جیهاد محەمەد کەریم: ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرنسا، تەنانەت ڕوسیا وچین دوودڵن و دەترسن لەوەی ئەنجامی سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی ئێران، ئەوەندە چەپڕەوییەکی تووند و گەورە لە جیهاندا دروست بکات، کە سەرمایەداری جیهانی بە هەموو بەرە بە حساب دژبەیەکەکانەوە بخاتە دۆزەخ و تێکشکانەوە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز جیهاد محەمەد کەریم؛ نووسەر و وەرگێڕ سەبارەت بە “راپەرێنی خەڵکی ئێران و ئاییندەی ئەم خرۆشان و ڕاپەرینە”
جیهاد محەمەد کەریم: ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرنسا، تەنانەت ڕوسیا وچین دوودڵن و دەترسن لەوەی ئەنجامی سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی ئێران، ئەوەندە چەپڕەوییەکی تووند و گەورە لە جیهاندا دروست بکات، کە سەرمایەداری جیهانی بە هەموو بەرە بە حساب دژبەیەکەکانەوە بخاتە دۆزەخ و تێکشکانەوە…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز جیهاد محەمەد کەریم؛ نووسەر و وەرگێڕ سەبارەت بە “راپەرێنی خەڵکی ئێران و ئاییندەی ئەم خرۆشان و ڕاپەرینە”
بۆپێشەوە: زیاتر لەچەند هەفتەیە، جەماوەری ئازادیخواز لە کوردستان و ئێران، دەستیان داوەتە ڕاپەڕین و خرۆشانێکی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی، هۆکار و ریشەی ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییە لە چیدایە؟
جیهاد محمەد کەریم: لای هەمووان ئاشکرایە، کە لە ساڵی ١٩٧٩دا، ڕاپەڕین و شۆڕشێکی جەماوەری گەورە لە لایەن هێزی چەوساوە و ستەمدیدەکانی گەلانی ئێرانەوە دژ بە حوکمڕانی پاشایەتی بەرپا بوو. بە داخەوە، بە هاوکاری و پشتیوانی هێزی سەرمایەداری جیهانی بە تایبەتی ئەمریکا و فەرنسا و بەریتانیا، دژەشۆڕش، توانی سەرکەوتنی ڕاپەرین و شۆڕش لە ژێر دەستی خەڵکی چەوساوەکان و ستەمدیدەکان دەربهێنێت و بیخاتە دەستی کۆنەپەرسترین هێزی ئایینی شیعەگەراییەوە. ئەوە بوو، خومەینی بە فڕۆکەی تایبەتی فەرەنسا گوێزرایەوە بۆ ئێران و کرا بە ڕابەر و پێشەنگی سەرکەوتنەکان. ئیتر لەو ڕۆژەوە تا ئێستا کە ٤٣ ساڵ دەکات ،گەلانی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی چین و توێژە چەوساوە و ستەمدیدەکان دەناڵێنن بە دەست ستەمکاری و زوڵم و زۆری ئەم ڕژێمە ئایینیە ستەمکارەوە. ٤٣ ساڵە جگە لە چەوساندنەوەی هەژاران و کرێکاران و زەحەمەکێشەکان، ژنان بە تەواوەتی هەموو ئازادی و مافێکیان پێشێل کراوە. بە زۆر ژنان لەچک بەسەر کراون، ئەوی تاڵێ لە قژی دەرکەوتبێت، سزای دەیان شەلاقی بۆ بڕاوەتەوە. هەر لە زۆر منداڵیەوە کچان لە ماڵەکانی خۆیان و لە فێرگەکان و زانکۆکاندا، کراون بە لەچک بەسەر و پۆشاکی هاودامانی ئیسلامی کراوەتە بەریان. لە کاتێکدا گەلانی ئێران گەلانێکی ڕاقی و مەدەنی بوون و تا ئاستێک ئازادی خۆیان هەبووە، تەنانەت لە سەردەمی پاشایەتیشدا ئەگەر بە ئازادیە لیبراڵیەکەش بووبێت، کچان و ژنان ئازادبوون چ جۆرە پۆشاکێک دەپۆشن. ئەمە جگە لەوەی کە دەستبردن بۆ سیاسەت و هاوبەشیکردن لە سیاسەت و ڕەخنەی سیاسی بە تەواوەتی قەدەغەکراوە، هەر کەسێک ڕەخنەی لەم ڕژێمە هەبووبێت و لە جوڵانەوەیەکی سیاسییدا هاوبەش بووبێت، بە یاسایەکی زۆردارانە و فاشیانە لە سێدارە دراوە، تەنانەت شێرکۆ بێکەسی شاعیر ناوی ئەم دەوڵەتەی نابوو، “کۆماری سێدارە”. هۆکاری سەرەکی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتیەکانە زۆر بە کورتی ئەوەیە کە ئاماژەم پێکرد.
