کۆڵبەرانی ژن لە نێوان مەراکش و ئیسپانیا هەمان کاری تاقەتپروکێنی کۆڵبەرانی کوردستانی ئێران دەکەن. کاری گرانی” کۆڵبەرانی ژن” لە نێوان مەراکش و وەجیب سبتەی ئیسپانی… ئامادەکردنی: ئاراس رەشید

0

کۆڵبەرانی ژن لە نێوان مەراکش و ئیسپانیا هەمان کاری تاقەتپروکێنی کۆڵبەرانی کوردستانی ئێران دەکەن.

کاری گرانی” کۆڵبەرانی ژن” لە نێوان مەراکش و وەجیب سبتەی ئیسپانی…

ئامادەکردنی: ئاراس رەشید

لەسنووری نێوان مەراکش و وەجیب سبتەی ئیسپانیا، هەزاران ژن پشتیان کوڕبۆتەوە لەژێر باری گرانی کۆڵیان، بۆ گواستنەوەی کاڵا. وەک کارێکی گران، بۆ بازرگانیەکی ڕێکخراو و گەشەسەندوو. بەو ژنە کۆڵبەرانە دەگوترێت” حەمباڵەکان”. لە بەرەکەی تری سنووریش پێیان دەگوترێت” ژنە بارگینەکان”*، بەهۆی سەنگینی ئەو شتانەی کە دەیانگوازنەوە، کە هەندێک جار  سەنگینترن لە سەنگی ژنەکان خۆیان.

پێش خۆر هەڵاتن بوو، کە پۆلێکی ڕێک وەستابوون لە پیش دەروازەی سنووری تایبەت بۆ پیادە تەرخانکراو، لەسەر گردێک دەڕوانێتە دەریای سپی ناوەڕاست، لە نێوان شاری فنیدقی مەراکش و سبتەی ئیسپانی، وەک بەندەرێکی سەربەست.

لە بەرەبەیانی زوودا، دوای پشکنینی ئاسایی. ژنان دەچنە ناو ناوچەیەکی بچووکی ئیسپانیا، ڕووبەرەکەی ١٨.٥ کم دووجایە. لەگەڵ مەلیلیە- جەیبی ئیسپانیەکی ترە لە بەری مەراکش- یەکێک لەو دووخاڵە زەمینیە سنووریانە پێکدەهێن کە یەکێتی ئەوروپا دەبەستێتەوە بە ئەفەریقا.

ئەم ڕێگایە دەچێتەوە سەر ناوچەیەکی بازرگانی کە ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە و نزیکە لە خاڵی گومرگ، بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئەو شارە، چونکە پێشتر دەبووە هۆی قەرەباڵغی زۆر بەهۆی هاتنی بازرگانە مەراکۆییەکان کە ڕۆژانە ڕوویان لە مەیدان و ناوەڕاستی شار دەکرد، بۆکڕینی کاڵا.

لەو ناوچە بازرگانیەدا، کۆگای مەزنی شتومەکی جۆراوجۆری لێیە. هەر لەجل و بەرگ و دەزگای کارەبایی و ناوماڵ و خۆراک و شتومەکی جوانکاری چینی. نرخەکان بە یۆرۆ دیاریکراوە، بەڵام بە درهەم دەکڕدرێن.

لە خاڵی چونە ژوورەوە ژنەکان ڕێنوێنیەکان وەردەگرن و پیادەی دەکەن. ئەوان بۆ ئەوە لەوێ نین کە کاڵاکان هەڵبژێرن یان سەودای بکەن، بەڵکو تەنیا بۆ گواستنەوەیان لەوێن. هەڵدەستن بە بارکردنی ئەو کیسە لاکێشەییانە کە بەهۆی گوریسێکەوە بەخۆیانیەوە دەبەستنەوە، پاشان ئەو بەهایەی کە بڕیارە پێیان بدەن، لەسەر پارچە پیتاکێک بۆیان دەنوسن و دەیاندرێتێ، دوای ئەنجامدانی کارەکەیان.

فاتمە ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵەیە” یەکەم جاریەتی بەم کارە هەڵدەستێ”. فاتیمە کە پشتی چەما بۆوە لەژێر بارە سەنگینەکەیدا گووتی” ئەو گوریسە هۆکاری ئازار دروستکردنە، و کیسەکە زۆر سەنگینە، پێیان گووتم کە سەنگەکەی ٥٠ کگم، بەڵام ناتوانم دڵنیابم لەوە”. فاتمە و ژنانی دیکە ڕێگەی گەڕانەوە دەگرنە بەر،  و کاڵاکان ڕادەست دەکەن. ئەو کاڵایانە هیچ ڕسومات و باجیان لەسەر نیە. ئەمە بەپێچەوانەی هەموو ئەو کاڵایانەی لە ڕێگەی سەیارەی گواستنەوە لە خاڵە سنووریە فەرمیەکانەوە دێن. دوایی پارەکەیان وەردەگرن، کە چەند یۆرۆیەک دەبێ، بەپێی سەنگ و سروشتی بارەکە دیاری دەکرێت.

