پرسی ڕۆژ…بەها عومەر بەكر دارتاش  وەڵامی پرسی رۆژ دەداتەوە…

0

بەها عومەر بەكر دارتاش  وەڵامی پرسی رۆژ دەداتەوە…

پرسی ڕۆژ/

شاژنی بەریتانیا ژیانئاوایی كرد، بەڵام بەدوایخۆیدا قسەوباس و هەڵوێستی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری …تاد زۆر هێنایە گۆڕێ، بەتایبەت لە میدیای بۆژوازی و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان. هەروەك پیشەی كاری دەزگا میدیاییەكانی دنیای دەسەڵاتی سەرمایە هەموو پرسێك لەبەرژەوەندی چینایەتی خۆیان دەقۆزنەوە. زۆرینەی میدیا زەبەلاحەكان تەنیا بەچاوێك دەبینن و كاروكردەوە بەحساب چاكەكانی باس لێوەدەكەن و خۆڵدەكەنە چاوی خەڵك.

بەڕای ئێوە بەرەكەی دیكە، كە بەرەی حەقیقەت و ڕاستیەكانی پشت سەری ئەو كاروكردەوە نائینسانیانەیە كە بە بڕیار و پرس و چاوساغی شاژنەوە كراون لەجیهاندا چۆن دەبینن؟ دەتوانن تیشكێك بخەنە سەر ئەو ڕاستیانە بۆ خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێش و ستەمدیەدە پتر ئاشكرا بێت كە ئەم دەسەڵاتانە چۆن لەهێزوقوت و ڕەنجیان دەخۆن و بەچاكەش پێیان دەفرۆشنەوە.

بەها عومەر بەكر دارتاش لەوەڵام بەم پرسە وادەڵێت:

