ڕێکخراوبوون تاکە ڕێگەی کۆمەڵگەیەکی باشترە نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ

0

ڕێکخراوبوون تاکە ڕێگەی کۆمەڵگەیەکی باشترە

نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ

ڕێکخراوبوون زۆر ڕوون و ئاشکرایە قەیران و کێشەکان لەسەر بناغەی چینایەتی بەرهەم هاتوون، هەربۆیە هەتا کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگە بەردەوام بن زیاتر تاکەکانی زۆرینەی کۆمەڵگە ڕاپێچی چەوسانەوە وهەژاری وبێکاریوبێ خزمەتگوزاری و خراپی جۆری خزمەتگوزارییەکان درێژەی دەبێت، چارەسەریش تەنها بەجێبەجێکردنی نەخشە ڕێگایەکی  چینایەتی دەکرێت کەئیدارەی کۆمەڵگەی پێبدرێت بەپشت بەستن بە سوود وەرگرتن لەفەلسەفەو بەرنامەی ئابووری سۆسیالیستی. ئەم تێگەیشتنە زۆر سادەو ئاسانە تەنانەت مرۆڤە نەخوێندەوارو بێ سەوادەکانیش ئەوە دەزانن، کە  سیستەم و دەسەڵات کۆنەخوازو چەوسێنەربێت لەجەژن وجۆری ئیدارەدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەدوایی ساڵی ١٩٩١ زۆر باش جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان سەرمایەدارو بەرپرسەکانی حکومەت و حیزبەکان لەگەڵ چینی خوارەوەی کۆمەڵگە کەزۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگە پێکدەهێنن ئەوانیش پێکهاتوون لەکرێکاران و بێکاران و جوتیاران و زەحمەتکێشانن. لەڕوویی دەست ڕاگەیشتن بە مافی خزمەتگوزاری تەندروستی و کارەبا و ئاو و پەروەردە و فێرکردن و ڕێگا و بانەکان،  کۆمەڵگەی کوردستان بەجۆرێک پاشەکەشەی کردووە کە سەرجەم کەرتە خزمەتگوزارییەکان لەبەریەک هەڵوەشێندراوە و بەرەو لەناوچوونی دەچن. بە واتایەکی ڕوونتر  هاوڵاتی لەڕووی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری و زانیاری و تەندروستی وپەروەردە و فێربوونەوە زۆرترین مافی لێ سەندراوەتەوە کە پێش ساڵی ١٩٩١ بۆی دابینکرا بوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کە حیزبی بەعسی فاشی لەگەڵ ئەوەی خەڵکی سەرکوت دەکرد و ئازادییەکانی قەدەغە دەکرد ئیدارەی کۆمەڵگەی عێراق و کوردستانی دەکرد، ساڵانی هەشتاکان کارەبای گشتی بەردەوام بوو و ئاوی گشتی بۆ ماڵان بەردەوام بوو  و خزمەتگوزاری ڕێگا وجادەکان بە کوالێتی باشتر لەلایەن شارەوانییەکانی حکومەتەوە دابین دەکرا، ئەگەر کێشەیەک هەبایە لەئاو وکارەبا و ڕێگاکان بە زوویی چارەسەر دەکرا، خستنەڕووی ئەم ڕاستیانە زیاتر لەو کاتانە دەخرێتەڕوو لەلایەن خەڵکەوە کە بەهۆی کێشەوگرفتە هەنوکەیی وگشتییەکانەوە ناڕەزایەتی نیشاندەدەن. ئەمە تێگەیشتنە زۆر پێویستی بەخوێندنەوەی کتێبە سیاسی و ئابووری یەکانیش ناکات، چونکە بەهۆی ئازارەکانی  چەوسانەوەو نایەکسانی و نابەرابەری خەڵک دەرکی پێ دەکات، هەربۆیە لەکاتی نیشاندانی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکاندا خەڵک لەخیابان وشەقامەکان دەڵێن و زۆر بەجوانی ڕوو