کاکەلاو تەحسین وەڵامی پرسی رۆژی ژمارەی داوەتەوە

0

کاکەلاو تەحسین وەڵامی پرسی رۆژی ژمارەی داوەتەوە

دوو پرسی ڕۆژ لەم ژمارەیەدا: كاكەلاو تەحسین چاودێری سیاسی ئەم دووپرسەی بۆ تاوتوێكردین.

پرسی یەکەم: پێشنیوەڕۆی چوار شەممە 10ی ئاب ٢٠٢٢، لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم، جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق؛  سەرۆكی حزبەكانی كوردستانی عێراقی( مەبەست حزبەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمان)  كۆكردەوە( جگە لە نەوەی نوێ كە خۆیان بەشدریان نەكرد) بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی قەیرانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان و یاسای هەڵبژاردنەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان. پێتوایە قەیرانەكانی كوردستان هەڵبژاردنە یان سیستەمی حوكمڕانی؟

یەكێتی و پارتی سەركەوتووبوون لە چارەسەر نەكردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ھەڵبژاردن. لە مانگی ١٢ ی ساڵی ٢٠١٩ ماوەی كۆمسیۆنی ھەرێم تەواو بووە، و بەگوێرەی یاسا دەسەڵاتی پەرلەمانە بۆ نوێكردنەوەی ئەندامەتیان، یان ئەندامی نوێ ھەڵدەبژێرێت. كەچی ئەوان نەھاتن ئەو كێشە یاساییە چارەسەر بكەن تا ساڵی ٢٠٢٢ ! ئەوكاتیش كێشەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنیشیان ھێنایە پێشەوە! ئێستاش دەیانەوێ لە ڕێگای شەرعیەتی یوئێن ھەڵبژاردن دوابخەن و كێشەی كۆمسیۆن و یاسای ھەڵبژاردن چارەسەر نەكەن، بۆ ئەوەی ئەو دوو ھۆكارە بمێنێتەوە تا چەند جارێكی تر ھەڵبژاردنی پێ دوابخەن و شەرعیەتی یوئێنیش ھەبێت!

تۆ ئەگەر سەیری ئەو كۆبونەوەیەی دوایش بكەیت؛ ئەبینی لە بری چارەسەركردنی پرسی ھەڵبژاردن چونەتە سەر باس كردنی كێشەی یەكێتی و پارتی! ئێ دەبێت بپرسین ئایا یەكێتی و پارتی لە زەمەنی شەری ناوخۆین، و دێگەڵە سنورە تا بتوانن تەنھا لە بەردەوم نوێنەری وڵاتان یەكتر ببینن و گفتوگۆ بكەن؟ ئەی ئەوانە وەك سەرۆك حیزب كۆنابنەوە؟ ئەی لە ھەرسێ سەرۆكایەتیەكە سەرۆك و جێگر لە یەكێتی و پارتی نیە؟ ئەی بۆچی دەبێت نەزانن ئەتەكێتی كۆبوونەوە چۆنە و چۆن پابەندبن بە بەرنامەی كاری كۆبوونەوە؟ بەڵام روونە و بەئەنقەست ئەیانەوێت كێشەكان بە ئاڵۆزی پیشان بدەن و ھەڵبژاردنیش دوابخەن!

پرسیار:بەڵام ھەڵبژاردن لەھەرێم  ئەوەندە كاریگەری نیە تا بترسن؟

ھەڵبژاردن ھەر چەند خراپیش بەرێوە بچێت، باشترە بكرێت لە نەكردنی. (ھەڵبژاردن خولی سەرۆكایەتی مسعود بارزانی تەواو كرد، ھەڵبژاردنیش دوو خولی نێچیرڤان بارزانی تەواو دەكات، ھەڵبژاردن بوو رووی راستی بزوتنەوەی گۆڕانی ئاشكرا كرد، ھەڵبژاردن بوو یەكێتی وتی ھێزی ئێمە بە كورسی نیە و بە خەباتە، ھەڵبژاردن وا دەكات ئەوان بێنەوە بەردەستی دەنگدەر، لەکاتێکدا ڕۆژانە لەئێستادا شکۆی دەنگدەر دەشكێنن، ھەڵبژاردن وا دەكات لە ناوخۆیی حیزبەكان لەسەر پشكەكان ململانێكان زیاتر بێت و باڵەكان بڵێن جا نۆرەی منەوتۆ برۆ دواوە، ھەڵبژاردن وا دەكات لە شوێنێك بڵێن ئێمە شانۆگەری ھەڵبژاردن چیتر بەكار ناھێنین و ھەر بە دێكتاتۆری حوكم دەكەین)! لێرەوە ئەو ھۆكارە  درۆزنی و ڕیاکاری و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک کۆتایی دێت و  دەپچرێت کە وڵاتانی زلھێز دەستیان پێوە گرتووەو دەعمی یەكێتی و پارتی پێدەكەن، گوایە ئەو حكومەتە بە ھەڵبژاردن ھاتووە!

پرسی دووەم: لەسەر بانگێشتی نەوەی نوێ و سەرۆكەكەی( شاسوار عەبدولواحید) و كاریگەری خۆپیشاندانەكانی مقتەدا سەدر لە بەغدا؛ بانگەوازی خۆپیشاندانكرا لە ٦ ی ئابی ٢٠٢٢ لەشارەكانی كوردستان. چەند ڕۆژێك بەر لەوادەی خۆپیشاندان و لە ڕۆژی خۆپیشاندانیش، هێزە ئەمنیەكانی( پارتی ویەكێتی) لەهەولێر و سلێمانی ڕەشبگیریەكیان دەستپێكرد لە گرتن و ڕێگرتن لە ناڕازیان و چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان كە زۆرێكیان لە ئەندام پەرلەمانی كوردستان و بەرپرسان و هەوادارانی نەوەی نوێی تێدا بوو، لەگەڵ خەڵكی بێلان و ناڕازای، بەپێی سەرچاوەكان ژمارەكە ئێجگار زۆرە كە دەگاتە( ٢٥٠٠) كەس.

ئەم ترسە گەورەیەی حزبەكانی دەسەڵات لە خۆپیشاندان بۆچی؟ لەبەرچی؟

یۆنانیەكان دەیانگوت” شەر بۆیە گرینگە ھەبێت؛ تا جەنگاوەر و سوارچاك و تیرھاوێژی راستەقینە دەربكەوێت” ئەگەر شەڕ نەبێت ھەمووان دەڵێن من پاڵەوانم لە جەنگ و نازانین راستە یان درۆ؟

خۆپیشاندانیش گرینگ نیە چی دەگۆرێت لەسەرەتا، بەڵكو گرینگە چی ئاشكرا دەكات. ئەو خۆپیشاندانە ئاشكرایكرد ئەگەر یەكێتی و پارتی لەسەر دابەشكردنی پۆست نارێك بن؟ ئەوا لەسەر سەركوتكردن و فەرمان رەواییكردن تەبا و یەکدەستن!

ئەگەر یەكێتی و پارتی لە میدیاوەو بە گوتار جیاواز بن لە رێگادان بە ئازادی؟ ئەوا لە پراكتیك وەك یەكن و كۆپی یەکترن و یەکتر تەواودەکەن! ئەو خۆپیشاندانە سەلماندی كە یەكێتی و پارتی چەندە دەترسن، و خەڵکیش چەندە توڕەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خۆپیشاندانە دەرفەتێكی باش بوو بۆ ئەو مانۆرە سەربازیە، و رەشبگیریەی یەكێتی و پارتی تا ماوەیەكی زۆرتر ترس و تۆقانیان پیشانی خەڵك داوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.