هەرەشەو تۆقاندن ڕاگرن!
هەرەشەو تۆقاندن ڕاگرن!
نووسینی: عەبدوڵا مەحمود
هیچ لەوە چاوەروانکراوتر نەبوو کە ریفراندۆم و ئەنجامدانی ریفراندۆم رووبەرووی نارەزایەتی و هەرەشە و چاوسورکردنەوەو ئەگەری هێرش و ئابڵۆقەدانی هەمەجۆری سیاسی و ئابوری و ئەمنی تەنانەت دەستدرێژی سەربانیش…دەبێتەوە. ئەمەش لەهەموو شوێنێکی دنیادا روویداوە، ئەوەی رووینەداوە ئەوە بووە کە جیابوونەوەکان بێ کێشەو گرفت، بێ چاوسورکردنەوە هێرش و ئابلۆقەدان چووبێتە پێشەوە و بە ئاکام گەیشتبن. ئەوە ئەگەر بۆ جیابوونەوەو پرۆسیسی دەوڵەتسازی لە دنیادا، راستییەکی حاشاهەڵنەگر بووبێت، بۆ کورستانی عێراق کە لەگەڵ دەسەڵاتێکی عروبی و قەومی و ئیسلامی نۆکەرو کرێگرتەی جمهوری ئیسلامی ئێران و هاوسێی وڵاتانی وەکو تورکیا و سوریا، رووبەرووە سەد بەرابەر راستە. هەر لایەن و دەنگیکیش چاوەرێی ئەوە بێت یان بوایە کە دۆخەکە ئاسایی بێت و بابوەستین تا دەوڵەتەکانی ناوچەکەو عێراق و دنیا دەگەنە باوەرهێنان بە پشتیوانی لە ریفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستان، لەخەوێکی قوڵدان و بەکردەوە ئەمە یانی سپاردنی ئایندەی سیاسی کوردستانی عێراق بەمەحاڵ و قبوڵکردنی دۆخی ئێستاو ئایندەی خراپترو ترسناکتریش. ئەوەی کەلەم نێوەدا جێگای رامان و سەرنجە دەنگی نەخێری ژمارەیەک حزبی شەرمنۆکی بودەڵەی وەکو حزبی گۆران و کۆمەڵی ئیسلامی و دەنگی نەخێری ئیلیتێکی سیاسی و ژمارەیەک نووسەرە، کە پێشتر و بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم ماشێنی راگەیاندنی ترساندنی خەڵکی کوردستانیان لەدەستبرن بۆ ریفراندۆم خستەگەر… دیارە هەموویان پێداگریان لەسەر ئەوە دەکرد کە ریفراندۆم ناکرێت، بەڵام هێڵێکی گەرانەوەشیان دانابوو دەیان وت ریفراندۆم پرۆژەی تورکیایە بۆ دامەزراندنی قوبرسێکی تر، دەیانوت پرۆژەی ئەمریکی و تورکی و سعودییە بۆ بەرگرتن بە باڵادەستی ئێران لە ناوچەکە. دەیانوت ریفراندۆم جەنگ و کوشتار و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. دەیانوت ریفراندۆم نایاساییە چونکە پەرلەمان کارا نییە و پەرلەمان وەکو مەرجەع نەچۆتە پشتی. دەیانوت پەرلەمان کارا دەکەنەوە بۆ پەشیمان بوونەوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم. دەیانوت ریفراندۆم بەبێ ناوچە کێشە لەسەرەکان ناکرێت و زەمینەش لەو ناوچانە نییە بۆ ریفراندۆم. دەیانوت ئەم ریفراندۆمە موڵکی پارتی و بارزانییەو بۆ درێژکردنەوەی کورسی سەرۆکە، دەیانوت ناوماڵی کوردی!! ڕیک نییە، سازانی نیشتیمانی!! نییە، ئامادەیی!! نییە، ئابوریمان!! نییە، سوپای نیشتیمانیمان!! نییە، ….تاد.