لەدەسەڵاتدارانی چەوسێنەر دەکەن وپرسیاریان لێ دەکەن  وپێیان دەڵێن بۆچی ئێمە بێ خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و تەندروستی و ڕێگاو شەقامی جوانین، بەڵام ئێوەی دەسەڵاتداران وبەرپرسەکان لەهەرشوێنێک بن زۆر بەئاسانی دەبنە خاوەنی هەموو جۆرە خزمەتگوزاریەکی تەندروستی وکارەبا و ئاو و ڕێگا و ڕازاندنەوەی شەقام وخیابانەکانی دەوروبەرتان بەسەوزایی وگوڵی جوان. ئەم قسانە تەنانەت مناڵانیش ڕوبەڕوویی دەسەڵات لەخیابانەکەن دەی ڵێنەوە. دەسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخواز دەیەوێت بەردەوام بە درۆو بەڵێنی درۆینەو فێڵ وفرێودان خەڵک بەگەڕێنێتەوە ماڵەکانیان، ئەمە لەهەموو سەردەم و قۆناغەکاندا هەروابووە و لەزۆرێکیش کۆمەڵگەکان هەروابووە کاتێک دەسەڵات وسیستەمە لەسەربناغەی کۆنەخوازی وچەوسانەوە دامەزراوە. لە کوردستان زیاتر لەچەندەها ساڵ بەم جۆرە بووە کاتێک خەڵک بەهۆی چەوسانەوەو بێکاری وهەژاری وسەرکوتەوە هاتۆتە خیابانەکان دەسەڵاتی چەوسێنەری کوردایەتی وبنەماڵەیی  بەجۆرێک ڕەفتاری کردووە کە زۆر دژە ئینسانی بەزۆر خەڵکی ناردۆتەوە ماڵەکانیان یان زیندانی کردووە  یان بەفیشەک کوشتوویەتی یان ڕەفاندویەتی و دواتر تەرمەکەی فڕێداوە. کاتێک خەڵک لەخیابان داوای ژیانێکی باشتری کردووە. ئەمە وانەی ئیدارەدانی دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەرو کۆنەخوازە بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵاتی ئیدارەدانی لەکوردستان.
لەکاتێکدا خەڵک ناڕەزایەتی نیشاندەدات هەقی خویەتی وەک مافێکی سادەی ئینسانی کە بەزووترین کات داواکاری و خواستە هەق و ڕەواکانی بۆ جێبەجێ بکرێت، ساڵ لەدوایی ساڵ ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت و دەست ڕاگەیشتن بەماف و ئازادی و خزمەتگوزارییەکان قورستر و سەختر دەبێت بۆ هاوڵاتیانی کوردستان. ساڵانە چەند بارەبوونەوەی کێشەکانی سووتەمەنی و ئاو وکارەبا و خوێندن وپەروەردە و خراپی خزمەتگوزارییەکان بەچارەسەر نەکراوەیی ماوەتەوە.

٭ هۆکاری بەردەوامی کێشەکان لێرەوەیە:
١/ بۆچی بەردەوام کێشە و قەیرانەکانی بۆ خەڵک زیاد دەکەن؟ هۆکاری ئەوەیە کە لەکوردستان دەسەڵاتێک ئیدارەی کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات وێڕای ئەوەی دەسەڵات و حکومەتێکە لایەنگر بەچینی سەرمایەدارو دەوڵەمەندەکان، لەهەمان کاتدا ئەم جۆرە دەسەڵاتەی کردووە بەچەند دەسەڵاتێکی تری ملهوڕ بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا دابەشی کردووە. ئەم جۆرە ملهوڕی وچەتەیەش کەدابەشی کردووە لەڕێگای لق و مەڵبەندەکانی حیزبەکانی دەسەڵاتەوە زیاتر دەپارێزرێت و زیاتریش بارگرانی وباجی چەوسانەوەی زیاتر دەکەوێتە سەر خەڵکی کوردستان. هەربۆیەشە هەر شارو ناوچەیەک بە قۆرغکاری دەسەڵاتدارێتی حیزبێک ناسێندراوەو گەشە بە ملهوڕی چەوسانەوەو سەرکوتی