خەسرەو سایە: لەڕوانگەی خەڵکی کوردستانەوە “قەوارەی هەرێم” قەوارەی دەسەلاتە بنەماڵەیی و میلیشیایەکانی ئەم دووحیزبەیە، گەر لاواز بێت دەبێ خەڵک باجەکەی بدات و گەر بەهێزیش بێت سودو قازانجەکەی هەر بۆئەوانە.  دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ خەسرەو سایە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و ناکۆکیەکانی نیوان پارتی و یەکێتی دۆخی کوردستان…

0

بەشی یەکەم

بۆپێشەوە: دوای دووساڵ زیاتر لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، ٤ی ئەم مانگە پارتی بەکۆکردنەوەی ٥٢ ئەندام پەرلەمان، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند و لەوێشدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەڵبژارد… لەیەکەم کاردانەوەشدا سەرۆکی یەکێتی رای گەیاند کە پەرلەمان و کۆبونەوەکەی رەتدەکاتەوە و هاوکات بریاری کشانەوەی لە حکومەت دەرکرد. ئێوە ئەم هەنگاوەی پارتی چۆن لێکدەدەنەوە؟ ئامانجی پارتی چییە و لەچ چوارچێوەیەکی سیاسیدا دەستی بۆ بردووە؟

خەسرەو سایە: چ هەنگاوەکەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و چ کاردانەوەکەی یەکیەتی، لەبەرامبەریدا، ئەڵقەیەکی تر لە بارگرژی و قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی نیوان ئەم دوو حیزبە دەخاتەڕوو، کەخۆی بەرئەنجامێکە لەو دۆخە بنەبەست و چەق بەستوە سیاسییەی کە بەسەر کوردستاندا زاڵیان کردووە. دۆخێک کەدوای زیاتر لەدووساڵ هەردوولا نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان ڕێکبکەون. پارتی بۆ ئەوەی لەلایەک ئەم دۆخە چەقبەستووە بشکێنی ولەلایەکی تریشەوە گوشارەکانی خۆی بۆ سەر یەکیەتی تائەو ئاستە بەرێت کە مل بدات بە دانیشتن و ڕێکەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت بەو جۆرەی دەیەوێت، دەستی بردووە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان. بەواتایەکیتر ئەوەی ئامانج و مەبەستی پارتییە، کاراکردنەوەی خودی پەرلەمان نییە، بەقەد ئەوەی هێزی سیاسی ونفوزی پەرلەمانی خۆی نیشان بدا و هەموو ئەو ئیدعاو داوا و مەرجانەی یەکیەتی کەبەدوای هاوپەیمانێتیەکەیدا لەگەڵ نەوەی نوێ، دەیدا بەگوێی پارتیدا، پوچەڵ بکاتەوە و توانای خۆی لە هەڵگەڕانەوەی ئەندام پەرلەمانی لایەنەکانی تر و بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی، بداتەوە بەڕووی یەکێتیدا و وەک پێوانەیەک لەدانوسانەکانی دواتردا بەدەستیەوە بگرێ. لەبەرامبەردا ئەوەی کەیەکێتی تائیستا وەک کاردانەوە بەرامبەر بەم هەنگاوەی پارتی دەستی بۆ بردووە، شتێکی زیاتر لەشڵەژانێکی سیاسی نییە. بەبروای من ئەوەی سەرۆکی یەکیەتی لێی نیگەرانە هەڵوەرینی ئەندام پەرلەمانەکان و ناکارامەبوونی ئەو هاوپەیمانێتیەیە کە لەگەڵ نەوەی نوێدا بەستویەتی. چونکە پێی وابوو بەکۆی کورسیەکانی ئەم هاوپەیمانیەتیە، ئەتوانی هەم پێگەو باڵانسی خۆی بەرێتەسەرەوە و هەم پارتی ناچار دەکات بە”شەراکەتی ڕاستەقینە” و بەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە وەزارەتە سیادیەکان. ئێستا ئیتر ئەم ئومێدو ئەم کارتەی دەستی یەکیەتی سوتاوە وهاوکێشەکان بەزەرەری یەکیەتی چۆتە جێگایەکیتر. بۆیە کاردانەوەکانی تائیستای یەکیەتی بارە لارەکەی راست ناکاتەوە و بەرەو هەڵدێری زیاتری دەبات. هاوکات هەرچی زیاتر ناکۆکیەکانی لەگەڵ پارتی قوڵتر دەکاتەوەو دانوسان و ڕێکەوتنی لەگەڵ پارتیدا، سەخترو دورتر دەخاتەوە.

