ئامانج نوری: ئەو دوو دەسەڵاتە حزبیی وبنەماڵەییەی کوردستان بونەتە ئەداتی هەڵهێنجانی کەرتی وزە لەم هەرێمە بەقازانجی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان و کۆمپانیاکانیان… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ئامانج نوری چالاکی سیاسی،  سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی….

0

ئامانج نوری: ئەو دوو دەسەڵاتە حزبیی وبنەماڵەییەی کوردستان بونەتە ئەداتی هەڵهێنجانی کەرتی وزە لەم هەرێمە بەقازانجی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان و کۆمپانیاکانیان…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز ئامانج نوری چالاکی سیاسی،  سەبارەت بە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و ئاینندە سیاسیەکەی….

 بۆپێشەوە: هۆکاری پاشەکشەی ئەندام پەرلەمانەکانی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق چییە؟ چۆن دەڕواننە بڕیاری رەوتی سەدر بە پاشەکشە لە پرۆسەی سیاسی عێراق!!؟ وە  ئەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان دەبێت؟

ئامانج نوری: یەکەمین، صەدر سواری شەپۆلی نارەزایەتیەکانی عیراق بوو، ئەو ژمارە کورسییەی چنیەوە لەهەڵبژاردنەکاندا. بەردەوام بوایە لەو پەرلەمانەو حکومەتەکەی، بنکەی جەماهیریی لەدەست ئەدا.

دوهەمین، جیاوازیی مەزهەبەبی لەگەڵ وەلائیەکان هەبوو لەمەنجەڵێکدا نەئەکوڵان، ئەوە ١٨ ساڵە دژایەتی یەکتر ئەکەن،

سێهەمین، صەدر هەستی کردووە کەسیستانی چۆتە تەمەنەوەو کاریگەریی ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو دوایە، خۆی بەخاوەن ڕەگ وڕیشەی قووڵ ئەزانێت لەناوشیعەکاندا، ئارەزووی بوون بەمەرجەع ئەکات لەعیراق.

چوارهەمین، کەوتە ژێر فشاری سیستانی و ئێران وئەمریکیەکان.

ناچار بۆ دەربازبون ومانەوەو ئامادەکاریی بۆ قۆناغێکی تر، کشایەوەو پەنای بردە بەر پێگەی بنەماڵەیی خۆیی و شوێنکەوتووانی کە مەزەندە ئەکرێن بە ٣ ملیۆن کەس.

دابەشبوونی لایەنە سەرەکیەکانی هەرێم بەسەر ئەو دووبەرەیەدا، لەبەغدا، دۆخی هەرێمی شڵەقاند، ئێرانیش لەبەرامبەر لەتکردنی ماڵی شیعە دەستی وەردایە هەرێم و فشارەکانی زیاد کرد.

بۆپێشەوە: هەلومەرجی سیاسی کوردستان تادێت بەرەو خراپی دەچێت، لە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانەوە تا دەگاتە بەرپرسە سیاسییەکانی بۆرژوازی کورد، ئاماژە بەزیادبوونی مەترسییەکانی سەر هەرێم دەکەن، ئێوە لەو بارەیەوە دەڵین چی و تا چەندە مەترسی سیاسی لەسەر هەرێم هەیە؟

ئامانج نوری: هەرێم بازنەی هاوبەشی بەرژەوەندی وتەماعی ئێران عێراق و تورکیایە، لەڕووی وزە وخاک ونفوزەوە، بۆیە هەرکات هەرێم ببێتە بەشێک لەصیراعە ناوخۆیی وئیقلیمییەکە، ئەوا ئەکەوێتە بەردەم هەڕەشەو فشاری لایەنێک یان دوان لەو لایەنانە.. ئەوەش دابەشبونێکی ناوخۆیی نوێ لەناو هەرێم کارا ئەکات.

