ناڕەزایەتیەکانی ئێران بەرەو قۆناغێکی نوێتر نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ
ناڕەزایەتیەکانی ئێران بەرەو قۆناغێکی نوێتر
نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ
خەڵکی چەوساوە کە بریتییە لە کرێکاران و هەژاران و بێکاران، کەزۆرترین ڕێژەیی دانیشتوانی کۆمەڵگە پێک دەهێنن، لەئێران و کوردستان و عێراق و تورکیاو لیبیا و تونس و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕێژەی چەوساوەکانی کۆمەڵگە زۆر زیاترە لە کۆمەڵگەکانی جیهانی سەرمایەداری. سەرجەم قەیران و کێشەکانیش لەئەساسدا کێشەی چینایەتین، بەڵام دەوڵەت و حکومەتە چەوسێنەرەکان بە بەرگی جیاوازتر دایان پۆشیووە لەپێناو مانەوەی خۆیاندا، و سەرجەم دەوڵەتە کۆنەخوازو چەوسێنەرەکانی ناوچەکە و جیهانیش هاوکاری یەکترن بۆ داپۆشینی کێشە چینایەتییەکان و گۆڕانیان بە کێشە لاوەکی و دروستکردنی کێشەی جۆراوجۆرەکانی تر. لەوانە سازکردنی کێشەی ناوچەگەری و نەتەوایەتی و ئایینی و حیزبی. ئەم کێشانەش کەساز دەکرێن لەلایەن دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەرەوە ئامانج بەلاڕێدابردنی کێشە چینایەتییەکانە. وڵاتی ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی شادا گیرۆدەی کێشەی چینایەتی وبێمافی و سەرکوت بۆوە دواتر خەڵک دەستی بە ناڕەزایەتی و ڕاپەرین کرد بۆ هێنانەدی دەسەڵات و سیستەمێکی باشتر، لەسەرەتایی ناڕەزایەتییەکاندا وا دەردەکەوت کە گۆڕانکاری لەدەسەڵات لەبەرژەوەندی خەڵک بەگشتی و چینی کرێکاردا بێت بەڵام دواتر بەهاوکاری دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهانی، ئیسلامییەکانیان هێنانە سەر دەسەڵات بەم کارەیان بارودۆخی ئێرانیان زۆر زیاتر خراپتر و پڕکێشە تر کرد. خەڵکی ئێران زۆر وشیارانە لەبەرامبەر یاسا کۆنەپەرست ودژە ئینسانییەکانی ئیسلامییەکان هەر لەسەرەتا وەستانەوە ،٣ی ئازاری ١٩٧٩ گەورەترین ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانی ژنان لەشاری تاران ئەنجام درا لەدژی دەرکردنی یاسا حیجابی ئیجباری و زۆرەملێ دا. هەروەها لە ٣٠ی پۆشپەڕی ١٣٥٨ خەڵکی شاری مەریوان و کوردستان کۆچڕەوەی هەزاران کەسیان ئەنجامدا لەدژی دەسەڵات و یاسا دژەئینسانییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە خەڵکی ئێران هەر لەسەرەتاوە سیستەم و یاساکانی ئیسلامی ڕەتکردۆتەوە، بەڵام بەزەبەری زوڵم زۆرداری خۆی وهاوکاری دەوڵەتانی سەرمایەدار خۆی لەسەر پایەکانی دەسەڵات ڕاگرتووە. هەر ڕۆژانی سەرەتایی ئەم ملهوڕییەی دەسەڵاتی ئیسلامییەکان گەورە تیرۆریست خومەینی ڕابەری ئیسلامیییەکان نەفیرعامێکی دژەئینسانی لەدژی خەڵکی کوردستان دەرکرد بانگەوازی جیهادی دا و بڕیاری ئەوەی دا کە زۆر بەتوندی دژایەتی ماف و ئازادییەکانی خەڵک بکەن .
هەربۆیە ساڵ لەدوایی ساڵ ئەم ڕژێمە دڕندەیە زیاتر بەر نەفرەت و ناڕەزایەتی خەڵک دەکەوێت لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە ئەم ڕژێمە فاشیزمە بەتوندترین شێوە ڕوبەڕوویی خەڵکی ناڕازی بۆتەوە بەردەوام بەندیخانەکانی ڕژێم پڕکراون لەتێکۆشەرانی ئازایخوازو یەکسانیخواز. هەروەها ڕۆژانەش یاسای دژە ئینسانی جێبەجێ کردووە کە بەئاشکراو بەنهێنی و بەژەهر دەرخواردن و کوشتنی زیندانیکراوانی سیاسی درێژەی داوە.
