بەهزاد موحسین، چالاکوانی مەدەنی، وەڵام بەپرسی رۆژی ژمارە دەداتەوە… پرسی رۆژ: دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆچی دەگەڕێننەوە؟

0

بەهزاد موحسین، چالاکوانی مەدەنی، وەڵام بەپرسی رۆژی ژمارە دەداتەوە..

پرسی رۆژ: دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆچی دەگەڕێننەوە؟

بەهزاد موحسین: خراپ نییە، کەمێک لەسەر خودی پرۆسەی هەڵبژاردن بوەستین. ئێمەش هەر ئەو وەسفە ناسراوە دەڵێینەوە، کە هەڵبژاردن ڕێککەوتنێکی یاسایی و ئیداری نێوان هاوڵاتیان و حکومەتە، بۆ ماویەکی دیاریکراو. کەوایە ئەگەر بارودۆخێکی نالەبار و ڕوداوێکی لەناکاو لە گۆڕێدا نەبی، ئەوا هیچ دەسەڵاتێکی دەوڵەت بۆی نییە، هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی دوا بخا.

ئاشکرایە لە هەرێمی کوردستان هیچ دۆخێکی نالەبار نییە، تا هەڵبژاردن دوا بخرێ و بە نایاسایی تەمەنی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم درێژ بکرێنەوە. کەوایە هۆکار چیە حیزبەکانی دەسەڵات لە ڕێی ئەندام پەرلەمانەکانیانەوە ئەم ڕەفتارە نایاساییە ئەنجام دەدەن؟! هۆکاری سەرەکی مەترسییانە لە بایکۆتی خەڵک و بە لێشاو ڕەتکردنەوەی کارە قێزونەکانیانە لەلایەن هاوڵاتیانەوە، لەو ماوە درێژەی دەسەڵاتدارێتییان.

ئەگەرچی زاکیرەی میللەتی ئێمە زۆر بەهێز نییە و زوو ستەم و غەدری دەسەڵاتدارانی بیر دەچێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی حیزبەکانی دەسەڵات ڕۆژانە بەسەر هاوڵاتیاندا ستەم و جەوساندنەوە و سوکایەتی ئەزمون دەکەن، دەسەڵات دەرفەتی بیرچونەوە بە هاوڵاتیان نادا، بۆیە هاوڵاتیان لە ڕێگەی بایکۆت ئەم حیزبە چەندین ساڵ تاقیکراوانە ڕەت دەکەنەوە.

ئاخر! ئەوە دیاردەیەکی بچوک و کەم نییە، کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراق، سەدا بیست و پێنجی خەڵکانی هەرێم دەنگیان بە حیزبەکان دا. ئەم دیاردەی بایکۆتە بەم ڕێژەیە ڕوداوێکی زۆر گەورەیە، بەڵام چی لە دەسەڵات و حیزبەکان دەکەی، کە شعوری سیاسی و ئەخلاقییان ئەم ڕوداوە ناخوێننەوە و هیچ باکیان بە نەمانی “متمانە”ی نێوان هاوڵاتیان و حکومەتەکەیان نییە. لە کاتێکدا بەهێزترین و سەرەکیترین ڕایەڵەی یەکێتی و یەکگرتویی نیشتیمانی و خاکپارێزی لەهەر دۆخێکی نەخوازراو “متمانە”ی خەڵکە بە دەسەڵاتەکەی، ئەوجا دواتر نۆرەی توانای سەربازی و ئابوری و…هتد دێ.

ئەم ڕێژە کەمەی بەشداری هاوڵاتیان بۆ وڵات و ناوچە دواکەوتوەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر مەترسیدارترە لەچاو وڵاتە پێشکەوتو و دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوا، بۆ نمونە تاکیکی نەروێژی بەلای کەمی لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەرخوردی هیچ جیاکاری و غەدرێک نابێ و لە ماف و ئەرکدا لەگەڵ تەنانەت سەرۆکی وڵاتەکەشی یەکسانە، ئیتر زۆر کەمتر هەڵپەی گۆڕانکاری بۆ دەسەڵات و ئیدارەدانی وڵاتەکەی هەیە، بۆیە بەشێکی زۆریان هەر گرنگی بە هەڵبژاردن نادەن.

کەچی لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەی خۆمان لەبەرئەوەی لە هیچیاندا حوکمێکی ڕەشید و دەسەڵاتێکی دیموکراسی و دادپەروەر نییە و لە هیچیشیاندا تاک وەک مرۆڤ سەنتەری بەرنامەی دەسەڵاتداران نییە و هاوڵاتیان بە شێوەی جۆراوجۆر دەچەوسێنرێنەوە و مافیان دەخورێ، بۆیە بۆ گۆڕانکاری لەو دۆخەی تێیدان، هەڵبژاردن بە دەرفەت دەزانن و هەڵپەی دەنگدانیان بەرزە و ڕێژەی بایکۆت نزمە. هەر بۆیە هەمیشە ڕێژەی دەنگدان لە وڵاتێکی دواکەوتو زۆر لە وڵاتێکی پێشکەوتو بەرزترە. لەناو یەک وڵاتیشدا دیسان ڕێژەی دەنگدان لە ناوچە دواکەوتو و کەم خزمەتکراوەکان بەرزترە، لەچاو ناوچە پێشکەوتوترەکان. کەواتە هۆکارەکانی بایکۆت لە وڵاتێکی پێشکەوتو بەرامبەر وڵاتێکی دواکەوتوی وەک هەرێمەکەی خۆمان تەواو جیاوازن و هاوتەریب نین.

