تیرۆر و ڕەشەکوژی ماهیەتی کۆماری ئیسلامییە نووسینی: هەتاو عەبدولاهی

0

تیرۆر و ڕەشەکوژی ماهیەتی کۆماری ئیسلامییە

نووسینی: هەتاو عەبدولاهی

کۆماری ئیسلامی کە ڕوالەتی دزێوی لەسەر تێرۆر و ڕەشەکوژی داندراوە هەر لە سەرەتای خۆسەپاندنی تا بە هەنووکە لە هیچ جینایەت و تاوانێک بە دژی خەڵکی ئێران بە تایبەتی ئازادیخوازان و جیابیران سڵی نەکردووە. یەک ڕۆژ دوای هاتنە سەرکاری رەئیسی جینایەتکار و راگەیاندنی دەولەتەکەی، کۆماری ئیسلامی لە کردەوەیەکی تێرۆریستی دا لە هەڕێمی کوردستان  موسا باباخانی یەکێک لە کادرە پایەبەرزەکانی حیزبی دیموکرات کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبە بوو تێرۆر کرد. موسا باباخانی کەسێکی نیزامی کار و هەروەها دەست بەقەڵەم و ڕاگەیاندکار بوو کە  ڕۆڵی گرینگی لە خەبات و رێکخستن لە کرماشان وناوچەکانی ئەو دەڤەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی کە ساڵەها پیلانی سڕێنەوەی موسا باباخانی لەبەر دەست بوو بە هاوئاهەنگی لە گەڵ چەند بەرپرس و دەزگای زانیاری  حیزبەکانی باشوری کوردستان و بە چاوساخی دەست وپەیوەندیەکانی موسا باباخانیان تێرۆر کرد. کۆماری ئیسلامی کە ساڵەهایە مەشروعیەتی لە لایەن خەڵکەوە لە دەستداوە خەڵک هیچ بڕوایان بەو ڕژیمە و دەسەلاتە خوێنڕێژەکەی نییە دەستی داوەتە هەموو تاوانێک بە دژی خەڵکی ئازادیخواز. ڕەشبگیری لە کوردستان وەک دەیەی شەستی هەتاوی دەستی پێ کردووە و ڕۆژانە خەڵکی ئەو ناوچانە لە چالاکانی مەدەنیەوە بگرە تا چالاکی کریکاری و ژنان و هتد…دەست بەسەر و ڕاپێچی سیاچاڵەکان دەکرێن، کۆماری ئیسلامی بە خەیاڵی خاوی دەتوانێ بەو سیاسەتە کە ماهیەتی دەسەڵاتەکەیەتی فەزایەکی ترس و تۆقاندن دروست بکات و خەڵک چاوترسێن بکات، بەڵام خەڵکی ئازادیخواز ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێداگرترن بۆ لە ناوبردنی حاکمیەتی ئێران و باش دەزانن کە بناغەی هەموو ئازار  و نەهامەتیەکانیان ئەو دەسەڵاتەیە. بە شایەتی مێژوو خومەینی خوێنڕێژ زۆر زوو سیمای جینایەتکاری خۆی و دەوڵەتە خوێنرێژەکەی نیشان دا و دەستی کرد بە کوشتن و زیندانی کەسانی دژبەری دەسەڵاتە تاوانبار و مەزهەبیەکەی، کە دەتوانین ئاماژە بە تاوانەکانی دەیەی شەستی هەتاوی بکەین کە هەیئەتی مەرگ بە سەرۆکایەتی خومەینی جەلاد بەڕێوەی برد. هەیئەتی مەرگ بە سەرۆکایەتی خومەینی و خەلخاڵی جینایەتکار بەسەدان مرۆڤی ئازادیخواز و جیابیری بە تایبەت لە بەرەی  چەپ و کومونیستەکان کە ڕۆڵی گرینگیان لە ڕوخانی ڕژیمی پاشایەتی هەبوو لەناو برد. دوای ماوەیەکی کەم کە خەڵکی کوردستان نایان بە دیکتاتۆری جەلادەکەی جەماران و دەسەڵاتە تێرۆریستەکەی وت خومەینی فتوای جیهادی بە دژی کوردستان دەرکرد و ڕەشبگیری و تێرۆر و زیندان لەو ناوچانە دەستی پێکرد. خومەینی تەنانەت فتوای شەری دژی کوردستان دەرکرد و بە سوپا تاوانبار و جینایەتەکەی راگەیاند: تا کاتێک کوردستان تەفروتونا نەکەن پۆستالەکانتان دامەنێن و مەگەڕێنەوە و شەڕێکی سێ مانگە لە لایەن سپاسی جەهل وخوڕافە بە سەر خەڵکی کوردستان دا سەپا کە بە خۆڕاگری خەڵک و شکستی خومەینی کۆتایی پێهات. لەو کاتەوە تا بە هەنووکە کۆماری ئیسلامی بە بڤەوە سەیری ئەو ناوچانە دەکات و ناهێڵی هیچ هەلێکی کاری لەبار و بوژانەوەیەکی ئابووری بە خۆیەوە ببینێ.. کۆماری ئیسلامی نەک هەر لە ناوخۆ تیرۆر و رەشبگیری دەست پێکرد، بەڵکوو دەستی دایە تێرۆری ئازادیخوازان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی تەنانەت بە ڕوهەڵماڵڕاوەیی لە وڵاتانی ڕۆژئاوایش لە ژێر ناوی جینایەتی