بەشێكی ترلەدەقی“ شەو نییە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت“ هۆنراوەی: حەکیم میرزا
بەشێكی ترلەدەقی“ شەو نییە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت“
هۆنراوەی: حەکیم میرزا
پێت نەزانی
چۆن چۆنی لەسەرقەراغی تەنیایی خۆم
كەوتمە خوارەوەو
چكە چركی ئێسقانەكانی جەستەم
ڕۆژە ڕێیەك ڕۆیشت
بەزۆر خۆم هەڵساندەوەو نەمتوانی
دەستم ئەدایە باڵی خۆم و دڵم دەكەوتە پەلە پەل و
ئەتوت كەسێك دەستی ناوەتە بینە
قاقام و ئەمخنكێنێت
بەهەمووهێزی قوەتی خۆم
شانم دەخستە ژێر باڵی غەریبی
خۆم و بۆم بەرز نەدەكرایەوە
شەوو نیە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت
بۆگەنی ئەم هیچستانە هەراسانی كردوم
پرسیارێك سەری داومەتە بەربەردو
بەدوای خۆیدا ڕامدەكێشێت
ئەمەندە بەشەقامە چۆڵەكاندا ڕۆشتوم
بوینەتە دوو كەسی ناو گۆڕستان
ئەم سەرئێشەیە
هەناسەی لەبەر بڕیوم
ژنێك زنجیری جانتاكەم دەكاتەوەو
بۆنی جلەكانم دەكات
دایكم سەرپۆشەكەی ونكردووەو
بەدوایدا دەگەڕێت
هەراسانی كردوم ئەم ڕا ڕاییەی خۆم
سەربەرەو خوار هەڵی واسیوم
فاڵچییەك هەناسەم دەخاتە زەرفێكی
كاغەزەوەو بۆخوای دەنێرێت
دەنگێك بەدرزی دەرگای ژووری
نوستنەكەمدا دێتە ژوورێ
لەسەربێزاری خۆم هیچ شتێك ناڵێم
گڤەی ئەم ڕەشەبایە داگیری كردوم
داكردنی هیچ بارانێك
سوكنایم نادات
بەم نیوە شەوە ترسناكە
حەزم لەخواردنەوەی قاوەیەكی سادەیە
بیرمكردیت
بەهەموو عەقڵێكی خۆمەوە
ووتم ئێستا لەبەلەكۆنە دانیشتووەو
بیرلەمن دەكاتەوە
گێلیم سەد دەرەجە ژێر سفرەو
خەریكە هەموو جەستەم دەیبەستێت
پێت نەزانیم
كەوتمە خوارەوەو
سەرم بوبەژێرلاشەمەوەو
پێت نەزانیم
گریام و پێت نەزانیم
بووم بەقەترەیەك ئاو و پێت نەزانیم
شەوو نیە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت
شەوو نیە بەدەم خەوەوە
خۆم نەكوژم و دوایش خۆم زیندو نەكەمەوە
شەوو نیە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت
چۆڕە چۆڕی ئەم خوێنە هەراسانی كردوم
ناتوانم لەبەر ئاوێنەكەدا ڕاوەستم
مریەمێك سەرم دەنێت بەسنگیەوەو
دڵخۆشیم ئەداتەوە
گوێم لەدەنگێكی ناسكە وابزانم
دەنگی خوایەو
گۆرانیم بۆدەڵێت
ئەم ئیبلیسە لەسەرم دێنمە دەرێ و
پەڕۆیەكی سەوز دەبەستم بەسەرمەوە
هاوارم دەگاتە عەرشی عەزیم
دراوسێكانم گاڵتەم پێدەكەن
هاوڕێكانم بەگێلم دەزانن
لەمبێدەنگییە دێمە دەرێ
دەبمە دراوسێی ماڵی مریەم
هەموو بەیانیانێك بەزەنگی كڵێسا خەبەرم دەبێتەوە
پێت نەزانیم
مردم و پێت نەزانیم
زوو پێم ووتیت مرۆڤەكانی ئەم هیچستانە
لەبەر خۆیانەوە قسەدەكەن
كەدەگەنە ئاستی مردن ئەژنۆكانیان ئەلەرزێت پێكەنینیان بیردەچێتەوەو
سەرلەیەكتری بادەدەن
حەزدەكەم ئەم گەمەیە كۆتایی بێت و
هەموو فیشەكە نەتەقێنراوەكان لەسەری مندا بتەقنەوە
كۆتایی دێت هەموو شتێك تەواودەبێت
خۆم و منیش
هەموو شەوێ شانم بەرشانی
مردن دەكەوێیت
……………..
٧/٨/٢٠٢١