کاتێک سەرۆکەکان مافیان! نووسینی: عەبدوڵا مەحـمود

0

کاتێک سەرۆکەکان مافیان!

نووسینی: عەبدوڵا مەحـمود

بەپێی لێدوانی بافڵ تاڵەبانی  و لاهور شێخ جەنگی… هەر دووکیان دوو مافیان. ئاخر سەرانەسەندن، داڵدەدانی تاوانباران، رفاندن، قاچاخچێتی، بازرگانی هینانی موادی بەسەرچوو، ساختەکاری ناسنامە، ژەهر خوارد!! کردن، بوونی هێزی چەکداری تایبەت، جاسوسیکردن، پێشلەشکری، دەرکردنی خەڵک لە وڵاتی خۆی… هەموویان کاری مافیایی و گروپە مافیایەکانن.

دیارە کەم هەڵدەکەوێت مافیاکان، خۆیان کەسی یەکەم و دووەمی حزبێکی خاوەن دەسەڵاتێکی دیاریکراو بن. دەشێت سەرۆکی حزبەکان هاوکاری مافیاکان بکەن، پشتیوانیان بن و کەڵک لە هونەری کاری مافیایان بۆ بەرژەوەندی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئەوەی کەخۆیان مافیا بن و لە زمانی خۆیانەوە دان بنێن بە کاری مافیاییدا… حاڵەتی ناوازە و دەگمەنە.

بەو پێوانەیە کە هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی ئامۆزا!! وەکو کەسی یەکەم و دووەمی یەکێتی نیشتیمانی، دان بە کردەوەی مافیایی یەکتریدا دەنێن و یەکتری پێ تۆمەتبار دەکەن، بەهەمان ئەو پێوانەیە ئەوە بە کۆمەڵگە و ریزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش رادەگەیەنن، کە حزبەکەیان حزبێکی مافیاییەو سەرۆکەکانی وەکو کەسی یەکەم و دووەم سەرە گەورەی مافیاکانن. دیارە هێشتا تەنها بەشێکی زۆرکەمیان لەسەر یەکتری وتووەو فایلە شارەوەکانی دەیان ساڵەی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر و کردەوەکانیان، لە تاریکیدان و خۆ ئەگەر هەموو فایلەکان و دۆسیەکان و کارنامەکانیان بخرێتە ڕوو، ئەو کاتە ئاشکرا دەبێت کۆمەڵگە چۆن بۆتە نێچیری ئەو دەزگا و سەرۆکانە. دیارە هێشتا بەهۆی رەقی و ترس لەهەردوو هاوسەرۆک و سەرۆکەکان دەرفەتی هاتنە دەنگی ئەو کەسانە نییە کە پەردە لەسەر ئەو تاوانکاریانە هەڵبدەنەوە کە بەرامبەریان کراوە. لەناوخۆی یەکێتیشدا بەشێک لە مافیا بچۆلەترەکان، یان هاوکاری سەرۆکە مافیاکان، لەلایەکەوە بەهۆی ترس و لەلایەکی تریشەوە بە تێوەگلانیان لە کردەوە تیرۆریستەکان و هاوکاتیش بەهۆی بەسترانەوەی بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ یەکێک لە هاوسەرۆکەکان، بێدەنگن. ئەوە بەجیا لەوەی ژمارەکیشیان لە دۆخی چاوەڕوانیدان. هۆکاری بێدەنگی دەیان و سەدان سەرکردەو کادر و دەیان ئۆرگانی یەکێتی لەبەرامبەر بە هاوسەرۆکەکان و ئەو دۆخەی یەکێتی تێی کەوتووە، نیشانەیەکی ئاشکرایە کە حزبێک و پیوانەیەکی حزبی و ریکخراوەیی لە ئاست زۆری هێزو کەللەشەقی ئامۆزاکاندا، توانایی هیچی نییەو حزب و یەکێتیەکەی مام!! ئیستا بۆتە ئامڕازی دەستی کوڕانی بنەماڵەو ئامۆزاکانیان. لەو نێوەدا لەشکرێکی فراوان لە جەماوەر و لایەنگرانی یەکێتی بوونەتە قوربانی دەستی ئەم سەرۆکە مافیایانە و بۆیان پرسیارە، ئەگەر کەسی یەکەم و دووەمی حزبەکەیان رۆڵی مافیایی بگێرن، دەبێ چ چاوەڕوانیەکیان لەکادرەکانی خوارتر هەبێت؟