بۆپێشەوە: بەڵام دەوترێت کشانەوەی یەکیەتی لە حکومەت و هەرەشەکانی بافڵ تالەبانی… گەڕانەوەیە بۆ دۆخی دوو ئیدارەیی و دابەشکردنەوەی کوردستان بەسەر زۆنەکانی سەوز و زەرددا، وە لە ئەنجامیشدا قەوارەی هەرێم لاوازدەبێت.. ئێوە لەو بارەیەوە دەڵین چی؟

خەسرەو سایە: سەرەتا لەبارەی حکومەتەوە ئەوە بڵێم کە یەکییەتی لەحکومەتدا بکشێتەوە یان بمێنێتەوە، تەنانەت بەڕێکەوتنیش لەگەڵ پارتی بگات، ئەو دەسەلاتە بنەماڵەیەی کە یەکیەتی وپارتی سەپاندویانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا، لەشوێنی خۆیدایە. واتە حوکمەت هەبێ یان نەبێت بەکردەوە دەسەڵاتی هەریەکەیان تا دێگەڵەیە. وەک خۆشیان دەڵێن هیچ وەزیرێکی حکومەت کەپارتی بێت ناتوانی کارمەندێک لەناوچەی سەوز دامەزرێنێ وەیا لەسەر کارەکەی لای بدات. ئەم راستیە بۆ یەکیەتیش وایە. کەوایە مەسەلەی کشانەوەی یەکیەتی لەحکومەتدا، گۆڕانێک لەچوارچێوەی دەسەڵاتە ناوچەییەکانی ئەم دوحیزبەدا پێکناهێنێت. لەبارەی گەرانەوەی دوئیدارەیی ودوو زۆنی ولەتکردنی کوردستانیشەوە، دەمەوێت بڵێم کە هیچ کات بۆرژوازی کوردو حیزبە ناسیونالیستەکانی نەیانویستوە ونەیان توانیوە حکومەتێکی یەکپارچە و یەکگرتووی سەراسەری دامەزرێنن، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە تالەبانی وبەرزانی ڕێک و تەبا بوون، حکومەت هەر ناوچەیی و ئیدارەش هەردووزۆنی بووە وکوردستانیشان لەنیوخۆیدا دەبەشکردوە. بۆیە چاوەڕوانی و قسەیەکی ئاوا زیاتر بۆ ترساندنو هەڵخەلەتاندنی خەڵک و بردنەپێشەوەی هەنگاوەکانیانە لەبەرامبەر یەکتردا. ئەوەشی بەلاواز بوونی قەوارەی هەرێم دەگەرێتەوە، بەدڵنیایەوە قوڵبونەوەی کێشەو ناکۆکیەکانی نیوان یەکیەتی و پارتی، ڕێگا دەکاتەوە بۆ دەخالەتی زیاتری تورکیا وئیران و فرسەت وەرگرتنی حکومەتی عێراق و تەسلیم بوونیان بە سیاسەتەکانی، بەتایبەتی لەگەڵ قوڵبونەوەی ناکۆکیەکان وسەرهەڵدانی هەر بارگرژیەکی نێوانیاندا، هەردولا دەکەونە مونافەسەی گەرانەوە بۆ بەغدا و بەسەرکردنەوەی دۆست و هاوپەیمانە شیعەو سوننەکانیان تا بالانسی هێزی خۆیان بەرامبەر بەیەکتر ڕابگرن. لەدۆخێکی ئاواشدا بەدڵناییەوە هەم “قەوارەی هەرێم” و هەم پێگەی هەردووکیان لاوازتر دەبێت. ئەگەرچی لاواز بوونی ئەم قەوارەیەی ئەم دووحیزب و دوو بنەماڵەیە لەبەرئەنجامی ناکۆکی و بەرژوەوەندیە ناوچەییەکانیاندا تا هاتووە لاواز بووە و لەژێر سایەی سیاسەتی مەرکەزیکردنەوەی دەسەڵات، وەک لیمۆیەکی گوشراوی لێهاتووە. بەلام لەڕوانگەی خەڵکی کوردستانەوە “قەوارەی هەرێم” قەوارەی دەسەلاتە بنەماڵەیی و میلیشیایەکانی ئەم دووحیزبەیە، گەر لاواز بێت دەبێ خەڵک باجەکەی بدات و گەر بەهێزیش بێت سودو قازانجەکەی هەر بۆئەوانە.     

