ریفراندۆمتان باش!

0

ریفراندۆمتان باش!

عەبدوڵا مەحمود

جوڵانەوەی نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا لە بەیاننامەیەکدا، بەچەند پاساوی لاواز لەبەرامبەر پرسێکی بەهێزی  سیاسی و کۆمەڵایەتی و حقوقیدا، دژایەتی خۆیان بۆ سەربەخۆی کوردستان رادەگەیەنن.

ئەوەی جیگای سەرنجە ئەوەیە، ئەو جوڵانەوەیە بانگەوازی هاوڵاتیان دەکەن بەشداری لە ریفراندۆمدا بکەن و بە نەخێر دەنگ بدەن، بەم بانگەوازەشیان، بە هاوڵاتیان دەڵین بەڵی بۆ چوونی هاوڵاتیان بۆ ریفراندۆم  و بەڵی بۆ گەرم و گوڕ و فراوانتر بەڕیوەچوونی ریفراندۆم، بەڵام نا بۆ سەربەخۆیی، ئەمەش هێڵ و ستایلی سیاسی ئەم جوڵانەوەیە دەخاتە بەردەم ناکۆکیەکی ئاشکراوە.

ئەم جوڵانەوەیە میکانیزمی قبوڵە و ئامانج رەتدەکاتەوە، لە کاتێکدا هەموو جوڵانەوەو حزبێکی سیاسی لە روانگەی ئامانجەکان و ستراتیژەوە، میکانیزمەکان هەڵدەبژێرت و بەڵی یان نەخیر دەکاتە بژاردە. هەردوو بژاردەی بەڵی و نەخێریش واتە قبوڵ کردنی میکانیزم و رێکارەکانی بۆ ئامانجێکی دیاریکراو کە لە کوردستاندا رێکارو میکانیزمی ریفراندۆم وەکو راگەیەنراوە بۆ سەربەخۆییە. بۆیە ناکرێت تۆ میکانیزم و رێکاری یاسایی و ئاسایی باوت بۆ وەڵامی پرس و ستراتیجێک قبوڵ بێت، بەڵام خود ئامانج و پرس و ستراتیژەکە رەت بکەیتەوە. بۆیە دەبێ بڵیین ریفراندۆمتان باش!

ئامانجی ریفراندۆم چ لە کورستان و چ لە هەر شوێنێکی دنیا، گەرانەوەیە بۆ دەنگ و راو ئیرادەی هاوڵاتیان بۆ وەڵامدانەوە بە پرسێکی دیاریکراو. کوردستان ٢٦ ساڵە پاوانی دەسەڵاتی میلیشییاییە، ئەم دەسەڵاتە پابەندی هیچ پەیمان و پێودانگێک لەگەڵ هاوڵاتیانی نییە و هیچ چوارچیوەیەکی یاسایی و حقوقی چ لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکەو چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نییە… مانەوەی ئەم دۆخە دەتوانێت دەیان ساڵی تر تەمەنی ئەم دەسەڵاتە درێژ بکاتەوە. ئەوەی کە دەتوانێت ئەم دۆخە بگۆرێت و دەسەڵاتی سیاسی پابەندی پێودانگ و پێوانە نێودەوڵەتی و یاسایی و حقوقی بکات، کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی میلیشیایی و پیکهێنانی قەوارەیەکی دەوڵەتی و فەرمی و پێناسەکراوە. سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت” بەهەر ناوەرۆکێکەوە”، برگەیەکی تر و هەنگاوێکی لە پێشترە لەو دەسەڵاتە ببر و سەرکوتکەر و تاڵانچییەی ئێستا کە هیچ بەرپرسیاریەتیەکی فەرمی و یاسایی لەبەرامبەر بە هاوڵاتیانی نییە.

دامەزراندنی پایەکانی دەوڵەت، سوپای نیشتیمانی!! لیک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، سەروەری یاسا” هەر یاسایەک” پێش مەرجی دەوڵەت سازی نین و هەموو ئەمانە لەگرەوی بوونی دەوڵەتدا، قابیلی دەسترەسین.