ژمارەی ئەو ژنانەی کە کۆڵبەری دەکەن نزیکەی ١٥ هەزار ژن دەبن، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران ژمارەی پەڕینەوەکانیان کەمتر کردۆتەوە کە ڕۆژانە دەپەڕنەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی ترانزێتەکان دەگاتە ٤٠٠  کۆڵبەری ژن.

 ڕێکخراوە نا حکومیە ئیسپانی و مەراکشیەکان بەبەردەوامی هەلومەرجی نالەبار و شەرمهێنەر و قورسی ئەو ژنانەی کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە لەو کارەدا، سەرکۆنەی ئەو کارە دەکەن. لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٤ لەو ژنانە گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی قەرەبالەغیەوە کەوتوونەتە ژێر دەست و پێوە.

ئەحمەد بویوزانی ڕۆژنامە نووس، کە ماوەی چەند ساڵێکە لە میوانخانەی فنەیدق جێگرە دەڵێ” کۆگاکان لە لایەن قاچاخچیە مۆراکۆییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کراون و ئەو ژنانە ئیستیغلال دەکەن”. ئەو کاری قاچاخچیەتیە ڕێکخراوە کەسانێک بەڕێوەی دەبەن کە پەیوەندیان لەگەڵ گومرگەکان هەیە”.

سەرۆکی چاودێریکردنی مافی مرۆڤ لە باکووری ئەفەریقا(محمد بن عیسی) دەڵێ” ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بەدیاری بخەین، ئەوەیە کە ئەو ژنانە قوربانی دەستی قاچاخچیانێکن، کە بەڕێکخراوەیی لە لایەن دەسەڵاتدارە ناوەخۆییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن”.

ئەوەشی گووت” ئەم گرووپانە کە پێکهاتوون لە قاچاخچیەکانی نێوان سبتە کە بەرتیل دەدەن بە پیاوانی گومرگ بۆ ئەوەی شتومەکەکانیان نەپشکنرێن، و ئەوانەی کاڵاکان وەردەگرن لەبەری مەراکش و هەڵدەستن بە کۆگاکردنی کاڵاکان لە گەراجەکان لە فنەیدق پێش دابەشکردنیان”.

ئەم بازرگانیەی سەر سنوورەکان دەبێتە هۆی کرداری قاچاخچیێتی کردن لە شێوەی تر، ئەویش دروستکردنی کارتی نیشتەجێکردن( اقامە). بەپێی ڕێکەوتنێکی نێوان مەراکش و ئیسپانیا، ئەو مەراکشیانەی لە شارە نزیکەکانی سەبتەن وەک فنەیدق و گەروو( المضیق) و مرتیل و تەتوان، پێویستیان بە مۆڵەتی هاتنە ژوورەوە نیە بۆ جەیب.

بەڵام ٦٥% ی ئەو ژنە کۆڵبەرانە نیشتەجێی ئەو شوێنانە نین کە بەر لێبووردنی نیشتەجێ دەکەون. بە پێێ قسەکانی بن عیسی، جەختدەکاتەوە کە هیچ کام لەو ٤ ژنەی گیانیان لەدەستدا لە ٢٠١٧ سەر بەم ناوچەیە نەبوون.

بۆیە ئەوانەی لە دەرەوەی ئەو ناوچانە دێن، پێویستە کە بەرتیل بدەن بۆ دەستکەوتنی کارتی نیشتەجێبوون( ئیقامە) لە یەکێک لەو شارانە، کە بڕەکەی لە نێوان(٣٠٠ -٥٠٠ یۆرۆیە ).

بەپێی قسەکانی بن عیسی دەسەڵاتداران سزای هەندێک لەو فەرمانبەرانەیان داوە کە بەتیلیان وەرگرتوە. ئەحمەد بویوزان لەلایەن خۆیەوە” فەرمانبەرە جێخۆییەکان تاوانبار دەکات بە دەوڵەمەند بوونیان بەهۆی ئەم بازرگانیەوە”. هەروەها سەرکۆنەی( بەرپرسە گەندەڵەکانی پۆلیس و گومرگ دەکات”. دەسەڵاتدارانی مەراکشیش بە بەردەوامی بەڵێن دەدەن بە باشترکردنی ئەم هەلومەرجە، بەڵام هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەم پرسە بە هەستیاری دەمێنێتەوە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ١٤ بەرواری ١٥/١٠/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە…www.bopeshawa.net

 

 

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.