دوو روویی، لە پەراوێزی مەرگی تاڵەبانیدا…لە نێوان دوو و سێی ئۆکتۆبەردا نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
تا دووی ئۆکتۆبەرو رۆژیك بەر لە مردنی تاڵەبانی… زوربەی حزبە سیاسیەکان، بەتایبەت حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان و زوربەی هەرەزۆری کەسایەتییە سیاسی و نوسەرو ئەدیب و هونەرمەندو چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی… هۆکاری برسێتی و گرانی و بێموچەیی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بێکاری و تاڵانی و دزی و گەندەڵی و بیمافی و سەرکوت و نۆکەرایەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکەو، گێرانەوەی کۆمەڵگە بەرەو دواوە، پاوانی دەسەڵات لەلایەن بنەماڵە و پێشیلکاری کاری رۆژنامەگەری ئازاد و مامەڵەی سەرکوتگەرانە لەگەڵ بزوتنەوە و نارەزایەتیە کریکاریی و جەماوەریەکان و تەواوی موسیبەت و کوێرەوەریەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیان، دەخستە ئەستۆی پارتی و یەکێتی. پارتی وەکو بەرپرسی زۆنی زەردو یەکێتیش وەکو بەرپرسی زۆنی سەوز… سێی مانگ کە هەواڵی مەرگی تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی بڵاودەبێتەوە… مێژووی دوو مانگ لەگەڵ سێی مانگ، لینگەوقوچ دەبێتەوە… ئەو تاڵەبانیەی سکرتێری یەکێتی بووە، دەکرێتە فریشتەیەکی ناوازە و کاریزمایەکی ئازادیخواز و پێشکەوتنخواز و ئیسنادۆست و بەرابەریخواز و ئاشتیخواز و مافی مرۆڤ پەروەر و رەمزی پشتیوانی لە ژنان و لاوان و کلیلی ئەممان و تەبایی نێوان حزبەکان و پشیوان لە خەڵکی وڵاتانی ناوچەکەو رەمزی ئاشتی و تەبایی…
تاڵەبانی ٣ ئەم مانگە، مرد. بەڵام لە کۆتایی ٢٠١٢ وە تاڵەبانی بەهۆی نەخۆشیەوە لە گۆرەپان و کایەی سیاسیدا، بەکردەوە مردبوو، وە توانای هیچ جموجۆڵێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. نەمابوو. مامەڵەی نەشیاو ناتەندروستی یەکیتی لەگەڵ نەخۆشکەوتنی مام جەلالیش هەر جێگای نەفرەت و تەنانەت جێگای سەرزەنشت بوو… سەرکردایەتی یەکێتی تا ماوەیەکی زۆریش وەکو خوی خوپێوەگرتوو بە درۆوە، هەر رۆژە قاوانێکی درۆزنانەیان لیدەدا و دەیانووت مام باشە، مام بەو زوانە دەگەڕیتەوە، مام دەتوانێت قسە بکات، تەنانەت دکتۆر نەجمەدین کەریم، کە مەئموریەتی درۆهەڵرشتنی پێ سپێردرابوو زوو زوو رای دەگەیاند کە قسەی لەگەڵ مام کردووە… لەوەش واوەتر و ناشیرینتر، دانانی تاڵەبانی بوو لە ریکەوتنی نێوان یەکێتی و حزبی گۆراندا، لە کاتێکدا تاڵەبانی توانای هیچ بەشداریەکی نەبوو، بەڵکو زۆرتر نمایشێکی فریوکارانە بوو… هەموو ئەمانە هیندەی تر تورەیی بەرەیەکی فراوانی بەدژی یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی جوڵاندبوو.
