پرسی ڕۆژ/ بەڕێز عوسمان ئەحمەد هەڵسوڕاوی سیاسی کۆمۆنیست وەڵامی پرسی ڕۆژ دەداتەوە؛

0

پرسی ڕۆژ/ بەڕێز عوسمان ئەحمەد هەڵسوڕاوی سیاسی کۆمۆنیست وەڵامی پرسی ڕۆژ دەداتەوە؛

لە مانگی ڕەمەزاندا لە کوردستان و وڵاتە ئیسلامیەکاندا کەشوهەوایەکی ئایینی فەرز دەکرێت بەسەر تەواوی ژیان و گوزەرانی خەڵک لە هەموو گۆشەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا. تەنانەت شوێنە ڕەسمیەکانی وەک خوێندنگە و فەرمانگە حکومیەکانیش بەشێوازی جۆراوجۆر سوننەتی ڕەمەزان بەڕێوەدەچێت. لەم چەند ڕۆژەدا  تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وێنەی نوێژکردنی بەکۆمەڵی خوێندکارانیان بڵاوکردۆتەوە لە  چەند خوێندنگەیەکی کوردستاندا، و مامۆستای ژن یان پیاویش پێش نویژی دەکەن.

بەبڕوای ئێوە ئەم دیاردەیە چەندە لەگەڵ پەروەردەدا کۆکە؟ وەئایا دەکرێت شوێنە گشتی و فەرمیەکان بکرێنە شوێنی نمایشی تقوسە ئایینەکان لە شێوەی نوێژ و سمینار و پڕوپاگەندەی ئایینی؟

سەرەتا سوپاس بۆ بڵاوکراوەی بۆپێشەوە، بۆ بەسەرکردنەوەکەتان تا کەمێک سەبارەت دیاردەی نمایشی ڕێکاری ئاینی لە زانکۆ و قوتابخانە و شوێنە گشتیی و فەرمیەکان ..

سەرەتا بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە کەمێک زیاتر وردبینەوە پێویستمان بەوەیە هۆکارەکانی ئەو دیاردەیە شیبکەینەوە. بەگشتی بەو هۆیەی مانگی ڕەمەزان لەناو کۆمەڵگەی کوردستان بەهۆی کارکردی ئاینی ئیسلامەوە کاریگەری پێشینەی هەیە، هەژموونی مانگی ڕەمەزان برەوی هەیە لە کۆمەڵگەدا.

جا لەم ساڵانەی دوایدا لەو کاتەوەی بزووتنەوەی کوردایەتی دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە گرتووە، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی زۆر زیاتر دەستی ئاوەڵاتر بووە، هەلومەرجی بۆ ئاوەڵا بووە. لە دیاردەیەکی عەقیدەیی بگۆڕێت بۆ دیاردەیەکی تەواو سیاسیی تا بە کەڵک وەرگرتنی ئەو هۆکارە بە تەواوی هەژموونی سیاسی خۆی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دابکوتێت، تا ڕێگاکانی بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی سیاسی مسۆگەر بکات.

بۆیە بەپشتیوانی دەسەڵاتی کوردایەتی، و ئەو پارەو پولەی لە دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە وەک (ئێران و سعودیە و قەتەر..) خراوەتە بەردەستیان ئەم کارەیان زیاتر بۆ ئاسان بووە، لەلای هەمووان ئاشکرایە لە نێو پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن، و ناوەندەکانی خوێندن باشترین جێگەیە تا بناغەی کۆمەلگەی لەسەر دابمەزرێنیت، ئەو کۆمەڵگەیە چۆن کۆمەڵگەیەک بێت. بۆیە سەرەکیترین یان دانانی وانەو ڕێکاری ئاینی لە قۆناغی سەرەتایی کە لەو قۆناغەدا قوتابی لە تەمەنێکی منداڵیدایە ئاسانە چۆنت بوێت بەو شێوەیە پەروەردە بێت، بۆیە دانانی وانەی ترس و تۆقاندن هەر لە پیشاندانی گۆڕو پیشاندانی لاشەی مردوو فێرکردنی مردوو شوشتن و نوێژکردن لەسەریان تا ترساندنی منداڵان بە ئازاری گۆڕو مارو دوپشک لە ناو گۆڕدا، تا دەگات بە وتنەوەی چەندین ئایەت و تەفسیری وتەکانی پەیامبەری ئیسلام و پێشبڕکێی خوێندندەوەی قورئان، و خوێندنی ڕێکاری ئاینی لەلایەن مامۆستای قاڵ بوو لە ئیسلامدا، کە زۆرینەیان لەلایەن ڕەوتە ئیسلامیەکان پاڵپشتی دەکرێن.

خالێکی تری گرنگ کە ناوەندێکی گرنگی کۆمەڵگە کە شوێنی پێگەیاندنی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخە ئەویش زانکۆکانە؛ مەیدانێکی گرنگی زانست و پێشکەوتنە، بە هۆی یاسایەکی مۆدێرنی پێشترەوە لەم قۆناغەدا کوڕو کچ تێکەڵاوە کە ئەمە بەتەواوی ڕەوتە ئیسلامیەکانی نیگەران و بێزار کردووە، بۆیە لەم ساڵانەی دوایدا خۆخزاندنیان بۆ نێو زانکۆکان کردویانەتە مەیدانێکی گرنگی پیادەکردنی سیاسەتەکانیان. هەر لە پیادەکردنی نوێژی بە کۆمەڵ لە کۆلیجەکان و کردنەوەی مزگەوت لە زانکۆکان و دیاردەی باڵا پۆشی بۆ کچان، و نوێژ کردنی بە کۆمەڵ. جیا کردنەوەی کوڕو کچ لە کاتی نوێژکردن، وەدانانی پەروەردەکار و مامۆستای سەربەخۆیان لەنێو زانکۆو کۆلیژەکان. ئەم دیاردەیە نەک هەر ناکۆکە بە بنەمای کۆمەڵگەیەکی زانست خوازو پێشکەوتوو، بەڵکو بنەمای سەرەکییە بۆ بە سەرابکردنی کۆمەڵگە و داهاتویەکی ترسناک کە بە تەواوی دورە لە هەموو پرنسیبێکی ئینسانی، و دورە لە بنەمای سادەترین بناغەکانی کۆمەڵگەیەکی زانستی…

Leave A Reply

Your email address will not be published.