بۆپێشەوە: گیان لەدەستدانی مەهسا ئەمینی(ژینا)، چۆن وا خێرا بووە هۆی چەغماخەدانی ڕاپەڕین و شۆرش؟
جیهاد محمەد کەریم: کورد دەڵێت:”کەجام پڕبوو لێی دڕژێ”. ٤٣ ساڵە ژنان لە ژێر جەبەروتی ئایینی شیعەگەراییدا دەچەوسێنرێنەوە، بە دەیان و سەدان ژن لە سێدارە دراون، بە دەیان و سەدان ژن لەسەر شەقامەکان بە بەرچاوی خەڵکەوە دراونەتە بەر شەلاقی پۆلیسی(ئەخلاق). بێ مافترین توێژ توێژی ژنان بوون، هەرچی پێی بڵێی ئازادی و سەربەستیە ژنان نەیانبووە. ژنان بە پێی پرنسیپەکانی ئایینی ئیسلام خۆیان لە خۆیاندا تاوانبار و سەرچاوەی خراپەکارین. هەموو ڕاپەڕین و شۆرشێک لە پڕ لە بریسکەیەکەوە دەتەقێتەوە و دەبێت بە ئاگرێکی گەورە و بەردەبێتە گیانی شۆڤێنیەکان و دیکتاتۆرەکان. ژینای تەمەن ٢٢ ساڵیش بوو بەو بریسکە ئاگرەو بەربووە گیانی ئاخوندەکانی ئێران. گەلی کورد و گەلانی ئێران زۆر دەمێکە پڕن لەم ڕژێمە چەوسێنەر و دڕندەیە، دەیان جار خۆپیشاندان و ڕاپەڕین ڕوویان داوە، بە داخەوە کە تا ئێستا هیچیان نەگەیشتوون بە ئاکام و سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە. ئەمجارەیان پێدەچێت ئەم ڕاپەڕینە ببێت بە شۆڕشێکی سەرتاسەری و کۆتایی بەم ڕژێمە ئاخوندەییە ئایینیە بهێنێت.
بۆپێشەوە: ئەوەی ئێستا لە ئێراندا روودەدات، خرۆشانی جەماوەری و کاتییە یان ڕاپەڕین و شۆرشە، بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی؟
جیهاد محمەد کەریم: بە پێی پرنسیپەکانی شۆرش، ناتوانم بڵێم شۆرشە، بەڵام ڕاپەڕینێکی جەماوەریی سەرتاسەرییە، کە ماوەی ٤٠ ڕۆژ زیاترە دەستی پێ کردووە و ڕۆژ دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت، بۆیە وا پێدەچێت، کە وردە وەردە گەشە بکات و ببێت بە شۆڕشێکی سەرتاسەری. بڕواناکەم ئەم ناڕەزایەتییانە هەروا بە ئاسانی بتوانرێت دابمرێکتەوە، بە تایبەتی لەبەرئەوەی ئەم ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیانە ژنان سەرکردایەتی دەکات، یەکەمجارە ژنان لە بۆتەی خەباتدا چاوەڕێی پیاوان نەکەن و خۆیان دەستبکەن بە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی دەربڕین. ڕاپەڕینی ژنان ڕاپەڕینێکی پشوودرێژ و نەبڕاوە دەبێت.
بۆپێشەوە: تایبەتمەندیەکانی راپەرێنی ئێستای خەڵکی ئێران چییە؟ جیاوازی لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەکانی ساڵانی پێشوو هەیە؟
جیهاد محمەد کەریم: چۆن شۆڕشی ١٧٨٩ لە فەڕەنسادا، کاریگەری هەبوو لەسەر عەقڵیەت و بیرکردنەوە لە جیهاندا، هەڵبەت بە واتا پۆزەتیڤیی و پێشکەوتنخوازیەکەی، بە هەمانشێوە سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلی کورد و گەلانی تری ئێران و کردنی بە شۆڕشێکی سەرتاسەریی، گۆڕانکاری گەورە لە هەموو جیهاندا و بەتایبەتی لە ڕۆژهەلاتی ناویندا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەگەر وردبینەوە، زلهێزە جیهانیەکان لە یەککاتدا چەند لایەنگری شۆڕشی خەڵکی ئێران دەکەن، ئەوەندەش دوودڵن لە ئەنجامەکەی.
ئاخر سیفەتی سەخیف و ناشیڕینی زلهێزه سەرمایەدارەکان، لەسەر بنەمای فەلسەفەی پراگماتیزمیی، بیر لە ئەنجامەکەی دەکەنەوە بۆیە دوودڵن.
ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرنسا، تەنانەت ڕوسیا وچین دوودڵن و دەترسن لەوەی ئەنجامی سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی ئێران، ئەوەندە چەپڕەوییەکی تووند و گەورە لە جیهاندا دروست بکات، کە سەرمایەداری جیهانی بە هەموو بەرە بە حساب دژبەیەکەکانەوە بخاتە دۆزەخ و تێکشکانەوە و بەرەی چەوساوە و ستەمدیدەکانی جیهان سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنن. بەتایبەتی چونکە لەم ڕاپەڕینەدا ژنان پێشەنگن، ئەو هێزەی بە بێ چەک، تەنها بەهێزی مەعنەوی خۆیان ڕووبەڕووی دڕندەترین هێزی سەرکوتکەر دەبنەوە، ئەم هێزە لەرزی لە پیاوسالاریی هێناوە لە هەموو جیهاندا.