موقەدەس ژمارەیەک زۆر لە بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆن کە پێگەیان لە ناو بزوتنەوە و خەڵک هەبوو تیرۆر کرد کە لە ناویان دا ڕیبەرانی دیاری کورد وەکوو کاک سدیق کەمانگەر، غولامی کیشاوەرز، دکتور عەبدوڵڕەحمانی قاسمووو دوکتور شەرەفکەندی دەبیندران. سەرەڕای بەڵگەی زۆر و ئاشکرا کۆماری ئیسلامی قەت دانی بە تاوانەکانی نەک دانەنا، بەڵکوو ئەو تێرۆرانە تا بە هەنووکەش هەربەردەوامە. هەروەک ئاگادارین لەم دواییانە شانۆی بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران بەڕێوە چوو و رەئیسی وەک پێشبینی دەکرا وەک سەرۆک کۆماری ڕژیم لە لایەن خودی خامنەیی و لایەنگرە توندرەوەکانی وەک  کەسی یەکەمی ڕژیم   لەو پۆستە دیاری کرا. ئیبراهیم رەئیسی یەکێک لە مۆرە مەترسیدارەکانی ڕژیمە کە ساڵەها دەستی بە خوێنی سەدان ڕۆڵەی ئەو وڵاتە سوورە و لە ئیعدام و کوشتن و زیندان و ئەشکەنجەی جیابیران ڕۆڵی نەڕێنی بووە و ئێستا ئەو جینایەتکارە سەرۆک کۆماری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە کە کارنامەیەکی ڕەشی لە ماوەی ساڵانی خۆش خزمەتی بە کۆماری تێرۆر  وتاوان بۆخۆی  خوڵقاندووە. ڕژیم بە تایبەتیی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و خەڵکی ئازادیخواز و وەزاڵەهاتوی ئێران بەردەوام لە هەر هەلێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو دەسەلاتە کەڵکیان وەرگرتووە و ساڵەهای ساڵە دروشمی نەمانی کۆماری ئیسلامی و مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی خوێنڕیژ دەلێنەوە. رێک دوای هاتنە سەر کاری رەئیسی و بەڕیوەچوونی شانۆی بە ناو هەڵبژاردن کە بە وتەی خودی سەرانی دەوڵەت بەشداری خەڵک لەو شانۆیە لە هەموو سالانی رابردوو کەمتر بووە، خەڵکی وەزاڵەهاتوو کە چیتر فریوی ئەو دەسەلاتە ناخۆن و هیوایان بە هیچ کام لە باڵەکانی ڕژیم نەماوە ڕژانە سەرشەقام و نا بۆ کۆماری ئیسلامی و ڕوخانی ئەو دەسەلاتە دروشمی سەرەکیان بوو. ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ناڕەزایەتی و مانگرتنی بە شکۆی کرێکاران لە کارخانە  و شەریکەکان بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژ هاوچینەکانیان پێان پەیوەست دەبن و کۆماری ئیسلامیان بە چۆک دا هێناوە. لەناو ئەو گشتە قەیرانە کۆماری ئیسلامی کە دەسەڵاتەکەی لەسەر کوشتن و بڕین و تێرۆر دامەزراوە بۆ ئەوە خۆپێشاندانەکان بەرەو ئاقارێکی دیکە بەرێ لە شاری نەغەدە کە دانیشتوانی کورد و تورکن و ساڵەهایە بە خۆشی بە یەکەوە دەژین، لە پیلانێکی لە پێشدا داڕێژراو دا دووبەرەکی ناوەتەوەو بە داخەوە کەسانی دەمارگرژ و فاشیستیش کە قوربانی ئەو دەسەلاتەن پەرە بەو دوبەرەکی وئاژاوەیە دەدەن. هاتنە سەرکاری رەئیسی و دەست نیشانکردنی لە لایەن خامنەیی وەک کەسی یەکەمی ئەو دەسەلاتە پەیامێکی پێ بوو، ئەویش نیشاندانی ماهیەتی دزێو و تاوانباری کۆماری ئیسلامیە بەرامبەر دنیای  دەرەوە و ئازادیخوازان کە ڕژیمی ئێران بێ گوێدان بە کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکان پەرە بە  کوشتن  وبڕین دەدات. خەڵکی ئێران دەبێ باش بزانن تا کاتێک کۆماری ئیسلامی بەو کارنامە ڕەش و پڕ لە تاوانەی لەسەر کاربێ نەهامەتی، هێڵی هەژاری، دیاردە کۆمەلایەتیەکان، کوشتن و قەتلە ناموسیەکان، دوبەرەکی وئێعدام و زیندان و ڕەشبگیری و تێرۆری جیابیران و ئازادیخوازان  کۆتایی نایەت و تەنیا ڕیگەچارەی نەمانی هەموو ئەو نەهامەتیانە شۆڕشێکی سەرتاسەری بۆ روخانی یەکجارەکی کۆماری ئیسلامییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.