سەر ئەنجام ریفراندۆم کرا و ئەو بۆچوونەی لای وا بوو ریفراندۆم ناکرێت، ئەمرۆ سەرکزە. کاردانەوەو رەتکردنەوەی خێرای ئەنجومەنی ئاسایش، نمایشی و مانۆری سەربازی تورکیاو ئیران و دەیان هەرەشەی تر نەیان توانێ رێگە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بگرن و ریفراندۆم بەبێ یەکریزی نێوماڵی کورد! بەبێ سازانی نیشتیمانی! بە بێ پشتیوانی ئەمریکاو غەرب و وڵاتانی ناوچەکە!!، بە ناوچەکێشە لەسەرەکانیشەوە کراو بەهەموو پێودانگێکیش سەرکەوتوو بوو. بەشداری بەرچاو و فراوانی خەلک و دەنگی بەڵێی بەرزیش، درۆی ئەوەی بەشداری و دەنگدان بە بەڵێ لە ریفراندۆمدا، دەنگدانە بە دەسەڵات و بەتایبەتی دەنگدانە بە پارتی و بارزانی، پوچی خۆی نیشاندا. خەڵکی کوردستان پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیان تیکەڵ بە پرسی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیای و بزوتنەوەی کوردایەتی نەکرد و ئەو پرسەشیان وەکو روانینی بەرێزانی نەخێر بە تاپۆی دەسەڵات و پارتی و بارزانی نەزانی. خۆ ئەگەر خەڵکی کوردستان لەروانگەی تورەیی و نەفرەتیان لەدەسەڵاتەوە و بەو دیدەی کە ریفراندۆم موڵکی دەسەڵاتە، دەنگیان دابا، بێگومان دەنگی نەخێر و رێژەی بایکۆت تارادەیەکی زۆر هەڵدەکشاو دەنگی بەڵی دەبوو قوربانی و شکستی دەخوارد… ئەوەی لەم ریفراندۆمەدا بووە قوربانی دیدی تەسک و روانینی روکەش و تێکەڵکردنی پرسی نەفرەتی جەماوەری لەدەسەڵات لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی بوو کە ویستی خەڵکی کوردستانە.
سەرئەنجام ریفراندۆم کرا… هەر ئەو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە بودەڵە و ئەو روانینە روکەش و کورت بینەی نەخێرەکانی دەرەوەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد.. لەدوای ریفراندۆمیش بەردەوامن لە ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و وێڵن بۆ گواستنەوەی هەواڵ و راگەیاندنە هەرەشە ئامێزەکانی وڵاتانی ملهور و زلهیزی دنیا و وڵاتە چنگ بەخوێنەکانی ناوچەکە… چ دنیایەکی سەیرە! بۆ ململانێی حزبی و ئەنتی پارتی بوون، ببیتە زمان حاڵی دەستی چەندەمی ئەو راگەیاندنە دوژمنکارانەیەی وڵاتانی ناوچەکەو دنیا… باسی ئازادی و مافی مرۆڤ و بەرەسمی ناسینی ئیرادەی ئازادانەی خەڵکیش بکەیت؟
بێگومان هەنگاوی چارەنووساز دوای ریفراندم دەستپێدەکات، لە نێوان ٢٥ سێبتەمبەر کە ریفراندۆم کرا و دەنگێ بەڵی سەرکەوت تا جیابوونەوەی بەکردەوەی کوردستان و پیکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ مەودایەکی درێژ هەیە، ململانێ و کیبەرکێیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و جەماوەری و یاسایی و حقوقی و ئەمنی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی و ئەگەری دەستێوردان و ئابڵۆقە سەپاندن و تەنانەت دەستێوردانی سەربازیش هەیە… لەو نێوەدا، ئەرکی بزوتنەوەی ئازادیخوازی و ئینسان دۆستی و چەپ و کۆمۆنیستەکانە، رۆڵی ئەرینی و نەخشی بەرجەستە بگێرن بۆ پوچەڵکردنەوەی هەر هەرەشە و چاوسورکردنەوەیەک کە لەدژی بریاری خەڵکی کوردستان لە ئارادایە، رۆڵی بەرچاو بگێرن لەوەی کە نەهێڵن ئاکامی ریفراندۆم بۆ مەبەستی تر بەکاربهێنرێت، نەخشی پێویستی خۆیان بخەنەگەر و ببنە بەشیک لە هێزی لەمەیداندا بوو بۆ بەئاکام گەیاندنی ئاکامی ریفراندۆم بە قازانجی خەڵکی کوردستان و بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سیکیولاری ناقەومی… وە رۆڵی بەرچاو بگێرن و ئیرادەی خەڵکی کورستان بە هێز بکەن.