 بۆپێشەوە: لە ڕوانگەی ئێوەوە مەترسی سیاسی لەسەر هەرێم یانی چی؟ ئایا مەترسی لەسەر دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد هەیە یان لەسەر خەڵکی کوردستان؟

ئامانج نوری: بەبڕوای من مەترسی سەرەکی بۆ سەر خەڵکی کوردستانەو لەسەر جوگرافیای هەرێم و پێکهاتەی دانیشتوانەکەیەتی، “بەدەست شۆڤێنیزمی عەرەبیی و تورکییەوە”، بەڵام، ئەوەی کەپەیوەندی هەبێت بەبنەماڵەکانی حوکم لەکوردستان، “کەناتوانین پێیان بڵێین ناسیۆنالیزمی کوردیی”، مەترسی لەسەر مانەوەو دەسەڵاتی ئەوان و بەرژەوەندیە ئابوریەکانیانە. لەکێڵگە نەوتیی و گازییەکان و خاڵە گومرگییە سنوورییەکان،

بینیشمان کە خەڵک وخاک و نەتەوەو سیستمی سیاسی و دیمۆگرافیای دانیشتوان هیچ بەلایانەوە گرنگ نەبووە، بەنمونە؛ هەردوو لا لە ٢٠١٦ دا پێشکەشیان کرد بەقاسمی سلێمانی وسوپای عیراق!

 بۆپێشەوە: ئایا هەرەشەی سەر هەرێم، پەیوەندی بە چونەسەری ململانێی نێوان بەغداو هەرێمەوە هەیە، یان هۆکاری تری فراوانتری جیهانی و ناوچەیی لەپشتەوەیە؟

ئامانج نوری: ململانێی نێوان هەرێم و بەغدا، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەئەجێندای فراوانخوازیی تەشەیوعیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە، بەشێکیشی بەصیراعی تەئریخی ئمپراتۆریەتی تورکی وفارسییەوە هەیە، لەشەڕی چاڵدێرانی نێوانی سەفەویی و عوسمانلی بوو، ئێستەش هەردوو جەمسەری ئێرانی شیعی و تورکیای ئیخوانیزم، نمایندەی ئەکەن لەبەرگێکی نوێدا.

ئەمڕۆ ئەو دوو جەمسەرە ڕەوتی شۆڤینزمی عەرەبی تەوزیف ئەکەن بۆ بەردەوامیی ململانێیان، لەهەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.

ڕووسەکانیش لەونێوەندەدا لەپشت پەردەوە کار ئەکەن هەتا ئەگاتە ڕۆژئاوای کورستان، بەمەبەستی هاتنە ناو خۆرهەڵاتی ناوەراست بەشێوەیەکی راستەوخۆ، هەروەک لەسووریا کردیان، کە ئێستە بنکەیەکی سەربازیی تاقانەو خاوەن نفوزیان لەوێ هەیە.

 بۆپێشەوە: لە ئێستادا پرسی نەوت و غاز وەکو کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، دەرهاویشتەی چییە؟ تاچەندە لاتان وایە دەستی بۆرژازی کورد لە دۆسیەی نەوت و غاز دوردەخەنەوە؟ ئەمە چ کاریگەرییەکی لەسەر پەیوەندی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتی بۆرژوازی عیراقی دەبێت؟

ئامانج نوری: پێچەوانە، ئەو دوو دەسەڵاتە حزبیی وبنەماڵەییەی کوردستان بونەتە ئەداتی هەڵهێنجانی کەرتی وزە لەم هەرێمە بەقازانجی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان و کۆمپانیاکانیان، ئەگەر نا؟ لەکوێی دنیادا بووە نیوە زیاتری داهات لەوەبەرهێنانی کەرتی وزە، بڕوات بۆ کۆمپانیاکان ودەوڵەتانی دراوسێ؟! ئەوە وازحە. ئەوان ئەهێڵنەوە بۆ بەردەوامیی و ئێرانیش داوای بەش ئەکات.