خەڵک زیاتر دەدات. بەمانایەکی ڕوونتر ئەگەر لەکوردستان بەپێی یاسای پەرلەمان و حکومەت خەڵک ڕاپێچی فەزای چەوسانەوە و باج وقوربانی زیاتر بکرێت وەکو گشتی ئەوا لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر وێڕای ئەوەی هەمان یاسایی چەوسانەوە جێبەجێ دەکرێت لەهەمان کاتدا ئەو شارو ناوچە کە ئەو حیزبە ئیدارەی دەدات ئەویش یاسایی بەشیدەتر وچەوسێنەرتر دەسەپێنێت، ئەگەر خەڵکیش ناڕەزایەتی نیشانبدات بەزەبری هێز سەرکوتی دەکەن. دەرئەنجامی ئەمە لەهەموو کوردستان چەوسانەوەو نایەکسانی زیاد دەکات بەبێ وەستان لەپێناوی گەشەدانی پارەو سەرمایە بۆ حیزبەکانی دەسەڵاتدار لەڕێگای کۆکردنەوەی باج و سەرانە و گومرگەکانی سنوورەکانی کوردستانەوە لەبەرئەوەی هەریەکە لەحیزبەکان دەست بەسەر داهات وباج وگومرگی سنووری خۆی دادەگرێت بۆنەگەڕانەوەشی بۆ حکومەت بیانووی حیزبی هاوپەیمانی دێنێتەوە کەلەلایەک هاوپەیمانە لەدەسەڵات و لەلایەکیش خۆی وەکو ڕەقیبێکی  ئەو حیزبە نیشان دەدات. ئەم جۆرە یارییە بۆ کوشتنی جوڵەی لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیشە.
هەربۆیە ئامانجی ئەم جۆرە سیستەم و دەسەڵاتە کۆنەخوازو چەوسێنەرە زیاتر گەشەی قۆرغکاری سەرمایە  و نەک چارەسەری کێشەوقەیرانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بۆ  سوودی گشتی. دەرئەنجام ئەم جۆرە یارییەی حیزبەکانی دەسەڵات بەردەوام دەبێت هەتاوەکو خەڵکی ناڕازی هێزی خۆی بەڕێکخراوبوونی دێنێته مەیدان بۆ گۆڕانی جۆری سیستەم و دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر.
٢/ ناچالاکی شۆڕگێڕانەی چەپ و کۆمۆنیست و شیوعییەکان:
قسەمان لەسەر نەبوونی نووسراو، بابەت، وتار نییە، هەرچەند لەوبارەیەشەوە گرفتمان زۆرە کە زیاتر نووسین و بابەتەکان لەچوارچێوەی خۆنیشمایشکردن و بۆ نیشاندانی وەک قارەمانێکی هەڵوێستەکان نیشان دەدرێت، ڕاستییەکەی ئەوەیە کێشەکان بەنوسین و تیۆری بەشێکی چارەسەر دەبن ئەویش ئەگەر زیاتر جەخت لەتێکۆشانی پێویستی هاوخەباتی و هاوپشتی ڕێکخراو و حزبە شیوعی و چەپ وکۆمۆنیستەکان بکرێتەوە، بەڵام گرفتە بنەڕەتییەکە ئەوەیە کە لەنووسراوەکانیشاندا زۆر کەم لەو هەڵوێستانە دەبیندرێت کە گرینگی بە هاتنەکایەوەی نەخشە ڕێگایەکی هاوپشتی و یەکگرتووانەی ئەم هێزە چەپ وکۆمۆنیستانە بگرێتەوە، بەداخەوە زیاتر کە هەریەکیان بەئاراستەی جیاواز سیاسەتی ئاراستەکردنی کۆمەڵگە دەکات. ئەمەش بەسرووشتی کاریگەری ئەم ڕەوت هێزانە لاواز دەبێت. هەرچەندە ناوەڕۆکی گرینگی باسەکە ئەوەیە کە ئەم هێزانە لەڕووی کردارییەوە پەراوێزی ڕووداوەکانی ناو ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانن کەئەمەش سەبەبی ئەساسی خۆیانن وەکو حزب و ڕێکخراوە شیوعی وچەپ وکۆمۆنیستەکان، بەجۆرێک سیاسەت دەکەن خەڵک لەدۆڵێکەو ئەوانیش لەدۆڵێکی ترە، واتە ڕابەرانی ئەم حیزبانە زۆر دەگمەن دەردەکەون