پڕن لە مرۆڤفرۆش و ئابڕوفرۆش و نامۆرۆڤبووی نامرۆڤکەر و مێشکەکانیش پڕ لە پووچگەرایی و بێهودەیی و بێئومێدیی.

 لەو شوێنانەش کە دەرەبەگەکانی نەژادپەرستیی هێشتا بۆیان نەلواوە هەموو موقەدەسێکی نیشتمانییان بە خاک و خوێنی هاوڕێکانیانەوە هەڕاج فرۆشبکەن، جارێ بەردەوامن لە بەکارهێنانی گوتاری فاشیستانەی خاک و خوێن و بەردەوامیش دەبن تا ئەو دەمەی کە دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێ کە لەگەڵ نەژادپەرستەکانی ئەوی-دیکەی-نەتەوەیی بەرووبوومی سەدەیەک لە مرۆڤکوژیی بکەن بە موڵک و پول و پایە و دابەشی بکەن لە نێو خۆیاندا. ئەو حیزب و چەکانەی ئەمڕۆ دەشیعرێندرێن بە ناوی رەوایەتی رەهای نەژادپەرستییەوە، سبەینێ دەبن بە ئامرازی بە مەڕوماڵاتکردنی خەڵکی بەناو دیفاع لێکراو. دەیان شار و سەدان پڕۆژەی شارستانیی لەسەر سەکۆی فاشیزمی خۆماڵیی بۆ ئەبەد لەبەین دەبردرێن. تا بێت بازنەی خاینکردن فراوان دەبێ و موفتییەکانی نەتەوە نەخشەی نیشتمانی نەتەوەیی کورتتر دەکەنەوە. هەموو فرەییەک بە زەبری هێز، بە زیهنی بەربەرییەت، لە قاڵبی یەکبوون دەدەن، و یەکبوونیش جگە لە مەرگەساتی گشتیی شتێکی تری لێ ناکەوێتەوە. دواجار پەیامبەرانی خاک و خوێن نیشتمان بۆ رەچەڵەک و ڕەچەڵەک بۆ قەبیلە و قەبیلەش بۆ بنەماڵە کورت دەکەنەوە. ئەگەر نەژادپەرستەکان بۆیان بچێتە سەر، لە ژێر سایەی ئەواندا دامەزراوەی دەوڵەت دەبێ بە خەونێک لە رابووردوودا و ئەم سەردەمە تاریکە بە سەرەتای سەردەمێکی تاریکتر تەواو دەبێ.

بۆیە، ئەمڕۆ خۆسازکردنی چەپ بە تایبەتی لە جوگرافیا پەرواێزخراوەکاندا پێویستیی هەرە چارەنووسسازە. لە کاتێکدا کە گەلانی جیاواز دەست لەناو دەست رووبەڕووی فاشیزم دەبنەوە، گوتاری فاشیزمی دیکە، وەکو گوتاری شاپەرستەکان و نەژادپەرستەکان و ئەو شۆڤینیستانەی کە فاشیزم دەکەن بە بەهانە بۆ بەرهەم هێنانی فاشیزمی خۆماڵیی، خەریکی هەڵمەتی خۆسازکردنن بۆ قوناغی داهاتووی خەڵک بەکوشتدان و گوند تەلبەندکردن و شار بەگوندکرندن. ئەگەر هێزێکی سەرانسەری چەپ لەناو خەڵکەوە رێکنەخرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێوازەکانی رەگەزپەرستیی و شۆڤێنیزم و فراوانخوازیی نەژادپەرستانە، لە شوێنی هەر دەوڵەتێکی کەوتوو، جەهەنەمێکی گشتی بەرپا دەبێت. پڕۆژەی هەرە پێویست سازکردنی میکانیزمگەلێکی دیمۆکراتیکی وەهایە کە ئازادی و یەکسانییەکان جێگیر بکات و دامەزراوەی دەوڵەت هەم ئازاد بکات و هەم بپارێزێت وەکو زامنێکی سەرەکیی تەمەدون. هێزی چەپبوون لەوەدایە کە رێگە لە خۆسەپاندنی گرووپە نوخبەوییەکان بگرێت. ئەگەر ژەهری تاکناسنامەییان بڵاوکردەوە، نەک دەوڵەت خودی کۆمەڵگەی شارستانی لە نێو دەچێ. ئەوانەی کە زۆرترین کوشتاریان ئەنجامداوە زۆرتریین سەرمایەش کۆدەکەنەوە. ئەوانەش کە هەموو شتیان پێ دەکرێت، ئینسانبوونیشیان لێ زەوت دەکرێت بە ناوی رەوایەتی شۆڕشگێڕانەوە. ئەگەر هێزێکی دژە-ڕاستڕەو باڵادەستیی لە فەزای گشتییدا و لە مینبەرە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدەستنەهێنێ، ئەم چەرخە لە تاریکەوە بۆ تاریکتر رۆدەچێ.