ئەگەرچی خودی پرۆسەی هەڵبژاردن مافێکی یاسایی و پیرۆزی هاوڵاتیانە، تا ئەوان لە ڕێی بەربژێرەکانیان حوکمی خۆیان بکەن، بەڵام لەم هەرێمە حیزبە دەسەڵاتدارەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی و حیزبە دارشەقەکانیان، پرۆسەی هەڵبژاردنیان لە مافە یاساییە پیرۆزەکەوە بۆ فێڵی سیاسی گۆڕیوە. ئەوان هەڵبژاردن وەک کەرەستەیەکی حیزبی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەیان لە دژی ویستی میللەت بەکار دێنن. کەی بزانن هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئەوانە، ئەوا کەسی یەکەمیان دێ و لێدوان دەدا و دەڵێ، کاکە! هەڵبژاردن بۆ چوار ساڵە و چۆن دەبێ درێژ بکرێتەوە! کاتێکیش لەبەرژەوەندییاندا نییە، خۆلەگێلی دەدەن و بێ هیچ هۆکارێک لە ڕێی پەرلەمانتارە گوێ لەمستەکانیان هەڵبژاردن بنپێ دەخەن و تەمەنی نایاسایی خۆیان درێژ دەکەنەوە.

هەر لە سەرەتاوە لای ئەوان هەڵبژاردن وەک کەرەستەیەکی بەرژەوەندی حیزب سەیر کراوە، بۆئەوەی ڕوپۆشێکی یاسایی بە خۆسەپاندنیان بەسەر خەڵکەوە نیشانی چاودێرانی جیهانی بدەن، گەرنا چ پێویست دەکا، ئەندامانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە پێی قەبارەی حیزبەکان بەسەر حیزبەکاندا دابەش بکرێن؟ دەبو ئەندامەکان بە هیچ شێوەیەک حیزبی نەبان و هەمویان سەربەخۆ بان. جا ئەوان وا دەسکاری دادگایان کردوە و کورسیە باڵاکانی دادوەرییان بەسەر ئەندامانی حیزبەکانیان دابەش کردوە، کەواتە بەحیزبیکردنی کۆمسیۆن هەر ئاو خواردنەوەیە.

ئەم حیزبانە لە زاتی خۆیاندا هێندە گوێ بە بایکۆتی هاوڵاتیان نادەن، ئەوان لە چاودێری و ڕای جیهانی دەترسن، کە ڕێژەی بایکۆت هێندە بەرز بێ و ئیتر بە ئامار ڕونتر بێتەوە، کە ئەوان نوێنەری سەدا حەفتا و پێنجی هاوڵاتیانی هەرێم نین، بۆیە لەم ترسە ئەم هەڵبژاردنەیان دواخست.

هەر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێراق دڵنیا دەبینەوە، لەوەی کە ماهیەتی هەڵبژاردن لای یەکێتی و پارتی چیە! لای ئەوان هەڵبژاردن هەرگیز بۆ ئەوە نییە، کەسێکی شیاو و خزمەتگوزار و بەتوانا کاندید بکەن، لای ئەوان هەڵبژاردن شەڕێکی پیسی بەرژەوەندخوازانە و ڕکەبەری کەسی و عینادی سیاسیە، گەرنا لە کوێ بینراوە، حیزبێکی ڕکابەر بە پشتیوانی ئەندامێکی باڵای حیزبە ڕکابەرەکەی، شەری هەمان حیزب بکا؟! واتە حیزبە ڕکابەرەکەت سێ بەربژێری تۆ پەک بخا و لە پرۆسەکە دوریان بخاتەوە، ئینجا تۆ بێی ئەندامێک لەو حیزبە دەربچوێنی و بەسەرکەوتنیشی بزانی! دەی دەبێ چەمکی هەڵبژاردن وەک خۆی لە کوێی فکر و پرەنسیپ و مەبدەئی ئەوانەدا بێ؟

لە لایەکی تر هیچ هەڵبژاردنێکی ئەم هەرێمە نەبووە، کە تەزویری زۆر و بەرچاوی تێدا نەکرابێ، ئەوان کە لە کۆمسیۆنەوە تا ئەو سندوقەی هاوڵاتیان دەنگەکانیانی تێدەکەن، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەژێر ڕکێفی خۆیاندایە، بۆیە هەمو جارێ لە ڕێی تەزویرەوە دەنگەکانیان دەگەییەنە ئەو ڕێژەیەی خۆیان دەیانەوێ. ئەوجا بە تایبەتی یەکێتی و پارتی سەرەتا بەشەڕەدەنوک یەکتر سوک دەکەن و دواتریش هەردو لا لەسەر بێدەنگبونیان بەسەر تەزویری یەکترەوە ڕێک دەکەون. کۆمسیۆنیش لەڕێ ئەندامە حیزبیەکان خۆی لە لێشاوی تەزویرە گەورەکان کڕ دەکا و بۆ چاوبەستیش بەناوی تەزویرەوە دە دوازدە سندوقێک هەژمار ناکا.