لەناو ناڕەزایەتییەکانی گەڕەک و شوێنە گشتییەکانی شار بەزۆری نووساون بە کورسی ناو بارەگا و نووسینەکانیان کە پێیان وایە دەتوانن بە یەک وتار دەسەڵات ئاوەژو بکەن. هەروەها گرفتی گەورەتریش ئەوەیە هەیانە زۆر زیاتر لەحیزبەکانی دەسەڵات و سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەری کوردستان بەرگری لەهەمان جۆر سیاسەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەکات، هەرگیز گرینگی بە بزووتنەوەی جەماوەری شورایی و ئیدارەدانی شورایی نادات کە وەکو نەخشەڕێگایەکی بەدیل بیخاتە ڕوو  بۆخەڵکی کوردستان و هەمووجۆرە بەشداریکردنێکی دەسەڵاتدارێتی و ئیدارەدان لەگەڵ ئەم حیزبە چەوسێنەرو دزو گەندەڵانە ڕەت بکاتەوە بەپێچەوانەوە ئەم حیزبە تێکۆشانی پەرلەمانی وەکو دۆزینەوەی هەنگوین لەداردا دەبینێتەوە، لەکاتێکیشدا باش دەزانێت کە هەرحیزبێک ئەگەر چەندین کورسیش بهێنێت بێ کاریگەر دەبێت لەئاراستەکردنی هێنانەدی  کۆمەڵگە باشتر. ئەوەی گرینگە بۆ حیزبە کۆمۆنیست و شیوعییەکان خۆ جیاکردنەوەیانە بەتەواوەتی لە  سەنگەری حیزبەکانی بۆرژوازی و دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەرو کۆنەخوازە کە بەنەخشە ڕێگایەکی ئینسانی خۆیان هاوتایی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن بەئاراستەی ڕێکخراوکردنی ناڕەزایەتییەکان لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری دا بەئاراستەی ڕووخان ولەگۆڕنانی سیستەم ودەسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخوازی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبە هاوپەیمانەکانیان پڕوپاگەندەی پاراستنی دەکەن. ئاخر ناکرێت حیزبێک پڕوپاگەندەی سیستەمێکی سۆسیالیستی وسۆشیالیزم بکات و هاودەست وهاوپەیمان بێت لەحکومەتێکدا کە چەندەها ساڵە تەنها کاردەکات بۆگەشەدانی کەرتی تایبەتییەکانی بازرگان و سەرمایەدارەکان. هەربۆیە ئەرکی هەر ئێستایی ئەم حیزبە چەپ و شیوعی و کۆمۆنیستانەیە هەنگاوی کرداری بنێن بۆ بەهێز کردنی شۆڕشی ڕزگاری چەوساوەکان لەدەست دەسەڵاتی ملهوڕی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی و حیزبەکانی کوردایەتی کەلەهەر گەرەک وشارو دێهاتێک  وروژمی چەوسانەوە ودزی وگەندەڵی بەهێزتر دەبێت. ئەم ناڕەزایەتییەی خەڵک دەرسێکە بۆ چەپە لاکەوتەکانیش، کە بەدەیان ساڵ نەیان توانیوە بزووتنەوەیەکی بەهێز کە لەهەناویدا ژیلەمۆی گۆڕانکاری بخەنەڕێ ، ئەم ناڕەزایەتییەی شاری هەولێر بەهەمان شێوە لەشاری دهۆک و سلێمانیش هەیە ئەمە خەباتی خۆرسکی کرێکاران و جەماوەری هەژاران و زەحمەتکێش وبرسییەکانی کۆمەڵگەیە، کاتێک دەکەوێتە جوڵە عەرشی سەرمایە دەخاتە لەرزە، چۆک بە دەسەڵاتی چەوسێنەر دادەدات، هەر لە هێزو توانای ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییە کە دەسەڵات  بەپەلە  سەردانی ئەم ژنە شۆڕشگێڕەی شاری هەولێری کرد. خاڵێکی