چاکسازییەکەی کوڕانی تاڵەبانی، کە لە هەشتی تەموزدا دوای دەستبەسەراگرتنی دەزگا میدیاییەکانی هاوسەرۆک و کەسی یەکەمی حزب گۆرینی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر لەرێگای زۆری هێز و جوڵاندنی هێز لەشەویکی ئەنوگوستەچاودا بە بازدان بەسەر ئۆرگانە حزبیەکاندا، دەستیان بۆبرد، نەک هەر کردەوەیەکی مافیایییە، بەڵکو هاوکات گەورەترین سوکایەتی بوو بەبنەما ریکخراوەیەکان و ئۆرگانە هەمەچەشنە حزبییەکان، و لەپیش هەموشیانەوە بێئابروکردنی مەکتەبی سیاسی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای پاراستنی بەرژەوەندیەکانی یەکێتی!! بوو. دەستبردن بۆ چاکسازی رێک دوای چەک کردنی بەشێکی زۆر لە تواناییەکانی هاوسەرۆکی ئامۆزاو دانانی دەیان بازگە لەژێر ناوی ڕیگەگرتن لە چەکی بێ مۆڵەت و سەیارەی جام ڕەش و گرتن و دەرکردن و نان بڕینی لایەنگرانی لاهور شیخ جەنگی و تا رادەی قومیشکردنی دادگایەکی خەوێنراو… هەموویان کاری مافیایین لەناو باڵەخانەی رێکخراوەیی یەکێتیدا. ئەگەر بریار بێت چاکسازییەک بکرێت، دەبوو بافڵ تاڵەبانی و هاوکارەکانی وەکو تۆمەتباری سەرەکی رادەستی دادگا بکرێن، بەڵام هەی هوو کوا داواکاری گشتی و کوا دادگا؟…

لەبەرامبەردا نمایش و ئاژیتاسیۆنی لاهور شێخ جەنگی و کۆکردنەوەی لایەنگرە چەکدارەکانی لەبەردەم ماڵەکەی و هەرەشە ئەوەی کە دەیان بەڵگەی لەسەر تاوان و کارە قێزەونەکانی ئامۆزای هاوسەرۆکی لەبەردەستدایە تا دەگاتە ئەوەی کە بانگەشەی نەرم نواندنی بکات و پەنا بە ڕیکارە حزبیی و یاساییەکان ببات، هەڵویستیکی مەکیافیلی و پۆپۆلیستی ئاشکرا و مانۆرێکی ڕوونە کە بەگۆرانی هاوسەنگی هێز بەزیانی خۆی ناچارە پەنای بۆببات. لاهور جەنگی، کە خۆی چەندین ساڵ بەرپرسی دەزگای دژە تیرۆر بووە، بەپێی بەڵگە راگەیاندراوەکان، ئەم دەزگایە دەستی لە رفاندن و تاوانی کوشتن و هاوکات لە سەرانە سەندن و بازرگانی کردن و دەست تیکەڵکردن لەگەڵ حەشدی شەعبی و چاوساغی و خۆشخزمەتی بە ئیران و هاوکارەکانی هەیە، هیشتا لێدوانی ئاراس شیخ جەنگی لەبەردەستە کە باسی بێ رۆڵی پیشمەرگەو دەزگای دژە تیرۆر دەکات لەشەری دژی داعش کە دەڵی ” ئەمریکا بە تەیارە داعشی تێک دەشکاندن و ئێمەش سێڵفیمان دەگرت” یان ” لەبەرامبەر بە گەڕانەوەی سوپاو حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان، باسی لە ئارامی و هیچ روونەدان دەکرد و بانگەوازی خەڵکی دەکرد بچین لە گازینۆکان “دۆمینە” بکەن… لە ئیستادا ئەو قارەمانە دیار نییە لە کوێی ئارام دا، خەریکی دۆمینەکردنە.