٣ مانگ مام جەلال دەمرێت…دیارە مردنی تاڵەبانی، وەکو سکرتیری یەکێتی و بەوینەی رابەر و کەسایەتیەکی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی، کاریگەری گەورە لەسەر ئایندەی یەکێتی و بزوتنەوەی کوردایەتی دروست دەکات. وە چ رابەرایەتی یەکێتی و کاراکتەرەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و چ ریزەکانی یەکێتی و هەموو ئەوانەی ئومێدی خۆیان بە یەکێتی و تاڵەبانیەوە گرێدابوو، مردنی تاڵەبانی شۆکێکی گەورەیە بۆیان و مافی خۆیانە چۆن رێز لەو سەرکردەیەی خۆیان دەگرن و چ میژووسازیەک لە تاڵەبانی، دروست دەکەن، یان بە چ شیوازیک دڵی خۆیان دەدەنەوە…و چۆن دەیانەوێت مردنی تاڵەبانی بکەنە دەرفەتێک بۆ تەماحەکانی داهاتوویان. دیارە بۆ سەرۆک و بەرپرسی دەوڵەتە ملهورەکانی ناوچەکەش مردنی تاڵەبانی، یانی لەدەستدانی دۆستێکی بەئەمەکیان، کە هەمیشە تاڵەبانی لە خزمەتیاندا بووەو ملی لەئاست داخوازییەکنیان لە تاڵە موویەک باریکتر بووە، بۆیە نیگەرانی ئەوان لە مردنی تاڵەبانی چاوەروانکراوە… دیارە مردنی هەرکەسێک و لەهەر ئاست و پلەو پایەکدا بێت، جیگای نیگەرانییە بۆ خێزان و کەسوکارو هاوڕی و دۆستان و ئەوانەی لەگەڵ بوون و ناسیویانە… هەر بەوهۆیەشەوە، منیش نیگەرانی ئەو نیگەرانیانەم کە بەهۆی گیان لەدەستدان یان مردنی کەسێکەوە روودەدات…
ئەوەی لەم نێودا جیگای سەرنج و رامانە… ئەو دوو روویەیە کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رابەرانیان و ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە سیاسی و نوسەر و هونەرمەند و رۆشنفکر و… گرتویانەیە بەر. خەریکن فرمێسک هەڵدەرێژن، ستایشنامە دەنووسن، بێکۆتا پیاهەڵدان دەکەن، راستیەکان دەشێوێنن، درۆ دەبەخشنەوە، تۆمار دروست دەکەن، مێژووی روداوەکان دەگۆڕن، میژووسازی ساختە سازدەکەن، هەڵبەست و هۆنراوەی دڵ هەژین دەچنن، پەخشانە شیعر دەهۆنەوە و تابلۆی قارەمانێتی، لە تاڵەبانی دەکێشن. دەچن سەردانی ئەرشیفی وێنەو و نامەکانیان دەکەن… نامە و وێنەکانیان لەگەڵ تاڵەبانی.. دەکەنە پێشەکی پەیام و ستایش و پرسەنامەکانیان و هاوخەمی نیشان دەدەن و هەموو ئەمانەش لەسەر سایت و رۆژنامەکان و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دوبارە بڵاوی دەکەنەوە… وە پێشبرکێ دەکەن بۆ دانانی تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆکەی تاڵەبانی… چ دنیایەکی سەیرە!
ئەگەر خەڵکی ئاسایی و سادە، خود بەخود سۆز بۆ دوای مردنی کەسی نزیک و ناسیاویان وەکو نەریتیک نیشان دەدەن، جیگای سەرزەنشت نییە، ئەوەی کە جیگای نەفرەتە بەرخورد و مامەڵەی خێڵێکی بەرینی نان بەنرخی رۆژ خۆرە… بەتایبەتیش بەشێکی بەرینی نوسەران و رۆشنفکران و سەرانی حزبەکان، و کەسایەتیە سیاسیەکان، بەتایبەتیش حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان!!