شاخەوان ناسیح ئەندامی دامەزرێنەری دەستەی داكۆكیكارانی نەخۆشخانەی هیوا لەوەڵام بەپرسی ڕۆژی ئەم ژمارەیە دەداتەوە…
شاخەوان ناسیح ئەندامی دامەزرێنەری دەستەی داكۆكیكارانی نەخۆشخانەی هیوا لەوەڵام بەپرسی ڕۆژی ئەم ژمارەیە دەداتەوە…
پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا…
bopeshawa@gmail.com
شاخەوان ناسیح ئەندامی دامەزرێنەری دەستەی داكۆكیكارانی نەخۆشخانەی هیوا لەوەڵام بەپرسی ڕۆژی ئەم ژمارەیە دەداتەوە…
هەلومەرجی بەڕێوەبردنی تەندروستی لەهەرێمی کوردستان ساڵ بەساڵ لەماوەی حوکمڕانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ڕوولەخوارە، و بەتەواوی فشاری بۆسەر ژیان و مانەوە و سەلامەتی خەڵک هێناوە.
نەخۆشخانەی هیوا لەو تونێلە تاریکەی سیستەمی تەندروستی پێیدا تێدەپەڕێت لەژیانی هەزاران کەس لە هاوڵاتی عێراق و کوردستان تروسکاییەکی کەم بوو، بەڵام دیارە ئەو تروسکاییەش خەریکە فوی پێدادەکرێت و دەکوژێتەوە.
ئێوە وەک ئەندامی سەرپەرشتیاری ئەو کەمپینە بۆ نەکوژانەوەی ئەو تروسکاییەی لە نەخۆشخانەی هیوا دەردەچێت هۆکار و تەنگەژەکان و چارەسەرەکەی چۆن دەبینن.
شاخەوان ناسیح: ئەندامی دامەزرێنەری دەستەی داكۆكیكارانی نەخۆشخانەی هیوا لەوەڵام بەپرسی ڕۆژدا
هەروەكو بەڕێزتان ئاماژەتان پێكردووە نەخۆشخانەی هیوا تروسكاییەكە، ئەو تروسكاییەش بۆ %٩٥ی تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجەیە. بەپێی ئەو ئامارەی ئێمە لە نەخۆشخانەی هیوامان وەرگرتووە، %٩٥ی تووشبوان بەو نەخۆشیە، لەئاستێكدان كە توانای كڕینی دەرمان و خۆچارەسەر كردنیان نیە، بۆیە ئەم نەخۆشخانەیە هیوایەكە بۆ %٩٥ی نەخۆش لەسەرتاسەری عێراق.
هەر بۆزانیاری بەڕێزتان ئەم نەخۆشخانەیە لە ساڵی ٢٠٠٧ كە دامەزراوە تاكۆ ئەمڕۆ، نزیك بە ٣٣هەزار نەخۆشی چارەسەر كردووە بەبێ بەرامبەر، ئەم نەخۆشانەش تەنها %٣٣یان سەر بە پارێزگای سلێمانی دەوروبەری بووە، %٦٧ی لە هەموو شارو شارۆچكەكانی تری كوردستان و خوارو و ناوەڕاستی عێراق و بگرە وڵاتانی تری ناوچەكەش بووە.
هۆكاری ئەوەی كە نەخۆشخانەی هیوا فەرامۆشكراوە بۆئەوەی ئەگێڕینەوە، كە دەسەڵاتی مەركەزی و هەرێم وەكو هەموو پرسەكانی تر، ئەم نەخۆشخانەیەشیان كردۆتە قوربانی ململانێ سیاسیەكانی نێوان خۆیان، وەكو چۆن موچەی خەڵكی بووەتە قوربانی ئەو ململانێیە، بەهەمان شێوەش دابینكردنی دەرمان و مووچەی كارمەندەكانی و دامەزراندنی خۆبەخشەكانی و دابین كردنی ئامێر و دروستكردنی بینایەكی گەورەتر لەو بینایەی ئێستا هەیە واتە ”هیوای گەورە”، ئەمانە كێشە ئەساسیەكانی ئەم نەخۆشخانەیەن و ئێمەش هاتووین ئەم كێشانە نەهێڵین.
ئێمە دەستەی داكۆكیكارانی نەخۆشخانەی هیوا كەمپەینێكمان بەڕێخست و بەهەزاران كەس پشتیوانیان كردین، یاداشتێكمان نوسیوەتەوە و تێیدا كێشەكان و چارەسەرەكانمان خستۆتە روو، ئەم یاداشتەش ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكرێت، تائێستا سەردانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوی تەندروستی جیهانیمان كردووە و لەنزیكەوە كێشەكانمان خستۆتە بەر دەسیان، و ئەوانیش لە رێگەی خۆیانەوە بەرزیانكردۆتەوە بۆ بەرپرسانی سەرووی خۆیان. بەم نزیكانەش دانیشتنمان لەگەڵ بەشێك لە ئەندام پەرلەمانەكانی عێڕاق و كوردستان دەبێت، بۆئەوەی ئەم بابەتە بەرینە ناو پەرلەمانەوە، هەروەها كار بۆئەوەش ئەكەین لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێم و عێڕاقیش دابنیشین، كێشەكانیان لەگەڵدا تاوتوێ بكەین، ئەمانە سەرەتای كارەكانمانن، ئەگەر وەڵامی پۆزەتیڤ هەبوو زۆر باش ئەبێ، ئەگەرنا؟ ئەوكات قۆناغی دووەمی كارەكانمان دەستپێدەكات، كە لەرێگەی فشاری جەماوەریەوە ناچار كرێن وەڵام بە كێشەكانی نەخۆشخانەی هیوا بدەنەوە و چارەسەریان بكەن.
تێبینی: سەردەمانێك نەخۆشخانەی هیوا دروستكرا، رۆژانە تەنها ٥٠كەس سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەی دەكرد، ئێستا رۆژانە ٦٠٠كەس سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەكات. بەتەنیا لە ساڵی پار ٣هەزار حاڵەتی تازەی تووش بوون بەو نەخۆشیە لەم نەخۆشخانەیە تۆمار كراوە، ئەمساڵیش رۆژانە ١٥حاڵەتی تازە تۆمار كراوە تەنها لە نەخۆشخانەی هیوا، ئەم ئامارانە راچڵەكێنەر و پێویستی بە دەنگەوە هاتن هەیە، و پێویستە هەموومان فشار دروستكەین لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان و كێشەكان بنەبڕكەین.