كاكەلاو تەحسین : بە دڵنیایی گۆڕانی بەرژەوەندی دونیا لە عێراق ئەو قەوارە رووبەروی مەترسی دەكاتەوە، چونكە حاكمەكانی پاڵیان بەو دیوارە داوە كە لە ١٩٩٢ لە لایەن ھاوپەیمانان بۆیان دروست كراوە، نەك بە تواناو ھەوڵی خۆیان و دەستوری عێراق.

0

كاكەلاو تەحسین : بە دڵنیایی گۆڕانی بەرژەوەندی دونیا لە عێراق ئەو قەوارە رووبەروی مەترسی دەكاتەوە، چونكە حاكمەكانی پاڵیان بەو دیوارە داوە كە لە ١٩٩٢ لە لایەن ھاوپەیمانان بۆیان دروست كراوە، نەك بە تواناو ھەوڵی خۆیان و دەستوری عێراق.

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز کاکەلاو تەحسین شارەزا لە سیاسەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە قەوارەی هەرێم و ئایندە سیاسییەکەی…

بۆپێشەوە: زۆر كەس قەوارەی هەرێمی كوردستان وەكو جوگرافیایەكی سیاسی، تێكەڵ بە ئەزموونی دەسەڵاتی هەرێم دەكەن، تا چەند ئەوە دروستە؟

كاكەلاو تەحسین: قەوارەی ھەرێمی كوردستان قەوارەیەكی واقیعی نەتەوەییە دواتر لەچوارچێوەی دەستوری ،عێراق دا جێگیر كراوە؛ واتە دەستوری عێراق خۆی گونجاندوە لەگەل ئەو قەوارەیە نەك ئەو قەوارەیە لە ئەنجامی دەستورەوە بەرھەم ھاتبێت. دواتر دەسەڵات لە ناو ئەو ھەرێمە بۆ بەردەوامی قەوارەكە دانراوە. واتە قەوارەكە دەسەڵاتی سیاسی ھەرێمی بەرھەم ھێناوە نەك بە پێچەوانەوە.

بۆپێشەوە: بەرپرسانی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم، مەترسی بۆسەر ئەزموونی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، وەكو مەترسی بۆسەر خەڵكی كوردستان و قەوارەی هەرێم تەماشا دەكەن و دەڵێن، هەموومان لە ناو كەشتیەكداین، لە حاڵی غەرق بوونیدا هەمووان تیای نغرۆ دەبن، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

كاكەلاو تەحسین: وەك باسم كرد ئەم قەوارەیە لە بنەمادا بۆ پارێزگاری خەڵك دانراوە، بەڵام كاتێك دەسەڵاتدارانی ھەرێم وا ئەڵێن لەبەر ئەوەیان نییە مەترسی بۆ سەرخەڵك دروست دەبێت، بەڵكو لەبەر ئەوەیە مەترسی بۆسەر خۆیان دروست دەبێت چونكە ئەوان ئەوەندەی تێكدەری ئەو قەوارەن ئەوەندە پارێزگاری نین، ئەوان ئینتیمای نەتەوەییان لاواز كرد، ژێرخانیان دروست نەكرد، قەوارەكەیان لۆ ئاستی ئابوری و سەربازی بەھێز نەكرد بەر لە مەترسی دوژمن، ئەوانە مەترسین بۆ سەرقەوارەكە.

بۆپێشەوە: ڕۆڵی خەڵكی كوردستان لەبەرامبەر مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، چییە؟

كاكەلاو تەحسین: خەڵك دەبێت بزانێت ئەو قەوارە لە پێناو ئەو و بۆ خزمەتی ئەو دانراوە؛ واتە ئەو چەقە نەك حاكمەكانی، بۆیە دەبێت حاكمەكان سوپاسگوزاری خەڵك و لە خزمەت خەڵك بن، نەك بە پێچەوانەوە. ئەوەی ھەیە بەرھەمی نەبوونی فكرو تێگەیشتنە بۆیە بە ھەفتەیەك دەتوانی كەسێكی فاشل وەك باشترین حاكم لە ھۆشی خەڵك دروست بكەیت، بۆیە ئەركی خەڵكە خۆیان لا ببێتەوە بە چەق و وە فكریان پەرەپێ بدەن تا بە ئاسانی یاریان پێ نەكرێت.

بۆپێشەوە: قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی شۆڕش و ڕاپەرینی جەماوەری نەبووە، بەڵکو بەرهەمی جەنگ و لاوازکردن و ڕوخاندنی بەعس بووە، ئەمە چەند کاریگەری لەسەر شلۆق بوونی بەردەوامی هەرێمی کوردستان هەیە؟

کاکەلاو تەحسین: دەبێت بەردەوام ئەوەمان بیربێت بەرژەوەندی نێودەوڵەتی پێش بەرژەوەندی گەلان بووە. دروست بوونی ئەم قەوارە بەرھەمی یەكانگیر بوونی دوو خاڵ بوو لە یەك كاتدا: یەكەم ھەڕەشە لەسەر خەڵك ھەبوو وەپێویست بوو بپارێزرێن. دووەم لاوازكردنی عێراق لەو كاتەو دانانی ھێڵی ٣٦ و پاڵپشتی كورد دژ نەئەھاتەوە لەگەل بەرژەوەندی نێودەوڵەتی، واتە ھۆكاری دووەم بووە ھۆكاری دروست بوونی قەوارەكە بەر لە هۆکاری یەكەم، بەڵگەش لەساڵی  ١٩٨٨ صدام لە ھەڵەبجە ئەدات بە كیمیاوی و مەترسیەكە ھەیە، بەڵام بەرژەوەندیەكە نییە ھیچ بۆ كورد ناكات. جگە لەوەش لە ناوخۆی عێراقیش دەستور خۆی گونجاندووە لەگەڵ واقیعی قەوارەكە؛ واتە قەناعەتی سیاسی و نەتەوەی سەركردەكانی عێراق لاوازە بەو قەوارەو ناچاریە، تۆ سەیر بكە ھەرێم بستێ خاكی بۆ نەگەراوەتەوە بە مخموریشەوە لە كاتێكدا لە دەستور باس كراوە، بەڵام بە واقیعی لە پێش پرۆسە لای كورد نەبووە، بۆیە بە دڵنیایی گۆڕانی بەرژەوەندی دونیا لە عێراق ئەو قەوارە رووبەروی مەترسی دەكاتەوە، چونكە حاكمەكانی پاڵیان بەو دیوارە داوە كە لە ١٩٩٢ لە لایەن ھاوپەیمانان بۆیان دروست كراوە، نەك بە تواناو ھەوڵی خۆیان و دەستوری عێراق.

Leave A Reply

Your email address will not be published.