… ئەم خێڵە، تا دووی ئەم مانگە و رۆژێک بەر لەهەواڵی مەرگی تاڵەبانی… دەسەڵات و بە تایبەتیش دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیان، بە دەسەڵاتی تاوانکار و تاڵانچی و سەرکوتگەر و دژی دیموکراسی و بنەماڵەیی و نۆکەروخۆشخزمەت و دژی ئازادی دەناساند، هۆکاری برسێتی و گرانی و بێ موچەیی و بێ خزمەتگوزاریی و بیکاری و راکردنی لاوان لەم دۆزەخەو کوشتاری ژنان و پێشیلکاری رۆژنامەگەری و تیرۆری رۆژنامەنووسان و سیاسی نەیارو… بۆ دەسەڵاتی حزبەکانی کوردستان و پارتی و یەکێتی دەزانی… یەکێتی نیشتیمانی و تاڵەبانی سکرتێری ئەم حزبە بەشێکی دەسەڵاتە لەسەراسەری هەرێم و خاوەنی زۆنی سەوزە… کەچی لە ٣ مانگ کە هەواڵی مەرگی تاڵەبانی دێت، پشت دەکەنە دەربرین و تورەیەکانی پێشوویان و دەرگای مێژووی بەر لە ٣ مانگ، دادەخەن و لە ستایشی درۆدا، ستایشی مام و کارنامەی تاڵەبانی دەکەن و هەوڵ دەدەن مێژووی تاڵەبانی و حزبەکە بکەنە مێژووی لێوان لێو لە ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازی و عەدالەتخوازی و بەرابەریخوازی و مرۆڤدۆستی و خەم خۆری خەڵکی کوردستان و ناوچەکەو مامۆستای تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە وخزمەتی دۆزی خەڵکی کوردستان و ئەستیرەی درەوشاوەی ناو شەوەزەنگی تارێکی… چ ریسوایی و دوو روویەکە. چ ناحەقیەکە بەیانی دەکەن. چ ماشێنێکی درۆزنانەیە دەی چەرخێنن… ئەم خێڵە زاکیرەیان لاواز نییە… ئەمانە ریسواترین بەشی کۆمەڵگەو بی مۆراڵیان سنور نەناسە… ئەمانە دەزانن…
لە ژێر سایەی یەکێتی نیشتیمانی و سکرتیر بوونی تاڵەبانیدا…
لەناوخۆی ریزەکانی یەکێتیدا خاوەنانی بیرورای جیاواز… دەست بەسەرو زیندانی و راوەدوونراون… بە تەور گیان لە ئینسان سەندراوەتەوە، ئەمە گەواهیدەری ئازادی بیرورای ناوخۆیییە لە ژێر سایەی تاڵەبانیدا.
لەگەڵ گەرانەوەی تاڵەبانی و یەکێتی بەدوای خرۆشانی جەماوەری ساڵی ١٩٩١ و یەکەم هەنگاوی یەکێتی و یەکەم پەیامی تاڵەبانی فتوا دان بوو بۆ داخستنی شوراکان، کەلەشارو شارۆچکەکانی کوردستاندا بەدەستپێشخەری چەپ و کۆمۆنیستەکان پیکهاتبوون بە دەیان هەزار ئینسان لەدەوریان کۆببونەوە… ئەمە گەواهیدەری ئازادیخوازی تاڵەبانییە!!
لە ژێر سایەی یەکێتی و مامدا، زوربەی هەرەزۆری بزوتنەوەو نارەزایەتیە جەماوەریەکان، بەزۆری چەک وەڵام دراونەتەوەو هێشتا پەڵەی خوێنی قوربانیانی ١٧ شوبات و رۆژانی دوایی بە شەقامی نارەزایەتیەکانەوە، ماون. ئەمەش گەواهی دەری مامەڵەی یەکتییە بۆ خەڵکیک کە دوای نان و ئاو کارەباو عەدالەتیان کردووە.
حزبە سیاسیە نەیارەکانیان بەدروشمی “تۆڵە بەسەبرە ئەمما بەزەبرە” لەگۆرەپانەکە تەسفیە دەکرد… قارەمانەکانی مافی مرۆڤ!! لەگەڵ دیلدا دەجەنگان و پاشان کوشتاریان دەکردن. قرناقاو پشت ئاشان… شاهیدن. بازگەی کۆیە قەتڵ و عامی حەمەی حەلاق و هاوڕیکانی، شاهیدن. گردی عەلی ناجی و کوشتاری کۆمۆنیستەکان شاهیدن. ئەمانەش شاهیدی بانگەشەی چەپکە گوڵەکەن!!
تیرۆری سەدان کادرو ئەندام لایەنگری ئۆپۆزیسێۆنی ئێرانی و تورکی و بەدەستی باندە ئینسان کوژەکانی ئاخوند و میتی تورکی و دۆستی یەکێتی و تاڵەبانی شاهیدن… شاهیدی پشتوانی یەکێتی و تاڵەبانین لە خەڵکی پارچەکانی تری کوردستان!!
