تاكەم زۆر بەرزە

0

تاكەم زۆر بەرزە

 

لەبەردەم ئەودا من كەسێكی ترم

كەسێك بەفویەك ئەوەرێم

بەهەوای هەناسەیەك ئەكەومە خوارەوە

بەچرپە چرپێك كەڕو و لاڵ دەبم و

تەوازنم تێك دەچێت

لەپیاوێكی پیردەچم كەدەگڕێتەوە بۆسەردەمی مناڵی و

باسی هەلوكێن دەكات

خۆمم بۆڕاناگیرێت تەوازنم بەتەواوی تێك چووەو

ئەڵێی جەڵدەی دەماغ  لێیداوم

زوو زوو دەستی چەپم دەخەمە سەردڵم و

ئەڵێم كاتیەتی من وتۆ پیاسەیەك بەناو

كۆڵانەكانی بێتاقەتی خۆماندابكەین و

سەروو ئاوێنەیەكی بچوك بخەینە بەرباخەڵمان و بەخەیاڵ پێكەوە بفڕین

 

لەبەردەم ئەودا ناوی ڕۆژەكانی

هەفتەم بیردەچێتەوە

وەك شێتێكم لێدێت پەلاماری هەمووشتێك دەدەم

قەترە قەترەی بارانم لێدەبێتە وردە شووشەو

ناوێرم هەنگاوێك بەرەو خوارەوە بنێم

بەتەواوی قسەم بیرچۆتەوە

لەخۆمەوە شتی هەڵیتو پەڵیت دەڵێم

ئەگەمە ئاست هەرژنێك گیانم دەلەرزێت

 

بەتەواوی تەوازنم  تێك چووەو

یەك ڕەنگم بۆلەیەك جیاناكرێتەوە

چاوەكانم ڕەشكەو پێشكە دەكەن

شتی ناخۆش ناخۆش بەخەیاڵمادێت

بەشەرەكان بە سەربەرەو خواری دەبینم

دەست دەبەم بۆسەرم  وائەزانم گوێچكەمەو

دەخورێت

 

ئەدرێسەكەم بیرچۆتەوە

نازانم لەچ گەڕەكێك دەژیم

وابزانم دەرگای ماڵەكەم  ژمارەی لەسەر نیە دەنا ئەو هەموو نامەیەم  بۆنەدەهات

براڕۆ چەندە شپرزەم

سترێس خەریكە سەرم كون كون دەكات

حەزم لەخواردنەوەی قاوەیەكەو

هێزم  تیانیە هەستم ئامادەی كەم

نازانم قوتوی قاوەكە لەكوێدایەو

 

دەرگای كەوانتەرەكەم بۆناكرێتەوە

خودایە گیانم زۆر دەلەرزێت

سنگم پڕبووە لەئاو هەناسەم بۆدەرنایەت

نازانم شەوە یان ڕۆژە

لەبەر خۆمەوە قسە دەكەم

خۆشم لەخۆم تێناگەم چیدەڵێم

 

وابزانم تاكەم زۆر بەرزە

ئەزانم دایكم لەسەر خەتەو وەڵامم

بۆنادرێتەوە دەستم ناگاتە ئامێری

تەلەفونەكەو ناتوانم بڵێم

ئەوەتۆی دایە گیان

تاكەم زۆر بەرزە

………..

میرزا

٢٥/٦/٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.