زۆر، گرینگ ئەوەیە سەرجەم ناڕەزایەتییەکان بەگشتی وئەم ناڕەزایەتییە  خۆیان بێ ئەوەی پێویستیان بە ڕۆشنبیرانی چەپ بێت، خۆشیان لە چاوتروکانێکدا ڕێک دەخەن و ڕابەریش بۆ خۆیان دروست دەکەن، دەبێت بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەم   جۆرە تێکۆشانە جەماوەرییە وانەیەکی  بەسوود فێربن کە ئەرکی هەرچی زووتریان ئەوەیە کە  کۆڕوکۆبونەوەی کۆمۆنیستی و شیوعی و چەپ خۆیان ڕزگار بکەن و بێنەوە ناو چینی کرێکار و بێکاران وهەژاران وبرسییەکانی کۆمەڵگە  لەوێوەوە هەنگاوی شۆڕشگێڕانە بنێن. بۆئەوەی دەسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخواز ژێرەو ژووربکەن و خەڵک خۆی کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت لەڕێگای شوراکانیانەوە. هەر ئەوەیە ئەرکی ئەم حیزبە  شیوعی وکۆمۆنیستانە کەدڵسۆزانە لەگەڵ خەڵکی چەوساوەبن و گەشە بە شۆڕشی ڕزگاری بدەن  بۆ هێنانەدی نان، کار، ئازادی ئیدارەدانی شورایی .
٣/ ئەوەی نەوەی نوێ دەیکات دواجار خزمەتی دەسەڵاتە نەک خەڵک:
خەڵک کێشەی بێ ئاوی هەیە، چارەسەرکردنی بێ ئاویش پەیوەندی بە سیستەمی جۆری ئیدارەدانەوە هەیە، کەزیاتر جیاوازی دەکرێت لەئیدارەدان و نەبوونی بەرنامە کارێک بۆ گەشەدانی کەرتی گشتی ئاو بەئاراستەی خزمەتی زیاتر کردنی خەڵک، کە دەسەڵاتی کوردایەتی بەپلان و بەرنامە ئەمە جێبەجێ دەکات بۆ لەناوبردنی کەرتە گشتییەکان، کەوایە هەر چارەسەرێکی کاتی پشتیوانییە بۆ ڕاگرتنی پایەکانی دەسەڵاتی چەوسێنەر  لەبەرئەوەی دەسەڵات هەمیشە خۆی دەبوێرێت  لەچارەسەرە بنەرەتییەکان. بەردەوام دەیەوێت کەرتەکانی گشتی تووشی شەلەل بکات هەتاوەکو لەدواجار هاوڵاتی ناچار بکات هانا بۆ کەرتەکانی تایبەتی بازرگانی بەرێت. هەموولایەک باش دەزانێت کە دابەشکردنی ئاو بەتانکەر ناتوانێت چارەسەری بنەڕەتی بکات دواجار خەڵک بێ ئاو دەکرێتەوە. کەوایە هێنانی ئەم ئاوەی نەوەی نوێ ڕاستە لەڕووی شێوازەوە خەڵک بەکاتی سوودمەند بووە، بەڵام دواجار ئەوە دەسەڵاتە قازانجی گەورەی کرد لەڕێگای نەوەی نوێ وە، چونکە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەم جۆرە خامۆش کرا. لەچەند گەرەکێک بەکاتی کێشەی بێ ئاوی چارەسەر کرا، بەڵام لەچەندین گەرەک و شوێنی تر کێشە بێ ئاوی سەر هەڵدەداتەوە. لەشاری سلێمانی و دەهۆک وئاکرێ و ڕانیە وگەرمیانیش چەندەها کێشەوگرفت هەیە. نەوی نوێ هەمان کاری کرد لەشاری سلێمانی لەکاتێکدا کرێکارانی ژینگەپارێز بەهۆی نەدانی کرێی کارکردنیانەوە مانیان گرتبوو،  نەوەی نوێ هەستا چەندین کرێکاری برد ئەو شوێنانەی پاککردەوە، کەوایە هەستا ناڕەزایەتی کرێکارانی بەرەو شکست برد، چونکە کاریگەری ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی کەم کردەوە لەم هەنگاوی نەوەی نوێدا زیاتر خزمەتی دەسەڵات وکۆمپانیای سەرمایەدارەکانی کرد کە کرێکارانی مانگرتوو تێدا کاریان دەکرد.
