بەرێز بەهزاد حسێن وەڵام بە پرسی رۆژی ژمارە دەداتەوە…

0

بەرێز بەهزاد حسێن وەڵام بە پرسی رۆژی ژمارە دەداتەوە…

پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا…

bopeshawa@gmail.com

بەرێز بەهزاد حسێن وەڵام بە پرسی رۆژی ژمارە دەداتەوە…

پرسی ڕۆژ/

د. عەزیز گەردی ناوێکی گەشی ناو ئەدەب و وشەو و وەرگێڕانی زمانی کوردی، و خاوەن هەڵوێست و شێوە یاخیبوونێکی تایبەت لە بەرامبەر شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەت، بە بەجێهێشتنی گۆشەیەکی پتەوی قایم لە وشەو گەنجینەیەک لە کتێب و لێکۆڵینەوە و باس و هەڵوێستی ناوازەی مرۆڤی باڵا لە هزر و هۆشی مەیدانی خۆی، بەبێ ناز بەفیزیکی جێیهێشتین.

ئێوە یەکێک بوون لەوکەسانەی کە هەڵستان بە کەمپێنێک بۆئەوەی ئەو گەنجینەیە تاهەتایە بمێنێت و ئەو گۆشە قاییمەی کەدروستیکردبوو دیوارەکەی تەواوبکرێت بۆ نەوەی داهاتوو مۆمێکی ڕووناک بێت، پێشنیارتان کرد کتێبخانەو شوێنی نووسین و خوێندنەوە و هەموو ئەو شتانەی لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەکاریهێناون پارێزراوبێت و لەمۆزەخانەیەکی شایستە بەئەرک و ماندووبوون و قوربانیدان لەوپێناوە عەزیز گەردی عەزیز بمێنێتەوە. پێتوایە ئەو پرۆژەیە چەندە پشتیوانی خەڵکی خوێندەوار و دڵسۆز بۆ هزر و هۆشیاری لێدەکەوێتەوە وەک ئەو نیەتەی ئێوە دەچێتە پێشەوە؟

بەڕێز بەهزاد حسێن لەوەڵامی پرسی ڕۆژدا دەڵێت:

سڵاوتان لێ بێ.. ئێمە وەک یەکەم گروپ لە کەمپەینێکدا ویستمان هەوڵ و ماندوبونەکانی “عەزیز گەردی” لە چوارچێوەی کتێب و دەستنوسەکانی بپارێزرێ، وەک گرنگترین سامانی فکری و ئەدەبیی کوردی دەستی پێوەبگیرێ و وەک سامانە نەتەوەییەکانی تر بە پشتگوێخستن و قازانجویستی قەڵەمفرۆشانی دەسەڵات نەفەوتێ.

ویستمان پێش ئەوەی دەسەڵات لە ڕێی قەڵەمە کۆیلەکانی خۆی “گەردی” و بەرهەم و دەستنوسەکانی بخاتە خانە و ڕیزی چڵکاوخۆرە دەربارەکانی ئەو دەسەڵاتە ناشیرینە، ئیستۆپێکی قورسیان پێ بکەین.

ڕێک وەک ئەوەی پێشبینیمان کردبو، دووسێ ڕۆژ دوای کەمپەینەکەی ئێمە بە ناوی (با ماڵەکەی مامۆستا عەزیز گەردی بکرێتە مۆزەخانە)، نوسەرانی بنباڵگری دەسەڵات لە شێوەکانی سەرۆ قادر و ئازا حەسیب و زانا خەلیل و ئەسکەندەر زرار و …هتد، هاتن هەمان ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنەکەی ئێمەیان بە شێوەیەکی تر داڕشتەوە و لە لەفونەشرێکدا ئەو ڕاگەیاندنەی ئێمەیان  ئاڕاستەی “هێژا.. سەرۆکی هەرێم” نێچیرڤان بارزانی کرد، تا بەو پول و پارە زۆرەی هەیەتی، کە هی میللەتە و هی خۆی نییە، مۆزەخانەکە بخاتە سەرپێ.