بۆپێشەوە: باس لەوە دەکرێ کە تەقینەوەی ناکۆکیەکانی ئیستای نیوان یەکیەتی و پارتی پەیوەندی بەکشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاوە هەیە؟

خەسرەو سایە: بەدڵنیاییەوە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕۆڵی لە قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکانی نیوان پارتیو یەکیەتیدا هەیە، چونکە ئەمریکا هەم وەک هێزێکی پشتیوان وهەم وەک ئەوەی قورسایی سیاسی و سەربازی لەعیراقدا هەیە دەتوانێت ئەم ناکۆکیانە خاوکاتەوە و ڕێگە بەپەرەسەندنی بگرێت. لەئیستادا کە ئەمریکا سیاسەتی “ئەرزی مەتروکە”، واتە لاوەکی کردنەوەی کوردستان و سەرنج خستنەسەر مەرکەزی کردنەوەی دەسەڵات وهەوڵدانی بۆ تێکهەڵکێش کردنەوەی کوردستان بەسیاسەتەکانی بەغداوە کردۆتە ستراتیژی خۆی، زیاتر ڕۆڵی ئامۆژگاریکەرێک دەگێڕێت تا ئەوەی وەک تەرەفێک دەخالەت بکات. بۆ ئەوەی دۆخەکە لەعیراقدا خراپتر نەبێت. قسەو گلەییەکانی ئەم دوایەی تۆم باراک بەڵگەیە بۆ ئەم ڕاستیە. بەدیوێکیتردا دەتوانم بڵێم کە قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی نیوان پارتیو یەکیەتی و ئەوەی کە پارتی دەستی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان برد، خۆی لەخۆیدا ڕیشە دەباتەوە سەر ئەم ڕۆڵە تازەیەی ئەمریکا بەرامبەر بەهەرێم. لەئیستادا ئەمریکا ئەوەندی هەوڵ دەدات یاسای نەوت و غاز بەدڵی عێراق پەسەند بکرێ و غازو نەوتی کوردستان لەژێر بڕیاری حکومەتی عیراقدا برواتە بازاڕەکانی جیهانەوە، هەروەها ئەوەندەی هەوڵ دەدات کەدەستی ئێران و حیزب و گروپە لایەنگرەکانی ئێران ببڕێت. ئەوەندە پەرۆشی ئەوە نییە کە پارتیو یەکیەتی بۆ ئاستی حکومەتێکی یەکگرتوو ڕێکبخات و قەوارەکەیان بەهێز بمێنێتەوە. چونکە لەم ڕێگایەوە چاوی بڕیوەتە ڕاکێسانی کۆمپانیا ئەمریکیەکان بۆ عێراق تا سەرمایەگوزاری بکەن و لەسامانی نەوتو گاز و کۆکردنەوەی سەرمایە بەهرەمەند بن.

بۆپێشەوە: بەدوای هەنگاوەکەی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، لەلایەک مەسعود بەرزانی لەپەیامێکدا داوای لەیەکیەتی و حیزبەکان کردووە کە بگەرێنەوە بۆ سەر مێزی دانوسان و گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک کەهەموان لەسەری ڕێک بکەون. لەلایەکی تریشەوە مەسرور بەرزانی بەپەلە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ زەیدی وژمارەیەک لەکاربەدەستانی بەغدا، کۆبووە و ڕای گەیاند کە لەسەر بابەتی یاسای بودجە و موچەو بابەتی نەوتو غاز ڕێکەوتون، هاوکات داوای کردوە کە وەک یەک حکومەتو یەک هەرێم مامەلە لەگەڵ کوردستاندا بکەن.. ئێوە چی لەم پەیامەو لەم هەوڵانە دەخوێننەوە، ئایا دۆخەکە دەگەڕێنیتەوە بۆ دواوە و ناکۆکی و بارگرژیەکان خاودەبنەوە؟