لەهەمان کاتیشدا ڕژێمی ئیسلامی وەک دەوڵەتێکی سەرمایەداریش لەگەڵ گەشەدانی سەرکوتدا ڕاستەوخۆش گەشەی بەبێکاری و هەژاری و برسێتی داوە. بەهۆی بەردەوامی گەشەی زیاتری
بێکاری، هەژاری، نەبوونی، نەبوونی ئازادییە جۆراوجۆرەکان و سەرکوتکاری و لەسێدارەدان لە ئێران، کارەبا بڕان و ئاو بڕانی هاتوەتە سەر، لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی ئێراندا هەموو ڕۆژێک ٣ بۆ ٤ کاتژمێر کارەبا و هەندێک لە شەوانیش لە ٢ بۆ ٣ کاتژمێر کارەبا دەکوژێتەوە و هەروەها ئاویش بە هەمان شێوە دەبڕێت، تا ئێستا لە ئێران سیستەمی موەلیدەی گەڕەک بۆ کارەبا و تانکی سەربان و هەڵگرتنی ئاو نییە، ئەوەش زۆر خەڵکی تووشی هەراسانی کردوە، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە دژی ئەو هەموو نادادییە، هێدی هێدی لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان کلیپ و تەنزی ناڕەزایەتی بڵاودەکرێتەوە، کە رەهەندێکی تری ناڕەزایەتیی خەڵک بەرامبەر ئەو نادادیانە دەخاتە ڕوو، واتە خەڵک بەشێوازی جۆراوجۆر و بەهەموو شێوەیەک تێکۆشان بۆ هێنانەدی مافە چینایەتییەکانی خۆی دەکات.
خۆپیشاندانی ئاو لە دەڤەری خۆزستانی ئێران ئەوا چەندین ڕۆژە درێژەی هەیە بەردەوامە و ڕۆژانە خەڵکی زیاتر دەڕژێنە سەر شەقامەکان ھاوکاتیش گەلێک لە شارەکانی دیکەی وەکو ئەھواز و تەبرێز و شاری تری گرتۆتەوە. لە ھەمان کاتیشدا چەند کەسێک کوژراون و خەڵکێکی زۆریش دەسبەسەرکراون و گیراون. لە هەموو ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا ڕژێم بەوپەڕی دڕندانەی هێزی سەربازی بەکارهێناوە لەدژی خەڵکی ناڕازی تەنانەت هێزی چەکداری لەوڵاتانی دەرەوەی ئێران وەک عێراق و وڵاتانەکانی تر کە خۆی مەشقی سەربازی پێکردووە بردۆتە ئەوشارانەی کە خۆپیشاندان وناڕەزایەتی خەڵک هەیە، بۆ ئەم جارەش دەنگۆی ئەوە ھەیە کە چەند ھەزارێک لە حەشدی شەعبی بەڕێکراون بۆ خۆزستان بۆ ھاوکاری دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئێران لە کوشتن و بڕینی خۆپیشاندەران و ناڕەزاییکەران. هەر هەنگاوێک دەنێت ڕژێم ناتوانێت سەرکەوتووبێت دڵی خەڵک ڕازی بکات، چونکە چارەسەری کێشەکان تەنها بە لەگۆڕنانی ڕژێمی ئیسلامی یەکلابۆتەوە لەلان خەڵکەوە. مۆرە بەکرێگیراوەکانی ڕژیمی ئیسلامی لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی پێشگرتن لە پەیوەستبوونی خەڵکی کوردستان بە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خووزستان و سەرانسەریی ئێران، هەوڵی چەواشەکارانە دەدەن.
بەپێی زانیارییەکان لە چوارچێوەی پیلانێکی ئامانجداری وەزارەتی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران، مۆرە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم لەهەمبەر پێشگرتن لە پشتیوانیکردنی خەڵکی کوردستان لە جەماوەری ڕاپەڕی و لە خووزستان و باقی ناوچەکانی ئێران، خراونەتە گەڕ.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، مۆرەکانی ڕێژیم ڕاسپێدراون کە لەنێو خەڵک ئەو بانگەشەیە بڵاوبکەنەوە کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی خووزستان و باقیی ناوچەکانی ئێران وەک تاران و تەورێز، پێوەندیی بە خەڵکی کوردستانەوە نییە و نابێ نەتەوەی کورد پەیوەستی خۆپیشاندانەکان بن. شایانی باسە کە ئەو پیلانە چەواشەکارانەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم بە ئاشکرایی لە شارەکانی سنە، مەهاباد، جوانڕۆ، شنۆ و بۆکان تەبلیغ دەکرێ و کۆی ئەو چەشنە پڕۆپاگەندانە، ڕاستەوخۆ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لەو شارانە سەرپەرشتی دەکرێن.
هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵسوڕاوانی سیاسی، مەدەنی و تەنانەت ژینگەپارێزیی، لەلایەن دامودەزگا ئیتلاعاتییەکانەوە لە ڕێگای تەلەفۆنەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر هاندەری خۆپیشاندان لە شارەکانی کوردستان بن، ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە. خودی بەرپرسانی ڕژێم لەئێستا تێ گەیشتوون کە دەبێت ئەو دەسەڵاتە بەجێ بهێڵن وبڕۆن. زۆر باش دەزانن بەپێچەوانەی خواست و مافەکانی خەڵک هەنگاو دەنێن. ئەوەتا لەم ساڵدا لە ٢٠٢١ لەتازەترین لێدوانی دا بەرپرسی باڵای ڕژێم عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری خامنەیی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی” ئیرنا” ڕۆژی چوارشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی وتی: لەم کاتەدا کە خەڵک لە بارودۆخێکی نالەباردایە ناتوانین ئاڵوگۆڕ لە یاسای بنەڕەتیدا بکەین و دەبێ بکەوێتە کاتێکی گونجاوی دیکە. لاریجانی بە ئاماژە بە بەشداریی ڕێژەی کەمیی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا وتی: مەشروعییەتی ڕێژیم پشتیوانییەکی بەهێزی خەڵکی دەوێ لە کاتێکدا لە سەتا ٩٨ ی خەڵک دەنگیان بەو یاسا بنەڕەتییەداوە لە ئێستادا ناتوانین بە لە سەتا ٤٠ ی دەنگەکان ئالوگۆڕ لە یاسای بنەڕەتیدا پێک بێنین. جێگای ئاماژەیە کە یاسای بنەڕەتیی ئێران، تەنیا یەکجار لە ساڵی ٦٨ ی هەتاوی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە کە یەک ماددە بە یاسای بنەڕەتییەوە زیادکراوە کە ئەویش پۆستی سەرۆک وەزیری لە یاسای بنەڕەتیدا لاچووە و هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیر دراوە بە سەرۆک کۆمار. ئەمانە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە خەڵکی ناڕازی ئێران ڕوخان و لەگۆڕنانی ڕژێمیان دەوێت و تێکۆشانی بۆ دەکەن ڕۆژ لەدوایی ڕۆژیش لەمەرگ و ڕووخان نزیکتر دەبێتەوە. لەقۆناغی ئێستای ئێراندا بەرەو گەشەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوتی ئازادیخوازی مل دەنێ. ئەمەش بەهۆی ئەوەی چەوسانەوەو نایەکسانی و سەرکوتەکانی ڕژێم ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەشیدەتر دەبێت لەلایەکی تریشەوە بەهۆی گەشەی وشیاری خەڵکی ناڕازی و چەوساوەی ئێرانە کە توانیویانە سوود لە مێژوویی تێکۆشان و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و چالاکییەکانی دژ بەچەوسانەوەیان وەربگرن.
ئەگەر ئەم جارەش بەزەبری هێزی سەرکوت و زیندان وکوشت کۆتایی بەناڕەزایەتییەکان ڕژێم بهێنێت، بەڵام ناتوانێت قەیران و کێشەکانی چارەسەر بکات، چونکە کێشەکانی کۆمەڵگە زیاتر کێشەی چینایەتییە ئەمەش پێویستی بە چارەسەری چینایەتییە لەڕووی ئابوورییەوە بۆ ئەمەش لەگرەوی خەباتی جەماوەری یەکگرتووانەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران و کوردستاندایە ئەم هەنگاوەش ڕێڕەوەی تێکۆشانی چینایەتی بەباشی دەستی پێکردووە لەناو گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی جیاوازییەکاندا بەردەوامیش ئەم بزووتنەوە جەماوەرییانە جۆگەی ڕێڕەوی خەباتیان یەکگرتوو دەکەن هەنگاو بە هەنگاو بەرەو گەشەی لافاوی شۆڕش و ڕاپەرینی سەراسەری چەوساوەکانی گەلانی ئێران هەنگاوی کاراتر دەنرێت. کەواتە ئەرکی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازە لەهەرشوێن و وڵاتێک بێت بەهەرجۆرێک بۆی دەکرێت هاوکارو پشتیوان بێت بۆ ڕووخانی ئەو ڕژێمە فاشیزمە لەئێران. لەئێستاوە خەڵکی ناڕازی باشترە کۆمیتەی شورایی شۆڕشگێڕی دابمەزرێنن لەگەڕەک و کارگە و شوێنەکانی ژیانیان هەنگاو بەهەنگاو تێکۆشانی هاوپشتی و یەکگرتووانەی شۆڕشگێڕی گەشە پێبدەن، ئامانجیان ڕووخانی ئەو ڕژێمە بێت دواتر خەڵک خۆی لەڕێگای شوراکانی خۆیانەوە حکومەتی شورایی دابمەزرێنێت…