چەپایەتی وەهای لێکراوە ژماریەکی کەم لە روویان دێت خۆیان وەکو چەپ بناسێنێن. لە ناو ئەوانەشدا کەمینەیەکی کەم بە بێ عوزرهێنانەوە خۆیان وەکو کۆمۆنیست ناوزەد دەکەن. لە ناو ئەو کەمینە کەمەشدا، بووە بە عادەت کە هەر کەس چەپۆکێک بکێشێ بە سەری چەپدا ئەگەر بۆ هیچیش نەبێ ئەوا تەنیا بۆ خاتری ئەوەی کە بۆ دۆستە راستڕەوەکانی بسەلمێنێت کە ئەم چەپێکی ویژدان-راستە و بەئەمەکە بۆ نەژادگەریی خۆماڵیی. ئەو خۆبەچەپزانانەش کە سەر بە نەتەوەی سەردەستن، وەکو عادەت گوتاری نەتەوەپەرستیی خۆیان وەکو زمانی ئینتەرناسیۆناڵ دەناسێنن، بەڵام هەموو دەنگ و بزووتنەوەیەکی رزگاریی پەراوێزخراوەکان وەکو تایفەگەرێتیی. لە پای ئەوەش، ئەو نوخبە راستڕەوانەی کە کار لەسەر نەژادپەرستیی پەراوێزخراوەکان دەکەن ئەو گوتارە رەگەزپەرستانەی دوژمنە نەتەوەییەکانیان وەکو بەهانە بۆ رەوایەتی سەندنەوە لە هەموو پرۆژەیەکی چەپ  بە کاردەهێنن. لەو نێوەندەدا نوخبە راستڕەوەکان لە بەرە نەتەوەییە هاودژەکاندا دەبن بە بەرهەمهێنەری یەکتری. لەدەرئەنجامی ئەو دوژمنایەتییانەش کە لە نێوان زۆرینە چەوساوەکاندا بەرپایان کردووە و دەکەن جیهانێک هاتووەتە کایەوە کە نوقمە لە توندووتیژیی راستڕەویی و جەنگی جیاوازییدا. ئەوانەی کە ئەو جەنگە بەڕێوە دەبەن بە ناوی مافی نەتەوەیەکەوە، هەم بە کردەوە و هەم بە بیرنەکردنەوەش لەوانە دەچن کە لەبەرەی بەرانبەردا بە ناوی نەتەوەوە درێژە بە جەنگەکان دەدەن.

 لە جیهانی ئەمڕۆدا یەکێک لە دیاردە هەر باوەکان ئەوەیەیە کە نەژادپەرستەکان لەهەر شتێکدا جیاواز بن لە دوو شتدا لەیەک دەچن: ١- لە دژایەتیی کردنیاندا بۆ چەپبوون و ٢- لە رەزیلکردنی میللەتەکانی خۆیاندا و میللەتە ستەملێکراوەکاندا. لەبەرانبەریشدا، چەپبوون هەردەم لە ژێر هەڵمەتی بەخاین ناساندندایە. ئەمە لە کاتێکدا کە چەپبوون ئینسان پێش هەموو شتی تر دەخات و ئینسانی پەراوێزخراو دەکات بە پنتی مێژووناسیی، کۆمەڵناسیی، و ئابوریی سیاسیی. بەڵام لە فەرهەنگی راستڕەوەکاندا ئینسان لە خواری خوارەوەی لیستی بەهاکانیشدا نییە، بەڵکو گرنگییەکەی تەنیا گرنگیی قوربانییەکە کە بۆ ئایدیاڵی سەردەستان بەخت دەکرێ. بۆ بانگەوازی نوخبەکان پەراوێزخراو هەردەم داوالێکراوە کە خۆی بەخت بکات. ئەوە نوخبەکانن کە خودا و نیشتمان و ئەخلاق و تەواوی بەهاکان لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی حەقیقەتەوە پێناسە دەکەن و دەسەپێنن. هەر ئاوهاش، لە غیابی جووڵانەوەی فراوانی کۆمۆنیستدا، نوخبەکان ژیانتاڵیی خەڵکی ستەمدیدە دەکەن بە ئامراز بۆ تەجنیدکردنی بەشێک لە خودی ئەو خەڵکە ستەمدیدەیە لە پرۆژە دژەعەقڵانیی و دژەیەکسانیی و فاشیستەکاندا.

دواجار راستییەکان، و لەسەر هەموویانەوە ئەو راستییانەی کە بەرهەمی ژیانتاڵیی رۆژانەی زۆرینەیەکی ستەمدیدە،  بە دەعبا و ئەفسانە ون ناکرێن. لە هەر شوێنێک نایەکسانی کۆمەڵایەتی سەپێندرابێت، پرسی کۆمۆنیزم پرسێکی زیندووە. کۆمۆنیزم ئاسۆی ئینسانە بە رووتیی، بە بێ درم و درۆی بەعەوامکردن و ئەفسانەگەریی خڵافاندن؛ گەشەکردووتریین پڕۆژەی مێژووییە کە لە دیدگای پەراوێزخراوانەوە واقیعە بەربەرییەکان لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە و هەنگاو بە هەنگاو جیهانێک بونیاد دەنێ کە بۆ ئازادی هەموو تاکەکەسێکە، و لەهەمان کاتدا جیهانێکی کەونییە بۆ هەمووان بە هەمەڕەنگیی و فرەدەنگییەکانیانەوە. ئەوانەی ئەمڕۆ، لەم سەردەمە تاریکەی تەشەنەکردنی راستڕەوییدا، کۆمۆنیستن، لە کۆمۆنیستە هەرە راستگۆکانی مێژوون.

Leave A Reply

Your email address will not be published.