 بەڵێ دەنگدانەوەی مەرگی شاژن هەروەك ئێوە باسی دەكەن سەراپاگیربوو، كردەیەكی چاوەڕوان كراوبوو كە لەپێش چركەساتی باڵەفڕبوونی “رۆحیانەتی شاژنەوە ” نەخشەی بۆ كێشرابوو كە چۆن سەرنجی سەراسەری جیهان بۆ ئەم هەواڵە راكێشرێت. چاوەڕوان كراوبوو لەبەرئەوەی كە حەفتا ساڵە ئەم شاژنە جاڕ دەدات بە گوێی خەڵكی بەریتانیادا كە من لوتكەم، من پیرۆزم؛ هەرئەمەش كراوەتە جۆرێك لە فیلتەری گەوجاندنی ئەو خەڵكە.  بەبڕوای من ڕەگی ئەم كۆنەپەرستیە لە هەناوی ئەو ژینگەیە ئاینیەی مەسیحیەتدایە كە ئەم نەریت و ئەقلیەتەی تێدا بەهێزترو پایەدارتر كردووە. دیارە ئەم رۆڵگێرانەی ئاینیش بە درێژایی مێژوو یەكێك بووە لە پایەكانی بەهێزبوون و خۆداسەپاندنی دەسەڵاتداریەتی سەرمایەداری. هەربۆیە وەك دەبینین كە مەرگی شاژن ئەلیزابێزی دووەم كرایە یەكێك لە گەورەترین ڕووداوەكانی جیهان، و لەڕێی میدیای زەبەلاحی بەردەستیان خزێنرایە ماڵی سەدان ملیۆن ئینسانەوە، و لەمەش زیاتر وەك تراژیدیا دەرخواردی ئەو خەڵكەیاندا. بەڵام حەقیقەتی مەسەلەكە یەك جەنگی چینایەتیە كە چینە باڵادەستەكان بەدەر لەوەی كە ژیانیان لەسەرو بوونی ملیاردها ئینسانی ئەم سەرگۆی زەویە نیشان دەدەن، هاوكات مەرگیشیان دەكەنە ئێستگەیەكی ترو جارێكی تر باڵادەستی خۆیانی پێ نمانیش دەكەن. ئەوەی كە لێرەدا دەیڵێین تەنیا فڕێدانی ژمارە نییە! بەڵكو پڕۆسەی نمایشكردنی مەرگی شازادە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە ئەم راستیە ڕەوەندێكی بەخۆیەوە گرتووە. ئەگەر لە چركەساتی راگەیاندنی مەرگی شازادەوە سەرنج بدەین؟ ئەم هەقیقەتەمان بە باشی بۆ ڕوون دەبێتەوە، كە چۆن لە دوای ئاگاداركردنەوەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەلایەن بنەماڵەی شاژنەوە هاوكات دواتر لەسەر بنەمای پرۆتۆكۆڵێك كەتایبەت كرابوو بە ڕێوڕەسمی ناشتنی شاژن كە بەتونێلێكی زۆر پێچاوپێچ و بیرۆكراتی و ئیداریدا تێپەردەبێت، مەبەستیان بووە كە وەك بۆمبێك لەئاستی ناخۆو نێودەوڵەتیدا دنیا بەدوای خۆیاندابكێشن. هەربۆیە هاوپێچ لەگەڵ ئاگاداركردنەوەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، ئەویش ١٥ وڵات كە لەلایەن شاژنەوە “سەرۆكایەتی دەكرێت” ئاگادار دەكرێنەوە. پاشان هەواڵەكە بە ٣٦ وڵاتی دیكە ڕادەگەیەنرێت، و ئینجا لە هەریەك لەو وڵاتانەدا هەواڵی مردنی شاژن بەفەرمی ئاشكرا دەكەن بۆ خەڵكی ئاسایی. بەهەموو ئەمانەشەوە ناوەستن ئەو رۆژەی شاژن ژیانئاوایی دەكات سیناریۆیەكی هاوشێوەی سیناریۆكەی هاتنە سەركاری خومەینی لە شۆڕشی ئێراندا دووبارە دەكەنەوە، و تەقسێك لە ئاسماندا نیشان دەدەن لە شێوەی سیمای شاژندا! ئەمە گوایە رۆحیانەتی ئەوەو بەسەر سەری خەڵكی بەریتانیاوە خورافیاتی وا دەبارێنن. دیارە ئەم شاژنە میهرەبانە هەر لەگەڵ لەدایك بوونیدا شانسی هەموو ئەم تایبەتمەندی و جیاكاریانەی هەبووە، ئەی مەگەر نازانین كە شاژن تەنانەت مەراسیمی لەدایك بوونەكەشی جیاوازە، و دوو ئاهەنگی نیشتمانی دەگێرن، یەکێکیان