نەغەدە عوسمان“ کچەکەی کەژاڵ“، وەڵام بەپرسی رۆژی ژمارە دەداتەوە…

0

نەغەدە عوسمان“ کچەکەی کەژاڵ“، وەڵام بەپرسی رۆژی ژمارە دەداتەوە…

پرسی ڕۆژ/ بەڕێز نەغەدە عوسمان ئەندامی کۆمیتە ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەمجۆرە وەڵامی پرسی ئەم ژمارەیەی داینەوە.

ژیان لەدەستدانی مەهسا ئەمینی( ژینا) ی ٢٢ ساڵ لەژێر ئەشکەنجەی پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران، دوای ئەوەی تاوانبارکرابوو بە دانەپۆشینی مووی سەری بەشێوەیەکی تەواو. ئەم ڕووداوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی لەناوەوەی ئێران لێکەوتەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، هەروەها لە ناوچەکە و لە جیهانیش دەنگی داوەتەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پشتیوانی جیهانی لەهەڵکشاندایە. بۆیە لە کوردستانیش پشتیوانی زۆر بۆئەو بزووتنەوەیە بەتایبەت دژ بە حیجابی بەزۆرەملێ لەهەڵکشاندایە لەلایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز.

لە دیمانیەکی تەلەفزیۆنی کات پرێس  لەگەڵ چالاکوانی ژنان لە سلێمانی بەڕێز (نەغەدە عوسمان) دا ئاماژەکراوە بەپشتیوانی ئێوە لەو بزووتنەوەیەی کەئێستا لەئێران بەردەوامە بۆ لابردنی حیجابی بەزۆر. دوای ئەم چاوپێکەوتنەی تۆ بەپێی پەیجی کات پرێس ئێوە سکاڵاتان لەسەرتۆمارکراوە لە دادگای سلێمانی لەلایەن پەلەمانتارێکی کۆمەڵی دادگەری بەناوی “مونیرە عەبدوالعزیز” ەوە کە گوایە ئێوە سوکایەتیتان بە ئیسلام کردووە.

دەتوانن زۆرتر ڕاستی ئەو پرسە ڕوون بکەنەوە؟ ئەگەر سکاڵا کراوە هۆکاری پشتی ئەم سکاڵایە بەرای ئێوە چییە؟ ئێوە و ژنانی دیکە و پیاو و ژنانی ئازادیخواز دەبێ هەڵوێستیان چۆن بێت لەبەرامبەر کوشتنی ژینای لاو لە سەرداپۆشینی موی سەر( حجاب)؟

بۆپێشەوە: ئاماژەکراوە بە پشتیوانی ئێوە لەو بزوتنەوەیەی کە ئێستا لەئێران بەردەوامە بۆ لابردنی حیجابی زۆرەملێ؟

 نەغەدە عوسمان: ئێمە وەک کۆمیتەی سلێمانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بەشداریمان کرد، لەو کۆبونەوەیەی لە لایەن چەند ڕێکخراوێکەوە سازکرابوو لەبەردەم باخی گشتیدا، لەو کۆبونەوەیەدا حیزب بەیاننامەیەکی  ئامادەکردبوو دژ بە کوشتنی مەهسا ئەمینی، لەسەر حیجاب و پشتیوانی لەو ناڕەزایەتیە گەورەیەی کە نزیکەی دوو هەفتەیە تەواوی ئێرانی گرتۆتەوە  دژ بە حیجابی زۆرەملێ و کوشتنی مەهسا.

کاتێک ئێمە بەیاننامەیەک ڕووبەخەڵک دەخوێنینەوە ناوەڕۆکەکەی دژ بە کوشتنی ژنان و حیجابە، ئیتر ئەمە بەسە بۆ سەرانی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی دڵگران بن و بکەونە بەرامبەر کەسێک  کە دژایەتی سیاسەتی کۆنەپەرستانەیان بکات.