جەنگی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، کە بەهەزاران ئینسان تیادا بوونە قوربانی و چارەنووسی نادیاری هەزاران ئینسانی ئەم جەنگە نەگریسە ونە، کە تائیستا کەس و کاریان چاوەروانیانن شاهیدن… تەنانەت شوێنی گۆرەکانیشیان نازانن. شاهیدی تەبایی و ئاشتی یەکریزی خوازی تاڵەبانی و یەکێتین!!.
دووئیدارەی و دووزونی و دەستبەسەراگرتنی هەموو سەرچاوەکانی داهات و دەسەڵاتدارێتی لە زونی سەوزدا، و مانەوەی دێگەڵە وەکو دیواری بەرلینی ئەڵمانیای پێشوو…. گەواهیدەری ئازادی سیاسی و کاریزمای تاڵەبانین بۆ نەهێشتنی ناکۆکیەکان و سڕینەوەی سنورەکان!!
قەسابی کردنی هەزاران ژن لە ژێر ناوی ناموس و شەرەفدا، شاهیدن… شاهیدی پشتیوانی یەكیتی و تاڵەبانین لە مافەکانی ژنان !!
بە دادگا نەکیشانی و نەپرسینەوە لە دزو تاڵانچییە ئاشکراکان لە زونی یەکێتی و لە بەرپرسانی حزبی و حکومی یەکێتی، شاهیدی دادوەربوونی تاڵەبانیییە!!
گوێزانەوەی زوربەی دەسەڵاتەکان و قورغکردنی لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانیەوە، گەواهیدەری رۆڵی دژایەتی تاڵەبانین بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەیی و قۆرغکاری!!
وێڵ بوونی بەردەوامی لاوان بۆ دەست راگەیشتن بە ژیان و بەناچار جیهێشتنی کوردستان و رووکردنە ئەوروپاو ئەمریکاو ئوسترالیاو خۆ خستنە بە زەبری دەیان مەترسی سنور و بەڵای شەپۆلە ئینسان نەناسەکان و گیان لەدەستدانیان، شاهیدی پشتیوانی تاڵەبانی و یەکێتییە بۆ لاوان!!
پیش لەشکری بۆ وڵاتانی ناوچەکەو گریان و تاجەگوڵینە دانان لەسەر گۆری جەلادی ئیران خومەینی و بەدۆست نیشاندانی تۆرکۆت ئۆزال و بە ئەندازیاری ناساندنی سەدام حسین… شاهیدی پشتیوانی تاڵەبانی و یەکێتییە لەگەڵ خەڵکی ئیران و تورکیاو عێراق!!
پشتیوانیکردنی یەکێتی و تاڵەبانی لە دروستکردنەوەی دەوڵەتی عروبی ناسیونال- ئیسلامی عیراق، چونە پشت فیدرالیزمی قەومی… شاهیدی پشتیوانی تاڵەبانییە لە سکۆلاریزم و مافی هاوڵاتی!!
بەمزگەوت کردنی هەموو گۆشەو کەناری گەرەک و شەقامێک بە قوتکردنەوەی مزگەوت و چوونە پشت مەلاو کۆنەپەرستی ئیسلامی و فەرشی سور راخستن بۆ ئیسلامیەکان و زاڵکردنی کەشی ئیسلامی… بەسەر کۆمەڵگەی مۆدێرنی کوردستان و زۆنی سەوزدا… تا کردنەوەی چەندین حوسیننە و عەمرەی تاڵەبانی گەواهی دەری پێشکەوتنخوازییە تاڵەبانییە!!
ئەو دۆخە جەهەنەم ئاسایەی کە لەژێر سایەی یەکێتی و تاڵەبانیدا، دەگوزەرێت… لە دزی و تاڵانیەوە بۆ گرانی و بیمافی و سەرکوت و شاهیدی رۆڵی یەکێتی و تاڵەبانییە لە دەسەڵاتدارێتی سەرکەوتوو!!