لەنێو خێزانەكەیدا هەروەها لە دەرەوە بەم بۆنەوە مەراسیمی بۆ ساز دەكرێت. بۆیە دەبێت چاوەڕوانی ئەوەش بكەین كە مەرگیشان بكریتە ئەو ڕووداوە گەورەی كە بەوشێوە دنیای پێوە خەریك بكرێت. لەوەشیان گەڕین كە شاژن شاعیری فەرمی و دەرباری هەیە، بۆ گەشتگوزارەكانیشی كە ١٢٠ وڵاتی جیهان ڕۆشتووە و پێویستی بە پاسپۆرت نەبووە! چونكە ئەو پادشای وڵاتێكە. كە ئەم جیاكاری و ئیمتیازدانە بەراستی گەورەترین سووكایەتیە بە بەشەریەت.لەكاتێكدا كە ئەم مەراسیمە بۆ كەسێكی مشەخۆر دەكرێت كەتەنیا یەك جار لە ژیانیدا دلۆپێك ئارەقی بە جەستەی خۆیەوە نەدیووە! تا بەهیچ جۆرە داهێنانێك و كارێكەوە دەگات كە كارنامەی خۆی پێ پرشنگدار بگات . ئەگەر من زۆر شارەزاو ئاگاداری كارە پڕ بەهاكانی شاژن ئێلیزابێز نەبووبێتم ئەوا وتاری رۆژنامەكانی جیهان و پەیامە یەك لەدوای یەكەكانی كەسانی وەك جۆ بایدن و باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ و جەستن ترودۆو ئیمانوێل ماكرۆن و ئۆلاف شوڵتز و مایكل دی هیگینس سەرۆكی ئێرلەندا، پاشای هۆڵەندا و شاژنە ماكسیما بۆ شا فیلیپ و شاژنە ماتیلدا لە بەلجیكا و سەرۆكوەزیرانی هیندستان نەدەنێردرا! جگە لە ستایشی شاژن ئێلیزابێز، جگە لە دەربڕینی دیپلۆماسیانەی بە مەزن لە قەڵەمدانی شاژنێكی دڵ فروان و شكۆدار و ژیر، كەسایەتییەكی جێگیر و پرسیاركەرو میهرەبان، خانمێكی بێ هاوتاو جوان، زیاتر شتێكی ترمان نەبیست. بەپێچەوانەوە تەواوی ئەو پیاهەڵدان و ستایشكردنە ئەخلاقیانە بۆ شاردنەوەی سیمای واقعی کاروکردەوەکانی ئەم تاوانبارە بوو. هاوكات ئەمە رێگەیەكیش بوو بۆ شەرعیەدان بەو سەرمایە گەورەیەی كە شاژن خاوەنداریەتی دەكات، وەك دەزگای راگەیاندنەكانی خۆیان ئاماژەی پێدەكەن كە شاژن بە بەهای سێ ملیار دۆلار خشڵ و زێڕی هەیە، بە بەهای ٣٧٠ ملیۆن پاوەند موڵكی هەیە. لەمبارەشەوە گۆڤاری سەندەی تایمز دان بەوەدا دەنێت كە شاژن یەكێك لە دەوڵەمەندترین ٢٥٠ كەسی بەریتانیای. قسەی خۆمان بێت پێدەچێت ئەم شاژنە هێشتا غەدری لێكرابێت لە بەراورد بە سامانی بنەماڵەی شاهانەی تایلەند كە بە ٥٠ بۆ ٧٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت. ئەمە جگە لەوەی كە كۆمپانیای ڕۆیاڵ كە لە ئەندامانی باڵای بنەماڵەی شاهانەی دەسەڵاتدار پێكهاتووە و شاژن سەرۆكایەتی دەكرد، بەپێی ئاماری( فۆربێس)، ئەم ئیمپراتۆریەتە تا ساڵی ٢٠٢١ نزیكەی ٢٨ ملیار دۆلار سەروەت و سامانی لە شێوەی خانووبەرەی نەفرۆشراودا هەیە. بەڵێ تێگەشتن لەم واقعە تاڵ و جیاوازیە چینایەتیە ئابروبەرانەیە، یەكجار قورس و ئازاربەخشە لە كاتێكدا كە هەژاری و بێكاری و نەخۆشی و بێخانەو لانەیی و كەمدەرامەتی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتری خەڵكی هەژارو كەمدەرامەتی بەریتانیای دووچاری نەهامەتی و گرفتاری گەورەی ژیان دەكاتەوە. بەڵام لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا شاژنی ئیمپراتۆر یەكێك لە تاوانبارترین كەسایەتیەكانی جیهانە