خەسرەو سایە: هەم پەیامەکەی مەسعود بەرزانی وهەم هەوڵەکانی مەسرور بەرزانی ئەڵقەیەکی تر لەسیاسەتەکانی پارتی بۆ جێگیر کردن وسەپاندنی ئامانجەکانی ئەو هێزنواندنەیەتی بەسەر یەکیەتی و حیزبەکانی تردا کە لەکاراکردنەوەی پەرلەماندا نیشانی دا. بەدڵنیایەوە لەهەر شەرو بارگرژییەکی نێوان دوو هێزدا، ئەو لایەنەی کە یەکەمجار هێز دەنوێنێ، بۆ جێگیر کردنی پێگەی تازەی خۆی باس لە دانوسان و گفتوگۆ دەکات، تا هەم دۆخەکە هێور بکاتەوە وهەم لایەنی بەرامبەر لە پێگەی لاوازدا ڕاکێشێتە سەرمیزی گفتوگۆ. دروست پەیامەکەی مەسعود بەرزانی بۆ ئەوەیە یەکیەتی لەپێگەی خۆیدا لەقاوبدا و بەلاوازیەوە بیهێنێتە سەر میزی دانوسانەکان. ئەگەر مەسعود بەرزانی بەراستی بەخەمی دۆخی کوردستان وحیزبەکانەوەیە ونایەوێت ناکۆکیەکان بتەقێتەوە، بۆچی دوای دووساڵ کارێکی نەکرد تا حیزبەکەی لەگەڵ یەکیەتیدا بەهەرجۆرێک بووە ڕێکبەکەوێت ونەگات بەم ڕۆژە!. لەسەرێکی تریشدا پەیامەکەی مەسعود بەرزانی ڕووی لە ناوخۆی کوردستان وخەڵکی ناڕازیە، کەدوو ساڵە دەنگیان وەرگیراوە و ئەوەش ئەنجامەکەیەتی، تا ڕق تورەییان خاوکاتەوەو خۆی بێبەری بکات لەوەی ڕویداوە. لەکاتێکدا دەستبردنی پارتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەو بارگرژیەی هاتۆتە کایەوە، بەبێ پرس وتەئیدی ئەو ئەنجام نەدراوە.

لەبارەی هەوڵەکانی مەسرور بەرزانیەوە وئەو سەردان و دانیشتنانەی کەلەگەڵ عەلی زەیدی و بەرپرسانی تردا ئەنجامی دا، لەبنەڕەتەوە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیە لەو هەنگاوەی کەپارتی ناویەتی. بۆ ئەوەیە کە لەڕیگای تەنازول کردن و دانی ئیمتیازات بەحکومەتی عێراقی لەپەیوەند بە بودجەو نەوتو غازی کوردستانەوە، پشتی یەکیەتی بگرێت وهەرچی زۆرترە یەکیەتی لەئاست حکومەتی عیراق ولایەنە شیعەکاندا تەریک بکاتەوە. داوای مەسرور بەرزانی لەعەلی زەیدی بەوەی کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێم وەک “حکومەتێکی یەکگرتوو” بکات، خۆی نیشانەیەکە لەم راستیە.. بەکورتی دەمەوێت ئەوە بڵێم کە نە پەیامەکەی مەسعود بەرزانی و نەهەوڵەکانی مەسرور لەئێستادا نە دۆخەکە نەدەگێڕێتەوە بۆ دواوە و نە گەڕانەوەی یەکیەتی بۆ سەر مێزی دانوسانەکان بەدی دێنێت. بەڵکو ناکۆکیەکانی نیوان پارتی ویەکیەتی ومەسەلەی ڕێکەوتن و پێکهێنانی حکومەتو دەرچون لەو قەیرانەی کە دروستیان کردووە، بەداهاتویەکی نادیار دەسپێرێت.   

بۆپێشەوە: وتتان کەهەم هەنگاوەکی پارتی وهەم کاردانەوەکەی یەکێتی ڕیشەی لەقوڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی نیوان ئەم دوحیزبەوە بەرئەنجامی ئەو بنبەستەیە کە هەردولایەن لە پێکنەهینانی حوکمەتدا چڕبۆتەوە.. پرسیاری ئێمە ئەوەیە کەخودی ئەم بنبەستە ونەتوانینی ڕێکەوتن لەسەر پێکهیاننی کابینەی حکومەتی نوێ بۆ چی دەگەڕیتەوە؟