ئەو خێڵە بەرینە لە رابەرانی ئەحزابی سیاسی و نوسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەند و … لە سێ ی مانگ و لەگەڵ مەرگی تاڵەباییدا هەموو رەخنەکانیان سفر بوونەوە، بوونە ستایش چی، بونە زمان حاڵی یەکێتی، بوونەوە بەخۆیان کە ناتوانن لە پشتیوانی خەڵکی کوردستان و بەرگری لە مافەکانیان بن.
جیگای خۆیەتی سەرنج بخەینە سەر هەڵویستی بەشیک لەو کۆمۆنیستانەش کەلە ناو قەرەبالغی و گریان و رۆرۆی خزمەتکارانی یەکێتیدا، لەپاڵ سەرانی دەوڵەتە ملهورەکاندا، لەپاڵ خێڵی مەلای بەلاشخۆردا… بۆنە قوربانی و فرمێسکیان داباراند و پەیامیان نارد و مردنی تاڵەبانیان بە کۆستی گەورە… ناوەزەد کرد. ئەم هاوڕی ئازیزانە لەکاتێکدا ئەم پەیامانە دەبەخشنەوە، کە دەزانن هاوڕێیانی حزبی هاوپەیمانیان!! بە رۆژی روناک و لەلایەن حزب و هێزە چەکدارەکانی یەکێتی نیشتیمانی حزبی تاڵەبانی گوللە باران کران و ریگەی پرسە دانیان لە خانەوادەکانیان یاساغ کراو بەکۆمەڵیش لەشەودا ژێر خاک خران تا ریگەی دوا ماڵئاوی لە هاوڕییان و خێزانەکانیان بگرن. ئەو هاوڕێ کۆمۆنیستانەمان دەزانن و لیستی تیرۆری دەیان و سەدان کادری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیان لایە کە لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتی تاڵەبانیدا لەلایەن باندەکانی جمهوری ئیسلامی سێدارەو سەنگسارو تاواندا، تیرۆرکران. دەبێ لە هاوڕی ئازیزانە بپرسین، هاوخەمن لەگەڵ کەسوکار و هاوڕێیانی قوربانیانی دەستی حزبەکەی تاڵەبانی، یا هاوخەمن لەگەڵ یەکێتی بۆ مەرگی تاڵەبانین… وە دەبێ پرسیاریان لێبکرێت، ئەوە چ هۆکارێکە، مردنی و مەرگی دەیان سەرکردەی سیاسی لەدنیادا، بەدەگمەنیش موی کەستان ناجوڵێنێ، خێرە بۆ مەرگی تاڵەبانی سکرتیری پارتێکی ناسیونالیستی کورد، هیندە هەراسان و نیگەرانن.
بێگومان ئەو هەموو ستایشەی تاڵەبانی کە بەدوای مەرگیدا، دەبەخشرێتەوە، ستایشی رۆڵ و کارنامەو نەخشی تاڵەبانییە لە نیوسەدەی رابردوودا، کە ئەوە بەرهەمەکەیەتی کە دۆزەخێک بۆ خەڵکەکەی داخراوە، کە تاڵەبانی و حزبەکەی بەشێکی سەرەکی و خوڵقاندنی ئەو دۆخەن. ستایشی رۆڵی تاڵەبانی، رازی بوون و ستایشی ئەو هەلومەرجە نەخوازاوەیە کەبەسەر خەڵکی کوردستاندا هێنراوە… ستایشی دەسەڵاتێکە کە دوای ٢٦ ساڵ، نەیانتوانیوە سەرەتاییترین پێداویستی وەکو ئاو کارەباو خزمەتگوزاری زۆر سادە بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن، لە کاتێکدا داهاتێکی بێشوماریان لەبەردەست بووە.
لەکۆتایدا ماوە بڵێین, تاڵەبانی عەدالەتخواز… کە بەنیاز بوو شارەوانی بی نێژێت لەبەر نەبوونی و هەژاری!! لەگەڵ مردنیدا، ئەویش گردێکی شارەوانی داگیر کرد. گردی دەباشان کە موڵکی گشتییە، بووە موڵکی گڵکۆی تاڵەبانی…شایانی باسە ئەو گردە زیاتر لە ٢٠٠ دۆنم زەوییە… سەرکردەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بە مردویش دەست لەپاوانی سامانی گشتی هەڵناگرن.