كە دەبێت دادگایی بكریت. دڵنیام زۆرێك لە ئێمە مێژووی داگیركاری و كۆمەڵ كوژیەكانی ئەم شازادەیەمان خوێندوەتەوە لە وڵاتانی ئەفریقا، خۆرهەڵاتی ناوەراست و ئاسیاو ئەمریكای باكور. وە چۆن ئەفریقای كردە شوێنی ڕاوكردنی بازرگانی بۆ ڕەشپێستەكان، هاوكات دەریایەك دزی و دەست بەسەراگرتنی كانزاكانی لە چەشنی (ئاڵتون و نقێم و نەوت و مس، ئەلۆمنیۆم، ئەڵماس، گازی سرووشتی، ئاسن، پەموو، هەتا دەگات بە قاوە، چا، خووری) و سامانە سرووشتیەكانی تر. كە دیارە بۆ بەدەستهێنانی ئەو سامانە ملیۆنان مرۆڤ كرانە قوربانی شەڕو وێرانكاریەكانی شاژنی بەریتانی. لە كۆریا بۆ بەشداریكردن لە كوشتارگەیەك كە سوپای ئەمریكا بەرێیخستبوو ٤ ملیۆن ئینسانی تێدابووە قوربانی.  بەریتانیا ڕۆڵی چارەنووسازی هەبوو لە پەیمانامەكانی لۆزان و سایكس بیكۆدا، لە جەنگ و داگیركاری و مالوێرانیەكانی لیبیا، فەلەستین، عێراق، سوریا، یەمەن، ئەفغانستان و هیندستان، دەیان كودەتا لە وڵاتانی ئاسیاو ئەفریقاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپاكرد. هەربۆیە ئەمەی كە باسمانكرد مشتێك لە خەرمانی كارنامەی شاژنی بەریتانیاو بنەمالەكەی بووە كە ئەمرۆ مەرگی شاژنی بەریتانیا تێدا دەكرێتە هەوێنی ڕووداوێكی گەورەی جیهانی، و دە رۆژ پرسەی بۆ دادەنرێت. ئەمەیە واقعی دەسەڵاتداریەتی شەرماوەری نائینسانی سیستەمی پاشایەتیە كە بەدڵنیایی تێدا چینی كرێكارو خەڵکی هەژارو نەدار بوونەتە سووتەمەنی ئەو كوشتارگە، و وێرانكاریە، و داگیركاریەی كە شازادەو شاژن لە مێژووی دەسەڵاداریەتییاندا پێی هەڵساون. دیارە بە درێژایی ئەم مێژووە ڕاوەستانەوە  وبەرگریكردن و ناڕەزایەتی دژ بەم داگیركاری و دەریای چەوسانەوەیە هەبووە، بە تایبەت ئەوەی ئەمڕۆ دوای مەرگی شاژن لە زۆرێك لە وڵاتانی مستعمرە بە كەنداو ئوسترالیایەكشەوە كەبەتایبەت دەنگێكی گەورە كەوتووەتە رێ دژ بەم داگیركاری و بەردەوام بوونەی سیستەمی پاشایەتی لە وڵاتەكانیاندا . لەدوایدا دەمەوێت بڵێم كە ئەگەر ویژدانی مرۆڤایەتی رۆژگارێك بێتە دەنگ؟ شاژن وەك یەكێك لەتاوانبارترین كەسایەتیە دیكتاتورو فاشیەكان دادگای دەكەن، چونكە ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایت كاری بە مان و نەمانی تاوانبارانەوە نییە لەو شوێنەدا كە قسە لەسەر بەهای ئینسانیە ئیتر عەدالەت دەبێت ڕۆلی خۆی بگێڕێت. تروسكەی ئەم ئومێدە هەر ئەمرۆ لە سەراسەری جیهاندا بەدی دەكرێت. ملیۆنەها شەپۆلێكی بەرفراوان لە خەڵكی ئازادیخوازو كرێكارو زەحمەتكێش دەنگهەڵبرن و ناڕەزایەتیەكانیان بە شوێنێك گەیاندوە كە هەر ئێستە خواستی دەستبەردار بوون لە سیستەمی پاشایەتی و كۆلۆنیالیستی لە زۆر وڵات بووتە دەنگێكی گەورە دژ بەم كارنامە قێزەونەی سیستەمی پاشایەتی. كارنامەی ئەو شاژنە ملیاردێرەی كە تاجەكەی سەری لە ئەفریقاوە دزراوە، نرخەكەی بە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەنە دەكرێت….

Leave A Reply

Your email address will not be published.