ئەوان ئیشیان دەربارکاریی قەڵەمڕتوشی ماکیاژکاری دەسەڵاتە، لەپێناو نانەچەورە بێزەوەرە مۆرانە لێدراوی شەرماوەری بەرماوەی ئاغاکانیان، بۆیە قەت نەیانزانی و لەو مەبدەئە ناگەن، کە هەموو سامانی کاک “هێژا” لای گەردی و کەسوکارەکەی ناکاتە نرخی ڕۆمانی وەرگێردراوی “خاکەکە ماچ بکە”.

 ئێمە کەمپەینمان ئامادەکرد و یەکسەر خانەوادەی گەردی”مان لێ ئاگادار کردەوە، تا هیچ شتێک بێ پرسی ئەوان نەکەین و بێ ڕەزامەندی ئەوان هیچ شتێک نەچێتە پێش. قەڵەم کۆیلەکانیش بە کەمێک جیاوازیەوە ناوەڕۆکی کەمپەینەکەی ئێمەیان بە شێوەی خۆیان داڕشتەوە و بێ ئەوەی هیچ پرسێک بە خانەوادەکەی “گەرد”ی بکەن، داواکەیان ئاراستەی سەرۆکی هەرێم کرد. هێندەی من ئاگادار بم، لای خانەوادەکەی “گەردی” کەمپەینەکەی ئێمە ڕێزی لێگیرا و هی ئەوان بە توندی ڕەتکرایەوە.

ڕاستی ئەوان دۆخێکی دژبەرییان بۆ ئێمە خوڵقاندوە، ئێمەش کە وەک قوتابیان و خوێنەرانی دڵسۆزی “گەردی” و وەک خۆی پشت لە دەسەڵاتین، ئامادەی ئەو بەرەنگاربونەوەین و دڵنیاشین بە پشتیوانی خەڵکانی ناڕازی و ئەدەبدۆستان و خۆشەویستانی “گەردی” بە بردنەوە لەو گەمە پیسەی ئەوان دەردەچین.

ئێمە هێشتا بەو سەدان واژوی پشتیوانانمان نەچوینەتە ناو ئەو گۆڕەپانی دژبەریە، چونکە ڕاست نییە، ئەو خانەوادە پرسەدار و دڵپڕخەمە بە خۆمانەوە خەریک بکەین. لەلایەکی تر ئێمە لە یەکەم ڕاگەیاندنەوە گوتمان ئەم ڕاگەیاندنەی ئێمە تەنها پێشنیارێکە و دواتر ئەوان چی بڕیار دەدەن، ئێمە وەک ڕێکخەرانی کەمپەینەکە لە خزمەتی ئەوان دەبین، کە دیارە بڕیارەکانی ئەوان هەمان بڕیاری پڕعیززەتی “گەردی”ن. هەروەها ناشمانەوێ بیانخەینە ناو کێشە و هەڵبژاردنی بەرەیەکەوە، کە ئەمە ئیشی ئێستای ئەوان نییە و ئەوان خەمی گەورەتریان هەیە.

تا ئەو جێیەی ئاگادارم، لە ئاستی هەرە سەرەوەی هەردو حیزبی بەڵا شەڕە لەسەر دزینی ڕەمزییەت و ئایکۆنی “گەردی”، هەر یەکەیان بەلای خۆیدا ڕایدەکێشێ و دەیانەوێ وێنە جوانە گەورەکەی ئەو لە بەرژەوەندیی خۆیان پێچەوانە بکەنەوە، کە ئەوەی یەک ڕۆژ لە “گەردی” نزیک بوبێ، دەزانێ ئەمە گەورەترین ئازادانی ڕۆحی تاهەتایی دوای مردنی ئەو زاتەیە.

کوڕان و برازاکانی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی! ئێوە خۆتان هەر هیچ! نەتانبیسبو ئەو دوو سەرکردەیە بەو هەمو دەسەڵات و جەبەروتەیانەوە، جورئەتی تەکلیفی چاخواردنەوەیەکیشیان لەگەڵ “عەزیز گەردی” نەبو!

ئێوەش قەڵەم کۆیلەکان لە هەوڵی پێچەوانەکردنەوەی فکر و مەبدەئ و کەسایەتیی “گەردی” دور کەونەوە، با لەوە زیاتر ڕیسوا نەکرێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.