هەربۆیە نەوەی نوێ بزووتنەوەیەکە زیاتر کارو هەڵسوڕانی دەچێتە خزمەتی گەشەی سیاسەتی نیولیبرالیزمەوە لەڕوویی ئابوورییەوە، کە دواجار هەمان سیاسەت و سیستەمە کەئەم جۆرە سیستەم ودەسەڵاتە چەوسێنەرەی کوردستان هەیەتی وکارەکانی نەوەی نوێ دەچێتە خزمەت و سوودی هەمان دەسەڵات و حکومەتی یەکێتی و پارتی بارزانی و تاڵەبانی. ئەوەی لەئێستا نەوەی نوێ دەیکات وپێشتریش بەناو  ئۆپۆزیسێۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامی  دەیان کرد  لەچەندین ساڵی ڕابووردودا یەکسانە بەکوشتنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی وبەلاڕێدابردنی بۆبەرژەوەندییە سیاسی و حیزبی وشەخسییەکانی خۆیان لەدواجاریشدا گەورەترین خزمەت  بەدەسەڵات لەهەرێم.
ئەوەی ئێستا شاسوار دەیکات لەفرۆشتنی بەنزین بەنرخێکی هەرزان وبردنی ئاو بەتەنکەر بۆ هەولێرو پێشتریش کۆکردنەوەی  زبڵ و خاشاکی شاری سلێمانی بەفکری خۆی خزمەتکردنە بەخەڵک، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە ‌کە کوشتنی ئاسۆی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکە و  هێورکردنەوەی فشارو تووڕەیەکانی خەڵکە وەک چارەسەرێکی کاتی و هێوورکەرەوە.
ئەمەش بۆخۆی خزمەتێکی گەورەیە بەدەسەڵات و نەهێشتن وکپکردنەوەی ناڕەزایەتی و فشارەکانی خەڵکی یە لەسەر دەسەڵات بەمەش ترس و ئەرکی لەسەر دەسەڵات نەهێشتوەو لای بردوە بەم کردەوانەی نەوەی نوێ ڕێگر لەوەی ناڕەزایەتی و تووڕەیی و فشارەکانی خەڵکی بە ئاراستە سروشتی شۆڕشگێڕی وتەندروستەکەی خۆیدا بڕوات خەڵک خۆی سرووشتی لەبزووتنەوەی جەماوەری دا خۆی ڕێکخراوبکات.
٤/ بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان  هیواکان تێکدەشکێنن:
بە لەدایک بوونی بزووتنەوەی گۆڕان، هێزی جوڵەی هیواکان بەرەو خامۆشکردن برد، چونکە زۆرێک لەخەڵک بەدروشم و نووسین و پڕوپاگەندە وتارەکانی ئەم بزووتنەوەیە فریوی خوارد، دواتر باشتر ئەم ڕازە چرۆیی تێکشکاندنی هیواکانی لەتێکشکاندنی ناڕەزایەتییەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١٢زیاتر ئەمە بەکرداری دەرکەوت بەهاوپەیمانیکردنی لەگەڵ ئیسلامییەکان واتە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی هەروەک ڕێوی ئاسا کادرو ڕابەرانی ئەم حیزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنانە چوونە ناو ناڕەزایەتییەکان و سەکۆکانی ئازادییان داگیر کرد مینبەری سەراکانیان بۆ بانگەشە دەست بەسەر کرد لەڕێگای چەندین هەڵسوڕاوی خۆیان کە دواتر ئەمانەیان کردە نوێنەری لیستی هەڵبژێردراوی پەرلەمان، خەڵک زۆر بەسادەیی فرێوی ئەمانەی خواردو دەنگی پێدان دواتر ئەوانەی لەسەرای ئازادییەکان دەمیان گەرم بوو بوون بەئەندام پەرلەمان و وەزیر کەچی هیچ یەکێک لەخواست و داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات جێبەجێ نەکران تەنانەت بکوژانی خۆپیشاندەرانیش