خەسرەو سایە: ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکیەتی مێژویەکی هەیە ولەدوای راپەڕین و بەدەسەڵات گەیشتنی ئەم دوحیزبە بەدەسەڵات، لەهەر قۆناغێکدا بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستی و خۆ زاڵکردنیان بەسەر موقەدەراتی خەڵکی کوردستان وکۆنترۆڵی داهات و سامانی کوردستاندا لەدەوری بابەتێک کەوتونەتە ناکۆکیەوە و تائاستی شەڕی ناوخۆ و دابەشکردنی کوردستان بەسەر دوو زۆن و دوو ئیدارەدا بردووە. وەسەرەنجام نمونەیەکیان لەسیستەمی حوکمرانی میلیشیای و بنەماڵەییدا بەدەستەوە داوە، کە نە لەگەڵ تەوەقوعاتی خەڵکی مەدەنی و شارنشینی کوردستاندا دێتەوەو نە لەلایەن ئەوانەوە قبوڵ کراوە. ئەم دوو حیزبە کەلەژێر سایەی پشتیوانی ئەمریکا و وەک بەرئەنجاێک لەجەنگ وگەماروی ئابوری بۆسەر عیراق، دەسەڵاتیان پێدرا، تەنها ئامانجیان، “شەراکەت”و بەدەستهێنانی پۆست و پلەو پایە بوو لەعیراقدا و لەناوخۆشدا، گۆڕینی کۆمەلگای کوردستان بوو، بەبازاڕی کۆمپانیاکانی خۆیان و دەستبردن بۆ دزیو تاڵانچێتی و کۆکردنەوەی سەرمایەیەکی خەیاڵی.