ناکام کردنەوەی هەرەشەی عێراق وڵاتانی ناوچەکە، بە ئیرادەخستنەگەر و هاتنە مەیدانی جەماوەری و پێداگری لەسەر پێشکەوتنخوازبوون و مەدەنی بوونی دەوڵەتی ئایندەی کوردستان و ئامادەسازی جەماوەری چەکداری دەتوانێت، تیکبشکینرێت. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت هێرشی سەربازی بکاتە سەر کوردستان و سەرکەوتووبێت، دەوڵەتی فاشیشتی سەدام حسێن لە دوای خرۆشانە جەماوەریەکی ساڵی ١٩٩١ چەندین جار هەوڵیدا بگەرێتەوە کوردستان، چونکە پایەگای جەماوەری نەبوو، چونکە خەڵکی کوردستان بەرویدا هاتنە مەیدان، تێکیان شکاندو ملی خۆی و هیزەکەیان رماند… ژنان و پیاوانی کۆبانی بە بەرگری لێبراونەو لە مەیداندابوونی خۆیان سام و تەلیسمی درندەیی داعش و پشتیوانەکانی بە ئیرادەی بەهێزی جەماوەری و چەکداری تێکشکاند و پشیوانی دنیا ئازادیخوازیشێان خستە پشتی خۆیان… پشتیوانی خەڵکی کوردستان، لە ناوچەکە جەماوەری ئازادیخوازو تورەو نارازییە لەدەسەڵاتی عروبی و ئیسلامی عێراق و ئاخوندەکانی ئێران و دەوڵەتی فاشیستی تورکیاو رژێمەکەی ئەسەد… پشیوانی خەڵکی کوردستان لە ئەمریکاو غەرب و ئەو بەرە ئینسان دۆست و ئازادیخوازەیە کە بەدوای ژیان و ئایندەیەکی عەدالەتخوازو ئازادیدا وێڵن… نەک دەوڵەت و وڵاتەکانیان، کە بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان هەموو گۆشەو کەنارەکانی دنیایان لە جەنگ و نائارامیدا راگرتووە… وە لەبەرامبەر کارنامەو درندەیی، دەیان رژێمی درندەی دەست پەروەردەکروای خۆیان، بێدەنگن و لە بەرامبەر بە ویستی دانیشتوانێکی چەند ملیۆنی بۆ بریاردان لەسەر چاوەنووسی خۆیان، دوبارە دەوڵەتی ماف نەناس و هیرش کەرو داگیرکەرو کۆنەپەرست هەڵدەبژێرن. ئەگەر حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەمیشە و ئیستاش وڵاتانی ناوچەکەو ئەمریکاو غەرب بەدۆستی خۆیان دەزانن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمانە دۆست و پشت و پەنای خەڵکی کوردستانن، ئەوە بەکردەوە سەلماوە کە ئەمە درۆیەکی ئاشکرای بەرژەوەندخوازییە و هیچی تر. دۆستی خەڵکی کوردستان جەماوەری نارازی و ئینسان دۆست و پێشکەوتنخوازی دنیایە… پێویستە دەستی هاوکاری بۆ ئەم ئۆردووە رابکێشرێت. ئەم ئۆردووە دەتوانێ پشت و پەنای واقعی بێت. هەموو هەرەشەکیش ناکام بکاتەوە.
لەکۆتایدا دەبێ بڵێم… خێڵی نارازی حزبی لەناو خانەوادەی بۆژوازی کوردیدا، واز لەترساندن وتۆقاندنی خەڵکی کوردستان بهێنن… هیچ دەوڵەت و هێزێک شانسی سەرکەوتنی بەسەر ئیرادەی وەگەرکەوتو و لەمەیداندابووی خەڵکی کوردستاندا نابیت. نووسەر وئیلێتی، نارۆشن دید و بەڕیزانی ئەنتی پارتی، نەبەرد زۆرە بە قازانجی خەڵکی کوردستان کە هەر ئێستا لەدوای ریفراندۆمەوە دەتوانن رۆڵی خۆتانی بەقازانجی خەڵکی کوردستان تیا ببینن و سنوربەندی چینایەتی و هەمەلایەنەی خۆتانێ تیا پیشان بدەن و نەهێڵن ئاکامی ریفراندۆم بۆ مەبەستی تر بەکاربهێنرێت… نەک بوونە حکایەت خوانی هەواڵە هەرەشە ئامێزەکان و ترساندنی خەڵکی کوردستان.
کۆتایی سێبتەمبەری ٢٠١٧