کەس پێ نەگوتن پشتی چاوتان برۆیە، هەرئەمەش بووە هۆکارێک کە گەنجان و خەڵکی بێ هیوا کرد و ئیرادەی شۆڕشگێریان خامۆشکرا ئەم هەنگاوەی بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان گەورەترین خزمەتی بە سیاسەتی ئیدارەدانی پارتی ویەکێتی کرد. دەرئەنجام بۆ ئێستا و داهاتوو ئەرکی خەڵکی ناڕازی ئەوەیە کە هاوشانی یەکێتی و پارتی ئەمانەش واتە ئیسلامییەکان و بزووتنەوەی گۆڕانیش ڕیسواو شەرمەزاربکات. بۆئەوەی هەرچی پۆخەڵەواتی هەیە لەبەردەم بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆی لای بەرێت. تەنها گرینگی بە بزووتنەوەی جەماوەری بدرێت بۆڕاماڵین و ڕووخانی دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر لەکوردستان.
٭ ئەرکە پێویستەکە ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانە:
هەمیشە لەهەموو سەردەمێکدا خۆڕێکخستن پارسەنگی هێزی دروستکردووە لەگەڵ دەسەڵات، یەکخستنی ناڕەزایەتییەکان کە کۆکردنەوەی  ئامانجەکان بەئاراستەیەکی هاوبەش تاکە ڕێگای ڕزگاری چەوساوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە. هەر دەرفەتێک هەبوو بۆخستنە ڕوویی ناڕازیەتی و بەرزکردنەوەی داواکارییە ئینسانی و خواستە هەنووکەیی و هەمیشەییە ڕەواکان ناکرێت لەدەست بدرێت، بۆیە بەردەوام پێویستە بەشداربین بۆئەوەی کۆمەڵگەیەکی نوێترو باشتر بەدی بهێنین، هەمیشە سوود لە هەڵە وکەموکوڕییەکانی جۆری ناڕەزایەتییەکانیش وەربگیرێت، بۆ ئەوەی جار لە دوایی جاریتر بەگەشەو یەکگرتوویی و تێکۆشانی چالاکتری هاوپشتی بینەوە مەیدانی تێکۆشان لە پێناو سەرکەوتنی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکاندا، لەدواجاردا هەر هێزی چەوساوەکان سەرکەوتوو دەبێت دەسەڵات و کۆمەڵگەیی کوردستان دەکەوێتە دەستی خەڵک لەڕێگای شوراکانی خۆیانەوە کۆمەڵگە بەڕیوە دەبەن و کۆمەڵگە ئازاد وسەرفراز دەکەن. بۆپێشەوە هەنگاو بنێن بۆ ڕووخانی سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرو دزی بنەماڵە. داواکاری وخواستەکانی خەڵک ڕەوایە بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵات لەبەرژەوەدی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەدایە بۆیە بەلایەوە گرینگ  نییە  کە خواستەکانی خەڵک ڕەوایە و خەڵک کێشەی چییە چۆنە؟ لەلایەکی ترەوە لەبەرئەوەی  هێزی ناڕازی خەڵک  نەبۆتە هێزی ڕێکخراو کە خواستە چینایەتییەکانی خۆی  بەگرینگ بزانێت و تێکۆشانی بۆ بکات. هەربۆیە بەم جۆرە بێ ترس و بێ مەنەتە، بەڵام ئەم هەنگاو بە هەنگاو  هێزی ناڕازی خەڵک بەجۆرێک خۆی ڕێکخراو دەکات بەسروشتی کە ڕەگ و ڕیشەی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە ملهوڕو چەوسێنەرە دەردەهێنێت. سەرکەوتووبێت تێکۆشانی یەکگرتووانەی خەڵکی ناڕازی کوردستان بۆ هێنانەدی مافەکانیان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.