ناکۆکیەکانی ئەم دوو حیزبە کە هەمیشە سیاسەتی خۆیان لەسەر بنەمای درزو کەلێنی دەولەتانی ناوچەکەو هاوکێشەی هێزیان لەگەڵ عیراقدا، دارشتووە، بەدوای شەڕی ناوخۆی نیوانیاندا، دوو ستراتیژی جیاوازیان گرتەبەر: پارتی لەچوارچیوەی خۆبەستنەوە بە سیاسەتەکانی تورکیاو ڕۆڵی لەناوچەکەدا، پێی وابوو دەتوانێت هەم باڵانسی خۆی بەرامبەر بەعیراق بگۆڕێ وهەم لەناوخۆشدا دەستی بە سەرچاوەی نەوت و گاز و ڕێگای بازرگانی فراوان بگات وپێگەی خۆی قایمکات.. یەکیەتیش بەڕاوەستان و خۆ گرێدانەوەی بەسیاسەتەکانی ئێرانەوە، پێی وابوو دەتوانێ لایەنە شیعەکان کەلەسیبەری ئێراندا دەسەڵاتیان گرتووە، بەلای خۆیدا راکێشێت و پێگەی خۆی ڕابگرێ. مەسەلەکانی وەک دەستبردنی پارتی بۆ سیاسەتی “ئابوری سەربەخۆ”، و رازیبوونی هەردوولا بە دەرهێنانی نەوت وناردنەدەرەوەی لەڕێگای تورکیاوە، هەروەها دەستبردن بۆ “ڕیفراندوم وجیابونەوەی کوردستان” لەقۆناغێدا بوو کە هەردووحیزب تەقریبەن لەهاوسەنگەیەکی هێزدا بوون چ لەبەغداو چ لە بەرامبەر بەیەک. بەلام شەڕی داعش و پاشان هەستانەوەی حکومەتی عێراق لەدوای شکست پێدانی داعش لەموسڵ و ناوچە سونیەیەکان، کەدیارە بەدەخاڵەتی راستەوخۆی هیزە سەربازیەکانی ئەمریکاو دەولەتانی هاوپەیمان، بەئەنجام گەیشت. بەدیاریکراویش پاش روداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر و کۆنترۆڵکردنەوەی کەرکوک لەلایەن هیزەکانی عیراقەوە، سەرلەبەری هاوکێشەی هیزی گۆڕێ ودۆخەکە بەزەرەری هەردووحیزب تا ئەو ئاستەبرد کە پڕۆژەی ئابوری سەربەخۆ وڕیفراندۆم بەشکستدا بکێشرێت و ئینجا هەر دوو حیزب بەدروشمی” قوڵایی ستراتیژمان لەبەغدایە” کەوتەنە بادانەوە و سەری تەسلیمبونیان بەبەغدا شۆڕکرد. ئەمەش فرسەتیدا بەشیعەکان وحکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق کە سیاسەتی مەرکەزی کردنەوەی دەسەڵات و لێسەندنەوەی هەموو ئەو ئیمتیازاتانەی کە هەم لەدەستوری عێراقیدا دانی پیدا نراوە. بەم جۆرەش پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم وبەغدا چووە چوارچیوەیەکی ترەوە. سەردانە بەردەوامەکانی نوێنەرانی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا و گەرمبوونی مونافەسەی “دیبلۆماسی” هەردو حیزب و دانیشتن وڕێکەوتن و بەستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە سوننی و شیعەکاندا، ڕیشەی لەم ئالۆگۆرانەدایە. کۆنترۆڵی خالە سنوریەکان ڕاگرتنی نەوتی هەرێم وتەسلیم کردنی داهات، هەڵوەشانەوەی گرێبەستە نەوتیەکانی مەسرور بارزانی، ڕیکەوتنامەی شەنگال، گرتنەوەی کەرکوک وچەند ناوچەیەکیتر، پڕۆژەی ئەسیکۆدا، لیسەندنەوەی مافی مۆلەتدان بەکۆمپانیاکان لەهەرێم، هاتنەپێشەوەی دادگای فیدڕاڵی ولەکارخستنی پەرلەمانی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، یاریکردنی سیاسی بەپرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و لەدەست دەرچونی نیوەی داهاتی ناوخۆ و دەیان بابەتی تر… ئەمانە نیشانەگەلێکن لە هەولەکانی بەغدا بۆ مەرکەزی کردنەوە ولاوازکردنی پێگەی هەرێم و لێدانیشە لەو فیدرالیزمەی کە لەدەستوری عیراقدا، بۆ هەرێمی کوردستان بەڕەسمی ناسراوە. لەکەنار ئەم دۆخەشدا، سەرهەڵدانی شەپۆلەکانی خۆپیشاندان و نارەزایەتیە جەماوەریەکانی مامۆستایان و کارمەندان و کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێشی شارەکانی کوردستان بۆ موچە و باشبژێوی وخزمەتگوزاریەکانی وەک ئاو کارەباو دامەزراندن و خزمەتگوزاری پەروەردەو خویندنو تەندروستی.. وەک نیشانەیەک بۆ لەقاودانی حکومەتی هەرێم لەدەستدانی مەقبولەیەتی ئەو سیستەمە ئیداریەی کە هەردو حیزبی دەسەڵاتدار بەڕیوەی دەبەن، لەلایەن خەڵکەوە، بەپیویست ئەوانی ڕوبەڕوی تەنگانەیەکی سیاسی کردۆتەوە. هەموو ئەمانەش پێکەوە، تاهاتووە هەم ناکۆکیەکانی نێوان پارتی ویەکیەتی قوڵتر کردۆتەوە وهەم دەسەڵاتی هەردووحیزبی ڕووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی سەراپاگیر کردۆتەوە، کە چیتر نەتوانن وەک ساڵانی نەوەدەکان حوکمرانی خۆیان بەسەرخەڵکی کوردستان و لەپەیوەندیدا لەگەڵ بەغدا، درێژە پێبدەن..

