نیوسەعات پێش کوشتنی بەکر عەلی!… گێرانەوەی ئالان دانیار
ڕۆژێکی کۆتایی هەفتەبوو، یاخود پێنجشەم یان جومعە بوو. ئەبوایە وەک یەکێتی بێکاران بچوینایە بۆ وەرگرتنی ئازوقە بۆ بێکاران. دوای وەرگرتنی ئازوقەکان، دەمانبردەوە بۆ بێکاران و دوانیوەڕۆ دابەشمان دەکرد بەسەر بێکاراندا. پیکابێکمان پێبوو کە ئازوقەکانی تیابوو. بە بەردەم محافزییەتدا چوینە سەرەوە بۆ بێکاران. بینیم کە گردبوونەوەی ئاوارەکانی حامیەیە لەبەردەم محافزییەتدا، لەسەر شۆستەکە، لەبەردەم پەرژینی باخی گشتیدا. من وتم بوەستن، من دادەبەزم و ئێوە ئازوقەکە بەرنەوە بێکاران تا دوانیوەڕۆ. من چومە ڕێپێوانەکەوە، ڕەفیقەکان کێشەیان بوو، چۆن بەکر عەلی ڕزگار بکەن. چەکدارەکانی سالار عەزیز، یەک دوو جار، هەوڵی گرتنیان دابوو، بەڵام خەڵکەکە نەیهێشتبوو. ئەوکات تازە بەکر لە سجن بەربووبوو. دەیزانی ژیانی، لەخەتەردایە. بەڵام کاتێک خەڵکەکە بڕیاری ڕێپێوانیان دابوو، ئەم نەیتوانی نەچێت لەگەڵیان.
لافیتەکانمان بەرزکردەوە، کە بەکر بەسەر پەرژینەکەدا لەپشتی لافیتەکەوە بەدزیەوە بچێتە ناو باخی گشتیەوە و دەربازیبێت. بەڵام دیسانەوە چەکدارەکان پەلاماریاندا و نەیانهێشت.
دوابڕیار ئەوەبوو، کە بەکر لەگەڵ دوو هاوڕێی تردا، بە کۆڵانی یەکەمی نێوان باخی گشتی و ماڵەکاندا، بڕوات و دوور بکەوێتەوە لە ڕێپێوانەکە.
کاتێک چەکدارەکانی سالار عەزیز، زانیان بەکر ئەیەوێت ڕابکات، چەکدارەکان شڵەژان و ڕاکەڕاکیان پێکەوت، لەمبەر جادە بۆ ئەوبەر جادە، تا چەکدارێکیان پاسێک لێیدا. لێرەوە تەقە و شڵەژان و ڕاکردن بەدوا بەکرعەلی و ئەودوو هاوڕێیەدا دەستی پێکرد. وەک بڵێیت چەکدارەکان ئەمری کوشتنی بەکریان پێکرابوو وە دەبوایە بکرێت!
خەڵکی رێپێوانەکە وەستابوون و چەکدارەکان ئەیانویست بەکر و ئەو دوو هاوڕێیە لە خەڵکەکە بکەن. ئەیانوت ئەوانە ئاژاوەچین با بڕۆن، ئێوە درێژە بەڕێپێوانەکەدان بدەن.
بەکریان لەوێ لە کۆڵانەکەدا کوشت!
بۆ وەرگرتنەوەی جەنازەکەی ، من لەگەڵ شێرکۆی برای بەکر عەلی، چوین بۆ پۆلیسی سەهۆڵەکەو لەوێبووین چەند سەعاتێک تا وەرگرتنەوەی جەنازەکەی.
ئەوکات جەنازەکەی بەکرم نەدی، تا کاتێک لە مزگەوت بینیم. لە ژووری شتنەکە. ئەوەی لەبیرم مابێت، فیشەکێک بوو بەر تەنشت لووتی کەوتبوو. کونێک بوو، وەک ئەوەی بە قەڵەم کون کرابێت. بەڵام لە پشتەسەریەوە، پشتەسەری هەڵتەکاندبوو. بۆیە لەسەر کفنەکەش، هەر خوێنی لێدەڕۆی. تا تۆپەڵێک لەفافیان خستە پشتەملی و بە پەڕۆیەکی تر لەپشتەوە بۆ پێشەوە لەسەر ناوچەوانی بەستیان. خوێنی پشتەملی ئەو وەستا، بەڵام خوێن لە ئێمە دەڕژێ تابکوژانی سزای تاوانەکانیان وەردەگرن.
بەکر گیان، یادت بەرز و بەڕێزە!
ئالان دانیار
1.9.2017