دەبێت ئاین بخرێتە قەفەسەوە!… نووسینی: مستەفا باهیر
دەبێت ئاین بخرێتە قەفەسەوە!
نووسینی: مستەفا باهیر
پرانسیبێکی هەرە سەرەتایی ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت لەوەی کە چ جۆرە بیرو باوەرێکی هەیە لەناویشیاندا چ دینێک هەڵ دەبژێرێت بۆ خۆی، هەرچەند ئەو دینە یان ئەوبیروباوەرە کۆنەپەرست، راسیست، داوکەوتوو، هەڵاواردن ئامیز…تاد مادام خۆی دەیەوێت وا بیر بکاتەوە تا ئەو جێگایەی کە زیانی بۆ کەس نەبێت و کەس نەترسێنی و تایبەت بێت، دەبێت ئازادبێت. بەکورتی ئینسان دەبێت ئازادبێت کە چۆن پێیخۆشە وابیر بکاتەوە، دیندارە یاخود بێدین. هیچ کەس ولایەنێک بۆی نییە بچێتە دونیای ناوەوەی ئینسان و پێی بڵێت نابێت تۆ وا بیر بکەیتەوە، یان نابێت ئەودینەت هەبیت یان نابێت بێ دینبیت. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاوبێت کە ئاین بەگشتی بۆ مرۆڤەکان مایەی سەرکوتە، مایەی ڕەنج وکویرەوەریە، مایەی بی رێزیە، مایەی ریسوا بوونی مرۆڤەکانە بەکورتی دەبێت ئەو بزانین کە ئاین بەگشتی تلیاکی گەلانە. و هەموو کەس و تاکێکیش مافی ئەوەی هەیە ڕەخنە لەهەر دین و بیروباوەڕێک بگرێت.
لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بە هەزاران ئاین هەیە، سێ لەمانە بە ئاینی ئاسمانی ناودەبرێت (یەهودی، مەسیحی، ئیسلام) لە ژێر فشاری ئازادی خوازاندا توانراوە یەکەم و دووهەم لەدەوڵەت و پەروەردە دوورخرێنەوە و بکرێتە کاری تایبەتی مرۆڤەکان. بەڵام ئاینی سێهەم واتە ئیسلام لە زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی کە دانیشتوانەکەی هەڵگری پێناسەی ئیسلامن، تا ئێستاش ئاین دەوری سەرەکی هەیە لە یاساو پەرەوردەدا هیچ یاسایەک دەرناچێت پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێت. سێ لەو دەولەتانەش (سعودیە، ئیران، ئەفغانستان) دەوڵەتی ئیسلامین و بەزۆر شەریعەتی ئیسلام دەسەپێنن بەسەر دانیشتوانی وڵاتەکانیاندا، بۆ ئەم مەبەستەش هێزی تایبەتیان دروستکردوە. لەوڵاتی ” سعودیە و ئەفغانستان ” ناویان ناوە پۆلیسی( الامر بالمعروف ونهی عن المنکر) ئەم پۆلیسانە بەناو شارەکاندا دەگەڕێن هەرکەس پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بجوڵێتەوە سزای دەدەن، بەزۆر لەکاتی بانگدا دوکان بە کاسبکاران دادەخەن و دەیاننێرن بۆ نوێژکردن. ژنان ئەگەر پۆشاکی ئیسلامیان لەبەر نەکردبێت سزایان دەدەن. بەگشتی ئەم پۆلیسانە بونەتە بەڵا بەسەر خەڵکی سعودیەوە بەتایبەتی بەسەر ژنانەوە. پۆلیسەکانی سعودیە لە ساڵی ١٩٤٠ ەوە دەستبەکارن ولەوکاتەوە بە هەزران تاوانیان ئەنجام داوە، هیچ لێپرسینەوەیەکێشیان لەگەڵ نەکراوە، بەڵام ئەو تاوانەی کە بووە جێگای ڕەخنەی ئازادیخوازانی جیهان وخەڵکی سعودیە خۆی، کەوتنەوەی ئاگر بوو لە قوتابخانەیەکی ناوەندی کچان لە شاری مەکە لە 11.3.2002 کاتژمێر 8ی بەیانی، کاتێک خوێندکاران سەرقاڵی خوێندن بوون ئاگرێک لە قوتابخانەکە دەکەوێتەوە، مامۆستایان و قوتابیەکان ڕادەکەنە دەرەوە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت، بەڵام پۆلیس”الأمر بالمعرف والنهي عن المنكر” قوتابیەکان و مامۆستاکان بەزۆر دەکەنە ژورەوەو دەرگایان لەسەر دادەخەن، بە پاساوی ئەوەی کە نەیان توانیوە عەباو پەچەکانیان بپۆشن، بەمەرجێک قوتابیەکان تەمەنیان تەنها لە نیوان ١٢ بۆ ١٤ ساڵان بووە. دوای ئەوەی کە پیاوانی ئاگر کوژێنەوە دێنە شوێنی ڕوداوەکە بەهەمان شێوە پۆلیسی “الأمر بالمعرف والنهي عن المنكر” نایەڵن بچنە ژورەوە لەبەر ئەوەی کە نامەحرەمن. ئەمەش دەبێتە هۆی مردنی ١٥مامۆستاو قوتابی و برینداربونی ٤٠ قوتابی تر. ئەم پۆلیسانە لە وڵاتی سعودیە چەندەها تاوانی تریان ئەنجام داوەو چونەتە ناو ماڵانەوە بە بیانوی ئەوەی مەشروب دەخۆن سزایانداون، یاخود سزای چەندەها کەسیان داوە کە لەکاتی بانگدا لە چون بۆ نوێژکردن لە مزگەوت دوا کەوتون، بەم بیانوانەو چەندەها بیانوی تر، ئەم پۆلیسانە بونەتە هۆی کوشتنی چەندەها کەسی تریش لە سعودیە.