 بۆپێشەوە: چارەنووسی سیاسی خەڵکی کوردستان و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە ململانێکانی نیوان دەسەڵاتی بۆژوازی عیراق و کوردستاندا، چی بەسەر دێت و چ کاریگەریەکی دەبێت؟

ئامانج نوری: بەم وەتیرەیە بەردەوام بێت، دۆخی ئابووری هەرێم هەر لە”رکود”دا بەرەو خواردێت، ئاستی گوزەرانی خەڵک لەمەترسیدا ئەبێت، بەتایبەت کەکەرتی گشتی بەتەواوی ئیفلیج کراوەو بەرەو لەناوچوون ئەچێت، لەسێبەری کەرتی تایبەتی توێژی مشەخۆری هەڵتۆقیوی نوێ، کە خراپترین و دڕندەتریشە لە قۆناغی سەرمایەداریی بێ ڕەحم، کەدەسەڵاتداران پشتگیریی وشەریکایەتییان ئەکەن. بەبۆچوون و تەقییمی من لەگەڵ هیچ کام لەپێوەرو سیستمەکانی سەرمایەداریدا یەکناگرێتەوەو “مافیاگەرییە”.

مافیا ئیقتیصادییەکان بەموبارەکەی مافیا سیاسییە دەسەڵاتدارەکان، بەردەوام ئەبن لەمژینی تواناو داهات لەسەر حسابی ژیان وگوزەران و تەندروستی و ئەمنی کۆمەڵگەکەمان. ڕووناکیی وبڕست لەهێزی ئەبڕن، ئەوەش لەبۆشایی و نەبوونی ئۆپۆزسیۆنە چەپ و دیموکراتە ڕاستەقینەکاندا.

ئەوەی پەیوەستە بەعیراق، دۆخێکی ناجۆرە بەدەست مەراجعە مەزهەبی و تائیفییەکان و مافیاکانیان لەحکومەت ومیلیشیا مەزهەبییە جۆراوجۆرە چەکدارەکانیان، عێراق هەر لەسایەی نەبوونی فیعلیی دەسەڵاتی دەوڵەت و قانوندا، کۆڵەوارکراوە، هەرێمیش گیرۆدە بووە.

 بۆپێشەوە: گوشارەکانی بەغدا بۆسەر هەرێم، دەکرێ وەکو سەرەتای کۆتاییهاتنی دەورەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی کورد تەماشا بکرێت؟

ئامانج نوری: هەرگییز ئەوە نییە، بەڵکو پاشگەزبوونەوەی ئەحزابی سیاسی عیراقە، لەبنەماکانی دەستوورو سیستمی فدراڵی ئیختیاریی و فرەیی، کەهەر لەبنچینەدا شکستی هێناوە، ئەوەش وەک پێشتر باسمانکرد بەهۆکاری فاکتەرەکانی ئێرانی و تورکییە، ئەگەر نا، لەمانە باشتریان دەستناکەوێ بۆ سەوداو مامەڵەو تەسلیمبوون!

بۆپێشەوە: ڕۆژانە ڕووداو و سیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی کاریگەریان لەسەر هەلومەرجی پرۆسەی سیاسی لە عێراق کوردستاندا دەبێت. بەڕای ئێوە وەڵامی پێویست و ڕێگەچارەی واقعی چیە بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەشمەینەت و هەژار لە کوردستان بەتایبەت.

ئامانج نوری: چارەسەر، گەڕانەوەیە بۆ پێکهێنانی بزوتنەوەو حزب و ڕێکخراوی نوێی کارا، دوور لەئەجێنداکانی دەوروبەر، لەسەر بنەمای چەپ و دیموکرات، کەخاوەنی ڕوئیاو فەلسەفەی نوێی حوکمداریی سیاسی و ئیدارەدان بن،

پێکهێنانی دەسەڵاتی خەڵکە، بۆ ئیدارەدان و دەوڵەتداریی، وەلانانی دەسەڵاتی قەبیلەو بنەماڵەو  خێزانە، کەبتوانێ کەرتەکانی وزەو کشتوکاڵ و تەندروستی و پەروەردەو ڕۆشنبیریی و ئەمنی و سەربازیی، سەرلەنوێ دروستبکاتەوە، لەسەر بنەمایەکی نیشتمانیی، هاوشان لەگەڵ دەسەڵاتی تەشریعی و قەزائی، کەبتوانێت دادی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی فەراهەم بکات، جیاکردنەوەی دینە لەدەوڵەت..

ئەوانە نەکرێن، نابێت بەتەمای ئەم بەناو حزبانەی ئێستە بین، لەبەرئەوەی بەمانای وشە؛ “حزبی سیاسی” لەکوردستاندا بوونی نەماوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.