بەلام لەپاڵ ئەم ڕاستیانەدا، ئەو فاکتۆرەی کە چەقبەستنی دۆخی کوردستان و ئەوەی کە یەکیتی وپارتی گەیاندووە بەوەی نەتوانن کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنن، ئەو گۆرانکارییانە و سەرهەڵدانی ئەو دۆخە ئالۆزەیە لەناوچەکەدا، کە پێگەی گشت ڕەوتەکانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستاندا، لەوانەش یەکیەتی و پارتی لەکوردستانی عێراقدا، بەرەو شکست و بنبەستێکی سیاسی وستراتیژیدا ڕاکێشاوە و ئەوانی خستۆتە دۆخێکی چاوەروانیەوە بەرامبەر بەئایندەی دەوڵەتانی وەک تورکیا، ئێران، عیراق و ڕۆڵی ئیسرائل و ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەم بارەوە ئەگەر بەکورتی بدوێم: بەدوای ڕووداوەکانی سوریا وڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، تا هاتنەسەرکاری ئەحمەد شەرع و پەلامارەکانی بۆسەر ناوچە کوردنشینەکان بەهەڵکردنی چرای سەوزی ئەمریکاو پشتیوانی تورکیا، تا هەڵوەشانەوەی هەسەدەو “پڕۆسەی “تێکەڵکردنەوەی دەوڵەتی” لەگەڵ سوریادا. لەتورکیاش چەکدانانی پەکەکا و ئەوەی ناویان ناوە” پڕۆسەی ئاشتی”. شەڕی ئەمریکا وئیسرائیل لەدژی خەڵکی ئێران وهاتنەکایەوەی دۆخی ” نەشەڕ نەئاشتی” لەناوچەکەدا، بەیەکجاری هاوکێشە سیاسیەکانی بەزیانی تەواوی ڕەوتە ناسوینالیستەکانی لەهەر چوارپارچەی کوردستاندا قڵپ کردەوە و دەرگای بەسەر ئەو درزو کەلێنانەی کەلەنیوان دەوڵەتانی ناوچەکەو ڕۆڵی ئەمریکا لەناوچەکەدا، ببونە سیبەری لەنگەرگرتنی، ناسیونالیزمی کورد و ڕەوتەکانی، داخست وئەوانی خستە نێو چاوەروانی بنبەستێکی ستراتیژی وتاکتیکیەوە. بەتایبەتی لەکوردستانی ئێران، ڕەوتە ناسیونالیستەکان، لەمەنگەنە دران و لەکەمپەکانیاندا، لەژێر ڕەحمەتی درۆن و بۆردومانەکانی سوپای پاسداراندا قەتیس کران… بەرئەنجامی هەموو ئەم دۆخە بەوەگەیشت کەتورکیا لەسوریاو عیراقدا سیاسەتی فراوان خوازی خۆی جێگیر بکات و پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ هەرێم بەگشتی و پارتی بەتایبەتی لاوەکی بکاتەوە و ڕوو بەلای دەولەتی عێراقدا وەرچەرخێێت. ڕیکەوتنە ئابوری و ئەمنیە ڕاستەوخۆو یەکلایەنەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، لەوانە: ڕێکەوتن لەسەر ناردنەدەرەوەی نەوت لەڕیگای بەندەری جیهان و کارکردن بەپڕۆژەی “ڕیگای گەشە” لەفاوەوە بۆ تورکیا، ڕێکەوتن لەسەر شەنگال ویەکلاکردنەوەی هیزەکانی پەکەکە وچەککردنیان، تا ڕێکخستنەوەی ئیدارەی کەرکوک بەوجۆرەی تورکیا دەیخوازێت وچەندین ڕێکەوتنی ئەمنی و ئابوری تر. دەوڵەتی ئێرانیش بەدوای ئاشکرابوونی هەواڵی وەرگرتنی چەک لەلایەن هیزە ناسیونالیستەکانەوە، لە ئەمریکا وئیسرائیل، دەرکەوتنیان وەک بەشێک لەهێزەکانی بەرەی ئەمریکا لەدژی ئێران، جمهوری ئیسلامی بۆ داخستنی هەڕەشەکانی سەرخۆی کەلەهەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەدەکران، قورسایی سیاسەت و هەوڵەکانی خۆی بەرەو بەغدا و هێنانە کایەوەی حکومەتێکی لایەنگر بەخۆی دانا. دانانی عەلی زەیدی، وسەردانەکانی قالیباف بۆ بەغداو کاربەدەستانی تری جمهوری ئیسلامی و توندکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنەی کەلەسەر بوونی “هیزە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکان” لەهەرێمدا هەن، هاوکات بەدەستەوەگرتنی عێراق وەک دەرچەیەک بۆ ڕاکێشانی دۆلاری ئەمریکی و کردنی بەبازاڕێکی بازرگانی بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیەی لەسەر دانراوە، پێگەی هەرێم و ڕۆڵی یەکیتی و پارتی لەسیاسەتەکانی جمهوری ئیسلامی ئێراندا، بە”ناوچەیەکی گوماناوی” گوڕێ .. ئێستا ئەوە ڕۆشن بۆتەوە کە ئاراستەی دەوڵەتی تورکیا و ئێران و ئەمریکا، ڕووی لەمەرکەزە و پێگەی هەرێم لەسیاسەتی ئەم دەوڵەتانەدا لە”ئەرزی مەتروکە” نزیک بۆتەوە وئەمەش ڕێک لەگەڵ هەولەکانی حکومەتی عیراق بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەرێم و لاوازکردنی یەکجاری قەوارەکەیدا دێتەوە و هەموو ئەمانەش وەک وتم هەم یەکیەتی وپارتی و هەم داهاتوی حکومەتو هەرێمی کوردستاندا، لەچاوەروانی و نادیاریدا هێشتۆتەوە و گیرۆدەی کردن وبە قەیرانێکی حکومەتی وچەقبەستویی سیاسی، بەرادەی ئەوەی نەتوانن بەئاسانی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حوکمەت پێک بهێنن.                