لە وڵاتی ئەفغانستان لەوکاتەوە کە بۆ جاری دووهەم تالیبان بە پشتیوانی ئەمریکاو غەرب توانیان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. لە جێگای وەزارەتی کاروباری ژنان کە لە حکومەتی پێشودا هەبوو، وەزارەتێکیان لە شوێنیدا دروست کرد و ناویان لێنا وەزارەتی (الامر بالمعروف ونهی عن المنکر” لەوکاتەوە ئەمانیش هەزاران تاوانیان ئەنجام داوە، بونەتە بەڵا بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەوە بەتایبەتی بەسەر ژنانەوە، ژنان تەنانەت بۆیان نیە چاوەکانیشیان بەدەرەوە بێت، کارکردن بۆ ژنان زۆر ئەستەمە، پیاوانیش ئیجباردەکەن کە پۆشاکی تایبەت بپۆشن و دەبێت ڕێشیان هەبێت ئەگەر ئەمانە نەکەن بەر سزای پۆلیسی ئەخلاق دەکەون.
لە ئێرانیش لەو کاتەوە کە ئیسلامیەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتوە ئەمانیش بە هەمان شێوە پۆلیسیان دروست کردوە بەناوی پۆلیسی ” گشت ارشاد، یاخود پۆلیسی ئەخلاق ” ئەمانیش بونەتە گەورەترین بەڵا بەسەر خەڵکی ئیرانەوە بەتایبەتی بەسەر ژنانەوە، هەمومان بینیمان کە چۆن کچێکی گەنجی ٢٢ ساڵەیان بەناوی ” ژینا ئەمینی ” کوشت تەنها لەبەر ئەوەی کە کەمێک قژی بەدەرەوە بوو. بەکورتی لەهەر شوێنێک ئیسلام دەسەڵاتداربێت بەزۆر شەریعەتی خۆی دەسەپئنێت بەسەر دانیشتوانەکەیدا هەمومان بینیمان کاتیک کە داعش دەسەڵاتیان گرتە دەست چ کارەساتیکیان بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیەدا هێنا.
لە کوردستان ئاینی ئیسلامیش زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە وجودی هەیە ڕەگو ڕیشەی خۆی لەم کۆمەڵگەیەدا داکوتیوە، ئەفکاری کۆنەپەرستی و خورافاتی بڵاو کردوەتەوە، ئیسلام وەک بەڵایەک ڕوی کردوەتە کوردستان و بوەتە هۆکاری بەدبەختی خەڵک. هەرکاتیکیش بەڵایەک ڕو بکاتە شوێنێک دەبێت بەرنگاری بینەوە و خەبات بکەین بەرامبەری. بەڵام من هیچ کات لەگەڵ ئەونیم کە توندوتیژی بەرامبەر ئەو بەڵایە بەکار بهێنرێت، بەڵکو دەبێت کارێک بکەین کە ئازادانە لەلایەن خەڵکەوە لەناوبچێت. وەک چۆن هەموکەس ئازادە جگەره بکێشێت، بەڵام کۆمەڵەیاسایەک هەیە ڕێگا دەگرێت کە خراپ بەکار بهێنرێت. هەروەک ئاشکرایه ئیستا چ جۆرە یاسایەک لە ئەوروپا دانروە بۆ ئەو کەسانەی کە جگەرە دەکێشن، چۆن هوشیاری دەدەن و زیانەکانی جگەرە کێشان بۆ خەلک ڕوون دەکەنەوە. دینیش دەبێت بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کۆمەڵە یاسایەکی بۆ دانرێت کە ببنە هۆی داخستنی زۆرێک لە دامەزراوەو شوینە ئاینیەکان. من نازانم دەورو نەخشی وەزارەتی ئەوقاف چییە، بۆ دەبێت لەسەر سامانی گشتی ئەمانە سکی خۆیان تێر کەن. دەبێت یاسایەک دەرکرێت کە مندالان بپارێزێت لە هەرەشەو توقاندن وئەشکەنجەدان و خەتەنەکردن، یاسایەک کە ژنان لە گەڵ پیاوان لەهەمو ڕویەکەوە یەکسانبن، یاسایەک کە نابێت مینبهری مزگەوتەکان تەرخان بکرێت بۆ توندو تیژی، یاسایەک کە ببێتە هۆی لابردنی بڵندگۆی مزگەوتەکان، چونکە بونەتە هۆی بێزارکردنی دانیشتوان. یاسایەک کە نابێت ئاین لەپەروەردەو فێرکردندا دەخاڵەت بکات و دەبێت دور بخریتەوە، یاسایەک کە کەس بۆی نەبێت بازرگانی بە ئاینەوە بکات، وەک ئەو هەمو مەلا و شێخ و ئهو حزبە ئیسلامیانەی کە ئیستا بە ناوی ئاینەوە دەستیان کردوە بە بازرگانی کردن. بە کورتی دەبێت کۆمەلێک یاسای مەدەنی هەبن و دهسهڵات پەیڕەوی ئەو یاسایانە بکات و لە پاڵ ئەم یاسایانەشدا کۆمەلێک رێنمانی هوشیارکردنەوە هەبێت کە کۆمەڵگە هوشیاربکاتەوە لە مهترسی ئاین. بەم شێوەیە دەتوانین ئیسلام بخەینە قەفەسەوە. جا ئەگەر کەسێک چاوەڕوانی ٧٢ حەفتاو دوو حۆریەکە دەکات با لە قەفەسی ماڵەکەی خۆیدا هەر چاوەڕوانبێت.
٢٥ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