گەر وەڵامی پرسیارەکەتان بەسەر حیزبەکانی دەسەڵات وردتر بکەینەوە، ئەوا دەبێ ڕێک بێینە سەر خودی حیزبەکان. پارتی، ئەگەرچی دۆخی پارتی لە هەمو حیزبەکان باشتر و پتەوترە و کەمتر کێشەی ناوخۆیی هەیە و بە هەر شێوەیەک بێ، هەمیشە لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم هەر یەکەم دەبێ، کەچی ئەویش لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن بو. بۆچی؟

لە دوا هەڵبژاردندا پارتی خۆی لە هەموان باشتر دەزانێ، کە دەوروبەری سەدا دوازدەی خەڵک دەنگی پێداوە. ئێ لە دوای ئەو هەڵبژاردنەش جگە لە توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەنوس و ئازادیخوازان و زیادکردنی باج لەسەر هاوڵاتیان و چارەسەرنەکردنی کێشەی ئاو و…هتد، چی باشیەکی بەرچاوی کردوە!؟ کەواتە چاوەڕوانکراوە بایکۆت لە ڕێژەی خۆیدا بێ و دەنگەکانی زیاد نەکەن، ئەمەش بۆ پارتی بەو هەمو دەسەڵات و پارە و هێز و پەیوەندی جیاجیانەیەوە، ئەگەر ڕێژەی سەدا دوازدەکەی پێشوتر بێنێتەوە، ئەوا جێی شەرمە، ئەی ئەگەر لەوەش کەمتری کرد، ئەوا هەر لێگەڕێ!

یەکێتی، بەو شەپڕێوی و بەو سەدان کێشە قوڵە ناوخۆییەوە زۆر زیاتر لە پارتی لە هەڵبژاردن دەترسێ. یەکێتی لە جێ نفوزی خۆی تەواو لەق بووە، گەر هێزی نەبێ، ئەوا لەمێژە بە هێزەکانی دیکەی سلێمانی دۆڕاوە. بۆ یەکێتی هەمیشە هەڵبژاردن تایەکی قورسە، هەر هێزێکی نوێ لە سلێمانی خۆی ڕادەگەیەنێ، لە یەکێتی دەباتەوە، بۆیە هەمیشە بێ وەڵامە، بەرامبەر هەوادارانی خۆی و مێژوی زۆری جەماوەرەکەی. دوایین هەڵبژاردن یەکێتی لەسەر ئاستی هەرێم بە نەوەی نوێ دۆڕا، کە حیزبێکی تەمەن بچوکە و چەند گەنجێک بەڕێوەی دەبەن. کەواتە بۆ یەکێتی دواخستنی هەڵبژاردن بەرامبەر بە دۆڕانێکی دیکە بەرامبەر نەوەی زۆر نوێ، بژاردەیەکی حەتمیە. لە لایەکی تر لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەرکوک ناگرێتەوە، کەواتە بۆ یەکێتی زۆر قورستر دەبێ، چونکە یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی ئێراق شکستەکانی خۆی لە هەرێم بە دەنگەکانی کەرکوک دادەپۆشی.

گۆڕان، ڕاستی نازانم باسی چی و کوێی گۆڕان بکەم! گەر ترسی یەکێتی و پارتی لە هەڵبژاردن هەردوکیان کۆ بکەیتەوە، ناگاتە ترسە گەورەکەی گۆڕان، کە لەم هەڵبژاردنە هەیبو. چونکە لە دوا هەڵبژاردندا یەک کورسیشی نەهێنا، ئیتر خۆی زۆر باش دەزانێ، ئێستا دۆڕاوترین و شکستخواردوترین حیزبی هەرێمە. گەر هەڵبژاردنیش کرابا، ئەوا ئەوپەڕی یەکدو کورسی دەهێنا.

ئێ ئەگەر یەکدو کورسیت هەبێ، کێ ئاوڕت لێدەداتەوە؟ ئەی چۆن ئەندامە بەرژەوەندخوازەکانی سەرەوەیان پارێزگاری لە پۆست و دەسکەوت و بەرژەوەندیەکانیان بکەن!؟ هەڵبەت بە دوو کورسیەوە لە حکومەتی داهاتو هەمویان دەردەکران. ئیتر چۆن دەنگ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نادەن و چۆن خۆیان بە دەستی خۆیان دوا بزمار لە تابوتی خۆیان دەدەن، کە دەمێکە ئەو بزمارە لێدراوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.