بۆ پێشەوە: ئایا ئێوە سکاڵاتان لەسەر تۆمارکراوە وەک لە میدیاکانەوە دەبیسترێت؟ بەتایبەتی لەلایەن “مونیرە علی عبدولعزیز” ەوە کە گوایە سوکایەتیتان بە ئیسلام و بە حیجاب  کردبێت؟

نەغەدە عوسمان: بەڵێ ئاگادارین کە سکاڵا لەلایەن ناوبراوەوە کراوە لە میدیاکان و سایتەکانەوە بڵابوەوە لەگەڵ لێدوانەکەی مونیرە علی، بەڵام شتێکی فەرمیمان پێنەگەیشتوە .

بۆپێشەوە: ئایا دەتوانن زۆرتر ڕاستی ئەو پرسە  ڕوون بکەنەوە؟ ئەگەر سکاڵا کراوە هۆکاری پشتی ئەم سکاڵایە بەڕای ئێوە چییە؟

نەغەدە عوسمان: ناڕەزایەتی و بزوتنەوەیەک بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ بەڕێکەوتوە،  پاشەکشەی گەورە بە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسلامی سیاسی دەکات، ئێران ئەو قەڵا پتەوەیە کە هەموو هێزە ئیسلامیەکانی لەدەوری سیاسەتی خۆی کۆکردۆتەوە بەپێی سیاسەتی( پانی ئیسلامیزم)، لەهەمان کاتدا هەمویان دەپارێزێ، هەر بۆیە ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە خەتەردا بێت ئیتر ئەوانیش  پەلو پۆیان دەشکێت، هەروەها ناڕەزایەتیەکان پاشەکشە بەو کۆنەپەرستیە دەکەن کە ماوەی ٤٠ ساڵە سەپاندوویانە بەسەر تەواوی ناوچەکەدا، ئەمەش خەباتی ئێمە چەند هەنگاوێک دەباتە پێش، وە هەلومەرجێک دێتە مەیدان کە ڕێگا ئاوەڵا دەکاتەوە لەبەردەم دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادو یەکسان.

 سەرکەوتنی ئەم ناڕەزایەتیە دەمانباتە سەر ڕێگای هەنگاوی جدی بۆ دامەزراندنی سۆشیالیزم، چونکە  زۆر بە ئاشکرا لەناو خەڵکی ناڕازیدا شیعاری بژی سۆشیالیزم بەرز دەکرێتەوە، بەبێ بوەنی هیچ حیزبێکی کۆمۆنیستی لە مەیدانی ناڕەزایەتیەکاندا.

 بۆپێشەوە: ئێوەو ژنانی دیکە و پیاوان و ژنانی ئازادیخواز دەبێ هەڵوێستان چۆن بێت بەرامبەر کوشتنی ژینای لاو لەسەر داپۆشینی موی سەر (حیجاب)؟

نەغەدە عوسمان: ئێمە وەک ژنان و پیاوانی ئازادیخواز هەڵوێستی توند و ڕۆشنمان هەیە بەرامبەر حیجابی زۆرەملێ. بۆمەرگی ژینای لاو ئێمە  تەواوی توڕەیی خۆمان لەبەردەم کەناڵەکان و ئامادەبواندا دەربڕیو وە پەیمانماندا هاوپشت و سەرخەری ئەو ناڕەزایەتیە گەورەیەبین بێ وەستان، بەشداریکردن و بەیاننامەکەمان لەو گردبونەوەیەدا بوە هۆکاری دڵتەنگی و بێزاری ئەندامانی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی. لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان  ئێمەش هەنگاوی گەورەترو پشتگیری زیاترمان دەبێ بۆ ئەو خرۆشانە پڕ شکۆیەی  خەڵکی ئێران. هەڵوێست و ناڕەزایەتیەکانی خۆمان بەبەشێک لە ناڕەزایەتیەکانی دانیشتوانی ئێران دەبینین بۆ ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسلامی سیاسی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.