مەسەلەی مافە فەردی و مەدەنی و بژیوی هاوڵاتیان و موچەو ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و… تاد، لە گرەوی بوونی دەوڵەتدا نین، وە پیکهاتنی دەوڵەت و سەربەخۆیی، بەمانای وەڵامدانەوەی ئەمانە نییەو زامنی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکان و ئازادیەکان ناکات. ئەمە کەیسێکی ترە پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانەوە هەیە، پەیوەندی بە ناوەرۆکی دەوڵەت و سیستەمی سیاسی دوای دروستبوونی دەوڵەتەوە هەیە. دەوڵەت تەنها وەڵامی بێ دەوڵەتییە، سەربەخۆیی وەڵامی دۆخی هەڵواسراو بەزۆر لکێنراو و ناتەبایی و ناهاوسەنگی و هەڵاواردنی هاوڵاتیانە کەلەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی و زمانیەوە هەیە لەبەرامبەر بە یاسادا. تیکەڵکردنی ئەم دۆسیەو کەیسانە بەیەکەوە، بەمانای پشتوانیکردنە لە دۆخی نەخوازراوی ئێستا.

جوڵانەوەی نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا، لە وەهمێکی قوڵدایە کە لایان وایە لەژێر سایەی دەسەڵاتی و حزبی و میلیشیاییدا، (پایەکانی دەوڵەتێکی دیموکرات و سەرکەوتو دامەزرابن و دەستور و پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئایندەی گەلەکەمان و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە نێوان ھەمو پێکھاتە جیاوازەکانی کوردستان پەسەند کرابێ) سپاردنی پرسی ریفراندۆم بۆ ئەوکاتەی ئەوانە وەدی بێن، سپاردنی ریفراندۆم و سەربەخۆییە بە ئایندەیەکی مەحاڵ و پشتیوانی کردنە لە هیشتنەوەی ئەم دۆخەی ئێستا، بۆ ئایندەیەکی نادیار تا لەسایەیدا، ئەم تاڵان و بڕۆیە، ئە و بیمافی و لێکترازانە سیاسی و کۆمەڵایەتیە، بەردەوام بێت.

وە چاوەروانی ئەوەی ریزی نیشتیمان و ناو ماڵی کورد!!” تەبایی و یەککریزی بەدی بیت، کەمەبەست ئەوەیە حزبەکانی ناو خانەوادەی بۆرژوازی کورد تەبا بن. ناتوانرێت لە ژێر قەڵەمرەوی و ململانێی میلێشیادا، روبدات. شەفافیەتی نەوت و داهات و… تاد، تەنها لەچوارچیوەی دەسەڵات و قەوارەیەکی دیاری پێناسەکراودا مۆدێرندا دەشێ وەدی بێت. چاوەروانی بەدیار وەدی هاتنی تەبایی ئەو حزبانەو شەفافیەتی داهات و نەوت و عەدالەتی کۆمەڵایەتی وەکو پێش مەرجی ریفراندۆم، هیچ نییە جگە لە خەونێکی دۆزنانەی وەدی نەهاتوو لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبی و میلیشیادا.

 چاوەروانی ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکاو غەرب، بگەنە ئەو باوەرەی کە سەربەخۆیی و وادەی ریفراندۆم دیاری بکەن و بەخۆشی خۆیان پشتیوانی بکەن، درۆیەکە لەدنیایدا رووی نەداوە. هەمیشە مافی جیابوونەوەو سەربەخۆیی سەپێنراوە، هەروەها وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکاو غەرب بەهیچ پێوانەیەک دۆستی خەڵکی کوردستان نین و بەدوای بەرژوەندی سیاسی و ئابوری و خۆیانەوەن. ئەوەی کە دۆستی خەڵکی کوردستانە، تەنها دەتوانێ بزوتنەوەیەکی ئینسانی و پێشکەوتنخواز و شارستانی، دۆستایەتی و هاوسۆزی و پشتیوانی هاوڵاتیان و دنیای شارستانی وڵاتانی ناوچەکەو دنیا بۆ مافێکی رەوا بەدەست بهێنێ.

بۆیە بەهەموو ئەو راستیە سادانەوە، جوڵانەوەی نەخێر بۆ ریفراندۆم لە ئێستادا، جوڵانەوەیەکە بۆ رەتکردنەوەی ریفراندۆم لە ئێستاو داهاتووی کوردستاندا، لە پێناو رەزامەندی نیشاندان بە دۆخی ئێستاو هێشتنەوەی ئەو دۆخە. بۆیە دەلێین ریفراندۆمتان باش!!

Leave A Reply

Your email address will not be published.