   بەکورتی، بافڵ و هاوکارەکانی… بە دان پیانانی خۆیان جگە لە کۆمەڵیک مافیا، کە بەکەڵک وەرگرتن لە پێگەی جەلال تاڵەبانی لەناو یەکێتی و بزوتنەوەی کوردایەتیدا و لەڕیگای دەستبەسەراگرتنی چەک و داهاتی یەکێتی و خۆ هەڵواسین بە جەماوەر و لایەنگرانی یەکێتی… زیاتر هیچی تر نین و کۆمەڵیک مافیا و دزی ئاشکران و سامان و سەروەتەکەیان و بۆندە بازرگانیەکانیان، گەواهی ئەو راستیانەن و بافڵ تاڵەبانی هاوکارەکانی، چەندەش سەرکردایەتی حزبەکەیان بێدەنگەی ئابڕوبەرانە بۆخۆیان درێژە پێبدەن، ناتوانن خەڵکی کوردستان فریوی بانگەشە ساختەکارانەو مافیایان لەژیر ناوی چاکسازی و نوێبوونەوەی یەکێتیدا بکات. ئاخر یەکەم هەنگاوی چاکسازی بە پاکسازی ناوخۆیی و کارێ شەقاوەچیتی و ژێرپێخستنی ئۆرگانە حزبیەکان و بریارەکانی دەست پێبکات، ئاشکرایە کە رووی ئەم رەوتە روو لە شکست و ریسواییە و دەوڵەمەندکردنی کارنامەی تاوانکارانەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتییە، لە میژووی هاوچەرخدا.

لاهورو هاوکارەکانیشی کە توانایی چەک و میدیاییان دەستی بەسەردا گیراوە و تا ڕادەیەکی زۆریش پەڕو باڵیان کراوە، هاوسەنگی هێز بەزیانیان شکاوەتەوە، ناتوانن لەبەرامبەر بەرەوتی بنەماڵەی تاڵەبانیدا پێگەی پیشویان بەدەست بهێنەوەو ببنەوە بە لایەنێکی بریاردەر لە ناو یەکێتیدا. هەروەها هاش و هوشی ئەنتی پارتی بوون بەبێ ئەوە ئەلگۆیەکی نوێ و جیاواز و باشترت نیشان دابێت، بەشوێنێک ناگات. جەماوەری لەخوارەوەی یەکێتیش، وەکو بەشێکی بەرین لە جەماوەری کوردستان چاویان لەکردەوە و دەستکەوت و رادەی بەرینبوونەوەی ئازادییەکان و مافە فەردی و مەدەنیەکانە… نەک هات و هاوار. گرتنە بەری رێگەی نەرم، لەگەڵ دەسەڵاتی مافیایی و رەقدا، خۆکوژییە. گرتنە بەری ڕیگای دادگا، کاتێک دادگا بەکردەوە هیچ کارەو ئەڵقەلەگۆی هێزە دەسترۆشتوەکانە، دەستگرتنە بە تاڵە پوشێکەوە. چاوەڕوانی لەوەی حزب رێکاری پەیرەوی ناوخۆ  بگریتەبەر و رێ شوێنی حزبی بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی بنەماڵە پەیڕەو بکات، لە کاتێکدا ئەو حزبە و ئۆرگانەکانی لەبەرامبەر سەرۆکی مافیایی باڵادەستی حزبیدا، مێشیش میوانیان نییەو قڕو قەپیان لێکردووە، ناحاڵی بوونە لەدەسەڵاتی میلێشیایی و نەریتی پاوانخوازی بنەماڵەیی. دیارە ئەگەر لاهورو هاوکارەکانی هێزی دژە تیرۆر و زانیاریان لەدەست دەرنەهێنرابا، هێندە مویان بۆ نەرمی نواندن و رێگایی یاسایی و ملدان بە ڕیوشوێنە ریكخراوە حزبیەکان نەرم نەدەبوو… ئەو نەریتەی لاهور پشتی پێ بەستووە بۆ هەڵسانەوەی خۆی و هاوکارەکانی، دیبلۆماسیەتێکی بێ ئاکامە، چونکە پشتی بەهێز و توانایی هیچ پرۆژەیەکی سیاسی هەمەگیر نەبەستووە کە جەماوەرێکی فراوان بە هی خۆیانی بزانن.

جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان و لەشکری فراوانی جەماوەری یەکیتی نابێت هیچ خۆشباوەڕیەکیان بە هیچ کام لەبانگەشەکان بەرەی بنەماڵەی تاڵەبانی و بەرەی لاهور جەنگی هەبێت… بەتایبەتی کە کێشەی نێوانیان دورو نزیک پەیوەندی بە هیچ ماف و خواست و داواکارییەکی خەڵکی کوردستانەوە نییە و بەرۆشنی بۆ هەموو لایەک دیارە کە کێشە لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتییە… ئەوانەی دەڵێن کێشەی نیوان بافڵ و لاهور کیشەی سیاسییە، زۆر چاک دەزانن درۆیەکی شاخدار دەکەن… بێگومان شەرمیش لە درۆ ناکەن و ئولفەتیان پێوەی گرتووە…

ناوەراستی ئابی ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.