بۆپێشەوە: لێکەوتەو دەرهاویشتەکانی ئەم دۆخە چی دەبێت، تاچەند مەترسی هەڵایسانی شەڕی ناوخۆ و تێکچونی ئارامی و ژیان و گوزەرانی خەڵک ئەگەرە؟ هاوکات ڕیگاچارە چییە وخەڵکی ناڕازی کوردستان دەبی چ کاردانەوەیەک لەخۆیان نیشان بدەن؟

خەسرەو سایە: ئەگەرچی هەڵایسانی شەڕی ناوخۆ، بەهۆی تێکەڵ بوونی بەرژەوەندییە ئابورییەکان وڕۆڵی هاوبەشی کۆمپانیاکانی دزی و تالانچێتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، دور دەخاتەوە، بەڵام بەدڵنیایەوە قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانی نیوان یەکیەتی و پارتی ودرێژەکێشانی ئەو بارگرژیەی ئیستا، لەدۆخێکدا کە هەردولایان لەبن بەست و چەقبەستویی سیاسی وئیداریدا حاڵەتی چاوەروانی تێدەپەڕێنن، ژیان وگوزەرانی خەڵک و ئەمنیەت و ئاسایش وئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکانیان ڕووبەڕوی پەلاماری فراوان دەبێتەوە و سەرکوت و بێمافی بەسەرخەڵکدا دادەسەپێندرێت. دەرکردنی ٢٠٠ کرێکار، لەسەر کارەکانیان، لەیەکەمین کاردانەوەکانی یەکیەتی دا، ئەوە بەبیر خەڵکی کوردستان دێنێتەوە کەئەم دووحیزبە لەمێژوی خۆیاندا، هەمیشە ئاسەوارەکانی شەڕو ئاشتیان بەسەر ژیان و گوزەران و ئەمنیەتی خەڵکدا شکاندۆتەوە. بۆیە نابێت خەڵک دەستەوەستان دابنیشێت ودەبێ لەوە دڵنیابن کەدۆخەکە لەم ئاستەی ئێستادا نامێنیتەوەو ئەگەری دەخاڵەتی دەولەتانی ناوچەکەو باڵادەست بونی حەشدی شەعبی و لایەنە شیعەکان بەسەر کوردستاندا، ئەگەرێکی بەهێزە. خەڵکی کوردستان بۆئەوەی سنورێکی یەکجاری بۆ ئەم دۆخە ومەترسییەکانی دابنێن و موقەدەراتی خۆیان لەدەست بگرن، پێویستە ئەم دەسەڵات و سیستەمەی کەبۆرژوازی کورد دایسەپاندووە، بە راپەرێنی خۆیان وەلای بنێن و لەشوینی ئەودا، دەسەڵات و سیستەمێکی جەماوەری کە ئازادانە لەلایەن نوینەرانی خۆیانەوە کوردستان بەڕیوەبەرێت وسیاسەت و داهاتی کۆمەلایەتی بخاتە خزمەتی باشبژێوی هاولاتیانەوە. لەم ڕاستایەشدا پیویستە هەرئیستا هیزی جەماوەری ویەکگرتوی خۆیان لەدەوری هەر ئەو داخوازیانەی کەپێشتر بۆ موچە و سوتەمەنی و ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاریی تەندروستی و ئازادییەکان.. هەیان بووە بهێننە مەیدانەوە و ڕیگانەدەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار مەدەنیەتی کۆمەلگەو ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵک بخەنە ژێر پرسیارەوە. بەواتایەکیتر خەلکی کوردستان دەبێ چاو لەهێزی یەکگرتووی خۆیان بکەن و ڕێگە نەدەن کە ژیان و گوزەران و ئاسایشی کۆمەلایەتیان لەبەرئەنجامی بارگرژی و ناکۆکیەکانی ئەم دوو حیزبەدا بشێوێت. 

 

درێژەی هەیە…

  

   

Leave A Reply

Your email address will not be published.