پرسی ڕۆژ….هۆشیار جەمال وەڵام دەداتەوە

0
پرسی ڕۆژ….هۆشیار جەمال وەڵام دەداتەوە
 
 
رسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا…
bopeshawa@gmail.com
پرسی ڕۆژ….هۆشیار جەمال وەڵام دەداتەوە
بۆ جارێكی دیكە هەردووحزبی دەسەڵاتداری یەكەمی هەرێمی كوردستان (پارتی و یەكێتی) كەوتوونەتەوە بەرامبەر یەكتر و گرژی نێوانیان و شەڕی ڕاگەیاندنیان زیادیكردۆتەوە. بەهەمان شێوازی جارانی پێشوو تۆمەت دەبەخشنەوە بۆ یەكتر و یەكتری تاوانبار دەكەن لە كەموكورتیەكانی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەی كوردستان. لە ئێستادا پێویست ناكات دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ناحزبی كەموكورتی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و شكستی دەوڵتداریان بۆ خەڵك ڕوون كەنەوە، خەڵك بەچاوی خۆی ڕۆژانە شتەكان دەبینێت و خۆشیان لە شەری نێوان خۆیان و لەزاری بەرپرسانی حزبی و حكومیدا و لە دەزگا زل و زەبەلاحەكانی ڕاگەیاندنەكانی خۆیاندا بە بەڵگە یەكتر تاوانبار دەكەن.
پێتان وایە ئەم زمانە زبرەی ئەمجارەیان بەرەوكوێیە تاكوێ دەچێت؟ لەبەرامبەریشدا خەڵك چەندە باوەڕیان پێدەكات و بەدوایان دەكەوێت؟ ئایا خەڵك هەڵوێستێكی جیاواز لەجاران و نەخشەی جیاوزاتر بۆ ناڕەزایەتی و ڕێكخستنی ڕیزەكانیان دەگرنەبەر؟
هۆشیارجەمال/ نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئەم پرسەی ئاوا تاوتوێكرد:
یەكێتی و پارتی وەك دوو هێزی حكومڕانی شاخ و شار ڕیشەیەكی كۆنیان هەیە لە ململانێی سیاسی و عەسكەری، شەڕی ڕاگەیاندن و دەرخستنی كەموكورتی و گەندەڵی یەكتر. بەڵام ئەم دوو هێزە ململانێ و شەڕی ڕاگەیاندن و شەڕە جنێوەكانیان لە پێناو ژیانی خەڵكی یان بوونیاندانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، حكومەتێكی دامەزراوەیی نییە، بەڵكو ئەم شەڕە لە پێناو پۆست و پارەدایە، هەركاتێك لەسەر داهاتی نەوت و سەرچاوەكانی دارایی ڕێككەوتن ئەوا لە میدیاكانیانەوە یەكڕیزی و كوردایەتی و دادپەروەری بەخەڵك دەفرۆشنەوە. دەڵێن لەپێناو هاوڵاتیدا ڕێككەوتووین، هەركاتێكیش بەرژەوەندیە ئابوریەكانیان بەرامبەر یەك ڕاوەستا و نەیانتوانی پێكبێنن لەسەر داهات و قوتی خەڵك كە چۆن بیخەنە خزمەتی خۆیانەوە، ئەوا دەكەونە شەڕی ڕاگەیاندنی بەردەوام، دەڵێن شەڕ دەكەین لەسەر مافی هاوڵاتیان و كەسوكاری شەهیدان، كە بە بڕوای من ئەم جۆرە زمانەی راگەیاندنە كاریگەری خراپی لەسەر كۆمەڵگە هەبووە و كۆمەڵگەیەكی جنێو فرۆشی دروستكردوە، هەروەها هەر لە تەنیشتی ئەم شەڕەی ڕاگەیاندنەوە، چەندین ئامانجی تریان هەیە بۆ نموونە وڵاتانی دەرەوەی سنوری هەرێم دەستدرێژی دەكەنە سەرخاكی كوردستان و هەمووان بێ دەنگن و خەڵكیان بە شەڕی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە سەرقاڵ كردوە.
هەروەها پێم وایە تەنها ئەو كەسانە دەكەونە ژێر كاریگەری ئەم شەڕی راگەیاندنە ساختەیەوە كە كادری هەردوو حیزبن و مێشكیان داگیركراوە، ئەگینا هاوڵاتی هۆشیار بیر لە لێكەوتە خراپەكانی ئەم زمانە زبرە دەكاتەوە نایەوێت ببێت بە بەشێك لەم شەڕە، وە زۆرینەی خەڵك بڕوایان پێ ناكات تەنها ئەو كاتە نەبێت كە هەردوولا بەڵگەنامەی گەندەڵی یەكتربڵاودەكەنەوە، كە ئەویش بەهۆی ئەوەی دادگاكان ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن ناتوان كارلەسەر ئەو بەڵگەنامانە بكەن.
ئەم هێزانە بەهۆی پارە و چەكەوە نەك خۆیان چەندین حیزبی تری سێبەریشیان حكوم دەكەن لە هەرێمی كوردستان، هەربۆیە توانای خەڵكیش سنوردارە لەم قۆناغەدا، دیارترین هەڵوێست وەرگرتن فراوانبوونی بەرەی بایكۆتی هەڵبژاردنەكان بوو، لە مانگی دەی ساڵی رابردوودا كە زۆرینە نە چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بەڵام ئەم زۆرینەی كۆمەڵگەیە كە ئێستا لەگەڵ بایكۆتدایە هیچ هیوایەكی بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانیش نییە و بە ساختەیان دەزانێت.
هەربۆیە قورسیشە بتوانین لەناو جوڵانەوەیەكی ناڕەزایی یان حیزبێكی نوێدا كۆیان بكەیتەوە، چونكە بە دڵنیاییەوە زۆرینەی ئەوانی بایكۆتیان هەڵبژارد هۆشیاری سیاسیان هەبووە، دەشزانن ئەم حیزبانەی هەرێمی كوردستان زۆریان سیاسەت دەكەن لەپێناو پاراستی بەرژەوەندی ئابوریاندا یاخود بۆ بە دەستهێنانی دەستكەوتی ئابوری درێژخایەن وەك بوون بە خاوەنی كۆمپانیای گەورە و زەویە تایبەت و گەورەكانی شارەكانی كوردستان.
Leave A Reply

Your email address will not be published.