دانا مەنمی نوسەر و ڕۆژنامەنووس وەڵام بە پرسی ڕۆژی ژمارە دەداتەوە…. 

0

دانا مەنمی نوسەر و ڕۆژنامەنووس وەڵام بە پرسی ڕۆژی ژمارە دەداتەوە….

  

پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا…

 پرسی ڕۆژ/

ڕێڕەوی حوکمڕانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ٣٠ساڵی ڕابردوو تاقیکردنەوەیەکی شکستخواردووی نیشانداوە لەبەرامبەر بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە. ئەمانە هەمووی لە بۆنەی جیاجیا لەزاری بەرپرسانی حزبی و حکومی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکاندا ئاماژەی پێکراوە.

جگە لەناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی شارەکانی کوردستان، لەدەرەوەش دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی دەبنەوە کاتێک بەرپرسانی وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی هەرێم سەردانی لەندەن دەکەن لەبەردەم میدیای جیهانی و حکومەتەکانیدا هاوڵاتیان بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتی پێشوازی لەسەرۆکەکانی کوردستان دەکەن. چالاکی ئەمجارەی ڕەوەندی کوردی لەلەندەن کە گەیشتە ئەوەی هێلکە بهاوێژن بۆ کەژاوەی مەسرور بارزانی و بەدەنگی بەرز ئاماژە بەنەبوونی ئازادی بیروڕا بکەن و داوای ئازادکردنی زیندانیانی بادینان و وێنەی سەردەشت کە سونبولی ئازادی بیروڕایە بەرزبکرێتەوە.

بەڕێزتان وەک ئامادەبوو وە یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەو چالاکیە هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێننەوە و بەرنامەی داهاتووتان چییە؟

دانا مەنمی نوسەر و ڕۆژنامەنووس لەوەڵامی پرسی ڕۆژدا دەڵێت:

دوای سێ دەیە لە هونەری بەڕێوەبردنی پارتی و یەکێتی،  هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دووچاری قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابوری و یاسایی بۆتەوە، ژێرخان و سەرخانی کوردستان وێران بووە، بەتایبەت كابینەی نۆیەم هیچ مۆدێلێكی حوكمڕانیەتی تێدا نەماوەو نەفەسی پارتی و عەقڵی هەواڵگری مەسرور بەرزانی پەڕلەمانی كوردستان و دەزگا یاساییەکانی كردووەتە دەزگایەكی بێ ڕۆح و لاوازو دەستەمۆكراوی حیزب، هیچ كابینەیەك هێندەی كابینەی نۆیەم وابەستەی حیزب نەبووەو هیچ خولێكی پەڕلەمانیش هێندەی خولی پێنجەم دەستەمۆی حیزب نەبووە. كابینەی نۆیەم هیچ كارنامەو پلانێكی نییە بۆ چارەسەرکردنی كێشەی موچەی موچەخۆران و سیاسەتی برسیكردن و چەوساندنەوە دەگیرێتە بەر، سەرباری کێشەی بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان هێرش و پەلاماردان و گرتنی ڕۆژنامەنوسان و داخستنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن تا دەگاتە سزادان و هەڕەشەی سێکسی لە گیراوەکانی بادینان .

لەتەمەنی كابینەی نۆیەمدا گەمەی هەواڵگری وهێرش و پەلاماردانەكانی توركیا بە بیانوی پەكەكە زیادی كردووەو لەگەڵ هەر هێرش و پەلاماردانێكی فڕۆكەكانی توركیا زیاتر لە ڕووی زەمینییەوە سوپای توركیا پێشڕەوی دەكەن بۆناو خاكی هەرێم و بنكە سەربازی و هەواڵگرییەكانیان زیاتر دەبێت. سەرباری ئەم هەموو شكستە لەنەبوونی خزمەتگوزاری بۆ خەڵك و نەبوونی ئیرادەی چاكسازی نەبوونی شەفافیەت و ئازادی سیمای دوو ئیدارەیشی زیندوو كردووەتەوە.

لەچەند مانگی ڕابردوودا زۆرترین جوڵەو دەنگی نارەزایەتی لە وڵاتی بەریتانیا دژ بە پارتی و شێوازی حوکمرانیەتی پارتی هەبووەو هەر یەکێکیان لەو ناڕەزایەتییانە لەسیما و دروشم و داواکاریەکانیاندا جیاوازن، بەڵام لە ناوەرۆکدا هەڵگری یەک پەیامی ئینسانی و خەمێکی گشتی بووە. کوردانی ئازادیخوازی وڵاتی بەریتانیا (ڕەوەندی کوردی) ڕۆژی ٢٠ـی٤ـی ٢٠٢٢ لەبەردەم بینای چاتام هاوس کۆبونەوەو ناڕەزایەتیان دەربڕی دژ بە سەردانەکەی مەسرور بەرزانی سەرۆکی حکومەتەکەی پارتی لە هەولێر، خۆپیشاندانەکە هەڵگری خەمەکانی خەڵکی کوردستان بوو، دوور بوو لە دەستێوەردانی حیزبی و دەستی دەرەکی، وە ئەم خۆپیشاندانە نابێتە دەستکەوت و ئینجاز بۆ هیچ هێزێکی سیاسی لە کوردستان. چەکی دەستی خۆپیشاندەران هێلکە بووە و بە هێلکە دژی مەسرور بەرزانی و کاروانی ئوتۆمبێلەکانی وەستانەوە، پەیامی خۆپیشاندەران گەیەنرایە بەرێز بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، داوامان کرد کە ڕێگە نەدەن بە ڕێکەوتنێکی بازرگانی کە خەڵکی کوردستان تێیدا زەرەرمەندن و لە دەرەوەی یاساو دەستورو ئیجماعی گشتییە.

بەگشتی هۆکاری خۆپیشاندانەکە لەپێناو ئەو خەمانەدا بووە کە خەمی من وتۆوکۆمەڵگای کوردییە بەتایبەت خەمی ئازادی و کەرامەتی ئینسانەکانە کە بەرەو دۆخێكی مەترسیدارو نەخوازراو دەڕوات، خەمی گەورەی نەتەوەو نیشتیمان کە پارتی و بنەماڵەی مەلا مستەفا نەوت و غازو گومرک و ژێرخان و سەرخانی کوردستان و فرمێسک و خوێنی خەڵک دەدۆشن، بەرنامەی داهاتومان بەردەوامیدان و دەستگرتنە بەم ڕۆحیەتەوە کە سەروەتێکی نیشتیمانیە و گواستنەوەی ئەم ڕۆحیەتەیە بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا .

Leave A Reply

Your email address will not be published.