ئاخر نابێت بیرمان بچێت، پیاوسالاریی لەجیهاندا هێزێکی گەورەی سەرمایەداریی جیهانە.
هەموو ئەو هێزانەی پێ لەسەر جیاکاری نێوان ژن و پیاو دادەگرن، ژن بە پلە دوو تەماشادەکان، ژن بە سەرچاوەی فەساد دادەنێنن و دەڵێن:”ژن بە حیجاب و نیقابیشەوە، بە باڵاپۆشی هاودامانیشەوە هێشتا نەزەری حەرامە و سەرچاوەی فەسادە” هەموو ئەم هێزانە درۆزنن و ڕاست ناکەن و دژی سەرمایەداری جیهانی نین، بە پێچەوانەوە هەموو شەڕەکانیان لەگەڵ ئەمەریکادا بۆ برەودان و بەهێزکردنی سەرمایەداری جیهانیە.
کەواتە بمانەوێت و نەمانەوێت، ڕوخانی ڕژێمی ئێستای ئێران، ڕوخانی بەشێکی گەورەی هێزە زەبەلاحەکەی کۆنەپەرستانی جیهانە.
ئەگەر ئەمەریکا لێی ڕوونبێت کاریگەری ئەنجامی شۆڕشی خەڵکی ئێران ناپەڕێتەوە بۆ وڵاتانی وەک سووریا، عێراق، لوبنان یەمەن و تونس و وڵاتانی تر، ئەوە ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە شۆڕشی گەلی کورد و گەلانی تری ئێرانی دەکرد.
ئاخر وێرانبوونی سووریا، عێراق لوبنان یەمەن و تونس، ئەو شەڕە نەخوازراوانە، شەڕی نەبڕاوەی گەلی کورد لە پێناوی بەدیهێنانی مافەڕەواکانیدا هەموو ئەمانە هێزێکی گەورەی ئابووریی دروست دەکات بۆ ئەمەریکا.
بۆپێشەوە: دەسەڵاتی زۆنی سەوز لە کوردستانی عێراق (ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان) رێگری دەکات لەهەر چالاکیەکی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە راپەرینی خەڵکی ئێران، چۆن دەرواننە ئەم مامەڵەیە؟
جیهاد محمەد کەریم: دەسەڵاتە گەندەڵەکەی کوردستانی باشور، دەمێکە ساغبوونەتەوە لەوەی دەبێت خزمەتکاری دەوڵەتی فاشیستی تورکیا و ئێران بکەن، ئەمانە هەموویان ئاو لە یەک سەرچاوە دەخۆنەوە، بۆیە نایانەوێت دەوڵەتی تورکیا و ئێران ترسی لەسەر دروست بێت. بۆیە بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە پشتیوانانی ڕاپەڕینی ئێران دەکەن.
بۆپێشەوە: راپەرێنی خەڵکی ئێران زۆر زوو لە پشتیوانی بەرەی ئینسان دۆست و ئازادیخوازی جیهان بەهرەمەند بوو، ئەم پشتیوانییە خێرایە چیمان بۆ دەردەخات؟
جیهاد محمەد کەریم: زۆر دەمێکە ئەوە ئاشکرا بووە، کە شۆرشی چەکداری لاواز بووە لە جیهاندا و باوی نەماوە، بەڵام ڕاپەڕینە مەدەنییەکان، هێزی کۆمەڵی مەدەنی، بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ، مافی منداڵ و گەورەساڵان، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی کێشەی جێندەر، ئەم جۆرە خەباتانە لە جیهاندا دەیان و سەدان ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی هەیە کە پشتیوانی لێ بکات. ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیەکانی ئێستای گەلانی ئێران بە پێشەنگ و ڕابەرایەتی ژنان، لە ژێر دروشمی:”ژن ژیان ئازادی”دا دەیان و سەدان ڕێکخراوی مەدەنی و سەندیکا و گروپ و هێزە ئازادیخوازەکان لە جیهاندا بوون بە پشتیوانی.
بێگومان؛ ئەم درووشمە “ژن، ژیان، ئازادی” دروشمێکی رووت و رووکەشی و بێ ناوەڕۆک و بێ بنەما و بێ سەرچاوە نییە، بەڵکو لە بنچینەدا درووشمێکی فەلسەفی، فیکری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژیی و سیاسییە. لە ناواخنی فەلسەفەی پارادایمێکدا لەدایکبووە، گوزارشتێکی پووخت و جەوهەریانەی ئەو پارادایمەیە کە لێیەوە دەرهاتووە. ئەم درووشمە دژەتێز (ئانتی تێز)ی سەرجەم ئەو درووشمانەیە کە پێشتر لە شۆڕشەکانی پێشخۆی هاتوون و بەرزکراونەتەوە….